قوباد تاڵەبانی نیگەرانییەكانی دەگەیەنێتە مەكتەبی سیاسی

Draw Media

2019-09-08 13:56:43



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
قوباد تاڵەبانی دواجار شەرمی شكاندو نیگەرانییەكانی لەبارەی دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە گەیاندە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە داوا دەكرێت لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار بكرێت، چەند پێشنیازێك هەیە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا، كۆنگرە بەتەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت یاخود بەبێ تەوافوق ؟ (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڵاودەكاتەوە.

44 ساڵ‌و 4 كۆنگرە !
یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 7ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆنگرە دەكات، ئەمە بڕیاری كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكە بوو.
پێشتر مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی رۆژی 21ی تشرینی دووەمی بۆ سازدانی كۆنگرە دیاریكرد، واتە رۆژی " شەهیدانی یەكێتی"، بەڵام ئەم پێشنیازە رەتكرایەوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، واتە ئەم حزبە ئێستا تەمەنی (44 ساڵ)ە، لەم تەمەنە دورودرێژەدا تەنیا (3) كۆنگرە‌و (2) پلینیۆمی كردووە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.

تەوافوقێكی پێشوەختە !
لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا بڕیاردرا، كۆنگرە بەبێ تەوافوق‌و رێككەوتنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بنەڕەتەوە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) دیاریكردنی رۆژی سازدانی كۆنگرە لە كۆتا مانگی ئەمساڵدا لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی پێشوەختە بووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بریتین لەم كەسانە:
•    حاكم قادر حەمەجان 
•    ئەرسەلان بایز 
•    رزگار عەلی 
•    رەفعەت عەبدوڵا
•    دلێری سەید مەجید
ناوی (ئەرسەلان بایز)و (رزگار عەلی) لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بۆ لیستی ئامادەكارانی كۆنگرە زیادكراوە.
ئەوەی تائێستا كراوە تەنیا تەوافوقە لەسەر رۆژی سازدانی كۆنگرە، چەندین تەوافوقی تر ماوە كە تاوەكو رۆژی سازدانی كۆنگرە لەنێوان سەركردەكانی یەكێتیدا دەكرێت، لەوانە تەوافوق لەسەر ئەندامانی كۆنگرە‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی‌و سیاسەتی یەكێتی..

یەكێتی چۆن بەڕێوەدەبرێت ؟
سەرباری ناكۆكییە قوڵەكانیان، سەركردەكانی یەكێتی لەسەر رۆژی سازدانی كۆنگرە رێككەوتن، بەڵام هێشتا رێككەوتنی تەواوەتییان نەكردووە لەبارەی ئەوەی لە كۆنگرەدا دەیانەوێت حزبەكەیان بەرەو چ ئاڕاستەیەك ببەن، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبیش هێشتا یەكلانەبووەتەوە‌و پێشنیازی جیاواز هەیە لەبارەیەوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك داوا دەكەن بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە كۆنگرە بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند پێشنیازێك هەن لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە داهاتوودا، دوان لەوانە پێشنیازی دیارن.
پێشنیازی یەكەم:
یەكێتی هاوشێوەی رابردوو یەك سكرتێری هەبێت، هەندێك لەوانەی پێشنیازی یەك سكرتێری بۆ یەكێتی دەكەن، داوا دەكەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لە كۆنگرە وەك سكرتێری یەكێتی هەڵبژێردرێت بافڵ تاڵەبانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێن بە جێگرانی، ئەمە لە ئەگەری دانیشتنی كۆسرەت رەسوڵدا ( هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەیەكجاری دابنیشێت، درەو میدیا ناتوانێت راستی ئەم بابەتە پشتڕاست بكاتەوە).
 لەبەرامبەردا هەندێكی تر داوا دەكەن كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی.
پێشنیازی دووەم:
یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی بەڕێوەببرێت، مۆدێلەكەی پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكە، هەندێك لەوانەی ئەم پێشنیازە دەكەن دەڵێن "با یەكێتی دوو سكرتێری هەبێت، یەكێكیان سكرتێری حزب بێت لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، ئەوی تریان سكرتێری بێت لەسەر ئاستی دەرەوە"، بۆ نمونە كۆسرەت رەسوڵ ببێت بە سكرتێری حزب لە ناوخۆ‌و بەرهەم ساڵح سكرتێر بێت لەسەر ئاستی دەرەوە.

راپۆرتەكەی قوباد تاڵەبانی !
رۆژێك پێش كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت راپۆرتێكی خوێندوەتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە راپۆرتەكەیدا بەناڕاستەوخۆ رەخنەی لە تیمی دانوستانكاری یەكێتی گرتووە كە نەیانتوانیوە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت.
قوبادد تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتەوە بە نیوەناچڵی جێبەجێكراوە‌و یەكێتی هاوبەشی راستەقینە نیە لە حكومەتداو تەواوی بڕیارەكان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێت، هیچ دەسەڵاتێكی بە جێگرەكەی نەداوە.
لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی بە نوسراوێك كەموكورتییەكانی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و رێگرییەكانی خستوەتە بەردەم مەكتەبی سیاسی.
لەدوای كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە:" جەختكرایەوە لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ناوەڕۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و كارنامەی حكومەت"، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە وەڵامی راپۆرتەكەی قوباد تاڵەبانیدا وتویەتی:" وەفدی دانوستانكار لەسەر وەرگرتنی پشكی یەكێتی لە حكومەت شەڕی كردووە‌و ئەوە ئەركی ئەوانە داوای ئەو دەسەڵاتانە بكەن كە لە پۆستەكاندا پێیاندراوە".

لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار
لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، لەپاڵ باسی سازدانی كۆنگرەی چوار، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی كرا بە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، یەكێك لە ئەندامانی سەركردایەتی (ناوەكەی لای درەو میدیا پارێزراوە) لە كۆبونەوەكەدا داوای كردووە رونكردنەوە بدرێت لەبارەی قسەكانی مەلا بەختیار سەبارەت بە رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی سەبارەت بە باسنەكردنی بابەتی (31)ی ئاب لەلایەن یەكێتییەكانەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی وەڵامی داوەتەوە‌و وتویەتی:" هێندەی ئەو ئاگادار بێت یەكێتی هیچ رێككەوتنێكی لەوجۆرەی لەگەڵ پارتی نەكردووە"، پاشان لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای زانیاری پشتیوانی بۆچونی ئەندامەكەی سەركردایەتی كردووە‌و داوای كردووە لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار بكرێت سەبارەت بە چەند دۆسیەیەك.
بڕیاردراوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ مەلا بەختیار بكرێت، ئەوانەی ئەركی لێكۆڵینەوەكەیان پێسپێردراوە هەمان ئەو كەسانەن كە لێكۆڵینەوە لە سیروانی كوێخا نەجم بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە چەمچەماڵ دەكەن كە ماوەی دوو هەفتەیە لە قەلاچۆلان لەسەر چەند تۆمەتێك دەستگیركراوە.
ئەندامانی لیژنەكەی لێكۆڵینەوەكەی ئەمانەن:  
* حاكم قادر- ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی 
* فەرید ئەسەسەرد-  ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی
*  لەتیف شێخ عومەر- ئەندامی سەركردایەتی و وتەبێژی یەكێتی
* ئەندامێكی دەزگای زانیاری
ئەوانەی داوای لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار دەكەن، چەند تۆمەتێك ئاڕاستەی ناوبراو دەكەن كە ئەمانەن: 
•    هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشێوی‌و تێكدانانی دۆخی ناوخۆی یەكێتی 
•    تێكدانی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لە رابردوودا
•    كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی پارتی‌و بوونی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ پارتی 
•    وەرگرتنی بڕی (2 ملیۆن) دۆلار لە پارتی‌و چەند جارێكی تریش وەرگرتنی پارە لە هەمان سەرچاوە
•    پێدانی شوناسی خیانەت بە مام جەلال و بەراوردی بە 31ی ئاب لە وتارێكدا كە بەمدواییە لەیادی رووداوەكانی (31)ی ئابدا بڵاویكردەوە 
هەوڵدان بۆ لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار، دوای كۆبونەوەیەك دێت كە رۆژی هەینی رابردوو، بە دەستپێشخەرییەكی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، لە ماڵی "مام جەلال" لە دەباشان مەلا بەختیارو بەرهەم ساڵح كۆبونەوە.
كۆبونەوەكە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو كارەكتەرەی ناو سەركردایەتی یەكێتی بوو، كە لەدوای یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لە ئەنجومەنی سەركردایەتی لەنێوانیان دروستبوو.
بۆیە لە سەركردایەتی یەكێتی هەوڵی لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار زیاتر وەكو بابەتێكی پەیوەندیدار بە كۆنگرە تەماشا دەكرێت، وەك لە هەوڵێكی جددی بەرهەمدار. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand