چەند میدیایەكی ئێران: جەواد زەریف دوو خانووی لە ئەمریكا هەیە

Draw Media

2019-08-11 19:41:58



(درەو میدیا):
چەند میدیایەكی ئێران ئاشکرایانکرد محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە دوو خانوی گرانبەهای لە ئەمریكا هەیە، ئەوەش زەریفی رووبەڕووی ناڕەزایەتییەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێران كردەوە، بە تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.
لە ماوەی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاند‌و بڕیاریدا هەرچی موڵك‌و ماڵێكی هەیەتی لە ئەمریكا دەستی بەسەردا بگیرێت.
لە كاردانەوەی ئەو بڕیاری واشنتۆندا، جەواد زەریف لە تویتێكیدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "سزاكانی ئەمریكا هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر خۆی‌و خێزانەكەی نابێت، چونكە هیچ موڵك‌و سامانێك یان بەرژەوەندییەكی لە دەرەوەی ئێران نییە".
كەناڵی " ئازادی" نزیك لە باڵی موحافیزكارانی ئێران رۆژی هەینی لە ئەكاونتی خۆیدا لە تۆڕی تێلیگرام رایگەیاند جەواد زەریف دوو خانووی لە ئەمریكا هەیە.
بەهۆی ئەو هەواڵەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رووبەڕووی رەخنە‌و ناڕەزایەتییەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێران بووەوە, بە تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و كەناڵەكانی " ئامەد نیوز"،  "ئاوا تودەی"‌و " دیدنیها".
هاوكات جەواد زەریف رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری بەرەی موحافیزكاران‌و توندڕەوەكانی ئێران بووە‌و رۆژنامەی " ئیعتمیادی" باڵی ریفۆرمخوازانیش ئەو ناڕەزایەتییەی بە هەوڵێك بۆ بە ئامانجگرتنی وەزیری دەرەوە تۆمەتباركرد.
رۆژنامەی ئیعتیماد لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاشكرایكرد جەواد زەریف خانوی یەكەمی لە 1998 بۆ 2002 كڕیوە, كاتێك لە تیمی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و خانوەكەی بەناوی كۆمپانیای " میری" یەوە تۆماركردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە" خانووی دووەم تایبەت بووە بە نیشتەجێبوون‌و مانەوەی زەریف لە شارۆچكەی سكیردیل لە شاری نیویۆرك‌و جەواد زەریف ئەم خانووەی نەكڕیوە, بەڵكو لە 1988 ەوە بۆ 1990 بە كرێ تێیدا بووە.
بە گوێرەی میدیاكانی ئێران نرخی خانویی یەكەم بە ملیۆنێك‌و 50 هەزار دۆلار‌و خانوی دووەم بە 480 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
هەتا ئێستا حكومەتی ئێران یان وەزارەتی دەرەوە هیچ روونكردنەوەیەكیان دەربارەی ئەو خانوانەی زەریف بڵاونەكردوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand