​نێچیرڤان بارزانی چی بۆ پەکەکە پێشنیاز کرد!

Draw Media

2019-11-07 21:30:49



ئاسۆ حاجی
 
بە دوورکەوتنەوە لە سۆز و ھەستی کوردایەتی وێنەی راستەقینەی رۆژئاوای کوردستان و ئەو کارەساتەی بەسەری ھاتووە دەتوانین باشتر ببینین،رێک وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە دیبەیتەکەی مێری کردی.

ئەوەی بەسەر رۆژئاوای کوردستان ھاتووە چاوەڕوان کراو بوو و پێشتر بۆ چەندین جار سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل لەو مەترسیانە ئاگادار کراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١١ نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک نوێنەر و شاندی رەوانەی قەندیل کردووە بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە و ئاگادار کردنەوەیان لەو مەترسیانەی چاوەڕوانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەگەر پەکەکە واز لە سیاسەتی بە پەکەکە کردنی رۆژئاوای کوردستان و ھەڵکردنی ئاڵای پەکەکە و بڵندکردنی وێنەی ئۆجەلان نەھێنن.

نێچیرڤان بارزانی ئەو پێشنیارەی بۆ پەکەکە کردبوو کە ئەوان دەتوانن رۆژئاوا بەڕێوەببەن ئەگەر وێنەیەکی دیکە نیشان تورکیا و دنیا بدەن چونکە تەنھا تورکیا نیە کە ناتوانێ ھەبوونی پەکەکە لەسەر سنوورەکانی قبوڵ بکا بەڵکو ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایش لەو خاڵە لەگەڵ تورکیا یەکدەگرنەوە،دواتر ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپیش ئەوەیان بە راشکاوی بە دەسەڵاتدارانی پەیەدە گوتبووە.

نێچیرڤان بارزانی بە سەرکردەکانی قەندیلی گوتبوو ھەموو شتێک لە رۆژئاوا با لە ژێر کۆنتڗۆلی ئێوەبێت و ئێوە بڕیاردەربن لە گەورە و گچکە تەنھا رێگە بدەن با خەڵکانی دیکە لە واجیھە بن و رێگە بدەن لەو رووەوە ھاوکاریتان بکەین،بەڵام وەڵامەکەیان ئەوەبووە کە وڵاتانی زلھێز مامەڵە و رێکەوتن لەگەڵ ھێز و ئەمری واقع دەکەن و لە کۆتاییدا ناچاردەبن پەیوەندیمان لەگەڵ دروست بکەن و تورکیاش ناچار دەبێ ئەو ئەمری واقیعە قبوڵ بکات.

لە سەرەتای شۆڕشی سوریا کە رۆژئاوای کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی کورد و چاوەڕوان دەکرا ھەموو لایەنە سیاسیەکانی رۆژئاوا بەشداربن لەو بەڕێوەبردنە و پرسی دیموکراتی و کرانەوە بەسەر دەرەوەی خۆیان کاری لە پێشینەیان بێت،ئەو کات تورکیا دژی ھەبوونی کورد نەبوو لە رۆژئاوای کوردستان خۆیان بەڕێوەببەن بە پێچەوانەوە پەیوەندی توندی لەگەڵ پەیەدە ھەبوو تا ئەو ڕادەیەی لەو سەردەمدا پەیوەندیەکانی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکیان ھەندێک کێشەی تێکەوتبوو پەیەدە پێشنیاریان بۆ پارتی کردبوو ئەگەر بخوازن ئەوان دەتوانن نێوەندگیریان لەگەڵ تورکیا بۆ بکەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی کارەکەم لە تۆڕی میدیایی رووداو زۆر و زوو زوو بەڕێز سالح موسلیم کە ئەوکات ھاوسەرۆکی پەیەدە بوو دەدیت و قسەمان دەربارەی زۆر پرس و ئەگەر دەکرد،جارێکیان لە مانگی تەمووز بوو لە رێگای فڕۆکەخانەی ھەولێر دەچووە ئەنقەڕە و گوتی لەگەڵ دەزگای میت و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی تورکیا دانیشتنم ھەیە،دوو رۆژ دواتر لە ھەولێر بینیمەوە و پرسیاری دەرئەنجامی سەردانەکەیم لێکرد بە گەشبینی و دڵخۆشیەوە گوتی کە شتی زۆر گەورە لە رێگایە و کەمتر لە یەک ھەفتەی دیکە ھەموو دەروازەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستان دەکرێنەوە و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەھێزتر دەبێت، بە پێکەنینەوە گوتی لەمەودوا دەبێ ئێمە واستەتان لای ئەردۆغان بۆ بکەین،سالح موسلیم رۆژی دواتر چووە بەلجیکا و ھەفتە و دوو ھەفتە تێپەڕین ھیچ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەک لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا رووینەدا بۆیە لەگەڵ دکتۆر عیزەدین تەمۆی خوارزای سالح موسلیم تەلەفۆنمان بۆ کرد و پرسیارم لێی کرد بۆچی ھیچ رووینەدا! وەڵامەکەی ئەو چەند وشەیە بوو:"بڕۆ لە ھەڤاڵانی قەندیل بپرسە با ئەوان وەڵامت بدەنەوە".

زۆر کەس لە وەڵامی ئەوەی پەکەکە ھۆکاری سەرەکی ئەو کارەساتەیە کە بەسەر رۆژئاوا ھاتووە دەڵێن ئەگەر کوردانی رۆژئاوا وێنەی ئەتاتورک و ئاڵای تورکیایان ھەڵکردبا تورکیا ھەر ھێرشی دەکردنە سەرێ،رەنگە ئەوە راست بێ و تورکیا دژی ھەر شتێک و ھەموو شتێک بێت کە لە بەرژەوەندی کوردە.

بەڵام ئەو راستیە ھیچ ئەگەرێکی پێویست نیە کە پەکەکە بەھانەی زۆری دایە دەست تورکیا و ھیچ بەھانەیەکیشی نەدایە دەست ھاوپەیمان و دۆستەکانی لە ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە ھێرش و پەلامارەکانی تورکیا بکەن.

لە سەرتای ساڵی ٢٠١٩ کۆشکی سپی بە فەرمی بە ئیلھام ئەحمەدی ھاوسەرۆکی مەسەدە(مجلس سوریا الدیمقراگی) راگەیاندووە کە ئەگەر پەیوەندی تەواو لەگەڵ قەندیل نەپچڕێنن و لایەنەکانی دیکە لە بەڕێوەبردنی رۆژئاوا بەشداری پێ نەکەن ئەوە تورکیا لە سەر سنوورە و ئێمە ناتوانین رێگری لە ھێرشکردنەکەی بکەین.

ئێستاش ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان تەنھا ئەو رێگایەی لەبەردەمە کە دەتوانێ لێیەوە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناو ھاوکێشە و ھەژماری دۆستەکانی بێگومان ئەو رێگایەش بە ھەولێر دا دەڕوا نەک قەندیل

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand