پارەی ریفراندۆمەكە هێشتا پاكتاونەكراوە

Draw Media

2019-11-27 17:11:26



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
(12 ملیۆن) دۆلار تەرخانكرا بۆ خەرجی تایبەت بە سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام خەزنەدار بۆ خەرجكردنی ئەم پارەیە دانەنرا، لەسەر وەرەقەیەكی (A4) فەرمانبەرێكی ژمێریاری لەبری خەزنەدار دانرا، ئەمە راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییە لەبارەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە، (درەو میدیا) دەقی راپۆرتەكەی دەستكەوتووە، بە چەند بەشێك وردەكاری گومانەكانی چاودێری دارایی لە رودانی گەندەڵی‌و سەرپێچییە یاسایی‌و كارگێڕییەكانی كۆمسیۆن بڵاودەكاتەوە.

بەشی یەكەم
(درەو میدیا) دەقی راپۆرتێكی "نهێنی" دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانی لەبارەی كۆمسیۆنی باڵا سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەستكەوتووە، كە وردبینی بۆ داهات‌و خەرجییەكانی دەستەكە دەكات لە ماوەی رابردوودا.
ئەو راپۆرتە، فەرمانگەی وردبینی پارێزگای هەولێری دیوانی چاودێری دارایی ئامادەی كردووە، فەرمانگەكە لەسەر فەرمانی دیوانی چاودیری دارایی، لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە‌و لە رۆژی (14 بۆ 23)ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستیكردووە بە وردبینیكردن بۆ كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم لەڕووی (كارگێڕی‌و دارایی- یاسای)یەوە، ئەوەش وەكو لە راپۆرتەكەدا هاتوو لەسەر بنەمای "یاساو رێنماییە داراییەكان- پێوەرو نەریتە ژمێریارییە پەیڕەوكراوەكان". 
دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی، فەرمانگەی وردبینی هەولێری دیوانی چاودێری دارایی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە راپۆرتی كۆتایی خۆی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كردووە تاوەكو وەڵامی خۆی بداتەوە‌و دۆسیەكە بۆ بڕیاردانی كۆتایی دابخرێت.
(درەو میدیا) بە چەند بەشێك وردبینییەكانی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم بڵاودەكاتەوە.

پارەی ریفراندۆمەكە
بەشی یەكەمی وردبینییەكەی چاودێری دارایی تایبەت بە "سیستمی ژمێریاری" كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسییەكانەوە.
لەم بەشەدا، چاودێری دارایی ئاماژە بەوەدەكات لە كۆمسۆنی هەڵبژاردندا (6) حەزنە "قاسە"ی هەیە كە پارەی تایبەت بە كۆمسیۆنەكەی تێدا هەڵدەگیرێت، ژمێریاریی پەیڕەوكراو لە كۆمسیۆن بەشێوەی "لامەركەزیی" نامەڵبەندییە.
یەكێك لە خەزنەكانی كۆمسیۆن پێی دەوترێت (خەزنەی پێشینەی راپرسی)، ئەمە قاسەیەكی تایبەتە بەو پارەیەی كە بۆ ریفراندۆمەكەی ئەیلولی 2017ی هەرێم تەرخانكراوە، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، ئەم خەزنەیە بڕی (12 ملیۆن) دۆلار پارەی تێكراوە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدا خەرج بكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجی دیوانی چاودێری دارایی بووە، ئەم خەزنەیە كە ئەو بڕە پارە زۆرەی تێدا بووە، (ئەمینداری خەزنە)ی نەبووە، تەنیا بە وەرەقەیەكی (A4) فەرمانبەرێكی ژمێریاری لە كۆمسیۆن تەكلیف كراوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خەزنەكە بگرێتەئەستۆ‌و بەفەرمی هیچ فەرمانێكی كارگێڕی بۆ دەرنەكراوە وەك ئەمینداری خەزنە.
سەرباری ئەمە، راپۆرتەكەی چاودێری دارایی باسلەوە دەكات، لەكۆی ئەو (12 ملیۆن) دۆلارەی كە بۆ پرۆسەی سازدانی ریفراندۆم تەرخانكراوە كە بە دراوی عێراقی دەكاتە (14 ملیارو 400 ملیۆن) دینار، ئێستا تەنیا بڕی (540 ملیۆن) دینار ماوەتەوە، سەرباری ئەم بڕی (13 ملیۆن) دیناری خەرجییەكان تائێستا یەكلانەكراونەتەوە‌و بەڵگەی قەیدی بۆ نەكراوە.
هەر لەبارەی (12 ملیۆن) دۆلارەكەی پارەی تەرخانكراو بۆ ریفراندۆم، دیوانی چاودێری دارایی باسی لەوەكردووە، ئەو بڕە پارەیە لە (سێ) ژمارە حسابیدا لە بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی دانراوە، ئەم پارەیە لەڕێگەی لیژنەیەكەوە بە نرخی رۆژ لە (دۆلار)ەوە ئاڵوگۆڕكراوە بۆ (دیناری عێراقی).
چاودێری دارایی بە دوو یاداشتی جیاواز داوای لە كۆمسیۆن كردووە رونكردنەوە بدات سەبارەت بە مانەوەی ئەو پارانە لە بانكدا كە تایبەت بوون بە پرۆسەی ریفراندۆم كە بڕەكەی (540 ملیۆن‌و 135 هەزار) دینارە، لەكاتێكدا دوو ساڵ تێپەڕبووە بەسەر پرۆسەی ریفراندۆمدا.

خەزنەكانی تر
بودجەی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بەشێوەیەكی گشتی دابەشبووە بەسەر چەند بوارێكدا لەوانە بودجەی تایبەت بە (بەكاربردن- هەڵبژاردن- راپرسی)، ئەم بودجانە هەریەكەیان (چوار) ژمارە حسابییان لە بانك بۆ كراوەتەوە، ژمارە حسابییەكانی تایبەت بە بودجەی (بەكاربردن‌و هەڵبژاردن) لە بانكی شیرین دانراون، بەڵام بودجەی تایبەت بە ریفراندۆمەكە لە بانكی (كوردستانی نێودەوڵەتی) دانراوە.
جگە لە خەزنەی تایبەت بە پارەی ریفراندۆم، بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی چەند خەزنە (قاسە)یەكی تری هەیە كە بریتین لە:
•    خەزنەی پێشینەی بەكاربردن: كۆی پارەی خەزنەكە (41 ملیۆن‌و 329 هەزارو 500) دینارە، لەم بڕە پارەیە، (35 هەزارو 885 هەزارو 500) دیناری خەرجكراوە (544 هەزار) دیناری ماوەتەوە.
•    خەزنەی پرۆسەی هەڵبژاردن: ئەم خەزنەیە بڕی (21 ملیار) دیناری تێدا بووە، (8 ملیارو 128 ملیۆن‌و 912 هەزار) دیناری خەرجكراوە، (2 ملیارو 40 ملیۆن‌و 829 هەزار) دیناری لە بانكدا ماوەتەوە، (277 ملیۆن‌و 263 هەزار) دیناری پارەی نەختییە، (10 ملیارو 552 ملیۆن‌و 996 هەزار) دیناری كۆی پێشینەی یەكلانەكراوەیە.
•    خەزنەی موچەی فەرمانبەران: ئەم خەزنەیە دابەشبووە بەسەر سێ خەزنەی تردا، كە بەكارهاتووە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و پاداشتی هەڵبژاردن‌و گرێی گواستنەوەی‌و خەرجی تر، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی ئەم خەزنانە ئەمینداری خەزنەیان نەبووە‌و بەرپرسی هۆبەی موچە لەبری ئەمینداری كارەكانی كردووە، راپۆرتەكە دەڵێ" هەموو موچەكان وەرگیرابوون‌و خەزنە سفر بوو، بڕی 83 ملیۆن‌و 16 هەزار) دینار لە خەزنەدا ماوەتەوە بۆ موچەی گرێبەستی فەرمانبەران‌و كرێی گواستنەوە‌و خەرجی تری هەڵبژاردن، بڕی 10 ملیۆن دینار لە پێشینەی بەكاربردن وەرگیرابوو بۆ كرێی هاتوچۆی فەرمانبەران‌و هەندێك كاری تر". 
لەم سێ خەزنەیەدا چاودێری دارایی تاڕادەیەك تێبینی نییە دەڵێت بەراوردكاری داتاكان هاوتابوون، بەڵام كێشەی هەیە لەگەڵ پێشینەی تایبەت بە هەڵبژاردن‌و دەڵێت تا كاتی نوسینی راپۆرتەكە، ئەو پێشینەیە یەكلانەكراوەتەوە‌و كۆمسیۆنیان ئاگاداركردووە دەبێت ئەو پێشینەیە یەكلابكاتەوە.
سەرباری ئەمە، چاودێری دارایی چەندین تێبینی تری خستوەتەڕوو لەبارەی وەسڵی خەرجییەكان، بۆ نمونە باسی ئۆفێسی كۆمسیۆن دەكات لە دهۆك‌و دەڵێ: تێبینی كراوە خەرجی بەنزین لەو ئۆفێسە زۆر بووە، رەزامەندی بەڕێوەبەری ئۆفێس لەسەر وەسڵەكان نییە، جۆری بەنزین‌و ژمارەی ئۆتۆمبیل نەنوسراوە، هەروەها باسلەوەدەكات لەوە دەكات ژمارەیەكی زۆر كارتی مۆبایل بۆ سەرۆك بەش ‌و هۆبەكانی كۆمسیۆن كڕدراون، كە هەندێكیان جۆری كارەكانیان پێویست بە بەكارهێنانی كارت ناكات، بەگوێرەی راپۆرتەكە، تەنیا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا بڕی (159) كارتی موبایل كڕدراوە، سەرەڕای ئەوە ناوی ئەو كەسانە بوونی نییە كە كارتەكەیان وەرگرتووە.
هەر لە تەوەری خەرجییەكاندا راپۆرتی چاودێری دارایی دەڵێ هەندێك لە وەسڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، واژووی ئەندامانی لیژنەی كڕینیان لەسەر نییە.
هەروەها لیژنەی چاودێری دارایی تێبینی كردووە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ كرێی تەكسی بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكان تەرخان دەكرێت، لەكاتێكدا دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەو كارانە دابین بكرێت، هەروەها لە كڕیندا كۆمسیۆنی رەچاوی رێنماییە داراییەكان ناكات، لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گرێبەستێكی كۆمسیۆن كردووە لەگەڵ (چاپخانەی ژیان) بۆ چاپكردنی كارتەكانی دەنگدان كە بەهای گرێبەستەكە نزیكەی (76 ملیۆن) دینار بووە‌و چەندین سەرپێچی رویداوە (لە بەشێكی تردا درەو میدیا وردەكاری سەرپێچی‌و گومانەكانی گەندەڵی لەم گرێبەستە ئاشكرا دەكات).

موچەی فەرمانبەران لە كۆمسیۆن
بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە بۆ ساڵی 2018‌و هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەستی نەبووە، لەو ساڵەدا تەنیا (یەك) فەرمانبەر خانەنشین بووە، بەڵام (13) فەرمانبەر مۆڵەتی دایكایەتییان وەرگرتووە، فەرمانبەرێكیش مۆڵەتی خوێندن.
لەبارەی فەرمانبەرانەوە راپۆرتەكە دەڵێ" تێبینی كرا لەم كۆمسیۆنە بڕوانامەی زۆر جیاواز‌و جۆراوجۆر هەیە، كە هیچ پەیوەندی بە كارو پسپۆڕی كۆمسیۆنەوە نییە، بۆ نمونە بەكالۆریۆس لە (سامانی ئاژەڵ، ماتماتیك، ڤێتەرنەری، ئەندازیاری تەلارسازی.. هتد).
راپۆرتەكە نوسیویەتی:" تێبینی كرا هەندێك فەرمانبەر لە لیستی موچەدا ناویان هەبووە، بەڵام لە لیستی پەنجەمۆری تایبەت بە دەوامكردندا ناو و واژۆیان نییە، بۆمان دەركەوت دەوام ناكەن‌و موچەشیان بۆ خەرج دەكرێت"، راپۆرتەكە ناوی ئەو فەرمانبەرانە‌و بەشەكانیانی دیاریكردووە كە دەوان ناكەم‌و موچە وەردەگرن (ناوەكان لای درەو میدیا پارێزراون).
دیوانی چاودێری دارایی تۆماریكردووە كە فەرمانبەرانی تایبەت بە كۆمسیارەكان‌و سكرتێرەكان پەنجەمۆر ناكەن، بەرپرسی بەشەكانیش ناویان لە ئامێری پەنجەمۆركردندا هەیە، بەڵام پەنجەمۆر ناكەن، سەرباری ئەمانە بڕوانامەی هەندێك لە فەرمانبەران كێشەیان تێدایە‌و هەندێك فەرمانبەرانیش بڕوانامەیان نییە.
لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دروستكراوە لەبارەی لیژنەیەكی شاندكردن بۆ وڵاتانی (چین‌و توركیا) لە پرۆسەی ریفرامدۆمەكەی 2017دا، بەڵام بابەتەكە بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە‌و نەگەیشتوەتە ئەنجام‌و رێوشوێنی یاسایی نەگیراوەتەبەر.

لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014.
ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (5) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا.
دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا.
تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا.
ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە:
•    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
•    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
•    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
•    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
•    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە)
•    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە
•    سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand