خێزانی ( ئالان كوردی) لە فیلمی چیرۆكی مردنی كوڕەكەیان توڕەن

Draw Media

2019-07-01 13:14:40



(درەو میدیا):
خانەوادەی ( ئالان كوردی) ئەو منداڵەی كە ساڵی 2015 لە كەناراوەكانی توركیا گیانی لەدەستدا، رەتیدەكەنەوە چیرۆكی مەرگی منداڵەكەیان بكرێتە فیلم‌و پاساویشیان بۆ رەتكردنەوەی ئەوەیە نایانەوێت ئەو رووداوە غەمگینەیان بێتەوە یاد.
ئەمەش دوای ئەوەی عومەر ساراكایا، دەرهێنەری تورك فیلمێكی لەو بارەیەوە دروستكردووەو ریكلامی فیلمەكەی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردەوە,
تیما كوردی، پوری ئالان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ( سی بی ئێس)ی كەندی رایگەیاند ئەو جۆرە  فیلمە بەلای ئێمەوە قبوڵكراو نیەو نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە ئەو دەرهێنەرە هیچ پرسێكی پێ‌ نەكردون.
بەوتەی تیما, عەبدوڵای براشی باوكی ئالان كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیەدژی بیرۆكەی بە فیلمكردنی روداوی مردنی منداڵەكەیەتی‌وجەختیكردوەتەوە كە باوەڕناكات كەس پێی خۆش بێت مردنی كوڕەكەی لە شاشەی سینەماكانەوە نمایشبكرێت.
تیما كە كتێبێكی لەسر مەرگی ئالان نوسیوە راشیگەیاند خانەوادەكەیان چەندین پێشنیاری بۆ وێنەگرتنی هەڵاتنیان لە سوریاوە بۆ یۆنان رەتكردەوەتەوە.
عومەر ساراكایا، سیناریست‌و دەرهێنەری فیلمەكە ریكلامێك‌و چەند وێنەیەكی قۆناغەكانی تۆماركردنی فیلمەكەی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردەوە كە ناونیشانی فیلمەكە بریتیە لە " ئایلانی كۆرپە- دەریای مەرگ)‌و یەكێك لەو ئەكتەرانەشی كە بەشداری تێداكردووە ئەكتەری ئەمریكی سیڤن سیگالە.
ساراكایا لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ( سی بی ئێس) رایگەیاند فیلمەكەی تەنها باس لە چیرۆكی ئەو خێزانە كوردە ناكات، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی لەسەر قەیرانی كۆچو پەنابەرییە، لەبەرئەوەشە ناونیشانی فیلمەكەی بریتیە لە ( ئالانی كۆرپە)نەك ( ئالان كوردی).
سەرچاوە: DW

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand