ئایا ڕۆژئاوا توشی نسكۆ دەبێت؟

2019-10-09 19:28:12

كارۆخ عوسمان

ئەگەر لەساڵی ١٩٧٥ كاتێ نسكۆ بەسەر شۆڕشی كورددا ھات ڕاگەیاندن بەمجۆرەی ئێستا بوایە چەندین سیناتۆری ئەمریكی و دەیان پەرلەمانتاری وڵاتانی ئەوڕوپایی و سەدان دیپلۆماتكاری ئیسڕائیلی ڕەخنەكانیان دژی ھێرشكردن بۆ سەر كورد بڵاو دەبویەوە.
بەپێی بەڵگەنامەكانی CIA، ناڕەزایەتی زۆر لەبەرامبەر پشت كردن لەكوردانی عێڕاق دژی سەرۆكەكانی ئەوكاتی ئەمریكا (ڕیچارد نیكسن و جیڕاڵد فۆڕد) و بەتایبەت وەزیری دەرەوە (ھنری كیسینجەر) پەیدا بوو، بەڵام ئەوكاتە ئیعلام بەوجۆرە نەبوو تا خەڵك پێی بزانێت.
جگە لەناوخۆی ئەمریكا ئیسڕائیلیەكانیش كە بەنزیكترین دۆستی كوردو شۆڕشی ئەیلول دەبینران ڕەخنەی زۆریان لەئەمریكاو شای ئێران گرت و پێیانوابوو ڕۆژئاوا دۆستەكانی جێدەھێڵێت تا گورگ بیانخوات. كە خواردنیشی.
شۆڕشی كورد ئەوكاتە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار پێشمەرگەو ھێزی پشتیوانی ھەبوو لەگەڵ جبەخانەیەكی پڕ لەچەكی بەرگری زەمینی، بەڵام لەبەرامبەر سوپای عێڕاقی تازە پێگرتووشدا شكستی ھێنا، چونكە پێشمەرگە تەنھا لەزەمینیدا توانای ڕوبەڕووبوونەوەی ھەبوو، عێڕاقیش لەڕێگەی ئاسمانیەوە بۆردومانی دەكردن بۆیە شۆڕش پاشەكشەی بەھێزكرد بۆ ئێران.!!!
وەك شەڕەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەكشابایەوە توشی ئیبادە جەماعی دەبوون و نیوەی زیاتری پێشمەرگە لەناو دەچوو چونكە نەیدەتوانی خۆی لەھەمبەر ھێزی پڕچەكی سوپاو حەشد ڕاگرێت.
ھیچ فشارێكیش دەورو كاریگەری لەسەر ئەمریكا نەبوو لەسەر پشتیوانی نەكردنی كوردان، چونكە بەرژەوەندی لەگەڵ عێڕاقی ئەوسا واتا ٧٥ و ئان و ساتی ١٦ی ئۆكتۆبەر پەیدابوو.
بۆ ئێستاش ئەو تێڕوانینە دروستە، چونكە ئەمریكا ئیشی بەپێگەی ستراتیژی و سیاسەت و ئیدارەی ئەردۆگان ھەیە لەبەرامبەر ئێراندا، بۆیە بێھەڵوێست دەمێنێتەوە لەبەرامبەر ھێرشی سوپای تورك بۆ سەر خاكی كوردان لەسوریا.
ئەگەر ئەمریكا دەست نەگرێت بەتوركیاوە ئەوا مەترسی ڕوو وەرگێڕانی تەواوەتی بۆ ڕوسیای لێدەكرێت، ئەوەش نسكۆیەكی گەورەیە بۆ ئەمریكا.
ئەوڕوپاش بەھۆی ھەڕەشەی واڵاكردنی سنورەكان بەڕووی پەنابەران و ڕێگاكردنەوە بۆ گەیشتنی ماددەی ھۆشبەرو قەدەغەكراوەكان بە وڵاتانی ئەوڕوپا لەسەر ئاستی دەوڵەت بێدەنگ دەمێننەوە.
ئێستا كە شەڕ دەستی پێكردووەو فڕۆكەكانی توركیا یەكەم غارەیان ئەنجامدا ھیچ كاردانەوەیەكی فعلی نێودەوڵەتی بەدیناكرێت و پێدەچێت بەھەمان زەمانی داگیركردنی عەفرین دونیا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بینەری ڕوداوەكان بن.
ھەر بەجددی لەو قۆناغەدا توركیا دەست و پێی وڵاتانی ڕۆژئاوای بەستۆتەوە.
ئەو ھێرشانەی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان بڕیاری سەتحی نیە تا ئەردۆگان سەرشێتیەكی سەركێشانەی كردبێت بەڵكو ئەوە لەستراتیژی دەرین دەوڵەتدا نزیكەی سەدساڵە بەرمەجە كراوە، دەكرێ بشڵێین كوردان بەرگریەكی سەركێشانە دەكەن بەڵام مەحاڵیشە لەبەرامبەر سوپای پڕچەكی توركیا تا كۆتایی خۆڕاگرن، ئاخر جگە لەچەك و چۆڵی قەبەو پێشكەوتوو توركیا بەشداری بە ٢٥ ھەزار چەكداری سوریایی دەكات لەپاڵ سوپاكەیدا، نزیكەی ١٠ ھەزار چەكداری بەكرێگیراوی كوردی توركیاش بەشدارە.
شوێنی جوگرافی جەنگەكەش نزیكترین خاڵە لەمەتاڕی سەربازی دیاربەكر، ئەو مەتاڕە توانای ھەیە دووری ئەو ٦٠٠ كیلۆمەترەی سنوری نێوان توركیا-سوریا لەیەك كاتدا بۆردومان بكات و بەكەمترین تێچونیش بگەڕێتەوە.
چەكی گەورەی كوردانیش تۆپی ١٠٦ تێپەڕناكات، ڕەنگە بگوترێت كە ئەمریكا چەكی پێشكەوتووی بەكورد داوە، بەڵام ئەوەشمان لەبیرە كاتێ توركیا ھێرشی چڵە زەیتونی بۆسەر عەفرین دەست پێكرد چەكە ئەمریكیەكان تاقە بۆمبێكیان نەتەقاندو كۆدی ھیچ چەكێكیان پێ نەدابوون و ھیچ كادرێكیان لەسەر بەكارھێنانی چەكەكان پێنەگەیاندبوو، ئیتر كورد دەبوا ئەوێ دەمێ حاڵی بوبایە كە ئەمریكا باكی بەسەرگەردان بوون و كوژران و ئاوارەبوونی كورد نیە.
دیسان جارێكیتر باسی ئەو ھەڵە مێژووییەی كوردانی ڕۆژئاوا دەكەم كاتێ زۆران پێیان گوتن و پێمان گوتن مەھانە مەدەنە دەست توركیا و خۆتان لەشیعاری پەكەكەیی دابماڵن، بەڵام گوێیان لەڕەئی ھیچ لایەن و شەخسێك و خەبیرێك و دڵسۆزێك نەگرت و ھەرگیزیش ڕەئی ھیچ لایەن و كەسێك ناخوێننەوە.
ھەمیشە ڕەخنەیان لەپارتی ئەوەبووە كە پاڵپشتی حزبێكی موعەییەن دەكات بۆ ڕۆژئاوا كەچی ئەوان حزبیان بۆ ھەر چوارپارچەی كوردستان دروستكردووەو لەگەڵ ھیچ ھێزێكیش ھەماھەنگ نین، دژایەتی كوردایەتیكردنی حزبەكانی تر دەكەن كەچی خۆشیان كوردبونیەتی پەكەكەیی لەڕۆژئاوا تەتبیق دەكەن تا بەو ڕۆژە گەیشت.
لەو كاتەی ھێرش بۆسەر عەفرین كرا پەكەكە لەزاری جەمیل بایك بانگەوازی بایكۆتكردنی كاڵای توركی دەكرد كەچی كاتێ ئیمدادات بۆ ڕۆژئاوا دەنێردرا لەسەدا ٧٥ی كەل و پەلەكان توركی بوون و ھەر خودی ئیدارەی خۆرئاوا داوای خێوەتی توركی دەكرد.
ئەدی لەو ئان و ساتەدا كە ئەم ھەموو كوردە سەرگەردان دەبێت ئاخۆ كەل و پەلی چ وڵاتێكیان بۆ بنێردرێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand