رۆناڵدۆ هۆكاری سەرەكی بەجێهێشتنی ریاڵ مەدریدی ئاشكراكرد

Draw Media

2018-10-29 19:33:10



( درەو میدیا):    
كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی ئێستای یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالی و هەڵبژاردەی پرتوگال هۆكاری بەجێهێشتنی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی ئاشكراكرد و رایگەیاند بەهۆی فلۆرەنتینۆ پیرێزی سەرۆكی یانەكەوە بڕیاری دووركەوتنەوە لە یانەی شاهانەی داوە، چونكە پیرێز تەنها وەك ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی پارە تەماشایكردووە.
رۆناڵدۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ  گۆڤاری " فرانس فوتبۆڵ" وتی:" پیرێز تەنها منی وەك ئامرازێكی بازرگانی دادەنا، ئەوە باش دەزانم، ئەوەی پێی وتم لە دڵییەوە نەبوو".
 رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ دوای چەندین وەرز یاریكردن و بەدەستهێنانی دەیان نازناوی گرنگ لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، تەمموزی رابردوو بەرامبەر بە 100 ملیۆن یۆرۆ سەنگەری گواستەوە ریزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالی.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ:   پیرێز تەنها وەك ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی پارە تەماشایدەکردم

لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ " فرانس فوتبوڵ" رۆناڵدۆ وتی:" لە چوار  یان پێنج ساڵی كە لە ریاڵ مەدرید بەسەرمبرد، هەستم بە كەسایەتی خۆم كرد ، بەڵام دواتر ئەو هەستە پاشەكشێی كرد و زمانی چاوەكان لەلایەن سەرۆكی یانەكەوە شتێكی جیاوازیان دەوت، وەك ئەوەی یانەكە پێویستی بە من نەمابێت".
وتیشی:" ئەوە هۆكار بوو بۆئەوەی بیر لە رۆیشتن بكەمەوە، هەندێكجار سەرنجی ئەو هەواڵانەم دەدات كە دەیانوت دەمەوێت مەدرید بەجێبهێڵم، من بیرم لەوە دەكردەوە هەستێكی وام هەبوو كە سەرۆك دەستم پێوەناگرێت".

رۆناڵدۆ : بڕیاری رۆیشتنم پەیوەندی نەبوو بە بوونی زیدانەوە، هەست بە هەندێک ناڕەحەتی دەكەم دەربارەی بڕیارەكەم، كاتێك دەڕوانمە ئەوەی پێشبینیم دەكرد لە ریاڵ مەدرید رووبدات".

دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ، ئێستا دۆخی یانەی ریاڵ مەدرید كەس حەسودی پێ نابات و یانەكە پێش دەستپێكردنی ئەم وەرزە بیری لەوە نەكردەوە جێگرەوەیەك بۆ رۆناڵدۆ بدۆزێتەوە و بەوەش ئاستی یانەكە ئێستا زۆ دابەزیوە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیادایە لە سایەی لۆپتیگی راهێنەری نوێی یانەكوە كە ئەگەرەكانی دوورخستنەوەی زیاتربوون.
زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی شاهانە، لە دوای كۆتایی هاتنی وەرزی رابردوو جەختیكردەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ریشەیی، بەڵام ئەویش لە هەنگاوێكدا كە بە هەنگاوێكی زیرەك دادەنرێت یانەكەی بەجێهێشت.

رۆناڵدۆ : یۆڤانتۆس هەست بە ئارامی دەكەم و هەست دەكەم خۆشەویستم و  ئەگەر كارەكە پەیوەندی بە پارەوە هەبوایە ئەوا دەچوومە چین و ئەو كاتە پێنج ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەم بەدەستدەهێنا.

دەربارەی بڕیارەكەی بۆ دووركەوتنەوە لە مەدرید رۆناڵدۆ رایگەیاند زۆر رازییە لە بڕیارەكەی بە رەچاوكردنی ئەوەی ئێستا لەم وەرزەدا لە بێرنابیۆ روودەدات و وتی:" بڕیاری رۆیشتنم پەیوەندی نەبوو بە بوونی زیدانەوە، كە باسی لێوەكرا، هەست بە هەندێک ناڕەحەتی دەكەم دەربارەی بڕیارەكەم، كاتێك دەڕوانمە ئەوەی پێشبینیم دەكرد لە ریاڵ مەدرید رووبدات".
رۆناڵدۆ رونیشیكردوەتەوە كە لە یۆڤانتۆس هەست بە ئارامی دەكات و هەست دەكات خۆشەویستە و دەڵێت:" ئەگەر كارەكە پەیوەندی بە پارەوە هەبوایە ئەوا دەچوومە چین و ئەو كاتە پێنج ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەم بەدەستدەهێنا، لە پێناوی پارەدا پەیوەندیم نەكرد بە یۆڤانتۆسەوە، هەمان ئەو بڕە پارەیەم لە مەدرید دەستدەكەوت، ئەگەر زیاتر نەبوایە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە یۆڤانتۆس بە راستی منی دەویست، ئەوەیان پێ راگەیاندووم ئەوەشم روونكردوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand