Draw Media

بەمزووانە كابینەی نوێی حكومەت پێكناهێندرێت

بەمزووانە كابینەی نوێی حكومەت پێكناهێندرێت

2025-03-25 19:23:10



راپۆرتی: درەو
" ئەو بەرپرسانەی بە گەشبینیەوە باس لەوە دەكەن بەمزووانە حكومەت پێكدێت، ئاگایان لەهیچ نیە" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتیە، " یەكێتی لەگەڵ پارتی كات دەكوژێت دانوستانی ئامادەكردنی وەرقەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویست بوو دابەشكردنی پۆستەكانیش دوو مانگ زیاتری دەوێت بۆیە بەمزووانە حكومەت پێكنایات" بەرپرسێكی پارتی وای وت.
پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی یەكلاكردووەتەوە، یەكێتی پۆستەباڵاكانی چۆن پڕدەكاتەوە؟ جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ جەعفەر شێخ مستەفا دەبێت یان دەرباز كۆسرەت رەسوڵ؟ قوباد تاڵەبانی بەجێگری دەمێنێتەوە یان پۆستەكەی رادەستی عیماد ئەحمەد دەكات؟ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ وەری دەگرێت یان دكتۆر میران؟  بافڵ تاڵەبانی چۆن كاندیدی پۆستەكان یەكلا دەكاتەوە؟ مەسرور بارزانی وەزیرەكانی لەسەر چی بنەمایەك دادەنێت؟
زانیاری وورد لەم راپۆرتەدایە.....

گەشبینی بەرپرسان
"ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە زوو زوو لێدوان دەدەن و بە گەشبینیەوە دەڵێن بەمزووانە كابینەی نوێی حكومەت پێكدێت، ئاگایان لە هیچ نیە هەر لەخۆیانەوە قسە دەكەن" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتییە.
 ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: كۆبوونەوەو دانوستانی پارتی و یەكێتی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویستی بوو لە (30/11/2024 یەكەم كۆبوونەوەكراو دوا كۆبوونەوەش 18/3/2025) بۆیە بۆ  پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیش زیاتر لە دوو مانگ پێوستە لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەدوای مانگی شەش و حەوتەوە بێت.  
" دەزانین یەكێتی خۆی قورس دەكات و كات دەكوژێت و دەیەوێت پارتی ناچار بكات تەنازول بكات، بۆیە ئەوەی یەكێتی لەرێگای بەرپرسانیەوە دەیڵێت كە بەمزووانە حكومەت پێكدێت راست نیەو كات بەڕێ دەكات" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای پارتیە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی ئەوەشی بە (درەو) وت: ئێستا یەكێتی تاكە بەدیلی پارتیە بۆ رێككەوتن و دەشبێت لەگەڵی رێكبكەوێت، پارتیش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە بەبێ هاوبەشی راستەقینەی یەكێتی مەسرور بارانی ناتوانێت حكومەتێكی بەهێز درووست بكات، بۆیە پارتی بەناچاری چووەتە پێش لە یەكێتی، یەكێتیش ناچارە بێتە پێش چونكە خاڵی لاوازی یەكێتی لە ئێستادا لاوازی بەرەی مقاوەمەو ئەگەری گۆڕانكارییە لە عێراق،  ئێستا یەكێتی و پارتی لەسەر تەواوی پرسەكان رێككەوتوون تاكە مەرجێك پارتی قبوڵی نیە ئەوەیە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەیەكەوە رابسپێردرێن  و لەهەمانكات ئەگەر یەكێكیان بكشێتەوە ئەوە حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە لەقەڵەم دەدرێت  پارتی ئەوەی قبوڵ نیە، لە دونیادا شتی وانیە سەرۆك و جێگر پێكەوە رابسپێردرێن و بەیەكەوە سوێند بخۆن و بەیەكەوە .
بەڵام پارتی رازی بووە بە چەند داواكاری و خاڵێكی یەكێتی لەوانە دەسەڵاتی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كەمكراوەتەوە، دەسەڵاتی وەزیرەكان زیاتر كراوە، دەستوەردانی نوسینگەی سەرۆكی حكومەت كەمكراوەتەوە بەسەر وەزیرەكانەوە، ئەمجارە وەزیرەكان هەموو دەسەڵاتیێكیان دەبێت كە لە رابردوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی دیوان و نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیران نەیاندەتوانی بڕیار بدەن.


شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا بەشێوەی رەسمی باس لە دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە لە نێوان یەكێتی و پارتی، بەڵام گفتوگۆی یەكێتی و پارتی لەناو خۆیان و لەگەڵ یەكدی هەبووە لەسەر پۆستەكان.
لای یەكێتی چەند بژاردەیەك لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان لەوانە:
-    دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی خاڵ واتا پۆستی سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و جێگری سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و وەزیرەكانیش هەریەكەو خاڵ بەخاڵ دیاری دەگرێت
-    دابەشكردنی پۆستەكان بە پێی ستونی دیاریكراوە واتا سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك لە ستونێك و جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك و پۆستەكانی دیكە لە ستونێكی تر .
-    پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی لیستی (A,B,C)
لای پارتی دیموكراتی كوردستان:
-    پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی (A,B,C) واتا گروپێك لە وەزارەتەكان لە (A) دەبن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد،،، گروپێك لە وەزارەتەكان لە (B) دەبن بەو شێوەیە،

ئەوەی یەكلا بووەتەوە و موناقەشەی لەسەر ناكرێت:
-    پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی دەبیت
-    پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی دەبێت
-    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی دەبێت
-    جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی دەبێت
-    سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت
-    جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت .
-    وەزیری ناوخۆ  


دابەشكردنی پۆستەكان لای پارتی
بۆ دابەشكردنی پۆستەكان (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی كردووە، دابەشكردنی پۆستەكان ئەوەی یەكلا بووەتەوە:
-    پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەسرور بارزانیەو یەكلابووەتەوە
-    پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت و یەكلا بووەتەوە
سەبارەت بە پۆستەكانی حكومەت، دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەو دیاریكردنی وەزیرەكان دراوەتە دەست خودی مەسرور بارزانییەكان واتا كاندیدی وەزیرەكان لەلایەن مەسرور بارزانیەوە یەكلا دەكرێتەوە، سەرچاوەیەك لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند نەك تەنیا بۆ پۆستەكانی پارتی تەنانەت بۆ پۆستەكانی یەكێتیش دەبێت مەسرور بارزانی یەكلای بكاتەوە بڕیارە داوا لە یەكێتی بكرێت بۆ هەر پۆستێكی وزاری (3) كاندید پێشكەش بكەن و مەسرور بارزانی خۆی یەكێكیان یەكلا دەكاتەوە، بەڵام دەكرێت یەكێتی لە سێ كاندیدەكەی پێشكەشی دەكات خۆی یەكێكیان دەستنیشان بكات كە مەبەستیەتی.
لە پۆستە وزارییەكان پارتی هێڵی سوری لەسەر هیچ وەزارەتێك نیە بۆ یەكێتی تەنیا (وەزارەتی ناوخۆ) نادات بە یەكێتی تەنانەت ئامادەن وەزیری سامانەشروشتیەكانیش بدەن بە یەكێتی.
ئەو سەرچاوەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، مەسرور بارزانی لە هەندێك وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم رازی نەبووە بۆیە رەنگە زۆرینەیان بگۆڕدرێن و یەك بۆ دوو كەسیان دابنرێنەوە لەوانە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
یەكێتی و پارتی وا رێككەوتوون كە پۆستی وەزیرەكان 100% لە نێوان پارتی و یەكێتی دابەش دەكرێن، هەرلایەكیان ئازادن چۆن لە پشكی خۆیان دەدەن بە هێزو لایەنەكانی تر، پارتی لە پشكی خۆی كە زیاتر لە (10) وەزارەتی بەردەكەوێت یەك وەزیر دەداتە توركمان و وەزیرێكیش دەداتە پێكهاتەی مەسیحی.
بۆ پشكەكانی پەرلەمانیش پارتی وای دانا بوو ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانی لابێت ئەوا د. ڤالا فەرید كاندیدی بەهێزەو دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش لای یەكێتی بێت ئەوا كاندیدی بەهێز بەهجەت عەلیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەهجەت عەلی لە پشكی پارتی ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

پۆستەكانی یەكێتی
بۆ دابەشكردنی پۆستەكان (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كردووە، دابەشكردنی پۆستەكان ئەوەی یەكلاییە:
-    پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
-    پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان  
-    پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
ئێستا جموجوڵ و گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتی گەرمە، یەكێتی لە ئێستادا لەلایەك سەرقاڵی دیاریكردنی پۆستەكانی پۆستەكانی حكومەتەو لەلایەكیش سەرقاڵی دیداری یەكێتیەو بەشێك لە پۆستە حزبیەكانیشی دەگۆڕێت، بۆیە یەكێتی دەیەوێت دڵی بەشی زۆری كادرانی رازی بكات ئەوەی پۆستی حكومی دەوێت كاندیدی پۆستە حكوییەكانەو ئەوەشی پۆستە حزبیەكانیشی دەوێت كاندیدی پۆستە حزبییەكانە.

پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت
گفتوگۆ زۆر دەكرێت لە ناو یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت ئەویش بەهۆی ئەوەی قوباد تاڵەبانی چەند جارێك رای گەیاندووە جارێكی تر ئەو پۆستە وەرناگرێتەوە تەنانەت لە كۆبوونەوەی رۆژی 22ی شوباتی 2025 لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی قوباد تاڵەبانی بەرەسمی بە هۆشیار زێباری سەرۆكی وەفدی پارتی راگەیاندووە كە چاوەڕێی من نەكەن جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەربگرمەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند ئێمە دڵنیاین كە قوباد تاڵەبانی ئەو پۆستە وەردەگرێتەوە لەبەر ئەوەی بەپێی رێككەوتنی نێوانمان دسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت زیادكراوەو جیاوازە لە رابردوو جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی زۆری دەبێت و وەك سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سلێمانی دەبێت و هەموو دەسەڵاتێكیشی دەبێت، پارتی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە وەك سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سلێمانی دەبێت لای كارەكتەرێكی بنەماڵەی تاڵەبانی دەبێت.   
لە حاڵەتی وەرنەگرتنی پۆستەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی ناوی هەریەك لە عیماد ئەحمەد و هاوڕێ دارا شێخ نوری دێت، بەڵام ئەگەری زۆرە ئەگەر قوباد تاڵەبانی ئەو پۆستە وەرنەگرێت عیماد ئەحمەد ئەو پۆستە وەربگرێت.

پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم
لە رێككەوتنی یەكێتی و پارتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەك جێگری هەبێت ئەویش بۆ یەكێتی بێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەرباز كۆسرەت رەسوڵە، هەرچەندە پڕكردنەوەی ئەو پۆستە پەیوەندی بە چەند پۆستێكی ناو یەكێتیەوە هەیە.
ئەوەی (درەو) دەستی كەوتووە، جەعفەر شێخ مستەفا هەوڵی جدی دەدات پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، لەماوەكانی رابردوودا و لە چەند شوێنێكی جیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە سیاسەتی یەكێتی ئەویش لە پێناو ئەوەی پۆستەكە وەربگرێتەوە، بەڵام دواجار بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە هاوڕێیەتی دلێر سەید مەجید رۆژی 16ی ئازاری 2025 سەردانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی یانكرد بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی لەوێش پێان راگەیاند كە ئەنجومەنەكەی بۆ ئەكتیڤ دەكەن و دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری دەكەن و دەبێت خۆی بۆ ئەنجومەنەكە یەكلا بكاتەوەو دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بێت.
زانیارییەكانی ناو یەكێتی باس لەوەش دەكەن لە دیداری یەكێتی كۆمەڵێك گۆڕانكاری دەكرێت و جێگرێك بۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دادەنرێت و ئەو پۆستە باڵایەش دەدرێتە كەركوكیەكان و رەفعەت عەبدوڵا كاندیدی ئەو پۆستەیە.
بۆیە پۆستە باڵاكان بەم شێوەیە دەبێت
-    جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كاندید دەبێت
-    جێگری سەرۆكی یەكێتی بۆ باڵی كەركوكیەكان دەبێت و رەفعەت عەبدوڵا كاندیدی ئەو پۆستە دەبێت
-    لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی بۆ جەعفەر شێخ مستەفا ئەكتیڤ دەكرێت و ئەندامانی دیاری دەكرێت و دەسەڵاتەكانی پێدەدرێت .

پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
هەرچەندە باس لەوە دەكرا كە یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، بەڵام یەكێتی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی دەبێت و ئەویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند یەكێتی  نایەوێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەك پێشوو وەربگرێت كە لە پەرلەمان سەرۆكایەتیەو لە حكومەت سەرۆكە یەكێتی دەیەوێت هاوشێوەی سەرۆكی حكومەت سەرۆكی پەرلەمانی هەبێت نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان كە بەبێ جێگر و سكرتێری پەرلەمان نەتوانێت بڕیار بدات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەستكارییەوە وەربگرێت.
كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شاڵاو كۆسرەت رەسوڵە كە لەناو ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز ئەندامی مەكتەبی سیاسیە، بەڵام ئەگەر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت ئەوا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەر شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ناكەوێت و ناكرێت لە ماڵێكدا دوو پۆستی باڵا هەبێت، لەو حاڵەتەدا كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان د. میران محەمەد دەبێت. لە كاتی تۆماركردنی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان فراكسیۆنی یەكێتی هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و میران محەمەدی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

سەبارەت بە پۆستەكانی دیكەش لە ئێستاوە هەوڵەكان بۆ دەستخستنی كاندیدی پۆستەكان دەستیپێكردووەو بافڵ تاڵەبانی رۆژانە چەندین كادری باڵای یەكێتی دەبینێت، لەوێ پێیان رادەیەگەیەنێت، پۆستی حزبیت دەوێت یان حكومی و خۆتان یەكلا بكەنەوە، چونكە ئەوەی پۆستی حزبی بوێت بافڵ تاڵەبانی خۆی یەكلای دەكاتەوەو پۆستە حكومییەكانیش تیمی قوباد تاڵەبانی یەكلای دەكەنەوە.
 
كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی
لە ماوەی رابردوودا دوجار بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەردانی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی كرد لە پیرمام ( 16ی كانونی دووەمی 2025 و   16ی ئازاری 2025) سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی دووەمدا بافڵ تاڵەبانی زۆر بەجدی هاتووەتە پێشەوەو وتوویەتی با یەك تیم و یەك سیاسیەت بین بەرامبەر بە رسەكانی بەغداد و من ئامادەم بۆ هەموو هاوكاریی و پشتیوانیەك و ئامادەم هەرچی پەیوەندی و دەسەڵاتێكی خۆمە بیخەمە گەڕ بۆ پشتیوانیتان لە بەغداد.
سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتیش بافڵ تاڵەبانی بە مەسرور بارزانی راگەیاندووە: پێویست بە كۆبوونەوەو دانوستاندن ناكات با پێكەوە هەردوكمان هەموو پرسەكان یەكلا بكەینەوە، (لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بافڵ تاڵەبانی لە رێككەوتنی حكومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی)، ئەو سەرچاوەیە وتی دوای كۆبوونەوەكەش لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی خۆی داوای كردووە لێدوان بدات لەسەر باشی كۆبوونەوەكە.
 ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد: لەبارەی "هەژماری من" ئێستا هیچ كێشەیەك لەوبارەیەوە نەماوە چونكە دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی یەكەمی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی بافڵ تاڵەبانی باسی "هەژماری من"ی كردووە، مەسرور بارزانی بڕیاریدا تیمێكی "هەژماری من" سەردانی بافڵ تاڵەبانی بكەن و بۆی روونبكەنەوە"  دواتر تیمێكی هەژماری من بەسەرۆكایەتی ( عەزیز ئەحمەد سەرۆكی تیمی هەژماری من ) سەردانی بافڵ تاڵەبانیان كردووە و بافڵ تاڵەبانی زۆر دەستخۆشی لێكردوون  بۆیە ئێستا كێشەی هەژماری منیش نەماوە و دەیانەوێت بیكەنە پرۆژەی هەردوولا، یەكێتی هەوڵی داوە ناوەكە بگۆڕێت بەڵام پارتی رازی نەبووە.

پۆستەكان:
•    سەرۆكی هەرێمی كوردستان
-    جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان

•    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
-    جێگری سەرۆكی پەرلەمان
-    سكرتێری پەرلەمانی كوردستان

•    سەرۆكی حكومەتی هەرێم
•    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم
-    وەزیری ناوخۆ
-    وەزیری پێشمەرگە
-    وەزیری داد
-    وەزیری سامانەسروشتییەكان
-    وەزیری دارایی
-    وەزیری تەندروستی
-    وەزیری پەروەردە
-    وەزیری ئاوەدانكردنەوە
-    وەزیری شارەوانی
-    وەزیری خوێندنی باڵا
-    وەزیری پلاندانان
-    وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی
-    وەزیری رۆشنبیری
-    وەزیری شەهیدان
-    وەزیری كشتوكاڵ
-    وەزیری بازڕگانی
-    وەزیری گوستنەوە
-    وەزیری ئەوقاف
-    وەزیری هەرێم بۆكاروباری پێكهاتەكان
-    وەزیری هەرێم بۆكاروباری پەرلەمان
-    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومتی فیدراڵ
-    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
-    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand