پەتەکەی بەرھەم ساڵح

Draw Media

2019-11-09 07:21:38



رێبوار كەریم وەلی

لە ٢٠١٢ و کاتێک ھیچ ناڕەزایەتییەکی ئەوتۆ لە شەقامی عێراقی(جگە لە ناوچە سوننە نشینەکان) لە ھەمبەر نوری مالیکیدا بەدی نەدەکرا(وەک ئەوەی ئەمڕۆ روو دەدات)، تاڵەبانی سینگی خۆی کردە قەڵغانی مالیکی و سەرباری ئەوەی ھەموو لایەک کۆک بوون لەسەر لادانی، نامەی دەستلەکار کێشانەوەی خۆی دایە دەست سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئۆلتیماتۆمێکی دا بە ھەموو لایەک کە ئەگەر بیر لە لادانی مالیکی بکەنەوە، ئەو
دەستلەکار دەکێشێتەوە!

بۆ تاڵەبانی ئەو کاتە دوو شەش بوو ئەگەر سەرۆک وەزیران لەکار لادرابایە، چونکە لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠وە پتر لە شەش مانگی پێچووبوو تا حکومەتێک لە بەغدا پێک بێت و، بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆک وەزیران لێخرابایە، خۆی دەبوو بە حاکمی موتڵەق تا پێکھێنانی حکومەتێکی دیکە. تاڵەبانی ئەوەی نەکرد.
بۆ نەیکرد؟ سەرباری گوشارەکانی ئێران، تاڵەبانی پێیوابوو کە رەنگبێ بەغداش بە دەردی سوریا بچێ.
ئەوەی ئەمڕۆ روو دەدات رێک پێچەوانەکەیەتی؛ سەرۆککۆمار بەرھەم ساڵح ھەموو ھەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ ئیسقاتی حکومەتێک کە بە ھەموو شێوەیەک دەیەوێ تۆڵەی رابردوو بکاتەوە و گەندەڵکاران سزا بدات.
وتاری سەرۆک بەرھەم ساڵح سەبارەت بە خۆپێشاندانەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای ھەڵبژادنەکان( کە دەگوترێ لە خۆی زیاتر یەک کوردی تێدا نەبووە) و، تەنانەت ھاتنی بۆ ھەولێر بۆ ئیسقاتی حکومەت زۆر ئاشکرایە کە بەرھەم ساڵح لەگەڵ لاچوونی عادل عەبدولمەھدییە. ئەو باش دەزانێ کە ئەگەر حکومەت سقوت بکات، تا ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەتی نوێ(کە خوا دەزانێ چەندی پێ دەچێت) ھەموو دەسەڵاتە تەنفیزییەکان لای خۆی دەبێت و دەتوانێ لە سەردەمی زێڕینی تاڵەبانیدا بژییەت. لەوەشیاندا، پێگەی خۆی لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە ناوخۆی حزبەکەشیدا وەک میراتگر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ماڵباتی تاڵەبانی جێگیر دەکات.
بەڵام لەو قۆناغەشدا، ئەمجارەیان سەرۆک بارزانی ڤیتۆی خۆی بەکار ھێنا و جارێکی دیکە توانی مەرکەزی قەراری بەغدا بێنێتەوە ھەولێر.

ئەمما وەلاکین...

بەرھەم ساڵح وەک تاڵەبانیی پێ ناکرێت؛ لە سەر ھەموو پەتێک(تەنانەت ھی ناو پارتی و یەکێتیش) گەمە بکات. بە پشتگیریی خۆپێشاندەران دڵی ئەمریکا رازی بکات، گوایە ئێران لە عێراق دەردەکات!
بە کەمکردنەوەی نوێنەرایەتیی کورد لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان(کە موقابیلە بە نوێنەرایەتیی تورکمان!) و دابەشکردنی کورسییەکانی کەرکوک بەسەر قەزاکان و، بەڵێنی ئەوەی کە قەت رێگە نادات چارەنووسی کەرکوک بکەوێتەوە دەست پارتی و یەکێتی، دڵی تورکیا راحەت بکات!
(لەوەشیاندا تەڵەیەکی بۆ پارتی ناوەتەوە کە پارتی موسڵ مسۆگەر بکات و لە بەرامبەر کەرکوک دەنگی لێوە نەیەت...)
بەڵێنی ئەوە بە ئێران بدات کە رێگە نادات بۆشایی حکومەت ھەستی پێ بکرێت و مەتڵەبی گۆڕینی دەستوور وەک دیارییەک پێشکەش بکرێت بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
لای کوردیش وا خۆی پێشان بدات کە ئەگەر حوکمی عێراق ببێ بە سەرۆکایەتی و ئەو ببێتەوە بە سەرۆکی عێراق، کێشەی کورد کە عێراق نەک ھەر چارەسەر دەبێ، بگرە کوردستان و عێراق دەبن بە دوو دەوڵەتی کۆنفیدراڵ.
سەرۆک بارزانی بڕیاری یەکلاکەرەوەی لە بارەی مانەوەی عادل عەبدولمەھدی داوە و ھێزە کوردستانییەکانیش لەگەڵ ئەودا ئامادە نین موغامەرە بە چارەنووسی میللەتەوە بکەن. ئەم بڕیارە ئەگەر بە ئاراستەی ویستی ئێرانیش بێت لە ناوچەکەدا، گرنگ ئەوەیە کە بەرژەوەندیی کوردستان لە پێش ھەموو حەز و ویستێکە.
بە دڵنیاییەوە ئەگەر ھەڵبژاردنی بەرھەم ساڵح وەکو سەرۆکی عێراق لە چوارچێوەی خواستی ھاوبەشی ھەموو ھێزە کوردستانییەکان بوایە، رەنگبێ ئەمڕۆ لە کوردستانیش پاڵپشتی لەوە کرابایە کە کوردێک رێشمەی ئوموری بەدەست بوایە، نەک پاڵپشتی لە عەرەبێکی شیعە کرابایە کە زامنی مانەوەی ھەرێم و مەعیشەتی کوردستانە.
خۆزگە ھێزە کوردستانییەکان بەقەدەر متمانەیان بە عەرەبێکی شیعە، متمانەیان بە سەرۆککۆمار ھەبوایە.
پەندێک ھەیە دەڵێ:«دوو جامباز لەسەر یەک پەت گەمەیان پێ ناکرێت و ئاخیرەکەی یەکیان دەکەوێ.»

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand