ئەمریكا داوا لە ئەڵمانیا دەكات هێزی سەربازیی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكات

Draw Media

2019-07-07 13:16:48



( درەو میدیا):
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لە ئەڵمانیا دەكات هێزی زەمینی بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و جێگرتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا رەوانەی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا" رۆژئاوای كوردستان" بكات.
جیمس جێفری نێردراوی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ڤێڵت ئەم زۆنتاگ"ی ئەڵمانی داوای لە حكومەتی ئەڵمانیا كرد هێزی زەمینی‌و پسپۆری مەشق‌و راهێنان‌و لۆجیستی سوپای ئەڵمانیا رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكات.
جێفری لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێت:" دەمانەوێت هێزی ئەڵمانیا جێگەی بەشێك لە هێزەكانمان بگرێتەوە"‌و پێشبینیشیكرد پێش ئەم مانگە بەرلین وەڵامی ئەو داواكارییەی واشنتۆن بداتەوە.
جێفری لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا ئاشكرایكرد واشنتۆن بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە هاوبەشەكانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداربن لە سوریاو باوەڕیشیان وایە لە كۆتاییدا سەركەوتوو دەبن.
ئەڵمانیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە فڕۆكەی چاودێری جۆری تۆڕنادۆ‌و دابینكردنی سوتەمەنی بۆ فڕۆكەكان لە ئوردن‌و راهێنان‌و مەشقی هێزە سەربازییەكانی عێراق بەشدارە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand