دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵ لە حیزب و سوپا

Draw Media

2019-08-30 20:10:42



راپۆرتی: درەو میدیا
میدیاكانی توركیا هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی (سەعدوڵا ئەرجین)ی، وەزیری پێشوتری داد_یان  لە پارتی دادو گەشەپێدان بڵاوكردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە دەستلەكاركێشانانەوەدا كە بەم دواییە بەرۆكی دادو گەشەپێدانی گرتووە، كە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی ئەرجین، پرسی دەستلەكاركشانەوەكانی لە ناو پارتی دادو گەشەپێدان كردۆتەوە باسی گەرمی میدیاكانی توركیا، بە جۆرێك مانشێتی ڕۆژنامەكانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو باسیان لە دەستلەكاركێشانەوەی (بەشیر ئاتالای و حسێن چیلیك و نیهاد ئەرگۆن) كردوە لە پارتەكەی ئەردۆغان، كە پێشتر وەزیر بوون، ئەوەش بەو مانایە دێت پارتی دادو گەشەپێدان دووچاری خوێن بەربوونێكی ڕاستەقینە بووە.
پارتی دادو گەشەپێدان لەساڵی ۲٠٠۱ دا لەسەر داروپەردوی پارتی فەزیلەی ئیسلامی دروستبوو، كە لە ۲۲ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بە بڕیارێكی دادگای دەستوری توركیا هەڵوەشنیرا.
پارتەكەی ئەردۆغان كە ڕۆژی ۱٤ی ئەم مانگە یادی دامەزراندی ۱۸ ساڵەی كردەوە، خاوەنی ۹ ملیۆن ئەندامە، بەوەش بە گەورەترین پارتی توركیا دادەنرێت.

هاوپەیمانێتیە نوێكان و پارتی جێگرەوە
ئۆكتای یەڵماز شرۆڤەكاری سیاسی پێیوایە، دەستلەكاركێشانەوەكان دەبێتە مایەی شڵەژاندنی ئەردۆغان، یەڵماز كە قسەی بۆ پێگەی ئەلەكترۆنی كەناڵی حورە كردووە، ئاشكرایكردووە، ئەندامە جیابۆوەكانی دادو گەشەپێدان، نیەتی دروستكردنی پارتێكی نوێیان هەیە لەسەر داروپەردوی پارتی دادو گەشەپێدان.
ئەوەشی وتوە، ڕۆژنامەكانی توركیا زانیارییان سەبارەت بە (عەلی باباجان) وەزیری ئابوری پێشوی توركیا بڵاوكردۆتەوە كە سەركردایەتی شەپۆلی دەستلەكاركێشانەوەكانی ناو دادو گەشەپێدان دەكات، بە هاوكاری كۆمەڵێك كەسایەتی دیارو چالاكی ناو شانۆی سیاسی ئەو وڵاتە، بیر لە دروستكردنی پارتێكی نوێ دەكەنەوە، كە عەبدوڵا گویل_ی سەرۆكی پێشوتری توركیاش پشتیوانی دەكات.
ڕۆژنامەی (یەنی چاغ)ی،  توركی بڵاوكردۆتەوە، وەزیرەكانی پێشوی پارتی دادو گەشەپێدان بڕیاریانداوە پەیوەندی بكەن بە (سەعدوڵا ئەرجین) و ئەو پارتە نوێیەی بڕیارە دروستبكرێت، بەبێ ئەوەی ناویان بێنێت.
تەئكیدیشی كردووە، دەستلەكاركێشانەوەكان لەلایەن (عەبدوڵا گویل و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان)وە، پشتیوانی دەكرێن.

پەتاكە سوپاشی گرتۆتەوە
میدیاكانی توركیا هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی ٥ جەنەڕاڵی سوپایان بڵاوكردەوە، بەوتەی هەندێك سەرچاوەش ئەو جەنەڕاڵانە دەستیان لەكارنەكێشاوەتەوە بەڵكو داوایان كردووە خانەنشین بكرێن.
میدیاكانی توركیا داوای ئەم ٥ جەنەڕاڵەیان وابەستەی جوڵەكانی ئەردغان كردووە لە سوریا، بەوپێیەی هەر ٥ جەنەڕاڵەكەی سوپا لەچوارچێوەی ئەو تیمەدان كە سەركردایەتی پرۆسەكانی توركیا دەكەن لەناو خاكی سوریا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand