پەنابەر و ئاوارە: رووی راستەقینەی دونیا

2019-02-12 13:40:25

لاوك سەڵاح

شەڕی بەرفراوان و دروستکراوی داعش تەواو بوو، نیشتمانێک وێران و خاپوور بوو، بەهاکانی مرۆڤدۆستی بەر لە خاپوور بوونی دیوار و ماڵ و کارگەکانی نیشتمان وێران بوون. داعش حیکایەتێک لە مێژووە، بەڵام ناتەواو، بۆمبایەک لە نیگەرانی و دڵەراوکێ و بێ ئۆقرەیی بۆ ئاییندە کە پەنابەر و ئاوارە، ئەنجام و رووە راستەقینەکەیەتی، بەداخەوە، تا گرفتەکانی پەنابەر و ئاوارە بەردەوامبن، تارمایی داعش بەردەوامە بۆ چەندان ساڵی دیکەش.

لە نێوان هەڵکەندن لە شوێن و گەرانەوە بۆ زێد گەشتێکی سایکۆلۆژی دوور و درێژە، هەموو مێژووت لە رێگەی هەست و و ترپەی دڵتەوە دەخاتە گومانەوە، پێویستت بە تیورە سیاسییەکان و راپۆرتەکانی میدیا نییە، لە بەرئەوەی خانەکانی خوێنت راستیەکان تۆماردەکەن.

لە ئێستادا، لەم دۆخەکەدا سەر هەڵگرتن لە نیشتمان سەرهەڵگرتن نییە لە دیکتاتۆریەتی دەوڵەت و سەرهەڵگرتن نییە وەک قوربانی جەنگی سارد، تەنانەت سەرهەڵگرتن نییە لە فاشییەتی نازییەکان، ئەم سەرهەڵگرتنە هاواری داڵدەدان نییە لە وڵاتێکی دیکە لەبەرئەوەی سەر بە ئایدیۆلۆجیایەکی دیارکراویت، بێگومان ئەم هەڵاتنەش لەبەر هۆکاری ئابووری و برسێتی و دۆزینەوەی هەلی کار نییە. چ هۆکارێک باوکێک دەگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی بڵێت بۆ دابینکردنی مەکتەبی منداڵەکانم ئامادەم ئەم نیشتمانە لە بوونمدا بسڕمەوە.

هەڵاتن لە نیشتمان، هەڵاتنە لەو ترس و تۆقاندن و توندوتیژیە کە سەرتاپا کۆمەڵگەی لە چەندان پرۆسەی مەرگدا هەڵتەکاندووە، هەڵاتنە لە نەمانی مۆراڵە مرۆییەکان، لە نەناسینەوەی ئەو جوگرافیایەی یەکەمین عەشقمان تیا چاند. هەڵاتن لە نیشتمان، هەڵاتنە لە خودی خۆمان، لەو ناشرینییەی لە ناخماندا هەستی پێدەکەین، هەڵاتن بۆ جوگرافیایەکی نوێیە بە هیوای ئەوەی لەوێوە پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ نیشتماندا هەڵچنینەوە و خۆشمان بوێتەوە.

هەڵاتن، لە نیگەرانی و تۆقاندنی ناو زێدەوە دەمانداتە دەست نیگەرانییەکانی ململانێ و پێکدادانە کەلتوورییەکان، هەر لە نەزانینی زمانەوە تا دەگاتە نەناسینەوەی منداڵەکەت، ئەو زمانەی ئەو لەگەڵت قسەی پێدەکات ئەو زمانە نییە کە تۆ لەگەڵ باوکت قسەت پێدەکرد. بنەمایەک بۆ گەشەسەندێکی ئاساییانە و خۆرسکانە و سروشتییانە نییە لە بەرئەوەی هەردووکتان سەر بە دوو ژینگەی جیاوازن. ئێستا، ئەو توندوتیژیە سەرتاپا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتۆتەوە، هەر لە دامەزراوەکانەوە تا کەسەکان بە روونی و بە ئاشکرا بە شێواز و رەفتارماندا دیارە، کێ لە ئێمە بەرلەوەی تۆمەتباربکرێت و تۆمەتی ئاراستە کرا بێت، بەرگری لە فریشتەیی خۆی ناکات. هەموو هەست دەکەین تاوانبارین!

لە هەفتا ساڵی رابردوودا، هەر لە پاش تەواو بوونی جەنگی دووەمی جیهان، دونیا هەر لە بیناکردنەوەی دیوارە رووخاوەکانی جەنگەوە تا دا‌‌هێنانی تەلەفۆنی ئای فۆن بە چەندان گۆرانکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا رۆیشتووە. پرۆژە ئابوورییەکان زیادیان کردووە، دونیا بەرەو سیستمێکی نوێ لە جیهانگیریدا خۆی نواندووە و هەوڵیداوە وەک گوندێک جومگە سەرەکییەکانی خۆی بەیەکەوە ببەستێت و بە ئاسانی دەستت بەوەی دەتەوێت بگات. کەڵێنی نێوان چینی دەوڵەمەندان و هەژاران لە ئەوروپادا بەرەو کەمبوونەوە چووە و ئایدیۆلۆجیا کلاسیکییەکان باویان نەماوە و سەردەمانێکە دونیا سەرمەستی خوڵقاندنی یەک بازاری جیهانی و یەک جۆر لە پارە و دراوە، بەڵام سەرباری ئەم هەموو دەستکەوتانە، بۆ رێژەیەکی بەرچاو لە پەنابەر و ئاوارە وڵاتانی جیهانیان تەنیوە، بۆ لەپاڵ وێنەی شەقامە بریقەدارەکانی دونیادا تەرمی پەنابەر و ئاوارە لە کەناری دەریاکاندا بە خنکاوی و بەنقوومی لەنگەر دەگرێت. هەڵە لە کوێی ئەم بەهەشتەی سەرزەمیندایە ئەگەر رێژەی پەنابەر تا بێت زیاد و زیاد بکات. ئەگەر دونیا ئەوەندە ئارام بووبێت و گەشەسەندی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیبێت بۆ منداڵەکان لە کەناری رووباری غەریبیدا دەخنکێن؟ بۆ دەبێت مەرگ یاخود کەسایەتییەکی لەرزۆک شوناسێکی ئەبەدی منداڵەکەت بێت؟ ئایا دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە دوور لە پلانی سیاسی رووبدات. کێ بڕوای بە خۆرسکی لافاو و بوومەلەرزە سیاسییەکان ماوە!

توندوتیژی تەنیا لە ئەنجامی هەرەشە دەرەکی و پەلاماردانی سوپاکانی دوژمنەوە روونادەن، ئەوەی کە ئێستا باوە توندوتیژی لە ناوەوە، لە هەناوی کۆمەڵگەوە بەرپادەبێت، زۆر جار توندوتیژی روودەدەن کە رەوایەتی حکومەتەکان و گروپەکان و دامەزراوەکان و رێکخراوەکان و خێزانەکان و تەنانەت هاورێیەتی بەتاڵ دەبێتەوە.

نەمانی شەرعیەت لە ئاستێکی فراواندا نەمانی پرۆسە و رێکار و کۆی سیستمی کۆمەڵگەیە. ئەو کاتەیە کە کۆمەڵگە ئیتر توانای نییە، لاواز و بنێسە، بەهاکانی خۆی بپارێزێت و بەهای نوێش ناخوڵقێنێت. ئەوە توندوتیژییە کە هەموو کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە دادەتەپێنێت و دۆخێک لە لاوازی و ئاژاوە دەبێتە هۆکار بۆ هەڵاتن لە نیشتمان و لە کۆمەڵگە و لە خود و هاتنەکایەی سەرەتایەکی سەختی پر ژان بۆ لە دایکبوونەوەیەکی ناسروشتی لە دونیایەک جیاواز لە وێنەکانی منداڵی کە ئیتر دەبنە تارمایییەکی کاڵی هەمیشەیی تەمەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار