ئاراس فەتاح قسە لەسەر دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكات 

Draw Media

2018-10-01 14:54:51



چاوپێكەوتنی: ئاراس فەتاح...

ئاراس فەتاح نوسەر و ڕوناكبیری كورد لەوەڵامی پرسیارێكی "درەومیدیا"دا، هۆكارەكانی شكستی ئۆپۆزسیۆن و بایكۆتی سندوقەكانی هەڵبژاردن لەلایەن ڕێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان شیدەكاتەوە، لەبەر ڕۆشنایی دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. 

دەتوانین بڵێین دوو تێڕوانین لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن ھەڵەن و لە داھاتوشدا پێویستە خوێندنەوەی عەقڵانیی نوێ بۆ قۆناغی دوای شکستی خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنیی بکرێت. یەکەمیان ئەو بۆچوونەیە کە کۆمەڵگای ئێمە بە کۆمەڵگایەکی گەمژە و مەترسییدار دەزانێت، چونکە ڕای وایە سەرەڕای ھەموو بەدکاریی و ستەمگەریی ئەم دوو ھێزە سوڵتانییە، خەڵک ھەر دەنگ بە پارتیی ویەکێتی دەدەن. دووھەمیشیان بانگەشەکردن بوو بۆ بایکۆتکردن و وابزانیت کە بە بایکۆتی فەردیی دەتوانیت گۆڕانکاریی سیاسیی دروستبکەیت.

بۆچوونی یەکەمیان لەبەر زیاد لە ھۆکارێک راست نییە، چونکە یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکییانەی وادەکات پارتی و یەکێتی ھەمیشەبراوەی ھەڵبژاردنەکان بن، دروستکردنی ئەو مۆدێلەیە لە سیستەمی سوڵتانی کە ئەمڕۆ لە زانستە سیاسییەکاندا بە ڕژێمی دەسەڵاتگەریی ئینتیخابیی”Electoral Authoritarianism“ ناودێڕدەکرێت. واتە مۆدێلێک لە رژێمی دەسەڵاتگەرایی کە شانازیی بە بوونی ھەڵبژاردنەوە دەکات و خۆی وەک وڵاتێکی دیموکراسیی و فرەحیزبیی و دەرفەتیەکسان نماییشدەکات بۆئەوەی وێنەی راستەقینەی خۆی پێ ئارایشتبکات، بەڵام لە جەوھەردا خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی چەپێنراو و لاواز و بێھێزە. ئەم مۆدێلە تەنھا لە کوردستاندا بوونی نییە و لەداھێنانی پارتی و یەکێتییش نییە، بەڵکو ساڵانێکی درێژە بووە بە مۆدێلێکی مەترسییدار وەک لە ئەزموونی دەسەڵاتگەرایی ئینتیخابیی لە روسیای پوتین و زۆرینەی وڵاتانی پۆست کۆمۆنیست و پۆست کۆلۆنیالی ئەفریقا و ئاسیا و لە ئەمریکای لاتینیشدا دەیبینین. 

ئاراس فەتاح: تۆ کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزیسۆنبوونت ھەڵبژارد، دەبێت خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی گەورەت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەت ھەبێت، نەک دڵت بەوە خۆش بێت لە ھێزێکی گەورەی نیشتیمانییەوە ببیت بە ھێزێک کە تەنھا لە نێوەندی سلێمانیدا زۆرینەی دەنگەکان بھێنیت.

 

لەم سیستەمانەدا پارە و دەسەڵات و میدیا و لەشکر و ئاساییش و پۆلیس ھەمووی لەژێر دەستی حیزبی دەسەڵاتدار دان لەکاتی ھەڵبژاردنیشدا دەخرێنە خزمەتی حیزب و سەرۆکی قائیدەوە. بەشێوەیەکی سیستەماتییکیانەش پێش ھەڵبژاردن و لە سەعاتی کۆتایی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا ئامادەسازییکراوە کە لەرێگای فشار و ترساندن و ساختەکارییەکی رێکخراوانەوە ھەموو دەرئەنجامەکان قڵپبکرێنەوە بۆئەوەی حیزب و سەرۆکە دەسەڵاتدارەکان براوەی یەکەم بن. 

لە ھەرێمی کوردستانیشدا سەرەڕای ئەوەی  لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا دەرگیریی ھەمان مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی و پراکتیکی سیاسیی دەبینەوە، کێشەی ئۆپۆزیسیۆنێکیشمان ھەیە کە لەلایەک بەدەست دەیان گرفتی ناوخۆیی خۆی موبتەلابووە وەکو لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەیبینین و لەلایەکی ترەوە بەدەست شکستی دروستکردنی پڕۆژەیەکی سیاسیی نیشتیمانیی ھاوبەش و نەبوونی متمانە بەیەکتریی دەناڵێنێت. سەرەڕای ئەو ھەموو شکستە سیاسیی و ئابووریی و نیشتیمانییەی دەسەڵات لە ساڵانی رابردوو بەگشتیی و لە دوای ریفراندۆمیشەوە بەتایبەت، ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی ھەرێم لەبەر گرفتی ناوخۆیی و بێمتمانەیی لەنێوانیاندا و نێرجسییەتێکی سیاسیی کوشندە، ھێندە لاواز و پەرتەوازە و بێئیرادە بوو، نەیتوانی مۆدێڵێکی نوێی خەباتی پەرلەمانیی بەرھەمبھێنێت کە بتوانێت ببێت بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و متمانەی دەنگدەر بگەڕێنێتەوە و ھیوایەکی نوێی بۆ بەرھەمبھێنێت، بۆئەوەی بایکۆتی ھەڵبژاردن نەکات. کێشەیەکی سەرەکیی تری ئەم ئۆپۆزیسیۆنە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەتایبەت ئەوەیە کە تاوەکو ئەمڕۆ ھەمیشە وەکو قەدەرکی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵ بێڕێزییکردن لە دەنگدەرەکانی و ساختەکاریی و دۆڕانی خۆی لە ھەڵبژاردندا کردووە. 


ئاراس فەتاح: ھەڵەی تێڕوانینی دووھەمی دوای ئەم ھەڵبژاردنە پرسی بایکۆتکردنە. کردەی بایکۆتکردن کاتێک مانا و ھێزێکی دەبێت کە ببێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەموو ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نەک پرۆژەی فەردییانەی دەنگدەری ناڕازیی و دڵشکاو و متمانەنەبوو بە ھەموو ھێزەکان.

بزوتنەوەی گۆڕان وەکو گەورەترین ھێزی ئۆپۆزیسیۆن، لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە گرفتی شوناسی ھەیە، لەنێوان رادیکاڵییەتی گوتارەکانی و ئیفلیجیی و پراکماتیزمی سەرکردایەتییەکەی گیری خواردووە. لەمڕۆدا ھێزێک لەناو ئەم بزوتنەوەیەدایە کە لەبری ئەوەی درێژە بە سیاسەتی رادیکاڵی بزوتنەوەکە بدات و گوتار و نەخشەرێگای نوێ بۆ خەباتی سیاسیی و مەدەنیی دابڕێژێت، کەچی دەستکاریی رادیکالی رێکخراوەیی ئەم بزوتنەوەیە کردووە و تەنھا لەسەر گوتارە کۆنەکانی خۆی کڕکەوتووە و لەسەر خۆشەویستیی بۆ سەرۆکە کاریزمییە کۆچکردووەکەی دەژیی. ئەم ھێزە ماوەیەکی درێژە سیستەماتیکییانە کار لەسەر تەوریسکردن و بەکۆمپانیاکردنی ئەم بزوتنەوەیە دەکات و رازییە بە بچوکبوونەوەی ئەم بزوتنەوە سیاسییە گەورەیەی کۆمەڵگای ئێمە بەرامبەر بە وەچنگخستنی چەند کورسییەکی پەرلەمان. بزوتنەوەی گۆڕان لەمڕۆدا کڕکەوتووە لەسەر گوتارە کۆنەکانی و ھیچ پڕۆژە و خەونێکی سیاسیی گەورەی نەماوە کە گرنگترینیان دامەزراندنی حکومەتی ھاوڵاتیی و دەستکارییکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و گۆڕینی نەخشی سیاسیی و باڵانسی ھێز و شکستھێنان بوو بە پڕۆژەی تەوریسی سیاسیی لەناو ئەو سیستەمە سوڵتانییەی کە لە ھەرێمدا دروستکراوە. ئەم کڕکەوتنەش رێک دووبارەکردنەوەی ھەمان ئەزموونی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەیە کە دەسەڵات ساڵانێکە کاری لەسەر دەکات و تەنھا بە گوتارە کۆنەکانی خۆی دەژیی و وایدەزانی تا ئەبەد جەماوەرەکەی بۆی دڵسۆز دەبێت. تۆ کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزیسۆنبوونت ھەڵبژارد، دەبێت خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی گەورەت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەت ھەبێت، نەک دڵت بەوە خۆش بێت لە ھێزێکی گەورەی نیشتیمانییەوە ببیت بە ھێزێک کە تەنھا لە نێوەندی سلێمانیدا زۆرینەی دەنگەکان بھێنیت. فاکت ئەوەیە کە سەرکردەکانی پێپشەوەو پشتەوەی ئەم بزوتنەوەیە لە قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفاوە نەیانتوانی لە گرنگیی ئەم بزوتنەوەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە تێبگەن و گەشە بەو بەرنامە سیاسییە گرنگەی بدەن و وەڵامی عەقلانیی و رادیکالیشیان بۆ پێشھاتە نوێکان پێبێت و دوبارە ببنەوە بە ھێزی رووداودروستکەر لەبری ئەوەی دوای رووداوەکان بکەون. بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی کە لە ھەردوو ئەزموونی حکومەتی ھەولێر و خەباتی پەرلەمانیی شکستی ھێناو نەیتوانی لە پرۆسەی سیاسیی بکشێتەوە و بیکات بە سەرمایەیەکی سیاسیی بۆ خۆی، لە ئەزموونی حکومەتی خۆجییەکەشی لە پارێزگای سلێمانیدا سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی ھیچ مۆدێلێکی نوێ لە عەقڵییەتی حوکمڕانیی و سیاسەتی رۆشنبیریی و ئیداریی و شارسازییدا بە دەنگدەرانی پێشکەش بکات کە جیاوازبێت لە سەردەمی یەکێتی. خاڵێکی تر کە ھێز و توانای لەم بزوتنەوەیە بڕی و دڵەڕاوکێی لای خۆبەخشان و لایەنگرانی دروستکرد بریتییە بوو لە خەمساردیی و ئامادەنەبوونی سەرانی نوێی ئەم بزوتنەوەیە لەوەی نە پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەغدا و نە دوای ھەڵبژاردنەکانیش کێشە ناوخۆییەکانیان جەریئانە و شەفافانە چارەسەربکەن و ئەو تەمومژییە لەسەر شوناسی بزوتنەوەکە و پرۆسەی تەوریسیی سیاسیی و لاببەن و کۆتایی بە ململانێی گروپییانەی ناوخۆیی خۆیان بھێنن و بە گوتاری نوێ و پلانی نوێوە بیر لە پرۆسەی سیاسیی دوای ریفراندۆم و قۆناغی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بکەنەوە. ئیفلیجییەکی تری قۆناغی پێش ھەڵبژاردنیش بریتیی بووە لەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی ئەلتەرناتیڤ لەگەڵ ھێزەکانی تردا گەڵاڵەبکات بۆئەوەی ھەرێمی کوردستان لەم چەقبەستییە سیاسییە رزگاربکات و لەناو ھاوکێشە سیاسییە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکاندا حیسابیان بۆبکرێت. ئەم دەرگیربوونە بە پرسی وونبونی شوناس و کێشە ناوخۆییەکان و خراپی ئەزموونی حوکمڕانیی خۆجێیی و نەخوێندنەوەی عەقلانیی و بێڕوئیاییەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئێستا و داھاتووی ھەرێم و چەندین ھۆکاری تریش وایانکرد ئەم بزوتنەوە خۆبەخشە سەرتاسەرییە بخزێتە ناو پرۆسەیەکی مەترسیداری لوکالیبوونەوە و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسانی دڵسۆزی خۆی لێی دووربکەونەوە و لەلایەن ژمارەیەکی زۆری چالاکوان و رۆژنامەنووسان و نووسەرانیشەوە کە بە تەنگ پرۆسەی دیموکراسییەوەن، بەچاوێکی رەخنەییانەوە لێی بڕوانن و لەکۆتاییشدا دەنگدەرە ناڕازییەکانی لە ھەڵبژاردندا سزای توندی بدەن و بیھێننەوە سەر ئەرزی ئەو واقیعەی کە لێی ھەڵدەھاتن.

ئاراس فەتاح:  ئەو بایکۆتە عەوفەوییە چاوەروانکراو بوو، چونکە ھیچ یەکێک لەم ھێزانە نەیاندەتوانی بەتەنھا ببن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و بەشداربوونیشیان بەو گوتارە کۆنانە و بەو پەرتەوازەییە لە ھەڵبژاردن و خۆنماییشکردن و خۆپێناسەکردنی ھەریەکەیان بە تاقانەی ساسیی، جگە لە پارچەبوون و لاوازبوونی یەکتر ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری بۆ نەچنینەوە.

ھەڵەی تێڕوانینی دووھەمی دوای ئەم ھەڵبژاردنە پرسی بایکۆتکردنە. کردەی بایکۆتکردن کاتێک مانا و ھێزێکی دەبێت کە ببێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەموو ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نەک پرۆژەی فەردییانەی دەنگدەری ناڕازیی و دڵشکاو و متمانەنەبوو بە ھەموو ھێزەکان. بێگومان ئەم بایکۆتکردنە بەرفراوانەی دەنگدەران ئیندێکسێکە نەک تەنھا بۆ بێمتمانەییان بە ھەڵبژاردن و بە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانی پارتی و یەکێتی، بەڵکو وەڵامێکی توندیشە بۆ خودی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کە جگە لە کۆپییکردنی گوتارەکانی یەکتر و ڕاوکردن و خواردنی دەنگی یەکتر، شتێکی تریان پێشکەش بە دەنگدەرانی ناڕازیی لە ھەرێمدا نەکرد.

ئاراس فەتاح: ئەم مۆدێلەی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا لەوە کەوتووە ببێت بە کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو خەریکە ببێت بە رێگرێک لە گۆڕانکاریی.
 

 

بەکورتی، ناڵاندنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بەم ھەموو گرفتە ناوخۆییانە و مانەوەی بەو پەرتەوازەیی و لاوازییەی کە بینیمان و بەشداربوونی لە ھەڵبژاردنێکدا کە تەزویرکردنێکی گشتگیر یەکێک لە میکانیزمە ھەرە سەرەکییەکانی پێکدەھێنێت و نەبوونی ھیچ پلانێکی بەرگرییکردن لە دەنگی دەنگدەرانی لە رابروو و ئێستاشدا، یەک مانا و یەک وەزیفەی سیاسیی ھەیە، ئەویش نماییشکردنی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیە وەکو دۆڕاوێکی مسۆگەر لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا کە لە ھەرێمی کوردستاندا پیادەدەکرێت. نەبوونی ئایدیای نوێ و گوتاری نوێ و میکانیزمی نوێ و کارنەکردن لەسەر دروستکردنی سیستەمی بەرگریی لە دەنگی ھاوڵاتیان و پرۆسەی دیموکراسیی، چ لە ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو و چ لە ئەزموونی ئەم ھەڵبژاردنەدا ئەو راستییەمان بۆ دەردەخەن کە ئەم مۆدێلەی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا لەوە کەوتووە ببێت بە کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو خەریکە ببێت بە رێگرێک لە گۆڕانکاریی. بۆیە بە بۆچوونی من ئەو بایکۆتە عەوفەوییە چاوەروانکراو بوو، چونکە ھیچ یەکێک لەم ھێزانە نەیاندەتوانی بەتەنھا ببن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و بەشداربوونیشیان بەو گوتارە کۆنانە و بەو پەرتەوازەییە لە ھەڵبژاردن و خۆنماییشکردن و خۆپێناسەکردنی ھەریەکەیان بە تاقانەی ساسیی، جگە لە پارچەبوون و لاوازبوونی یەکتر ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری بۆ نەچنینەوە. ھەر ئەم دۆخە نوێیەش وادەکات لەداھاتوودا پێویستمان بە بیرکردنەوەی رەخنەیی و جیدیی و قووڵتر بێت لە قۆناغی شکستی خەباتی پەرلەمانیی و وونبوونی رۆڵ و شکستی کاوێژکردنی گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدیی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand