ریزبەندی نوێی پاسپۆرت بۆ ساڵی 2020

Draw Media

2020-01-14 12:45:07



 (درەو):
بەپێی نوێترین ریزبەندی پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان، پاسپۆرتی عێراقی كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵگری ئەم پاسپۆرتەن، خراپترین پاسپۆرتە، لە جیهاندا تەنیا پاسپۆرتی ئەفغانستان لە پاسپۆرتی عێراقی خراپترە، تەنانەت پاسپۆرتی لیبیا‌و سوریا‌و یەمەن كە جەنگیان تێدایە، لە پاسپۆرتی عێراقی باشترن، هاوڵاتییەكی ژاپۆرنی دەتوانێت بە پاسپۆرتەكەی بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت بۆ (191) وڵات لە جیهاندا گەشت بكات، بەڵام هاوڵاتی ئەفغانی دەتوانێت تەنیا بۆ (26) دەوڵەت گەشت بكات.

پێوەر چییە ؟
دامەزراوەی "هنلی‌و هاوبەشەكانی" ریزبەندییەكی نوێی بۆ پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان بڵاوكردەوە، ریزبەندییە نوێیەكە پشتی بەستووە بەو تۆمارانەی كە رێكخراوەكە بەشێوەیەكی تایبەتی لە "یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی"یەوە دەستیكەوتووە كە بە "لاتا" ناسراوە.
ریزبەندییە نوێیەكە دۆخی پاسپۆرتی (107) دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان نیشان دەدات، پێوەری یەكەم بۆ دیاریكردنی بەهێزی پاسپۆرتێك‌و جیاكردنەوەی لە پاسپۆرتێكی تر ئەوەیە، ئایا هەڵگری پاسپۆرتەكە بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت دەتوانێت بۆ چەند دەوڵەت گەشت بكات ؟

هەندێكی پێوەری تر
بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، وڵاتانی ئاسیا لە سەرەوەی ریزبەندی باشترین پاسپۆرتەكانی جیهاندان، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی كردنەوەی دەرگا‌و رێككەوتنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانییەوە كە لە چەند ساڵی رابردوودا دەریخستووە خەریكە جیهان خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ بیرۆكەی هاتوچۆكردندا، راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، ئەو وڵاتانەی كە ئەم بیرۆكەی هاتوچۆكردنەیان تەبەنی كردووە بوژانەوەیان بەخۆوە بینیوە‌و هاوڵاتییەكانیان بوون بە خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان.
لە بەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە: پەیوەندی هەیە لەنێوان ئازادی گەشتكردن و گواستنەوەو جۆرەكانی تری ئازادیدا، بەشێوەیەكی گشتی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە بەهێزترە كە لەناو ریزبەندی جیهانی بواری "ئازادی وەبەرهێنان"دان، لەڕوانگەی "ئازادی مرۆڤەوە" دەبینین كە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ئازادی تاك‌و ئازادی گەشتكردن لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی تر.  

ریزبەندییە نوێیەكە
•    پاسپۆرتی ژاپۆنی پارێزگاری لە پێگەی خۆی كردووە‌و لە پلەی یەكەمدایە، ئەوانەی پاسپۆرتی ژاپۆنییان هەیە دەتوانن بۆ (191) دەوڵەت لە جیهان گەشت بكەن.
•    سەنگاپورە بۆ پلەی دووەم لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوە‌و هاوڵاتیانی دەتوانن بۆ (190) وڵات گەشت بكەن، ساڵی 2019 سەنگاپورە لە پلەی یەكەمدا بوو.
•    لە ریزبەندی باشترین پاسپۆرتەكانی جیهاندا، كۆریای باشور بۆ پلەی سێیەم دابەزیوە‌و ئێستا لەگەڵ ئەڵمانیا لەیەك ئاستدان، هاوڵاتیانی هەردوو وڵات بە پاسپۆرتەكانیان دەتوانن بۆ (189) وڵات گەشت بكەن.
•    پاسپۆرتی ئەمریكیش پاشەكشێیەكی گەورەی بەخۆوە بینیوە‌و ئێستا لە پلەی هەشتەمدایە لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی رابردوو پاسپۆرتی ئەمریكی لە پلەی شەشەمدا بوو، بەر لە شەش ساڵی ئەمریكا لە ریزبەندی یەكەمدابوو، بەڵام ئێستا پاسپۆرتی ئەمریكی هاوتایە لەگەڵ پاسپۆرتی بەریتانی‌و بەلجیكی‌و نەرویژی‌و یۆنانیدا كە هەڵگرەكانیان دەتوانن بۆ (184) وڵات لە جیهاندا گەشت بكەن.
•    پاسپۆرتی وڵاتانی عەرەبی لە كۆتایی لیستی باشترین پاسپۆرتەكانیانی جیهاندایە، جگە لە ئیماراتی عەرەبی كە لەریزی باشترین (20) پاسپۆرتی جیهاندایە، ئیمارات لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی یەكەمدایە‌و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی هەژدەهەمیندایە، بەڵام سەرباری ئەمەش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (3) پلە پاشەكشێی كردووە، ئەوانەی پاسپۆرتی ئیماراتیان هەڵگرتووە بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت، یاخود وەرگرتنی ڤیزا لەكاتی گەیشتنیان بە خاكی وڵاتێكی تر، دەتوانن بۆ (171) وڵات گەشت بكەن، لەدوای ئیمارات لەناو وڵاتانی عەرەبیدا ناوی (كوەیت) هاتووە كە لە ریزبەندی ژمارە (58)دایە كە هاوڵاتیان دتوانن بۆ (95) وڵات گەشت بكەن، دوای ئەویش قەتەر دێت‌و پاشان بەحرەین‌و سعودیە، سعودیە لە ریزبەندی ئەمساڵدا بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (6) پلە هاتووەتە پێشەوە‌و ئێستا لە ریزبەندی (66)دایە، میسریش دوو پلە سەركەوتووە‌و لە ریزبەندی (93)دایە‌و هەڵگرانی پاسپۆرتی میسری دەتوانن بۆ (44) دەوڵەت گەشت بكەن، لیبیا لە ریزبەندی (102)دایە لەدوای ئەویش یەمەن‌و سوریا دێت. 
•    پاسپۆرتی عێراقی كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵگری ئەو پاسپۆرتەن لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2020 خراپترین پاسپۆرتە‌و لەدوای عێراق تەنیان یەك وڵاتان هەیە كە ئەویش ئەفغانستانە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand