كە‌ركوك لە‌ژێر ڕە‌حمی چە‌قۆی مافیاكانی نە‌وتدا

Draw Media

2019-02-12 09:35:42



د. کازم فاروق

بەراوردکردنی دۆخی کەرکوک و ژیانی کەرکوکییەکان لە سێ قۆناغی جیاوازی پێش ٢٠٠٣ و پێش ١٦ ئۆکتۆبەر و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا بەراوردێکی نالۆژیکی و نادروستە.

لە بنچینەدا بەراوردکردن بۆ وردبوونەوەیە لە دوو (یان زیاتر) دۆخی جیاواز و دیاریکردنی باشترینیانە، بەڵام کاتێک لە دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر ورد دەبینەوە پەی بەو راستیە دەبەین کە ھاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بەدرێژایی چوار دەیەی رابردوو بەنێو ھەمان دۆخی خراپی گوزەراندا ژیان بەرێدەکەن.

نەک ھەر خەڵکی کەرکوک و ئەو ناوچانە، بەڵکو ھەموو مرۆڤێک لەم سەر زەمینە پێویستی بە مافە سەرەتاییەکانی وەکو ئارامیی، ئاسایش، ئازادیی، خۆشگوزەرانیی، ھەلی کار، سیستمێکی تۆکمەی پەروەردە و تەندروستیی، بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی، پیشەسازیی، کشتوکاڵیی و بازرگانیی ھەیە.  پرسیارەکە ئەوەیە؛ کام لەم ماف و پێداویستیانە لەو سێ قۆناغە جیاوازەدا بۆ خەڵکی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر بەردەست کراون؟ تا کەی کەرکوکیەکان لە چاوەڕوانی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئابوورییەکی بەھێز و ھەلی کاردا بن؟ ئایا ھیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەو سێ قۆناغە توانیویانە یەکێک یان زیاتر لەو مافانە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دابین بکەن؟

خراپی باروگوزەرانی ھاوڵاتیان، نەبوونی ھەلی کار، ئابوورییەکی لاواز، رێگاوبانێکی وێران، خراپی کەرتی پەروەدە و تەندروستیی و کشتوکاڵ و پیشەسازیی، دۆخێکی ئەمنی ناجێگیر، ھە‌موو ئە‌مانە‌ بەردەوام سیمای ئەو شارە پڕ لە نەوتە و ناوچە جێناکۆکەکانی تر بووە.

بەو پێیەی کەرکوکیەکان لەھەرسێ قۆناغەکەدا بە ھەمان دۆخی خراپی گوزەراندا تێپەریون و تا ئێستاش عەوداڵن بەدوای ژیانێکی خۆشگوزەران و شایستەدا، ھەر جۆرە ھیوا ھەڵچنینێک لەسەر ئەو عەقڵیەت و ھێزانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا (بە ئێستاشەوە) لەو ناوچانەدا دەسەڵاتداربوون جگە لە خۆخەڵەتاندن ھیچی تری لێ سەوز نابێت، بەڵکو پێویستە کەرکوکیەکان و مەخموریەکان و خانەقینیەکان و ھەموو خەڵکی ئەو ناوچانە بەدوای مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانیدا بگەرێن لەسەر دەستی نەوەیەکی نوێ کە لە فەرھەنگ و بیرکردنەوەدا تەواو جیاوازبێت لە دەسەڵاتە فاشیلەکانی چوار دەیەی ڕابردوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand