"زیاتر لە 108 هەزار كەس لە وەزارەتی بەرگری گەڕێنرانەوە سەركارەكانیان" 

Draw Media

2019-10-07 14:06:13



درەو میدیا: 
بەبڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ( 108 هەزارو 482) كەس لە وەزارەتی بەرگری گەڕێنرانەوە سەركارەكانیان، كە پێشترو لەدوای هاتنی داعش لە 2014 وازیان هێنابوو یاخۆد فەسڵكرابوون، ئێستا گەڕێنرانەوە سەركارەكانیان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی ( درەو میدیا) حكومەتی عێراق لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا زیاتر لە ( 100 هەزار ) لە هەڵگرانی ماستەر و دكتۆرا دادەمەزرێنێت، كە بەشێكیان بە ئیجباری لە زانكۆ ئەهلیەكان دادەمەزرێنرێن.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ( 300 هەزار ) هەلی كار دەكاتەوە بۆ ئەو كەسانەی كاریان نیە، ئەویش لە رێگەی كردنەوەی كۆشكی سەر شەقامەكان هەریەكەیان ( 4 بۆ 5) كەس كاری تێدا بكەن و لەلایەن حكومەتەوە درووستدەكرێن و هاوكاری دەكرێن. 
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوایین كۆبونەوەی نائاسایی خۆیدا(17 ) بڕیاری دەركرد كە بریتی بوون لە:.


بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران:
🔷 کردنەوەی دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون لەسەرجەم پارێزگاکان بۆ ئەوانەی کە داهاتیان سنوردارە لەگەڵ توێژەکانی تردا.
🔷 تەواوکردنی پرۆسەی دابەشکردنی (17) هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکانی شایستەو ئەوانەی داهاتیان سنوردارە لە پارێزگای بەسرە، لەماوەیەکی زەمەنی دیاریکراودا کە لە چوار هەفتە تێپەڕنەکات.
🔷 ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پرۆگرامی نیشتمانی نیشتەجێکردن کە دروستکردنی (100) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت و دابەشبووە بەسەر هەموو پارێزگاکاندا، ئەولەویەت بەو ناوچە و پارێزگایانە دەدرێت کە هەژارترن.
🔷 پارێزگاری هەموو پارێزگاکان ئەرکی دروستکردنی لیژنەی یەکلاکردنەوەی ناوی ئەو خێزانانە لەئەستۆ دەگرن کە شایستاترن، لەوانەی کە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی گرتونیەتەوە، بۆئەوەی پیدانی زەوی نیشتەجێبوون بیانگرێتەوە، بەرزکردنەوەی ناوەکانیان بۆ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی دوو هەفتەیەدا.
🔷 وەزارەتی دارایی ئەرکی دابینکردنی پارە بۆ سندوقی نیشتەجێبوون لەئەستۆ دەگرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بتوانن قەرز وەربگرن، تاوەکو بتوانن بەو قەرزە خانو لەسەر ئەو زەوییانە دروستبکەن کە وەریدەگرن، ئەمە لەچوارچێوەی بودجەی 2020دا، بەپێی یاسای سندوقەکە ئەم قەرزانە لە هەموو جۆرە سودێک دەبەخشرێت.
🔷 پێدانی پارەیەکی مانگانە بە بڕی (175) هەزار دینار بە (150) هەزار کەس لە خەڵکانی بێکارو ئەوانەی توانای کارکردنیان نیە، ئەمە بۆماوەی سێ مانگ.
🔷 دروستکردنی کۆمەڵگەی بازرگانی هاوچەرخ "کۆشک" لەناوچە بازرگانییەکانی بەغدادو پارێزگاکانی تر لەماوەی سێ مانگدا بەبڕی (60) ملیار دینار، دەبێت خاوەنی هەریەکێک لەم کۆشکانە بەڵێن بدەن دوو کەسی بێکار بخەنەسەر کار، بەمەبەستی گرەنتیکردنی فەراهەمکردنی (450) هەزار دەرفەتی کار، لەگەڵ رەچاوکردنی ئەولەویەت بۆ ئەوانەی کە کۆشکەکانیان روخێندراوە.
🔷 ئامادەکردنی پرۆگرامێک بۆ راهێنان و ئامادەکردنی ئەوانەی بێکارن و توانای کارکردنیان نیە بۆ (150) گەنجی دەرچوو و دەرنەچوو لەگەڵ خەرجکردنی پارەیەک بۆیان لەماوەی راهێنانیاندا کە سێ مانگ دەخایەنێت بەبڕی (175) هەزار دینار بۆ هەرکەسێک و دامەزراندنی ئەوانەی کە خولەکە تەواو دەکەن لەو کۆمپانیایانەی لە عێراق کاردەکەن.
🔷 ئەوانەی لەو خولانەی راهێناندا سەردەکەون، لە سندوقی قەرزی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی یاخود لە بانکی ناوەندی قەرزی گونجاویان پێدەدرێت بۆ بنیادنانی پرۆژەی مامناوەندی و بچوک.
🔷 ئەوانەی بێکارن و بەشداری ئەو پرۆگرامە دەکەن، یاسای خزمەتی پیشەسازی دەیانگرێتەوە، بە پێدانی پارچە زەوییەک بۆ بنیادنانی پرۆژەی پیشەسازی، هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی تر دەیانگرێتەوە کە لە یاساکەدا هاتووە.
🔷 لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە، وەزارەتی بەرگری بەشێوەی ئەلیکترۆنی یاخود لەڕێگەی ناوندەکانەوە دەرگای دامەزراندن بۆ گەنجان لە تەمەنی (18 بۆ 25) دەکاتەوە.
🔷 وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ هەڵدەستن بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەی کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە لە هەموو پارێزگاکان.
🔷 وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی بنەڕەتی دەگرێتەبەر بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مامۆستایانی خۆبەخشی وانەبێژو دانانی دەرماڵەی تایبەت بۆیان لە بودجەی 2020 دا.
🔷 وەزارەتی کشتوکاڵ رێوشوێن بنەڕەتی دەگرێتەبەر بۆ بەخشینی جوتیاران لە پارەی بەکرێگرتنی زەوی و زار کە لەماوەی رابردوودا لەسەریان کەڵەکەبووە تاوەکو 31\12\2019.
🔷 پارێزگارەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەرکی ئامادەکردنی لیستی ئەو خیزانە بێبەشکراوانە لەئەستۆ دەگرن کە شایستەن بۆ ئەوەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان پێبدرێت، ئەمە (600) هەزار خێزان دەگرێتەوە.
🔷 قوربانیانی خۆپیشاندانەکان و دەزگا ئەمنییەکان بە شەهید ئەژماردەکرێن و یاسا کارپێکراوەکان دەیانگرێتەوە و ئیمتیازاتەکان بە کەسوکاریان دەدرێت.
🔷 وەزارەتی تەندروستی خزمەتگوزاری چارەسەرکردن پێشکەشی بریندارانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دەکات و لەسەر خەرجی حکومەت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand