هەرێمی كوردستان: رۆژانە (133) هاوسەرگیری و (27) تەڵاق تۆمارکراون
.jpg)
2025-03-20 08:58:42
راپۆرتی: درەو
🔻 پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2024) دا؛
🔹 لە ساڵی 2024 زۆرترین هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی تۆکار کراوە.
🔹 لەساڵی (2024)دا ژمارەی جیابوونەوە لە هەولێر و دهۆک و گەرمیان بەراورد بە ساڵی (2023) کەمی کردووە، بەڵام لە سلێمانی ژمارەکە زیادی کردووە.
🔹 ژمارەی لێکجابوونەوەکان بەراورد بە تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ساڵی (2014) لە رێژەی (18%)ەوە بۆ ساڵی (2024) بەرزبووتەوە بۆ رێژەی (24%).
🔹 لەماوەی (11) ساڵدا (526 هەزار و 690) حاڵەتی هاوسەرگیری لە دادگاکان تۆمار کراوە، کە (29 هەزار و 438) حاڵەتیان پەسەندکرنی مارەبڕینی دەرەکی بووە.
🔹 لە ماوەی (2014 - 2024) (108 هەزار و 428) خێزان هەڵوەشاونەتەوە، بەو مانایەی هەموو رۆژێک (27) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە.
یەکەم؛ هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رۆژی (18/3/2025) داتاو ئامارو دادبینییە تۆمارکراوەکانی خۆی لە ماوەی (1/1/2024 – 31/12/2024) لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان، بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان؛
ئامارەکانی هاوسەرگیری
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (51 هەزار و 18) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوەو زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی بووە، وەک لە (چارتی ژمارە (1)) هاتووە، بە جۆرێک؛
1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (17 هەزار و 591) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (34%).
2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (18 هەزار و 522) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (36%).
3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (12 هەزار و 199) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (24%).
4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (2 هەزار و 7068) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (5%).
چارتی ژمارە (1)
ئامارەکانی لێکجیابوونەوە و تەڵاق
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (12 هەزار و 384) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، وەک لە (چارتی ژمارە (2)) دا هاتووە بەرزترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی بووە، بە جۆرێک؛
1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (3 هەزار و 878) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (31%) تۆمار کراوە.
2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (5 هەزار و 745) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (46%) تۆمار کراوە.
3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (2 هەزار و 33) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (16%) تۆمار کراوە.
4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (728) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (6%) تۆمار کراوە.
چارتی ژمارە (2)
هۆکارەکانی لێکجیابوونەوە و تەڵاق لە پارێزگای هەولێر
وەک لە داتاکانی ئەنجومەنی دادوەریدا ئاماژەی پێدراوە هۆکارەکانی لێکجابوونەوەکانی لە "پارێزگای هەولێر" بە کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکردووە؛ کە حاڵەتەکانی نەگونجان زۆرترین هۆکاری جیابوونەوە بووەو (828) حاڵەت بووە بە ڕێژەی (14%) و لە دوای ئەویش داوێن پیسی و خیانەت بە (523) حاڵەت و بە ڕێژەی (9%) سێیەم بەرزترین هۆکاریش نەبونی ماڵی جیا بووەو (494) حاڵەت بە رێژەی (8.4%)ی هۆکاری جیابوونەوە تۆمار کراوە، بڕوانە (چارتی ژمارە (3)).
چارتی ژمارە (3)
دووەم؛ داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 2014 – 2024
هاوسەرگیری (مارەبڕین)
پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی (11) ساڵی ڕابردوودا سەرجەم ئەو گرێبەستانەی بەمەبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمار کراون ژمارەیان (497 هەزار و 252) گرێبەست بوونەوە بەزترین ئاستی ژمارە مارەبڕین لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە (55 هەزارو 896) حاڵەت، کەمترین مارەبڕینیش لە ساڵی (2016) تۆمار کراوە کە ژمارەکەی بریتی بووە لە (31 هەزار و 183) حاڵەت. (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (4)).
هاوکات هەر بەپێی داتاکان (پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) کە بریتین لەو مارەبڕینانەی لە دەرەوەی دادگا ئەنجامدراون و دواتر لە دادگاکان تۆمار کراون لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2024) ژمارەیان بریتی بووە لە (29 هەزار و 438) حاڵەت بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (5)).
کەواتە سەرجەم ئەو مارەبڕینانەی لە ناو و دەرەوەی دادگا ئەنجام دراون پێکەوە ژمارەیان (526 هەزار و 690) مارەبڕین بووەو، بە تێکڕای ساڵانە دەکاتە (47 هەزار و 881) حاڵەت و مانگانەش دەبێتە (3 هەزار و 990) حاڵەتی مارە بڕین. وەک لە خشتەی ژمارە (1) رونکراوەتەوە.
خشتەی ژمارە (1)
چارتی ژمارە (4)
چارتی ژمارە (5)
جیابوونەوە (تەڵاق)
بەپێی داتاکان لە ماوەی (2014 - 2024) ژمارەی هەڵوەشانەوەی خێزان بریتی بووە لە (108 هەزار و 428) حاڵەتی جیابوونەوەو کە بە تێکڕا؛ ساڵانە (9 هەزار و 857) حاڵەت، مانگانە (821) حاڵەت و هەموو رۆژێک (27) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. (وەک لە خشتەی ژمارە (1))دا هاتبووە.
هەر بەپێ ئامارەکان ساڵی (2023) بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی گەیشتووە بە (14 هەزار و 312) حاڵەت. (چارتی ژمارە(6)).
کەواتە هەر بەپێی داتاکان ژمارەی لێکجابوونەوەکان بەراورد بە تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێم لە ساڵی (2014) لە رێژەی (18%)ەوە بۆ ساڵی (2024) بەرزبووتەوە بۆ (24%).
چارتی ژمارە (6)
ڕێگەپێدان بە هێنانی ژنی دووەم
پاڵپشت بە داتاکان لە (11) ساڵی ڕابردوودا (هەزار و 65) حاڵەت؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (97) حاڵەت، مانگانە (8) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت.
بەرزترین حاڵەتی ڕێگەدان بە هێنانی ژنی دووەم لە ساڵی (2016) تۆمارکراوە کە (239) حاڵەت و کەمترینیشی لە ساڵی (2017) بووە کە (41) حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (7))
چارتی ژمارە (7)
سێیەم؛ داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر پارێزگاکانی هەرێم 2014 – 2024
هاوسەرگیری (مارەبڕین)
بەپێی داتاکان لە ماوەی (11) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر (184 هەزار و 466) حاڵەتی مارەبڕین و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و (171 هەزار و 534) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (125 هەزار و 311) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (15 هەزار و 941) حاڵەتی مارەبڕین لە ئیدارەی گەرمیان تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 - 11))
جیابوونەوە و تەڵاق
بەپێی داتاکان لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2024) پارێزگای هەولێر (41 هەزار و 737) حاڵەتی تەڵاقی تێدا تۆمار کراوەو پارێزگای سلێمانیش بەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە کە بریتی بووە لە (44 هەزار و 544) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (17 هەزار و 428) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (4 هەزار و 709) حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 - 11)).
پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی
لە (11) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمارکراوە کە (11 هەزار و 179) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و بە (9 هەزار و 870) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (8 هەزار و 170) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە تەنها(219) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 - 11))
خشتەی ژمارە (2)
چارتی ژمار (8)
چارتی ژمار (9)
چارتی ژمار (10)
چارتی ژمار (11)
سەرچاوە: ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمی كوردستان
