ئەستێرەكانی هۆڵیۆد.. لە لوتكەی بەناوبانگییەوە بۆسەر ساجی عەلی 

Draw Media

2019-01-16 16:01:12



( درەو میدیا):
چەندین چیرۆكی ئیلهامبەخش و سەرنجڕاكێشمان دەربارەی ئەستێرە بەناوبانگەكانی هۆڵیود خوێندوەتەوە یان بیستومانە، ئەو ئەستێرانەی كە تێكۆشاون بۆ گەیشتن بە لوتكەی ناوبانگ و پێكەوەنانی سامانێكی زۆر، بەڵام هەندێك لەوانە ئەو سامانەی بەفیڕۆداوە و لە قەرزدا نقومبووە و لە كۆتاییدا مایەپوچبوونی راگەیاندووە و كورد وتەنی هاتوەتە سەر ساجی عەلی، ئەوەش بەهۆی باج و خەرجیی جیابوونەوە لە هاوسەرەكانیان و خەرجی چاودێری و بەخێوكردنی منداڵەكانیان، لێرەدا تیشكدەخەینە سەر چەند ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهان كە گەیشتونەتە ئەو قۆناغە.
* بامێلا ئەندرسۆن
وادەردەكەوێت كە ژیانی كەسە دەوڵەمەند و بەناوبانگەكان زۆر خۆش بێت و پارەو سامانی زۆری تێدا خەرجبكرێت، بەڵام ئەوانیش روووبەڕووی كێشەی دارایی وادەبنەوە كە دەبێتە هۆی مایەپوچبونیان، بامێلا ئەندرسۆن ئەستێرەی زنجیرەی " بای وۆچ" ساڵی 2009 مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، ئەوەش بە گوێرەی سایتی " زە راپ" ئەمریكی تایبەت بە هەواڵی كەسایەتییە بەناوبانگەكان. خولیا و عەشقی بامێلا بۆ جوانكاری و نوێكردنەوەی بەردەوامی ماڵەكەی و باج نەدان، ناچاریانكرد ئەو ماڵەی بفرۆشێت كە بەهاكەی 7.75 ملیۆن دۆلار بوو.


 

* بێرت رینۆڵدز
یەكێك بوو لە دیارترین ئەستێرەكانی سینەمای ئەمریكی لە حەفتاكاندا و ساڵی 2018 كۆچی دواییكرد،  ناوبانگێكی زۆری لە رۆڵیدا لە فیلمی " Deliverance " بەدەستهێنا و پاشان بووە ئەفسانەی هۆڵیود لە رۆڵە سەركەوتووەكانی لە فیلمەكانی سمۆكی و باندیت و ئەوانی دیكەدا.
رینۆڵدز رووبەڕووی چەندین قەیران بوەوەو بەهۆیەوە بەشێكی زۆری سامانەكەی لەدەستدا، لەسەروو هەمویانەوە خەرجی جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی كچە ئەكتەری ئەمریكی " لۆنی ئەندرسۆن" لە ساڵی 2011دا و پاشان یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری خانوبەرە هەڕەشەی ئەوەی لە رینۆڵدز كرد كە دەست بەسەر خانوەكەیدا دەگرن, بەهۆی قەرزەكانیەوە كە گەیشتبووە 1.2 ملیۆن دۆلار.


 

* مایك تایسۆن
هەرچەندە سامانەكەی تایسۆن گەیشتبووە نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار لەماوەی 20 ساڵدا، بەڵام ئەو یاریزانە ئەفسانەیەی بۆكسێنی ئەمریكا هەموو سامانەكەی بەتەواوەتی لەدەستدا.
بە گوێرەی سایتی " بزنس ئینسایدەر"  تایسۆن ساڵی 2003 مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، دوای ئەوەی هەموو ئەو سامانەی لە خۆشی و خولیاكانیدا خەرجكرد، تایسۆن زۆر حەزی لە پڵنگی بەنگالی بوو، هەتا ئەو رادەیەی ژمارەیەكی زۆری لێ كڕیبوون كە بەهای هەر دانەیەكیان بە 140 هەزار دۆلار خەمڵێنراوە.


 

* نیكۆلاس كەیج:
سامانی كەیج گەیشتە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار، بەڵام دوای ئەوەی قەرزەكانی بەهۆی درەنگ باجدانەوە گەیشتە نزیكەی 6.5 ملیۆن دۆلار، مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند و ئێستا بە سامان و كەلوپەلەكانی قەرزەكانی دەداتەوە.
كەیج 50 ئۆتۆمبیلیی وەرزشی هەبوو لەگەڵ پەیكەری دایناسۆرێك كە تەمەنەی 65 ملیۆن ساڵ بوو، لەگەڵ دوو یەخت و سێ‌ قەڵای مێژوویی كە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندران، هەروەها كەیج پێش مایەپوچبوونی دوو دوورگەی لە ئەلبهاما كڕی لەگەڵ 15 كۆشك لە چەند شوێنێكی جیهان، ئەوەش بە گوێرەی سایتی " هۆڵیود ریپۆرتەر".

* كیم باسینگەر
ئەم كچە ئەكتەرە ئەمریكییە ساڵی 1993  مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند, ئەوەش دوای دۆڕاندنی كەیسێكی دادگا بەبەهای 8.1 ملیۆن دۆلار بە كۆمپانیای " Main Line Pictures " بۆ دەستبەرداربوونی لە فیلمی " Boxing Helena ", هەروەها ناچاربوو پرۆژەكانی وەبەرهێنانی بفرۆشێت كە گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار و لە شارۆچكەی براسیلتۆن لە ویلایەتی جۆرجیا ئەمریكی ئەنجامیدابوون.

* فیفتی سێنت
گۆرانیبێژی بەناوبانگی راپ ساڵی 2008 رووبەڕووی یەكەمین كێشەی دارایی بوەوە، دوای زیانكردنی لە پشكەكانی لە بۆرسەدا و لە ساڵی 2015ش قەرزەكانی سەری گەیشتە  32.5 ملیۆن دۆلار, بەهۆی سكاڵا و خەرجی هاوسەری پێشووی و بەوەش ساڵی 2016 مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، بەڵام دواتر بۆی دەركەوت كە چەند دراوێكی " بیتكۆین"  دەستكەوتووە بەهۆی فرۆشتنی یەكێك لە ئەلبومی گۆرانییەكانی كە لە بیری نەبووە و ئێستا بەهای ئەو بیتكۆینە لە نێوان 7 بۆ 8 ملیۆن دۆلاردایە.

* لیندسی لۆهان
ئەم ئەكتەرە بەناوبانگە دووچاری چەندین كێشەی دەرونیی و دارایی بوەوەو و بەهۆیەوە دۆخی ئابوری و دەرونی تێكچوو، لۆهان بەهۆی ئالودەبوون بە وەرگرتنی چارەسەر، چووە زیندان و ژمارەیەكی زۆر سەنتەری راهێنانەوە و قەرزی زۆری لەسەر كەڵكە بوو لە كۆتاییدا قەرز و باجە كەڵەكەبووەكانی سەری گەیشتە 233 هەزار دۆلار، ناچاربوو 100 هەزار دۆلار لە چارلی چینی ئەكتەر وەربگرێت بۆ دانەوەی بەشێك لە قەرزەكانی و پاشان دواتر بەهۆی بەشداریكردنیدا لە بواری ریكلامدا نزیكەی ملیۆنێك دۆلاری بەدەستهێنا.


سەرچاوە: DW
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand