Draw Media

مامۆستا كەمال پێنج منداڵی پزیشكە

مامۆستا كەمال پێنج منداڵی پزیشكە

2025-03-14 11:12:02



 
درەو:

مامۆستا كەمال خدر پەستەك سۆر كە خەڵكی شاری كۆیەیەو لە هەولێر دادەنیشێت، شەوی رابردوو لەلایەن زاواكەیەوە (د. سیروان مەحمود) خۆی و هاوسەری و دووكچی كوژران و نەوەیەكیشی برینداركراوە، لە بیرەوەرییەكانیدا كە دەنوسێت: ھەرچەندە من باش لەوە گەیشتووم کە ژن ھێنان و منداڵ دروست کردن چەندەی خۆشی ژیان تێدایە ئەوەندەش تووشی کۆمەڵێ بەرپرسیارەتی گرانت دەکا.
مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، لە پرسەنامەیەكدا دەڵێت: مامۆستا كەمال خدر پەستەك سۆر هاوڕێ و کەسایەتی ڕۆشنبیرو پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعیمان بووە.
کەمال خدر مستەفا ناسراو بە "پەستەک سۆر" لە ساڵی 2017 کتێبی بیرەوەریەکانی خۆی نووسیوەتەوە لە ژێر ناونیشانی (بەسەرھات و بیرەوەرییەکان).

هیوا سەید سەلیم نوسینێكی لەسەر مامۆستا كەمال و بیرەوەرییەكانی بڵاوكردووەتەوەو لە نوسینەكەیدا هاتووە: 

مامۆستا كەمال لە لاپەڕە 83 کتێبی بیرەوەرییەكانیدا نووسیوەیەتی:-
"ھەرەتم بوو، حەزم بەژیانێکی ھێمن دەکرد، حەزم دەکرد ژن بھێنم و ماڵ و منداڵم ھەبێ، ئەو ساڵانەی پێش ژن ھێنانم زۆر شەکەت بووم"
لە بەشێکی دیکەی بیرەوەریەکانی نووسیوەیەتی:
"ھەرچەندە من باش لەوە گەیشتووم کە ژن ھێنان و منداڵ دروست کردن چەندەی خۆشی ژیان تێدایە ئەوەندەش تووشی کۆمەڵێ بەرپرسیارەتی گرانت دەکا. بە تایبەتی منداڵ ئەگەر باش پەروەردە کرا ئەوە رەحمەتێکە بۆ خۆی و خێزان و گەل و نیشتمانەکەی، خۆ جاری وا بووە منداڵ لەدەست دەرچووە بوو بەبەڵ بەھۆی درووستکردنی سەر ئێشە بۆ خۆی و خێزانەکەی."
کەمال خدر، لە 1/7/1970 ھاوسەرگیری لەگەڵ سەباحەت کردووە کە ئەویش لەگەڵ کەمال و دوو کچەکەی بوو قوربانی جۆری دووەم لە پەروەردەی خێزان بۆیە نووسیویەتی:
من لە لایەنی خوێندن و پەروەردەکردنی منداڵەکانم سەرم ئاسوودەیە:
-    منداڵی دووەمم دکتۆرە (سانا) کە پزیشکی بواری منداڵ بوونەو ماستەر و دکتۆرای لەم بوارە بەدەستھێناوە.
-    منداڵی سێیەمم دکتۆر(سەھەند) دکتۆراکەی لە زانکۆی (نۆتنگام) ھێناوە.
-    منداڵی چوارەمم (سیابۆ) بەکالۆریسی لە ماتماتیک هەیە.
-     منداڵی پێنجەمم (سایە) پزیشکی پێستە
-     منداڵی شەشەمم (ھەرێم) پزیشکی گشتییە لە بواری چاو
-     منداڵی حەوتەمم (سەناریا ) پزیشکی گشتییە.
-     منداڵی ھەشتەمم خوێندکاری کۆلیژی دەرمانسازییە.


مامۆستا  كەمال خدر پەستەك سۆر  
- ساڵی ١٩٤٠ لەگەرەكی بایز ئاغای شاری كۆیە لە دایكبووە .
- ⁠-خوێندنی سەرەتای لە قوتابخانەی ئولای كۆیە و خوێندنی ناوەندی لە كۆیە تەواوكردووە .
- ⁠-ساڵی ١٩٥٦ لە خانەی مامۆستایانی بەعقوبە وەرگیراوە.
- ⁠-ساڵی ١٩٦٠ بە مامۆستا لە گوندی باغەجنێر لە كۆیە دامەزراوە دواتر گواستراوەتەوە قوتابخانەی باواجی لە ناو شاری كۆیە تاكو كودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ .
- ⁠-لە ماوەی مامۆستایەتیدا لەم قوتابخانانە ش بە ئەركی پیرۆزی پەروەردە هەڵساوە” بەیان ، حاجی قادر” لەكۆیە و كورەك و بنەسڵاوە و زەهاوی لە هەولێر و ماوەیەكیش دورخراوەتە بۆ شاری رومادی”
- ⁠لە ساڵی ٢٠٠٦ خانەنشیكراوە.
- ⁠-مامۆستا كەمال لە ساڵی ١٩٧٠ هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا سەباحەت زاهیر  كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand