دیموكراسی لە نێوان سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیدا

2019-05-12 12:29:31

د. شێركۆ كرمانج   ( ٢ - ٤ )     
لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارەدا بەراوردێکی خێرای سیستمی پەرلەمانیی‌و سیستمی سەرۆکایەتییمان کرد. لەم بەشدا بە گەڕانەوە بۆ ئەزمونی گەلان‌و توێژینەوە بەراوردکارییەکان قسەوباسێک لەسەر گونجاوی‌و نەگونجاوی ئەم دوو مۆدێلەی حوکمڕانی دەکەین.

سیستمی سیاسیی‌و فرەحیزبی
لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٩ تەنیا ٤٣ وڵاتی دیموکراسی لە جیهاندا هەبوون. سویسراو فینلەندی لێدەرچێت کە سیستمەکانیان تێکەڵەیەکە لە سیستمە باوەکان، ئەوە لەو ٤٣ وڵاتە ٣٤ وڵاتیان سیستەمی سیاسییان پەرلەمانی دیموکراسی‌و دووانیان نیمچە-سەرۆکایەتی‌ دیموکراسی بوون‌و ٥ وڵاتیشیان تەواو سەرۆکایەتی دیموکراسی بوون. لە ٣٤ وڵاتە پەرلەمانییە دیموکراسییەکەدا ١١ وڵاتیان لەنێوان ٣ تا ١١ حیزبی سیاسیی چالاکانە کاری سیاسییان ئەنجامدەدا.
لە دوو وڵاتە نیمچە-سەرۆکایەتییە دیموکراسییەکەدا تەنیا ٣ تا ٤ حیزبی سیاسیی لە کۆمەڵگەکانیاندا چالاکبوون. کەچی لە وڵاتە تەواو سەرۆکایەتییەکاندا تەنیا ٢ یان ٣ حیزبی سیاسی لە پێشبڕکێدابوون لە کایە سیاسییەکان.
ئەم زانیاریانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی پەرلەمانیی دیموکراسی جێکەوتە زۆر زیاتر لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان‌و، تا ڕادەیەکیش لە سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتیەکان، فرەحیزبی بەرهەمدێنن. هاوکات ئەمە ئەوەشی لێدەکەوێتە کە لە سیستمە پەرلەمانییەکان شانسی حیزبە بچوکەکان زیاترە لە بەشداریکردن لە پەرلەمان‌و نوێنەرایەتیکردنی گروپە کۆمەڵایەتییە بچوکەکان. بە واتایەکی دیکە، سیستمە پەرلەمانییەکان چاکتر نوێنەرایەتی گروپە جیاجیاکان دەکات بە زۆرینەو کەمینەوە. لە سیستمە پەرلەمانییەکان شانسی پێکهێنانی حکومەتی ئیئتیلافی زیاترە چونکە زۆربوونی حیزبەکان بەگشتی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە حیزبێک نەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەربکات.
بۆ کوردستان ئەمە بەو مانایە دێتەوە کە حیزبە بچوک‌و گروپە نەتەوەیی‌و ئایینییە بچوکەکان ناکەونە ژێرپێی هێزە گەورەکان‌.
بەگشتیش ئەم داتایانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی فرەرەنگی‌ زیاتر قەبوڵدەکات ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەکلتور‌و فرەنەتەوەو فرەئاراستە گونجاوترە لە سیستمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی کە زیاتر حیزبە گەورەکان جێگەیان دەبێتەوە.
لەپاڵ ئەمانەدا توێژینەوەکانی ستێپان‌و سکاچ ئەوەش دەردەخەن کە شانسی ژێر-کورتهێنانی (underachiever) سیستمە سەرۆکایەتییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ جار زیاترە لە سیستمە پەرلەمانییەکان. هاوکات، شانسی بان-سەرکەوتنی (overachiever) سیستمە پەرلەمانییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ١.٨ جار زیاترە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر کوردستانیان مۆدێلی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن ئەوا شانسیان لەگەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ کەمدەبێتەوەو ئەگەریش سیستمی پەرلەمانی هەڵبژێرن ١.٨ شانسیان زیاددەکات. دیارە ئەم ژمارانە نابێت بە رەهایی وەربگیرێن چونکە گۆڕاوەکان (variables) لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێن بەڵام دەکرێت وەک نیشاندەرێک وەربگیردرێن.

سیستمی سیاسیی‌و بەدیموکراسی مانەوە
ئەوەی لەسەرەوە لە پەیوەند بە پرسی فرەحیزبی‌و سیستمی حوکم قسەی لەسەر کرا زیاتر ئەو ٢٤ وڵاتە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ئەندام بوون لە رێکخراوی هاوکاریی‌و گەشەی ئابوری (OECD) کە وڵاتەکانیان ناسراون بە سەقامگیریی سیاسی‌و گەشەی ئابوری‌و تەمەنی دیموکراسیی‌ تێیاندا درێژەو نەرێت‌و کلتوری دیموکراسیش لەوێدا جێکەوتووە. بۆیە بۆئەوەی داتاکان‌و ئەنجامەکان نزیکبن لە بارودۆخی وڵاتانی تازەگەیشتو بە دیموکراسی، ئەوا ستێپان‌و سکاچ هەڵسەنگاندنێکیان بۆ رێژەو رادەی گەشەی ئابوری‌و سەقامگیری سیاسی بۆ ئەو وڵاتانەکرد کە تەمەنی بەدیموکراسیبوونیان کەمترە لە وڵاتانی (OECD).
لەنێوان ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٨٩ بەدەر لە وڵاتانی (OECD) ئەوە ٥٣ وڵاتی دیکە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەزمونی دیموکراسییان بەخۆیانەوە بینیبوو. لەو ٥٣ وڵاتە ٢٨ وڵاتیان سیستمی پەرلەمانییان هەڵبژاردبووو ٢٨ وڵاتیشیان سیستمی سەرۆکایەتیی‌و هیچیان نیمچە-سەرۆکایەتییان هەڵنەبژاردبوو. لەو وڵاتانەی کە سیستمی سەرۆکایەتییان هەڵبژاردبوو تەنیا ٥ وڵاتیان، واتە ٢٠%، توانیان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەدوای یەک بە دیموکراسی بمێننەوە. مەبەست لەم دە ساڵە لە کاتی پەیڕەوکردنی سیستمەکەیە تا ساڵی ١٩٨٩ کە ستیپان‌و سکاچ چاودێری وڵاتەکانیان لەم ماوەیەدا کردبوو لە پەیڕەوکردن یان هەڵگەڕانەوە لە دیموکراسی. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لەو وڵاتانەی سیستمی پەرلەمانییان وەک مۆدێلێک بۆ خۆبەڕێوەبردن هەڵبژاردبووو ئەوا ٢٨ وڵاتیان، واتە ٦١%، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە دوای یەک بە دیموکراسی مابوونەوە.
بەپێی ئەم داتایانەش رێژەی بەردەوامبوون‌ لە پەیڕەوکردنی دیموکراسییەت لە سیستمە پەرلەمانییەکان ٣ جار زیاترە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان.

سیستمی سیاسیی‌و دیموکراسییە ساواکان
بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەو وڵاتانە کراوە، کە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ تا ١٩٧٩ لەژێر نیری کۆلۆنیالیزم رزگاریانبووە، ئەوا دوای سەربەخۆییان ٤١ وڵاتیان پەیڕەویان لە سیستمی پەرلەمانیی کردوەو ٣٦ وڵات سیستمی سەرۆکایەتی‌و ٣ وڵات نیمچە-سەرۆکایەتی‌و ١٣ وڵاتیش وەک پاشایەتی بەڕێوەدەچوون. جێگای سەرنجە تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لەو ٥٢ وڵاتەی کە سیستمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی یان پاشایەتیان هەڵبژاردبوو تەنانەت یەک وڵاتیشیان دوای سەربەخۆیی نەبوون بە وڵاتی دیموکراسی. کەچی لەبەرابەر ئەمەدا لەو ٤١ وڵاتەی کە سیستمی پەرلەمانییان هەڵبژارد ئەوا ١٥ وڵاتیان، واتە ٣٦%، لە سەرەتای نەوەتەکانەوە بە فعلی بوون بە وڵاتی دیموکراسی‌و لە دوای ڕزگارییەوە

پەیڕەو و پراکتیزی دیموکرسی دەکەن‌.
لە پەیوەند بە هەمان پرس‌و بارودۆخ خاڵێکی دیکە گرنگ‌و جێگای هەڵوەستەیە. ئەویش ئەوەیە، لەو ٩٣ وڵاتەی کە لە ژێردەستی هێزە کۆلۆنیالەکان ڕزگاریانبوو ٥٠ وڵاتیان کۆلۆنی، واتە ژێردەستی، بەریتانیا بوون. لەو ٥٠ وڵاتە، دوای رزگاری، ٣٤ وڵاتیان سیستمی پەرلەمانیان هەڵبژارد. لەو ٣٤ وڵاتە ١٣ وڵاتیان، واتە ٣٤%، بوون بە وڵاتی دیموکراسی سەقامگیر. هاوکات، لە ٥٠ کۆلۆنییەکەی بەریتانیا دوای سەربەخۆی ٥ وڵاتیان سیستمی سەرۆکایەتیان هەڵبژاردو ١١ وڵاتیشیان پەیڕەویان لە سیستمی پاشایەتی کرد، لەم ١٦ وڵاتەی سیستمی سەرۆکایەتیی یان پاشایەتییان هەڵبژارد تاقە یەک وڵاتیشیان لە نەوەتەکان نەبوون بە وڵاتێکی دیموکراسی!
لەمەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەزموونی وڵاتانی پۆست-کۆلۆنیال بە زەقی‌و بە رونی پێماندەڵێت کە سیستمی پەرلەمانی مەرج نیە بۆ هەنگاونان یان بوون بە دیموکراسی بەڵام بە بەراورد لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی ئەگەرو شانسی گەشەکردنی سیستمە پەرلەمانییەکان بەرەو دیموکراسی ئێجگار زیاترە لە باقی سیستمەکانی دیکە بەتایبەتی سیستمی سەرۆکایەتی.

سیستمی سیاسیی‌و کودەتای سەربازی
هەر بەپێی توێژینەوەکانی ستیپان‌و سکاچ ئەگەری کودەتای سەربازی لەو وڵاتانەی کە سیستمی سەرۆکایەتییان هەڵبژاردبوو ٢ بار زیاتر بوو لەو وڵاتانەی سیستمی پەرلەمانیان پەیڕەودەکرد.
لە سیستمە پەرلەمانییەکان کودەتا دەبێت لە دژی پەرلەمان بکرێت چونکە پەرلەمان گەورەترین دەزگایە لەو جۆرە سیستمانە، ئەمەش ئەگەری سەرکەوتنی کودەتا یان جورئەتی کودەتاکردن کەمدەکاتەوە. بەڵام لە سیستمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی دەسەڵاتەکان زۆربەی لە سەرۆک کۆکراوەتەوە بۆیە ئەگەرو شانسی سەرکەوتنی کودەتا بە کوشتنی یان ولانانی سەرۆک زۆر زیاترە لە سیستمی پەرلەمانی ئەمەش جورئەتی کودەتاچییەکان زیاتردەکات.
هۆیەکی دیکەش هەیە کە ئەگەرەکانی کودەتا لە سیستمە پەرلەمانییەکان کەمتردەکات ئەویش ئەوەیە لە سیستمە پەرلەمانییەکان میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر)‌‌ لەگەڵ پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) چاکترەو پێشئەوەی بگاتە بنبەست دەکرێت یەکلایبکرێنەوە. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ: یەکەم، لە سیستمی پەرلەمانی حکومەت ناکرێت پێکبهێنرێت تاوەکو پشتیوانی زۆرینە لە پەرلەمان مسۆگەرنەکات؛ دووەم، ئەو حکومەتەی کە متمانەی پەرلەمان لەدەستدەدات دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە لە ڕێگەی دەنگدانەوە لە پەرلەمان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان ڕوودەدات لە قەبەکردنی دەزگا ئەمنی‌و سەربازییەکان لە سیستمە سەرۆکایەتییەکەیدا لەگەڵ بەرزکردنەوەی مەقامی کەسە سەربازییەکان لە هەردوو حیزبی دەسەڵات ترس‌و ئەگەری کودەتای سەربازی لە کوردستانیش زیاددەکات.

سیستمی سیاسیی‌و پێکدادانی دەسەڵاتەکان
کێشەیەک هەیە زیاتر رووبەرڕووی سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکان، وەک ئەوەی لە کوردستان خەریکە بچەسپێت، دەبێتەوە، ئەویش کێشەی پێکدادانی دەسەڵاتەکانی سەرۆک‌و سەرۆک وەزیرانە، ئەو کێشەیە پێیدەگوترێت (cohabitation). کێشەکە کاتێک دێتەپێش کە لە هەڵبژاردنەکان سەرۆکێک هەڵببژێردرێت‌ لە حیزبێک/لایەنێک بێت کە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنابێت. وەک ئەوەی لە کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆکی هەرێم بباتەوەو زۆرینەی پەرلەمانیش گۆڕان بیباتەوە. ئەوکات بە حوکمی ئەوەی گۆڕان زۆرینەی پەرلەمانی هەیە ئەوە گۆڕان مافی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی دەبێت. لەم حالەتەدا سەرۆک هەر بڕیارێک بدات لەوانەیە سەرۆک وەزیران وەک بەرپرسی یەکەم لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئەوا بڕیارەکە جێبەجێنەکات، چونکە لەوانەیە پێچەوانەی سیاسات‌و تێگەیشتنەکانی گۆڕان بێت. لە هەمانکاتدا دەکرێت پەرلەمان یاسایەک دەربکات کە لەگەڵ سیاسەتەکانی گۆڕان بێتەوە بەڵام سەرۆک ڤیتۆی بکات. ئا ئەم پێکدادانەی دەسەڵاتەکان لە سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکان دێتەپێش تەنگژەئامێزەو پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا زۆرجار بەچەقبەستویی دەگەیەنێت.
دیارە ئەم دیاردەیە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکانیش دێتە پێش وەک ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا هەیە کە سەرۆک لە کۆمارییەکانە بەڵام دیموکراتەکان زۆرینەن لە کۆنگرێس. ئەم کێشانە لە سیستمە پەرلەمانییەکان زۆر کەمتر دێنەپێش مەگەر زۆرینەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی سێنەتەکان جیابێت، واتە لە ئەنجومەنی نوێنەران حیزبێک زۆرینە بێت‌و لە ئەنجومەنی سێنەتیش حیزبێکی دیکە. ئەم حالەتە دەگمەن نییە بەڵام کەمتر دێتەپێش.
بۆیە بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان کە تواناکانی دانوسان‌و پێکەوژیانی حیزبی لەسەرەتاکانییەتی خۆوەدورگرتن لە سیستمە کێشەئامێزەکان کارێکی حەکیمانەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە چەند خۆ لە سیستمی سەرۆکایەتی‌و نیمچە-سەرۆکایەتی وەدوربگرین ئەوەندە کێشەکان‌و پێکدادانی دەسەڵاتەکان کەمتر دەبنەوەو کارەکانی حکومەت ئاسانتر مەیسەردەبن. ئەمەش لە قازانجی هاوڵاتیانە.

لە بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە وتارە قسە لەسەر شوێنی ئۆپۆزسیۆن لە سیستمی پەرلەمانیی‌و سەرۆکایەتیی دەکەین. بەگوێرەی ئەو سیستمانەی کە ئێستا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە پەیڕەودەکرێت هەوڵدەدەین بزانین کامە سیستم باوەشی ئاواڵاترە بۆ ئۆپۆزسیۆن.

بۆ شەیرو بڵاوکردنەوەیە
بۆ بەشی یەکەمی ئەم بابەتە تەماشای ئەکاونتی من بکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand