ناڕەزایەتی یەکەم لە دژی گەندەڵی لە (2018/5/12) بو 

Draw Media

2019-11-19 10:07:03



جەلال جەوهەر
 

هەرلە دوای پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق و لە بەهاری (2003)، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کەم و زۆر هەبوو لە عێراق، بە تایبەتی لە ناوچەکانی سوننەنشین، بە شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لێکردووە، (رێپێوان، خۆپیشاندان، جوڵانەوەی چەکداری لە دژی ئەمەریکییەکان و سیستمی نوێی حوکمڕانی لە عێراق).

لەساڵی (2005)ەوە، لە ئاستی بەغدا و خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ناوە ناوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەبووە، سەدریەکان لە ئاستی بەغدا و ناوچەکانی خواروی عێراق خۆپیشاندان و جموجۆڵی چەکداری سوپای مەهدیان هەبوو بۆ دژایەتی ئەمەریکییەکان.

لە هەرێمی کوردستانیش لە دوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە هەبو، بەڵام بەهێزترینیان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی (17ی شوباتی 2011)و رۆژانی دوای ئەوە، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و سنوری هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و سنوری قەزای کۆیە لە پارێزگاکانی هەولێر بە تایبەت لە دژی گەندەڵی کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە لە شەهید و برینداربون، بەڵام زۆرترین و گەورەترین ناڕەزایەتی لە بەرامبەر و لە دژی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی گەندەڵی، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بو لە (12/5/2018)، کە زانیاری و لێکدانەوەکان وابوو، کە زیاتر لە(70%)ى دەنگدەرانی عێراق و هەرێم بایکۆتی دەنگدانیان کرد.

ئەمەیان لە کاتی خۆیدا، هۆشداری یەکەم بوو لە دژی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، بەڵام وەک دەرکەوت نە دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و نە دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێیان بەم ناڕەزایەتیە نەدا.

دیارە لە کوردستان ئەم هۆشدارییە دوجار درا بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، جارێکیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12/5/2018)، جاری دوەمیشیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018)، کە رێژەی بەشداریکردن لەپرۆسەی دەنگدان نەگەیشتە (30%).

دیارە خۆپیشاندانەکانی (1/10/2019 – 25/10/2019) کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و درێژەی هەیە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی خواروی عێراق، زەنگی دوەم بو بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و، زەنگی سێیەم بو، بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم.

خۆپیشاندانەکانی شیعە لە بەغدا و خواروی عێراق، بە بەشداری سەدان هەزار گەنج لە ژن و پیاو،... و بە ئەوپەڕی ئازایەتی و فیداکاریەوە، لە دژی دەسەڵاتدارانی شیعە، ئاماژەیەکی نوێیە، بۆ قۆناغی نوێی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە، بۆیە هیچ رێگا و بژاردە و دەرفەتێک لەبەردەم حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم نەماوە، جگە لە ملدان و بە ویستێکی راستەقینە بۆ چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەنە، دیارە ئەمەشیان دەبێت بەوە دەست پێبکات لە ئاستی عێراق و هەرێم، کە دامەزراوەکان بکرێن بە دامەزراوەی نیشتمانی راستەقینە، و کۆتایی بە دامەزراوەکانی ساختەو کارتۆنی بێت، و یاساکانیش بە جۆرێک دەربکرێن و هەمواربکرێنەوە، کە لە خزمەتی ئەو پرۆژەیەدا بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand