خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكان  بۆ هەڵبژاردن 

Draw Media

2018-09-22 15:30:56



راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رۆژ 30ی ئەم مانگە لایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان.
چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست.
دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە:
یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی
دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران
سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان
چوارەم: ریفراندۆم
پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان
شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد
حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران
هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر

لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان.
لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە. 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نشتیمانی كوردستان 1/6/1976 دامەزراوە، سكرتێرەكەی (جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017، واتا تاڵەبانی بۆ ماوەی (41) ساڵ سەرۆكایەتی ئەم حزبەی كردووە.
لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە تائێستا یەكێتی نەیتوانیوە سكرتێرێكی نوێ هەڵبژێرێت. 
یەكێتی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی 21/9/2013 بەڕێوەچوو، لە كۆی (111) كورسی، (18) كورسی پەرلەمانی بردەوە و (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێنا.

خاڵی لاوازەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن:
•    هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانە بووە، كە لە چوار ساڵی رابردوودا لە هەرێم رویانداوە، یەكێتی سەرباری ئەوەی هەندێكجار رەخنەی لە ئەدای حكومەت هەبووە، بەڵام لە حكومەت نەكشایەوە، لەكاتێكدا ئەگەر كۆتایی بە شەراكەتەكەی لەگەڵ پارتی بهێنایە، حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا.
•    ناكۆكی ناوخۆی یەكێتی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا.
•    لەدوای مەرگی جەلال تاڵەبانییەوە، یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە، بەتایبەت لە ئیدارەدان لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا.
•    ناڕۆشتنی سیاسەت و بڕیاری یەكێتی لە زۆربەی رووداوەكانی چوار ساڵی رابردوو وایكردووە یەكێتی زیاتر وەكو شوێنكەوتەی سیاسەتەكانی پارتی دەربكەوێت، ئەمەش رەنگە هۆكارەكەی جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی ئاڕاستە جیاوازەكانی یەكێتی بێت.
•    تێوەگلانی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە بازرگانی نەوت و دۆسیەكانی گەندەڵی. 
•    كاڵبونەوەی تێڕوانینی یەكێتی بۆ ئازادییە گشتییەكان و رودانی چەندین حاڵەتی گرتن و پێشێلكاری دژی ئازادییە گشتییەكان بەتایبەتی كاری رۆژنامەوانی و گرتنی خۆپیشاندەران.
•    پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز لەڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئەمە پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی  دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی ئەم ناوچەیەی لەدەستدایە. 
•    روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ دەستەواژەی "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر"، لەحاڵێكدا هۆكاری راستەقینەی "16ی ئۆكتۆبەر" ریفراندۆم بوو كە پارتی سەركردایەتی دەكرد.
•    نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە وێنەی یەكێتی داوە لەلای دەنگدەران.

خاڵە بەهێزەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن: 
•    هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، ئەمە دەكرێت كاریگەری گەورە لەسەر دەنگدەران دابنێت.
•    بەهێزی سەرچاوەی دارایی یەكێتی بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی خۆی.
•    سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی، هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و پەیكەری رێكخستنی خۆیەتی.
•    ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیەو لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكرێت. 
•    تۆمەتباركردنی بە هاككردنی ئامێرەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ئەمە كاریگەری خراپی لەسەر وێنەی یەكێتی لای دەنگدەران بەشێوەیەكی گشتی دروستكرد.
•    گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، گوڕێكی بەهێز دەبێت بۆ دەنگدەرانی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand