چەند ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهانی تۆپی پێ بەدوای كارێكدا وێڵن

Draw Media

2019-01-14 17:59:58



( درەو میدیا):
ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانە بەناوبانگەكانی جیهانی تۆپی پێ دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكانیان، ئێستا بەدوای یانەیەكدا دەگەڕێن بەبێ‌ مەرج گرێبەستیان لەگەڵدا ئیمزا بكەن،  ئەگەرچی ئەو یاریزانانە رۆژانێك بوو یارییان بۆ یانە بەناوبانگ و گەورەكانی ئەوروپا كردووە و نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتی و خەڵاتی تایبەتیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا بێ‌ كارن و بەدوای كاردا وێڵن:
رۆبەرت هوك ( 34 ساڵ) یاریزانی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، سەرەتای 2019 كاروانی یاریكردنی وەك یاریزانێكی پیشەگەر كۆتاییهات، ئەو یاریزانە كە دووجار لەگەڵ یانەی چێڵسی و جارێك لەگەڵ یانەی لیستەر نازناوی خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرا " پریمەرلیگ"ی بەدەستهێناوە، هاوینی رابردوو گرێبەستەكەی لەگەڵ لیستەر كۆتاییهات و بەبێ‌ یانە مایەوە و بەبێ‌ دەنگی وازی لە یاری تۆپی پێ هێنا.
پاتریس ئیڤێرای فەرەنسی( 37 ساڵ) هێشتا وازهێنانی لە یاریكردن رانەگەیاندووە، هەرچەندە دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ  یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزی وەرزی رابردوو، ئێستا یاری بۆ هیچ یانەیەك ناكات، ئەو یاریزانە بەناوبانگە كە چەندین نازناوی لەگەڵ چەند یانەیەكی فەرەنسی و ئیتالی و ئینگلیزی بەدەستهێناوەو بەهۆی رەفتار و ئاكارییەوە زیاتر لە جارێك بە راگرتن لە یاریكردن سزا دراوە.
دوای دووركەوتنەوەی جۆزێ‌ مۆرینۆ لە یانەی مانچستەر یونایتد، پۆڵ پۆگبا سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ یاریكردن، بەڵام فلۆرەنتین پۆگبای برای ( 28 ساڵ) ئێستا هیچ یانەیەكی دەستناكەوێت یاری بۆ بكات، فلۆرەنتین تائێستا یاری بۆ چەندین یانەی فەرەنسی كردووە و هەتا هاوینی رابردووش یاری بۆ یانەی گانجلەر بیرلیەی ئەنكەرەی توركیا دەكرد، بەڵام لەوكاتەوە بێ كارە.
یایا تۆرێی كۆتدیڤواری( 35 ساڵ), لەگەڵ "ئیتۆ" دا خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە بردنەوەی خەڵاتی یەكێتی ئەفریقا " كان" بۆ باشترین یاریزانی ئەفریقا و چوارجار ئەو نازناوەی بەدەستهێناوە، هەروەها لە كاروانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی ئۆڵۆمپیاكۆس و بەرشەلۆنە و مانچستەرسیتی لەسەر ئاستی یانە چەندین نازناوی بەدەستهێناوە.
دوای رۆیشتنی پیپ گواردیۆلا، راهێنەری بەرشەلۆنە بۆ مانچستەرسیستی، وەرزی رابردوو تۆرێ‌ لە مانچستەر سیتی شوێنی یاریكردنی لەدەستدا و گەڕایەوە بۆ یانەی پێشووی ئۆڵۆمپیاكۆس بیرایۆسی یۆنانی و هەتا كانونی یەكەمی رابردوو مایەوە و بە لێكتێگەیشتن كۆتایی بە گرێبەستەكەی هێنا و ئێستا چاوەڕوانی هەلێكە لە یانەیەكی نوێیوە.

جۆن ئۆبی میكێلی نایجیری ( 31 ساڵ) سێجار نازناوی پریمەرلیگی لەگەڵ یانەی چێڵسی لەندەنی بەدەستهێناوە, ساڵی 2017 چووە یانەی تیانجین تیدای چینی و مانگی ئازاری رابردووش گەیشتە میسر بۆئەوەی یاری بۆ یانەی زەمالك بكات، بەڵام گرێبەستەكەی بە ئەنجام نەگەیشت و چەند هەفتەیەك لەمەوبەر گرێبەستی لەگەڵ یانە چینیەكە كۆتایی پێهێنا و هێشتا روون نەبوەتەوە كە دەچێتە ریزی یانەیەكی تری چینی یان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا.
گۆڵكاری ئیتالی جۆسیپی رۆسی( 31 ساڵ) یاریزانێكی ترە كە بەدوای یانەیەكی نوێدا دەگەڕێت، رۆسی كە چەندین جار دووچاری پێكان بوو، هەتا وەرزی رابردووو یاریزانی یانەی جەنەوا بوو، هەتائێستا رۆسی لەو یانانەی یاری بۆ كردوون 90 گۆڵی تۆماركردووە و لەو ژمارەیەش 64 گۆڵی لە خولی ئیسپانی تۆماركردووە و ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی ڤیاریاڵ پێشكەشكرد.
هێرشبەری ئینگلیزی بەرەگەز نایجیری, گابریێل ئەگبونلاهور( 32 ساڵ) لەماوەی 13 ساڵ یاریكردنی بۆ یانەی ئەستۆن ڤێلا، 75 گۆڵی تۆماركردووە، بەڵام لە هاوینی رابردووەوە بێ‌ یانەیە.
ئەستێرەی بوڵگار دیمیتار بێرباتۆڤ ( 37 ساڵ) بۆماوەی چەندین ساڵ لە خولی روسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی و فەرەنسی درەوشایەوە, پاشان چەند مانگێك یاری بۆ یانەی باوك ساڵۆنیكی یۆنانی كردو دواتر چووە یانەی كرالا پلاستەرزی هیندستان بۆ یەك وەرز و ئێستا هیچ یانەیەكی نیە یاری بۆ بكات.

سەرچاوە DW

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand