دانوستانێكی نوێ لە پشتی پەردەوە

Draw Media

2019-07-12 12:19:36



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
چەند رۆژێكە لە پشتی پەردەوە دانوستانێكی نهێنی لەنێوان بەرپرسانی پارتی‌و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەدەچێت، پارتی دەیەوێت لەرێگەی دروستكردنی ئەنجومەنێكەوە بە فەرمی مەسعود بارزانی بكات بە مەرجەعی سیاسی كورد، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە.
دوای ئەوەی پێگەی مەسرور بارزانی كوڕی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای لە هەردوو پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم جێگیركرد، بارزانی باوك هەوڵی داتاشینی پۆستێكی نوێ بۆ خۆی دەدات.
بارزانی كە لەدوای ریفراندۆم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا پاشەكشێی كرد‌و دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە، ئێستا دەیەوێت جارێكی تر بەهێزەوە بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە.

چی دەگوزەرێت ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشتی پەردەوە دەستی بە گفتوگۆیەكی نهێنی كردووە لەگەڵ  كەسی یەكەمی لایەنەكان.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی هەوڵی دروستكردنی ئەنجومەنێك دەدات بەناوی "ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان"‌و دەیەوێت لەڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە بەفەرمی مەسعود بارزانی بكات بە مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەوەی تائێستا باسكراوە، ئەم ئەنجومەنە تاڕادەیەك هاوشێوەی (ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمە لە ئێران) كە بە "مجمع تشخیچ مصلحت نڤام" ناسراوە، بڕیارە ئەنجومەنەكە سەرۆكی هەموو لایەنە سیاسییەكان‌و دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لە خۆبگرێت‌و مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی بكات.
تائێستا پرۆژە رەشنوسی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە نەبینراوە، بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی، سەركردەكانی پارتی لە پەیوەندیدان لەگەڵ كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان تاوەكو راوبۆچونیان لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنەكە بزانن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی یەكێكە لەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆژەكەیە‌و دەوترێت پشتیوانی دروستكردنی ئەنجومەنەكە دەكات.
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش بەپێی ئەوەی (درەو میدیا) زانیویەتی، لە جەژنی رەمەزانی رابردووەوە دووجار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی قسەی كردووە، دواین پەیوەندی تەلەفۆنی لە چەند رۆژی رابردوودا بووە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ لەو پەیوەندییانەدا باسی دروستكردنی ئەنجومەنەكە كراوە یاخود نا.
یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی هیچ یەكێكیان لە كابینەی نوێی حكومەت بەشدارییان نەكرد، كۆمەڵ تا دواساتەكان بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداربوون یان نەبوون یەكلانەكردەوە، بەڵام یەكگرتوو هەر دوای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا) وت، یەكگرتوو و كۆمەڵ كە نەیانتوانی لە حكومەت بەشداری بكەن، لەڕێگەی پشتیوانیكردنی بە مەرجەعبوونی بارزانییەوە، دەیانەوێت جارێكی ترو لە دەرگای پشتەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك ببنەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەگەڵ سەرۆكی ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكانی تر لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنەكەوە قسەكراوە، تائێستا كەس بە فەرمی بیرۆكەكەی رەتنەكردوەتەوە، بەڵام هەندێكیان داواییان كردووە پارتی دەقی رەشنوسی پرۆژەكەیان بۆ بنێرێت تاوەكو بۆچونی خۆیان رابگەیەنن. 

كێ خاوەنی بیرۆكەكەیە ؟
بیرۆكەی بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی لەڕێگەی دروستكردنی ئەنجومەنێكی نوێوە بۆ هەرێمی كوردستان تائێستا بەدیاریكراوی خاوەنەكەی دیار نییە.
بەرپرسانی پارتی لەدوای كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2017دا، بەردەوام دەستەواژەی "مەرجەع" بۆ بارزانی بەكاردەهێنن‌و تاڕادەیەك ئەو دەستەواژەیەیان لەلای خەڵك‌و چاودێران ئاسایی كردوەتەوە.
بەڵام یەكەمین كەس كە بەفەرمی لەڕێگەی میدیاوە باسی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنەی كرد، سالار عەزیز بوو، كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و ماوەیەكیش بزوتنەوەی گۆڕان.
سالار عەزیز ماوەیەكە لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتوەتەوە، بەڵام بەمدواییە وتارێكی لە سایتی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بڵاوكردەوە، وتارەكە سەرباری ئەوەی بابەتێكی هەستیاری وروژاندبوو، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، چەند رۆژێك دواتر كەناڵی (رووداو) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا سازكرد، چاوپێكەوتنەكەش هیچ كاردانەوەیەكی لێنەكەوتەوە.
سالار عەزیز لە وتارەكەیدا دەڵێت:" بە چاك‌و دروستی دەزانم، هەم بە حوكمی ئەم قۆناغی رزگاریی نیشتمانییەی ئەركەكانی هەرماون‌و جێبەجێ نەكراون، هەم هەل و مەرجەكە وا دەخوازێت كە لەپاڵ دەزگاكانی دیكەی دەوڵەتدا دەزگایەكی نوێ پێكبهێنرێت بەناوی (ئەنجوومەنی پاراستن‌و بەرژەوەندییەكانی نەتەوە یان نیشتمان) كە حیزبە براوەكانی پەرلەمان لەخۆبگرێت و كەسە یەكەمەكانی ئەو حیزبانەی براوەی پەرلەمانن‌و سەرۆكی دەزگاكانی دەوڵەت و هتد..". 
سالار عەزیز وەكو خۆی باسی دەكات ئەو خاوەنی یەكەمی ئەم بیرۆكەیەیە‌و پێشترو لە ساڵی 2013شدا لە چاوپێكەوتنێكدا ئەم بیرۆكەیەی خستوەتەڕوو، لە دیدارە تەلەفزیۆنییەكەشیدا باسی لەوەكرد" قسەی لەگەڵ زۆربەی سەركردە‌و پارتەكان كردووە، هەموویان پێیان باشە ئەنجومەنەكە دروستبكرێت".

بەراوردكارییەك !
لەڕووی فۆڕمەوە ئەو ئەنجومەنەی كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێت‌و بارزانی سەرۆكایەتی بكات، لە ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێرانەوە نزیكە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا جیاوازن.
ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامییە، ئەركی سەرەكی ئەم ئەنجومەنە نێوەندگیریكردن‌و چارەسەركردنی هەر كێشەیەكە كە لەنێوان پەرلەمان (مەجلیسی شورا)و ئەنجومەنی پاراستنی دەستور (شورای نگهبان) روبدات، بەڵام دیار نییە ئەو ئەنجومەنەی كە لە هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت دەسەڵات‌و ئەركەكانی چی دەبن.
ئەنجومەنەكەی ئێران دەستەیەكی راوێژكاری باڵایەو مادەی 112ی دەستوری ئێران دەڵێت:" ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم بە فەرمانی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی دادەمەزرێندرێت بۆ دیاریكردنی بەرژەوەندییەكان لەوكاتانەی كە ئەنجومەنی پاراستی دەستوری ئێران باوەڕی وایە كە بڕیارێكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) پێچەوانەی شەریعەت‌و دەستورە".
بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم  ساڵی 1984 لە گەرمەی جەنگی ئێران- عێراقدا دامەزرێندرا لە ژمارەیەك كەسایەتی خاوەن پسپۆریی، بۆئەوەی راوێژ بە رابەری باڵا بدەن، لە 6ی شوباتی 1988دا بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی بەمشێوەیەی كە ئێستا هەیە دامەزرێندرا‌و پاشان لە هەمواری دەستوری ساڵی 1990 كە راپرسیی بۆ كرا، بە یاسایی كرا.
ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران سێ‌ ئەركی هەیە:
•    داوەر دەبێت لەنێوان پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوردا، ئەگەر قەیران‌و ناكۆكی لە نێویاندا رووبدات،  پێویستە هەردوو لایەن پابەندی بڕیارەكانی بن دوای پەسەندكردنی لەلایەن رابەری باڵاوە.
•    راسپاردە پێشكەشی رابەری باڵا (وەلی فەقیه) دەكات، كاتێك كێشەكانی تایبەت بە سیاسەتی گشتی دەوڵەت چارەسەركردنیان قورس دەبێت.
•    لەكاتی مردنی رابەری باڵا، یان نەتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات، بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەزایان "خبرگان"، ئەنجومەن كەسێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی رابەرایەتی دیاریدەكات ئەركەكانی رابەری باڵا بەڕێوەببات، هەتا هەڵبژاردنی رابەرێكی نوێ‌.
ئەنجومەنەكە چەندین لیژنەی تایبەتی هەیە بۆ بوارەكانی سیاسی، ئاسایش، رۆشنبیری‌و ئابوریی ..هتد.
ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی  ئێران لە 44 ئەندامی هەمیشەیی‌و یەك ئەندامی ناجێگیر پێكدێت، ئەندامە ناجێگیرەكە وەكو "میوان"ێك وایە كە بەپێی پسپۆڕییەكەی‌و تەوەری گفتوگۆ بەشدار دەبێت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنەكەدا.
رابەری باڵای ئێران ئەندامە هەمیشەیی ناهەمیشییەكانی ئەنجومەنەكە دادەمەزرێنێت، جگە لە سەرۆكی سێ‌ دەسەڵاتە باڵاكەی ئێران (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی دەسەڵاتی داوەریی) كە ئەوان ئۆتۆماتیكی دەبنە ئەندامی ئەنجومەنەكە، دیارنییە ئەنجومەنەكەی هەرێم ئەندامەكان چۆن‌و بە فەرمانی كێ دادەمەزرێن.
ئەنجومەنەكەی ئێران تەمەنی یاسایی هەر خولێكی (4 ساڵ)ە.
لە ساڵی 1989ەوە تا 2017 (هاشمی رەفسەنجانی) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانی كردووەو لە دوای مردنی ئەویشەوە (سادقی لاریجانی) سەرۆكایەتی دەكات.

سەردەمی زێڕینی پارتی
هەوڵی بە مەرجەعكردنی مەسعود بارزانی لەكاتێكدایە ئێستا جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لەدەستی پارتی‌و ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیدایە.
پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)‌و سەرۆكی حكومەتی (مەسرور بارزانی) لایە، لەناو پەرلەمانیشدا هێزی زۆرینەیە.
لە ساڵی 1946وە كە پارتی دروستبووە، ئەو حیزبە هیچ سەردەمێكی گەشی وەكو ئێستا بەخۆوە نەبینیوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا بێ ركابەرە، دووان لە سەركردە سیاسییە كاریگەرەكان (جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا) كۆچی دواییان كردو گۆڕەپانەكەیان چۆڵكردووە.
پارتی كە ئێستا جڵەوی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت‌و زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدایە، لەڕێگەی بەمەرجەعكردنی بارزانییەوە دەیەوێت لەدەرەوەی دەسەڵاتیش حزبەكان جڵەو بكات.

بارزانی‌و مەرجەعیەت 
لەدوای شكستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆمەوە پێشبینی دەكرا ئیتر خۆری مەسعود بارزانی بەیەكجاری ئاوا ببێت‌و جارێكی تر بەهێزەوە نەگەڕێتەوە بۆناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، بەڵام ناكارایی ركابەرە مێژوییەكانی پارتی، وایكردووە جارێكی تر بە پێگەیەكی بەهێزەوە بارزانی بگەڕێنێتەوە بۆسەر شانۆكە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئەمیندارو ئەمیرو رێكخەرو سكرتێری زۆرینەی حزبەكانی هەرێمی كوردستان هاوڕان لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم‌و بەمەرجەعكردنی بارزانیدا.
دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە، سودە سیاسییەكەی تەنیا بۆ بارزانی نییە، سەرۆكی حزبەكانیش سودمەند دەبن، لەڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە پێگەی خۆیان لەناو حزبەكانیان بەهێزتر دەكەن. 
خاڵی بەهێزی بارزانی بۆ بەمەرجەعبوون ئەوەیە تائێستا كە هیچ پۆستێكی فەرمی نییە، لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ناسراوترین كارەكتەری سیاسی هەرێمە، بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە لەناوخۆدا لە ماوەی (12 ساڵ)دا كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەدەستەوە بوو، نەیتوانی وەكو پێویست بێلایەنی خۆی بپارێزرێت.
سەرباری ئەمە، بارزانی ئەگەر لەسەر ئاستی جەماوەریی نەتوانێت ببێت بە مەرجەعێكی بەهێز، بەڵام لەسەر ئاستی سەرۆكی پارتە سیاسییەكان مەرجەعێكی بەهێز دەبێت، بەوپێیەی ئەوانەی ئێستا سەرۆكایەتی پارتە سیاسییەكان دەكەن هیچیان خۆیان بە هاوتای بارزانی نازانن‌و  سەرسامن بە پێگەی بەهێزی ئەو.
بارزانی كە لەماوەی رابردوودا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كرد بە خاڵی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئێستا دەیەوێت ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەییەكانی هەرێم بكات بە خاڵی كۆكردنەوەی لایەنەكان، بەڵام دیارنییە چارەنوسی ئەم دامەزراوە نوێیە لە داهاتوودا چۆن دەبێت.
لە رابردوودا پارتی بۆ پارسەنگی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا بەردەوام پێویستی بە دوو پۆستی باڵا بوو، پۆستێك بۆ مەسعود بارزانی‌و پۆستێك بۆ نێچیرڤان بارزانی، بە هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانی، ئێستا پێداویستی پارتی بۆ پۆست زیادی كردووە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی دروستكردنی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم‌و بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی بێت.
لەبەرامبەردا ئەوانەی پشتیوانی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە دەكەن دەڵێن، ئێستا لە عێراق شیعەكان مەرجەعیەتیان هەیە‌و لەكاتی ناكۆكیدا هەمویان دەچنەوە بەردەم مەرجەعیەت، سوننەكانیش بەهەمان شێوە لەلایەن وڵاتانی سوننەمەزهەبی عەرەبی‌و توركیاوە كۆدەكرێنەوە، بەڵام كورد تائێستا مەرجەعیەتی نییە‌و دروستكردنی مەرجەعیەت كارێكی پێویستە.
هەرێمی كوردستان تائێستا بە سیستمی دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت) بەڕێوەچووە، بە دروستكردنی (ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی هەرێم)، پەیكەرەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
هەندێكی تر پێیانوایە، ئەم ئەنجومەنی سودی ئەوەی دەبێت كە ناهێڵێت دابڕان لەنێوان سەركردەی پارتە سیاسییەكان رویدات‌و وا دەكات كێشە‌و ناكۆكییەكان بەر لە تەقینەوەیان خێراتر چارەسەر بكرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand