مێسی خەڵاتی باڵۆن دۆر ( تۆپی زێڕین)ی ئەم وەرزەی لەدەستداوە؟

Draw Media

2019-05-08 21:14:17



( درەو میدیا):
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە بەگوێرەی هەموو چاودێرانی جیهانی تۆپی پێ كاندیدی یەكەم بوو بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەم وەرزە، بەڵام دوای ماڵئاواییكردنی بەرشلۆنە لە خولی یانە پاڵەوانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی، هێشتا مێسی چانسی بردنەوەی ئەو خەڵاتەی ماوە؟ یان جارێكی تر پێشبینییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت‌و مێسی گەورەترین دۆڕاو دەبێت تێیدا؟
وادەردەكەوێت ئەو شكستە قورسە كەمەرشكێنەی كە شەوی سێشەممە بەر بەرشلۆنە كەوت لە خولی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا لەلایەن یانەی لیڤەرپوڵەوە ، لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی گۆڤاری " فرانس فوتبوڵ"ی فەرەنسیی كە مێسی خەونی پێوە دەبینی‌و یەكێك بوو لە ئامانجە تایبەتەكانی خۆی لەم وەرزەدا.
ماڵئاواییكردنی بەرشلۆنە لە خولی چامپیۆنزلیگو سەرنەكەوتنی بۆ یاری كۆتایی بۆ دووەمساڵ لەسەریەك پێشبینی نەكراو، نە لەلایەن هەواداران‌و جەماوەریی یاری تۆپی پێەوە نە لەلایەن جەماوەری یانە كەتەلۆنییەكەوە، هەتا لەلایەن یانەی لیڤەرپوڵیشەوە بە تایبەتی دوای ئەوەی راهێنەری ئەڵمانی یانە ئینگلیزییەكە یۆگن كلوپ پێش یارییەكە  بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند كە چانسی سەركەوتنی تیپەكەی بۆ یاری كۆتایی زۆر كەمە، بە تایبەتی مێسی لەم ماوەیەی دواییدا دەریخستووە كە باشترین یاریزانی جیهانە.
بەڵام دیارە بارودۆخەكە لە بەرژەوەندی مێسی‌و هاوڕێكانی نەشكایەوە، ئەمساڵ بۆ دووەمجار هەلیان بۆ رەخسا بۆئەوەی وەك ساڵی2009 و 2015 لە سەردەمی گواردیولاو ئەنریکیدا سێ‌ نازناوە گرنگەكە بەدەستبهێنن، بەڵام دۆڕاندنەكەیان بەرامبەر بە لیڤەرپوڵ ئەو چانسەی نەهێشتو رەنگە بەرشلۆنە لە كۆتایی ئەم وەزرەدا جگە لە نازناوی خولی ئیسپانیی هیچ نازناوێكی تر نەباتەوەو بەرشلۆنە بەباشی درك بەوە دەكات كە ئەو یارییەی كە ماویەتی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا لە 25ی ئایاری 2015 زۆر قورس‌و ئاڵۆز دەبێت، دوای شكستهێنان لە تێپەڕاندنی لیڤەرپوڵ بە تایبەتی كە بەرشلۆنە بە یاری چوندا بە سێ‌ گۆڵی خاوێن یارییەكەی بردبوەوەو بەڵام شكستە گەورەكەی لە یاری گەڕانەوەدا كاریگەری زۆری دەبێت بۆسەر دەروونی یاریزانەكانی.
بەوتەی شارەزایانی بواری وەرزش، بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەم وەرزە بۆ مێسی زۆر قورس و زەحمەت بووە، بە تایبەتی كە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە پەیوەندی هەیە بە بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاوە، لە ساڵی 2007ەوە براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین لەو یانەیەدا بووە كە نازناوی چامپیۆنز لیگی بردوەتەوە، جگە لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2013دا.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر مێسی ئەو خەڵاتی باڵۆن دۆر نەباتەوە، كێی تر دەیباتەوە؟ هەندێك باوەڕیان وایە كە ئەگەر یانەی تۆتنهام جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەم وەرزە بەدەستبهێنێت كە لە یاری كۆتاییدا رووبەڕووی لیڤەرپوڵ دەبێتەوە، ئەوا خەڵاتەكە رەنگە بە هاری كاین یەكێك دەبێتە لە پاڵێوراوە سەرەكییەكانی ئەو خەڵاتەن بەڵام ئەگەر لیڤەرپوڵ جامەكە بەدەستبهێنێت ئەوا یاریزانی میسری محەمەد سەڵاح شیاوە بۆئەوەی ئەمجارە ئەو خەڵاتە گەورەیە بەدەستبهێنێت، بە تایبەتی ئێستا ئەو بە تۆماركردنی 22 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولی ئینگلیزیی دایە، هەروەها هاوڕێ‌ بەرگریكارەكەی فێرجیل ڤان دایكیش پاڵێوراوە دوای ئەوەی وەك باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی ئینگلیزی دیاریكرا. 
ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا دەكرێت مێسی باڵۆن دۆری ئەم وەرزە بباتەوە؟ ئێستا دۆخەكە بۆ ئەو زۆر ئاڵۆز بووە و وادیارە هەموو كارتەكانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە لە دەستدا نەماوەو بە دۆڕاندنی یانەكەی لە بەرامبەر لیڤەرپوڵ مێسی گەورەترین هەلی بردنەوەی خەڵاتەكەی لەدەستداو كۆتایی 2019ش دەردەكەوێت كە خەڵاتەكە بە نسیبی كام یاریزانە دەبێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand