ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی دەكوڵێت
2018-11-29 16:07:35
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتو پەرلەمانی نوێی كوردستان، دۆخی ناوخۆی یەكێتی خستوەتەبەردەم ئاڵنگارییەكی نوێوە، شەڕی جەمسەرەكان لەسەر پۆستەكان تادێت قوڵتر دەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا شەڕی میراتی یەكێتی لەنێوان ماڵباتو هاوڕێكانی تاڵەبانیدا یەكلانەبوەتەوە.
لەدوای دانانی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەم سەركەوتنی سیاسی پاش كۆچی دوایی سكرتێرەكەی (جەلال تاڵەبانی) تۆماركرد، بەڵام ئەم سەركەوتنە بەردەوام نەبوو.
چەند رۆژێكە دۆخی ناوخۆیی یەكێتی دەكوڵێت، ململانێی نێوان جەمسەرە سیاسییەكان تونددەبێتەوەو لقو پۆپی زیاتر لە درەختەكەی یەكێتییەوە سەردەردەهێنێت.
شەڕی ئامۆزاكان
جەمسەرێكی بەهێزی ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی شەڕی دوو ئامۆزاكەیە (بافڵ تاڵەبانیو لاهور تاڵەبانی)یە، بافڵ كە كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە، لەدوای نەخۆشكەوتنی باوكییەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستانو لە دەباشانەوە دەیەوێت یەكێتی جڵەو بكات، بافڵ لە سێ ئاستدا شەڕ لەسەر میراتەكەی باوكی دەكات:
ئاستی یەكەم: پارەو دارایی یەكێتی
بافڵ لە یەكەم هەنگاودا كار بۆ كۆكردنەوەو كۆنترۆڵكردنی داراییەكانی باوكیو یەكێتی دەكاتو لاپەڕەی قەرزە كۆنەكان هەڵدەداتەوەو هەموو ئەو پشكانەی كە یەكێتی لەناو كۆمپانیا گەورەكان هەیەتی لەگەڵ ئەو قەرزانەی كە حزب بە كۆمپانیا یاخود شەخسی داوە، ئێستا بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت كۆیانبكاتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی ئۆپراسیۆنێكی ئابوری ئەنجامداوە بۆ كۆكردنەوەی هەندێك لە سامانە پشتگوێخراوە داراییەكانی یەكێتی.
ئامۆزاكەی كە (لاهور شێخ جەنگی)یە، كێبركێیەكی گەورەی هەیە لە بافڵ تاڵەبانی لەڕووی دەستگەیشتن بە سەرچاوە داراییەكان، بەتایبەتیش لەڕێگەی ئۆپراسیۆنەكانی هەردوو دەزگای زانیاریو دژە تیرۆرەوە، كە ئەو دوو دەزگایە بەهۆی هەستیاری كارەكانیانەوە بودجەو داهاتێكی نەزانراویان هەیە.
ئاستی دووەم: هێزی چەكدار
بەر لە مردنی، جەلال تاڵەبانی فەرماندەی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی نیشتمانی بوو، ئەو هێزانە بەتەنیا بە فەرمانی ئەو جوڵەیان پێدەكرا، بەڵام دوای كۆچی تاڵەبانی باوك، فەرمانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی دابەشبوو بەسەر چەند جەمسەرێكدا.
بافڵ تاڵەبانی لەدوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان لەهەوڵی جڵەوكردنی هێزە چەكدارەكاندایە، بۆ ئەمەش ژمارەیەكی زۆر سەردانو كۆبونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كرد، بەتایبەتیش هێزەكانی (70) كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەیی دەكات.
لەم ئاستەشدا، بافڵ تاڵەبانی روبەڕووی هەژمونو دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای دەبێتەوە، بەوپێیەی لاهور شێخ جەنگی پێگەیەكی بەهێزی لەناو هێزە ئەمنییەكاندا هەیە.
ئاستی سێیەم: شەرعیەتی سەركردایەتی
بافڵ تاڵەبانی تاڕادەیەك ئاستی یەكەمو دووەمی كۆنترۆڵكردووەو ئێستا لە ئاستی سێیەمدا دوچاری كێشە بووە، بافڵ خۆی بە میراتگری حەقی باوكی دەزانێت، بەڵام پێگەی سیاسی ئەو لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا وەكو پێویست بەهێز نییە.
لەبەرمبەردا لاهور شێخ جەنگی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێگەی بەهێزی هەیە، ئەمەش بەتەواوەتی لە یەكلاكردنەوەی چەند پرسێكدا دەركەوت، بەتایبەتی لە پرسی سڕكردنی مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە (50) كەس پێكدێت، هەندێكجار ژمارەی لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگی لەناو ئەو ئەنجومەنەدا دەگاتە (30) ئەندام.
سەرەڕای ئەنجومەنی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی پێگەی بەهێزی لەناو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیدا هەیە كە وەكو پەرلەمانی حزب وایەو لاهور شێخ جەنگی خۆشی ئەندامە لەو ئەنجومەنەدا.
بەمدواییە یەكێتی نیشتمانی ژمارەیەك گۆڕانكاری لەناو ئۆرگانەكانی خۆیدا ئەنجامدا، براوەی یەكەمی ئەو گۆڕانكارییانە لاهور شێخ جەنگی بوو، زۆرینەی ئەو كەسانەی كە لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندەكان دانران، كەسانی نزیك بوون لە لاهور شێخ جەنگی لە نموونەی مەڵبەندەكانی (كۆیە- كەلار- چەمچەماڵ).
یەكێتی لە بەرداشی دوو ئامۆزاكەدا
ئەوەی كە ماوەتەوە لە دەرەوەی بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی، ژمارەیەك كارەكتەری سیاسین كە رۆڵێكی ئەوتۆیان نەماوەو هەرجارەو دەكەونە سەنگەری یەكێك لە دوو ئامۆزاكەوەو خۆیان هیچ جۆرە جوڵەیەكی سیاسی ئەوتۆیان نییە كە خەونی دەستگرتن بێت بەسەر یەكێتیدا:
یەكەم: كۆسرەت رەسوڵ عەلی
هەرچەندە یەكێتی تائێستا كۆنگرەی نەكردووە، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، كۆسرەت رەسوڵ بەشێوەیەكی یاسایی كەسی یەكەمی یەكێتییەو جێگری سكرتێری كۆچكردووی حزبە.
كۆسرەت رەسوڵ سەرباری ئەوەی پێگە حزبییەكەی دەرفەتی پێدەدات هەوڵی كۆنترۆڵكردنی یەكێتی بدات، بەڵام خەونی ئەو زیاتر لە زامنكردنی ئایندەی سیاسی منداڵەكانیو جێگریكردنیان لە پۆستە حكومییەكاندا كورتبووەتەوە، نەك دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا.
كۆسرەت رەسوڵ پێگەی جەماوەری بەهێزە، بەڵام جوڵەى سیاسی لاوازی هەیە، ئەو كەمجار جوڵەی سیاسی دەكات، بەڵام زۆرجار جوڵەی سیاسی بەرامبەرەكانی لەبەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە، ئێستا جوڵەی سیاسی ئەو لە سودوەرگرتن لە ململانێكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی كورتبووەتەوەو هەندێكجاریش بۆ فراوانكردنى بازنەكە، پەنا بۆ هێنانەپێشەوەی كارەكتەرەكانی تری ناو مەكتەبی سیاسی دەبات بەدیاریكراویش مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی.
دووەم: بەرهەم ساڵح
بەرهەم ساڵح دوای گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، پۆستەكەی پێشووی (جێگری دووەمی سكرتێری گشتی) وەرگرتەوە، سێ جەمسەرەكە (بافڵ تاڵەبانی- لاهور شێخ جەنگی- كۆسرەت رەسوڵ) هەرسێكیان پشتیوانی گەڕانەوەیان كرد، بەڵام پێناچێت لەدوورمەودادا گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی هەمان كۆدەنگی لەسەر بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی باڵی "ناوەندی بڕیار" بەهێز ببێتەوەو جوڵەی سیاسی بكات، چۆنیەتی مامەڵەكردنی بەرهەم ساڵح لەگەڵ رووداوەكانی داهاتووی ناوخۆی یەكێتی دەریدەخات لە چ بەرەیەك رادەوەستێت.
سێیەم: مەلا بەختیار
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، ئێستا زویرەو لەماڵەوە دانیشتووە، ئەو پێگەی جەماوەری بەبەراورد بەوانی تر بەهێز نییە، بەڵام جوڵەی سیاسی لەوانی تر زیاترە.
دواین جوڵەی سیاسی مەلا بەختیار هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە كورسییەكەی تاڵەبانی باوك لە بەغداد، بەڵام لەو پرۆسەیەدا سەرنەكەوتو نێوانی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ ساردو سڕی تێكەوت، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی كۆسرەت رەسوڵ لە دانانی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام بەمدواییە كۆسرەت رەسوڵ هەوڵی چاككردنەوەی بارودۆخەكەی داوە لەگەڵ مەلا بەختیار.
(درەو میدیا) زانیویەتی هەوڵێك هەیە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی مەلا بەختیارو گەڕاندنەوەی بۆ كاركردن لەناو یەكێتی، ئەو هەوڵەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگە یەكێتی پێویستی زۆری بە رۆڵی مەلا بەختیار هەبێت لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەهۆی ئەزمونی دورودرێژی ئەو لە گفتوگۆكان لەگەڵ پارتیدا.
شەڕی پۆستەكان
یەكێتی نیشتمانی ئێستا لەبەردەم ناكۆییەكی ناوخۆیی نوێدایە، ناكۆكی چۆنیەتی دابەشكردنی كێكی پۆستەكانی حكومەتو پەرلەمانی كوردستان.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەكو جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، خاوەنی دەنگی زۆرینەیە لەناو فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەمڕوەوە چاوی لە وەرگرتنی هەموو ئەو پۆستانەیە كە لە كابینەی نوێدا لە پەرلەمان بەر یەكێتی دەكەوێت، بەدیاریكراویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانو دەیەوێت كەسێكی دڵخوازی خۆی لەو پۆستەدا دابنێت.
كۆسرەت رەسوڵ هاوكات دەیەوێت لە كێكی حكومەتیش بەشداربێتو چاوی لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ (دەرباز)ی كوڕیو پۆستی وەزارەتی تەندروستی بۆ كچەكەی.
لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە بۆ (قوباد تاڵەبانی) برایو پڕكردنەوەی ئەو پۆستە سیادییانەی كە بەر یەكێتی دەكەوێت لە كەسانی دڵخوازی خۆی.
چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتو پەرلەمان لەنێوان جەمسەرەكاندا، رەنگە ململانێیەكی توندتر لەناوخۆی یەكێتی بهێنێتە ئاراوە.