چاکسازی لەسایەی ماڵبات ومەرجەعیەتدا

Draw Media

2019-12-02 16:29:14



د. ئیسماعیل نامیق

لەعێراقدا یەک دەسەڵاتی راستەقینە هەیە، ئەویش دەسەڵاتی مەرجەعیەتە، ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی یاسادانان ودەسەڵاتی جێبەجێکردن، تەنها دەسەڵاتی رووکەشن، دەسەڵاتی دادوەریش بەمەجازی پێی دەوترێت دەسەڵات، چونکە لەواقعدا دەسەڵات نیە، نە بەناوەڕۆک نە بەروکەش. لەراستیدا ئەمانە دەسەڵات نین، بەڵکو چەند دەزگایەکی جۆراو جۆرن، فەرمانەکانی مەرجەعیەت بەرێگەی جیاواز جێبەجێ دەکەن. بەجۆرێک ئەوەی پێی دەوترێت دەزگای جێبەجێکردن بازنەی یەکەمی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی مەرجەعیەتە، ودەزگای یاسادانان ودادوەریش لەبازنەی دووەم وسێیەمدان، هەندێک جاریش ئاڵوگۆڕ بەشوێنەکانیان دەکرێـت.
لەکوردستانیشدا ماڵباتەکان خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەن، پەرلەمان وحکومەت ودادگا، هەر بۆ رێکی کێش وقافیەی دەقە یاساییەکان پێیان دەوترێت دەسەڵات، ئەگەرنا لەپەرلەمان وحکومەت ودادگاکەی بەغداد بێدەسڵاتترن، چونکە ئەمانە چ وەکو دەزگا، چ وەکو کەسەکان، جگە لەفەرمانپێکراوێکی گوێڕایەڵ هیچی تر نین.
تێبینی بکەن عادلێکی شۆڕشگێڕ، عادلێکی ئاشنا بەکلتوری رۆژئاوا وزمانزان، عادلێک لەکۆتاییەکانی تەمەنی سیاسی وبایۆلۆجی خۆیدا، بیەوێت مێژووی دوا ساتەکانی ژیانی خۆی بەم شێوە تراژیدیە بنووسێتەوە، ئامادە بێت ببێت بەمنداڵێکی گوێڕایەڵ هاوشێوەی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی پێغەمبەر، ملی خۆی بخاتە ژێر تیغی خەیاڵ وخەونی پوچی مەرجەعیەتەوە، بڵی ئەی مەرجەعیەتی خۆشەویست فەرموو سەرم ببڕە!! ئایا ئەمە بەهێزترین وئاشکرا ترین بەڵگە نیە لەسەر نەبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ویاسادانان ودادوەری لەعێراقدا؟ ئایا ئەمانە تەنها دەزگا وفەرمانگە نین؟ ئایا ئەمانە کوێیان لەدەسەڵات ئەچێ؟ بێگومان لەکوردستاندا ئەگەر دۆخەکە خراپتر نەبێت باشتر نیە، بەڵام لەسایەی ماڵباتەکاندا نەک مەرجەعیەت. ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نیە بەکوردستان، بەڵکو بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ودواکەوتووی گرتۆتەوە. لەسایەی ئەم جۆرە دۆخەدا سیستمی سیاسی ودەوڵەتی یاسا زیاتر بابەتی تیۆرین وجێباسی توێژینەوەی زانستی وگفتوگۆی دەستەبژێر وئاوات وخۆزگەی چینی چەوساوە وبەشخوراون. هەندێک جار وبەحوکمی دەوڵەمەندی دەوڵەتەکە بەسامانی سروشتی وگرنگی شوێنی جوگرافیەکەی، رێکدەکەوێت جۆرێک لەخۆشگوزەرانی بۆ خەڵک فەراهەم بکرێت، بەڵام ئەو خۆشگوزەرانیەش هاوشێوەی دەسەڵاتەکان، خۆشگوزەرانیەکی روکەشە، هەر ئەوەندە هەل بڕەخسێت، ئەندامانی خودی ماڵبات ومەرجەعیەت وڵات بەجیدەهێڵن. ئەو هەڵهاتنە بەردەوامانەی لەنێو ئەندامان وخێزانەکانی ماڵباتە فەرمانڕەواکانی وڵاتانی کەنداودا رودەدەن، گەواهیدەری ئەم راستیەن.
کەواتە لەسایەی وەها دۆخێکدا، باسکردن لەچاکسازی راستەقینە، تەنها بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی مەرجەعیەت وماڵباتە فەرمانڕەواکانە وجوانکردن وماکیاژکردنی روی ناشرینیانە. دڵنیا بن چاکسازی تەنها بەوە ناکرێت، دەوامی فەرمانبەر درێژ بکرێتەوە، یان دەرماڵەکەی ببڕدرێت، یان چەند سەد کەسێک دابمەزرێنریت ومووچە بۆ چەند سەد کەسێکی تر ببڕدرێتەوە، یان چەند بیناو پردێک دروستبکرێت وئەندازەیەک رێگاش پینە بکرێت، یاخود دزو گەندەڵە بچوکەکان پاش بێکەڵکبوون وئێکسپایەر بونیان لای مەرجەعیەت وماڵبات، بگیرێن وبخرێنە زیندانەوە، ئەمانە تەنها رەنگاورەنگردنی وێنە رەش وسپیە ناشرینەکانە، وئامانج لێیان بەنجکردن وسڕکردنی ئازارەکانە، نەک چارەسەرکردن وکۆتایهێنان بەنەخۆشیەکە.
هەروەها چاکسازی راستەقینە بەوەش ناکرێت، داتا وژمارەی زۆر وبۆر لەسەر ئەم بەرپرس وئەو وەزارەت وفەرمانگە وفڵان وفیسار بڵاو بکرێتەوە، یان شەو ورۆژ تەنکەری نەوت وهێلکە وتەماتە وزبڵ وخاشاک وئەو شتانە حساب بکرێن و داهاتەکانیان لێک بدرێنەوەو وقسەی گریمانەییان لەسەر بکرێـت، چونکە ئەم جۆرە قسەکردن وبڵاو کردنەوانە، ئەوەندەی هاوڵاتی نائومێد دەکات، بەو ئەندازەیە ئومێدی پێنابەخشێت، ئەوەندەی خزمەت بەکەسانی گەندەڵ دەکات، نیو هێندە، کاریگەری نابێت لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی، لەسەروی هەموو ئەوانەوە، خو گرتن بەم جۆرە قسەکردن وبڵاو کردنەوانەوە، زۆر جار رق وبەرژەوەندی کەسی تێکەڵ دەبێ.
ئەی چاکسازی راستەقینە چۆن دەکرێت؟ چاکسازی راستەقینە بەوە دەکرێت، دەسەڵات لەچنگی مەرجەعیەت وماڵباتەکان دەربهێنرێت و سێ دەسەڵاتی راستەقینەی یاسادانان وجێبەجێکردن ودادوەری دروستبکرێـن وبەخەڵکی خاوەن ویست ولێوەشاوە پڕ بکرێنەوە. مەرجەعیەت وماڵباتەکانیش دەتوانن بەعەقڵانی مامەڵە بکەن وبەپلەبەندی پاشەکشە لەدەسەڵات بکەن وسود لەئەزموون ومێژووی دامەزراوە ئاینی وماڵباتە فەرمانڕەواکانی وڵاتانی ئەوروپا وەربگرن، یان ئەگەر ئەمە ناکەن، دەبێت مەرجەعیەت چاوەڕێی چارەنوسێکی هاوەشێوەی چارەنووسی دامەزراوە ئاینیەکانی سەردەمی تورکیای کەمالی بێت، وماڵباتە فەرمانڕەواکانیش، دەبێت خۆیان بۆ چارەنووسێکی هاوشێوەی چارەنووسی ماڵباتی پاشایەتی پێشووی عێراق ئامادەبکەن.
کەواتە، یەکەم هەنگاو وسەرەکیترین هەنگاوی چاکسازی راستەقینە، بریتیە لەجیاکردنەوەی ماڵبات ومەرجەعیەت لەدەوڵەت ودەسەڵات. ماڵوێرانی وکڵۆڵی خەڵک ووڵاتیش کاتێک خەستتر وسەختتر دەبێت، کەماڵبات ومەرجەعیەت وەکو فریاد ڕەس سەیر بکرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand