بەهای هەناردەی شەمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە نێوان ساڵانی 2023 و 2024
.jpg)
2025-03-13 19:28:58
راپۆرتی: درەو
🔹 هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە (11.2 ملیار) دۆلار، بەراورد بە ساڵی (2023) کە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتبووە (11 ملیار) دۆلار، واتا بەڕێژەی (2.33%) زیادیکردووە.
🔹 هەناردەکردنی زێڕی تورکیا بۆ عێراق بەڕێژەی (36%) دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی (2023) بە بەهای (ملیارێک و 580 ملیۆن) دۆلار زێڕ هەناردەی عێراق کراوە، کەچی لە ساڵی (2024) بۆ تەنها (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە.
🔹 هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2024)دا تەنها (548 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لەساڵی (2023)دا (693 ملیۆن) دۆلار بووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لە لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزایی پێکهاتووە.
🔹 ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان هەناردەکردن و هاوردەکردن بە ڕێژەی (95%)، هاوسەنگی بازرگانی عێراق توشی کورتهێنانێکی گەورەی (10.7 ملیار) دۆلاری کردووەتەوە لەگەڵ تورکیا.
یەکەم؛ بەهای هەناردەی شمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا
لەساڵی (2024) تورکیا بەبەهای زیاتر لە (11 ملیار و 276 ملیۆن و 17 هەزار) دۆلار دەیان جۆر شمەک و کاڵاو کەلوپەلی کاڵای جۆربەجۆری هەناردەی عێراق کردووە، هەناردەکردنی زێڕ لە سەرووی ڕیزبەندی ئەو کەلوپەلانەیە کە لە تورکیاوە هەناردەی عێراق کراوەو بەهاکەی بریتی بووە لە سەروو (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلار و بە نزیکەی ڕێژەی (9%) کۆی بەهای ئەو کەلوپەلانەیە کە هەناردەی عێراقی کردووە. لە دوای زێڕیشەوە ئامێرە کارەباییەکان دێت کە کۆی بەهاکەیان (650 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە بەڕێژەی (5.77%)ی بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان، دواتریش کەلوپەلی میکانیکییەکان پلەی سێیەمی هەناردەکردنی ئەو وڵاتەی بۆ عێراق گرتووە بە بەهای نزیک لە (620 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (5.5%)ی کۆی بەهای ئەو کاڵایانەی هەناردەی کردووە پێکدەهێنێت. (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)
ئەمە لە کاتێکدایە، هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2024)دا تەنها (548 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لە لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزایی پێکهاتووە.
بەم پێیە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق (10 ملیار و 728 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (95%) زیاترە لەوەی عێراق هەناردەی تورکیای کردووە.
دووەم؛ بەهای هەناردەی شمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2023دا
لەساڵی (2023) تورکیا بەبەهای زیاتر لە (11 ملیار و 19 ملیۆن و 618 هەزار) دۆلار دەیان جۆر شمەک و کاڵاو کەلوپەلی کاڵای جۆربەجۆری هەناردەی عێراق کردووە، هەناردەکردنی زێڕ لە سەرووی ڕیزبەندی ئەو کەلوپەلانەیە کە لە تورکیاوە هەناردەی عێراق کراوەو بەهاکەی بریتی بووە لە سەروو (ملیارێک و 580 ملیۆن و 628 هەزار) دۆلار و ڕێژەی (14.34%) کۆی بەهای ئەو کەلوپەلانەیە کە هەناردەی عێراقی کردووە. لە دوای زێڕیشەوە بەرهەمە پیشەسازییەکانی ئارد دێت کە کۆی بەهاکەیان (603 ملیۆن و 671) دۆلاری تێپەڕاندووە بەڕێژەی (5.48%)ی بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان، دواتریش کەلوپەلە میکانیکییەکان پلەی سێیەمی هەناردەکردنی ئەو وڵاتەی بۆ عێراق گرتووە بە بەهای سەروو (595 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (5.4%)ی کۆی بەهای ئەو کاڵایانەی هەناردەی کردووە پێکدەهێنێت. دوای ئەویش ئامێرە کارەباییەکان دێت بە بەهای سەروو (566 ملیۆن و 316 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (5.14%)ی کۆی بەهای شمەکە هەناردەکراوەکان (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)
ئەمە لە کاتێکدایە، هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2023)دا تەنها (693 ملیۆن) دۆلاربووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزایی پێکیهێناوە.
بەم پێیە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق زۆرتر لە (10 ملیار و 326 ملیۆن 618 هەزار) دۆلاری بە ڕێژەی (93%) زیاتربووە لەوەی عێراق هەناردەی تورکیای کردووە.
سێیەم؛ بەهای هەناردەی شمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە نێوان ساڵانی 2023 و 2024
هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵی (2023) گەشەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە (11.2 ملیار) دۆلار، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی (2023) کە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتووەتە (11 ملیار) دۆلار، بەڕێژەی (2.33%) زیادیکردووە.
سەرەڕای ئەم گەشەسەندنە، هەناردەکردنی زێڕی تورکیا بۆ عێراق بەڕێژەی (36%) دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی (2023) بە بەهای بڕی (ملیارێک و 580 ملیۆن) دۆلار زێڕ هەناردەی عێراق کراوە، کەچی لە ساڵی (2024) بۆ تەنها (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە، پێشتر زێڕ (14%)ی کۆی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق پێکدەهێنا، بەڵام ئەو پشکە لە ساڵی 2024دا بۆ تەنها (9%) دابەزیوە.
بەڵام بە هەناردەکردنی کاڵاو شەمەکی دیکە توانیویەتی ئەم دابەزینە پڕبکاتەوە بکاتەوە، ئامێرە کارەبایی و میکانیکییەکان، مۆبیلیات، جلوبەرگ و فەرش گەشەیەکی بەرچاویان تۆمارکردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کۆی هەناردەی تورکیا لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە.
لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2024)دا تەنها (548 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لەساڵی (2023)دا (693 ملیۆن) دۆلار بووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لە لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزای پێکهاتووە.
لە ئەنجامی ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان هەناردەکردن و هاوردەکردن، هاوسەنگی بازرگانی عێراق توشی کورتهێنانێکی گەورەی (10.7 ملیار) دۆلاری بووەتەوە لەگەڵ تورکیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لەو سێ وڵاتە گەورە کە عێراق کورتهێنانی بازرگانی گەورەی لەگەڵدا هەبێت، هاوشانی ئیمارات و ئێران.
خشتەی قەبارەی هەناردەی شمەک کاڵای تورکی بۆ عێراق لە ساڵی 2023 و 2024
