جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان چیە؟ پێكهاتەو ئەركەكانی چین؟

Draw Media

2019-09-12 09:41:20



درەو میدیا:
ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕیوەچوو، جەمال محەمەد بە سەرۆكی جڤاتی گشتی و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی و پێشڕەو رەئوف بە سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران.
بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، د. رەئوف عوسمان، سەرۆكی پێشوی جڤاتی گشتی وتارێكی پێشكەشكردوو رایگەیاند: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشێك لە داخوازیەكانی جڤاتی گشتی جێبەجێبكردایە هەرگیز لە 24 كورسی پارلەمانەوە نەدەبوو بە 12 كورسی و رۆژی بەم رۆژە نەدەگەیشت.

بەهەڵبژاردنی وەك سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەمال محەمەد راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (14/9/2019) هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و پێنج ئەندامەكەی دیكەی خانەی راپەڕاندن بكرێت، 

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا 49 ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربوون لەكاتێكدا ژمارەی ئەندامانی لە هەندێك قۆناغدا گەیشتبووە نزیكەی  (70 )ئەندام، ئەگەرچی بەپێی دەستوری گۆڕان نابێت ئەندامانی جڤاتی گشتی لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بن، واتا نزیكەی ( 20 )ئەندامی جڤاتی گشتی دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو وازیان هێناوە بەهۆی نیگەرانی لە هەڵوێستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێكیشیان چونەتە دەرەوە وڵات، رۆژی رابردوو (7) ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەیان خستە بەردەم رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.

سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (7) ئەندامەی جڤاتی گشتی  ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە " خۆی هۆكاری سەرەی ئەوەی كە ئەم حەوت كەسە دەستمان لەكاركێشایەوە ئەوەبوو كە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی كۆبونەوەی كرد داوامان لێكردن لەپێناوی یەكڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەكەن و درێژی بكەنەوە بۆ كۆتایی ساڵ بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەكەیان خستە بواری جێ بەجێ كردنەوە كە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەكەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، كەواتە كە بەقسەمان ناكەن و هیچ بۆچونێكمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین ئەمە!،

جڤاتی گشتی چیە؟
بەشی هەشتەمی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە كۆنفرانسی ساڵی 2013 پەسەندكراوە، تەرخانكراوە بۆ جڤاتی گشتی، لە مادەی یەكەمی بەشی هەشتەمی دەستورەكەدا هاتووە: جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژكاری بوارەكانی كاری، سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی، و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە. 


ئەركەكانی جڤاتی گشتی
ئەركەكانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە دانانی نەخشەی كارو هاوكاری جڤاتی نیشتیمانی بەراوێژ و راسپارە دەربارەی:.
•    هەڵسەنگاندی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان 
•    هەڵسەنگاندی پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستان، عێراقی فیدراڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ حزب و رێكخراوە سیاسیەكان. 
•    ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی هەر دامەزراوەیەكی تر. 


پێكهاتەی جڤاتی گشتی
یەكەم: جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەو كەسایەتیە گشتیانەی كە لە ماوەی تەمەنیان لە یەكێ لە بوارەكانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووە، لەوانە: 
•    كەسایەتی سیاسی 
•    كەسایەتی زانستی 
•    كەسایەتی كۆمەڵایەتی
دووە: ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی نابێ لە ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بێت. 


خانەی راپەڕاندن چییە ؟
بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا".
كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا.
25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون:
•    عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە
•    عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە)
•    جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان
•    محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە.
•    شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك
•    رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand