Draw Media

عێراق لە چاوەڕوانی هاوینێکی بێ کارەبادایە!

عێراق لە چاوەڕوانی هاوینێکی بێ کارەبادایە!

2025-03-13 19:14:17


راپۆرتی: درەو

🔹 توانای خودی وێستگەکانی کارەبای عێراق لە دەوروبەری (30 گیگاوات)ە لەسەر کاغەز دوور نییە لە دابینکردنی لوتکەی خواست، بەڵام لە ڕاستیدا توانای ڕاستەقینەی وێستگەکانی کارەبا  بە کەمتر لە (60%) ی زۆرترین توانای مەزەندە دەکرێت،
🔹 جگە لە کەمی کارایی وێستگەکانی کارەبا، (58.5%)ی کارەبای بەرهەم هێنراو پێش ئەوەی بگاتە دەستی بەکارهێنەری کۆتایی لەدەست دەچێت. ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی کە لە ئەنجامی خراپی چاککردنەوە و زیانەکانی شەڕ و دزییەوە دروست دەبێت.
🔹 ئەگەر دابینکردنی غازی ئێرانی بوەستێنرێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە (10 هەزار) مێگاوات توانای بەرهەمهێنان لە سیستەمی کارەبادا.
🔹 باسم خەزرەجی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق "بە ئەنقەست دوو وێستگەی کارەبای غازی لە نزیک ئێران دروستکرد بۆ ئەوەی چارەنووسی پێداویستییەکانی وزەی عێراق بە تارانەوە ببەستێتەوە"
🔹 بەئامانجگرتنی ئێران بە گوشار خستنە سەر عێراق ئەگەری زۆرە بە پلەی یەکەم ئەو دەستکەوتە ناسکە ئابووری و ئەمنییانەی بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە بخاتە مەترسییەوە.


سەرەتا
ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ڕەتیکردەوە دەستبەرداربوون لە سزاکانی سەر هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێرانەوە نوێ بکاتەوە، ئەمەش ترسی قەیرانی وزەی لە بەغدا بەرزکردوەتەوە. لە چوارچێوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ ئەوەی کەرتی بانکی عێراقیش لە چوارچێوەی فشارەکانی واشنتۆندایە، ئەم هەنگاوە مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر دەستکەوتە هەستیارەکانی ئابووری و ئاسایشی عێراق، بەتایبەتیش وا بڕیارە لە ئەمساڵدا وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاوبنێت.
هەرچەندە هاوردەکردنی کارەبا تەنیا بەشێکی کەم لە بەکاربردنی عێراق دابین دەکات، بەڵام لە ئەگەری بەئامانجگرتنی غازی سروشتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت.
هاوکات بەهۆی کەمی غازی ناوخۆیی لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا وایکردووە هەناردەی غاز کەم بکاتەوەو چاوەڕوان دەکرێت تاران لە هاوینی ئەمساڵدا خۆی بۆ پچڕانی کارەبا ئامادە بکات و سزاکانی ئەمریکا بۆ هەموو جۆرەکانی هەناردەکردنی وزە بۆ عێراق بگرێتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی چاوەڕوان دەکرێت ڕوبەڕووی عێراق ببێتەوە، حکومەتی عێراق لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی دانوستان دەکات بۆ تەواوکردنی دوو گرێبەستی غازی شل بەشێوەی گرێبەستی درێژخایەن، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک چارەسەر کە بەغدا دوای قەیرانی وەستاندنی غازی ئێرانی پەنای بۆ بردووە.
ئێران لە 24ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بە بیانووی ئەنجامدانی چاکسازی پێویست بۆ ماوەی 15 ڕۆژ پەمپکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرتبوو، بەڵام لەو کاتەوە پێداویستییەکان بە پچڕاوی ماونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو وڵاتی قەتەر و جەزائیر هەیە بۆ هاوردەکردنی غازی شل. ڕۆژی 7ی شوباتی 2022، عادل کەریم، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق، دانوستانەکانی لەگەڵ قەتەر بۆ هاوردەکردنی غازی شل بەشێوەی گرێبەستی درێژخایەن ڕاگەیاند. لە لێدوانێکی تایبەتدا لە 24ی هەمان مانگدا، وتەبێژی وەزارەتەکە، ئەحمەد موسا، بە پلاتفۆرمی وزەی ڕاگەیاندووە؛ کە بەپێی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی قەتەر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بۆ ئەوەی ساڵانە (1.5 تەن) لە غازی پاڵەپەستۆکراوی شل هەناردەی عێراق بکات.
بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕۆژی سێشەمە 11ی ئازاری 2025 بە پلاتفۆرمی ئینێرجیی ڕاگەیاندووە: پشتڕاستی دەکاتەوە کە وەزارەتی کارەبا پابەندە بە ڕێنماییەکانی حکومەت سەبارەت بە هاوردەکردنی غاز، ناوبراو ئەوەشی وتووە: ئەگەر دابینکردنی غازی ئێرانی بوەستێنرێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات توانای بەرهەمهێنان لە سیستەمی کارەبادا.
لەم چوارچێوەیەدا حکومەت هەوڵی زۆر دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە وەزارەتی نەوت کاردەکات بۆ تەواوکردنی سەکۆیەک لە بەندەری بەسرە بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لەڕێگەی کەشتیەکانەوە.
هاوکات عێراق و تورکمانستان ڕێککەوتنێکیان هەیە بۆ هاوردەکردنی غاز لە ڕێگەی ئێرانەوە، بە کۆی گشتی (20 ملیۆن) مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەو کۆمپانیا نێوەندگیرەی کە ئەو ئەرکە ڕادەپەڕێنێت.
زیادبوونی فشارەکانی سەر عێراق
ترامپ لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، لە ساڵی 2017 تا 2021، بە بەردەوامی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ عێراق دەردەکرد بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە. ئەم سیاسەتە لە سەردەمی جۆبایدن (2021 - 2025) بەردەوام بوو. بەڵام یاداشتنامەی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆکایەتی کە ترامپ تەنها چەند هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکدا واژۆی کرد، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەو گۆڕانکارییە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنی گۆڕانکارییەکەدا پشتڕاستی کردەوە کە "پێداچوونەوە" بۆ هەموو ئەو دەستبەرداربوونانەی سزاکانی ئێستا دەکات کە "هەر پلەیەک لە یارمەتی ئابووری یان دارایی بە ئێران دەبەخشن".
میدیا عێراقییەکان ئەم پێشهاتەیان وەک "ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ عێراق لە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی وزەی بەدیل" نیشان دا، تیشکیان خستە سەر هەوڵەکان بۆ هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە، پڕۆژەیەک کە بەهۆی ئاستەنگی دارایی و لۆجستییەوە کۆسپی بۆ دروست بووە. دەزگا عەرەبییە هەرێمییەکان ئەو بڕیارەیان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر عێراق زانی و دەیانگوت ترەمپ "لە پاڵ ئێران سزای عێراق دەدات" و هۆشداریشیان دا لە "بەغدا لە چاوەڕوانی قەیرانی کارەبادایە". چارتی ژمارە (1) بەکاربردن و بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی غازی شل لە ماوەی (2017 بۆ 2023) لە عێراق نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (1)


لە هەفتەکانی پێش ئەم گۆڕانکارییەدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەمریکا کرد کە ڕێگە بدات دەستبەرداربوونەکان تا ساڵی 2028 بەردەوام بێت، ئەو ساڵەی عێراق پێشبینی دەکات "سەربەخۆیی وزە" بەدەستبهێنێت. بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەستبەرداربوونی پێشووی ئەمریکا لە 8ی ئازار، بەپێی زانیارییەکان سودانی ڕایگەیاندووە کە عێراق پابەند دەبێت بە سزاکانی ئەمریکاوە.
هەروەها ترسی قەیرانی وزەی لەماوی نزیکدا لە سۆشیال میدیای عێراقیش ڕەنگدانەوەی هەبوو، یەکێک لە شرۆڤەکاران بە ناڕەزایی دەربڕی کە عێراق "چاوەڕوانی هاوینێکی گەرم دەکات بەبێ کارەبا". هەندێکی تریش هەوڵیاندا تیشک بخەنە سەر ئەوەی کە تا چەند کێشەکانی وزەی عێراق لە تەنها ململانێ لەسەر هاوردەکردنی گاز و کارەبا زیاتر درێژدەبێتەوە. هەندێکی دیکەش باسیان لەوە کردووە ئەو قەیرانی وزەیەی کە لە ئارادایە، بە مەبەست و هەوڵی هاوبەشی هاوپەیمانانی ئێرانە لە عێراق بۆ ئەوەی بەغدا وابەستەی تاران بێت.
هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی لێخۆشبوونی هاوردەکردنی کارەبا، بەرپرسانی ئەمریکا هانی عێراقیان دا کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە غازی سروشتی هاوردەبکات ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕایانگەیاندووە؛ "دەرفەتێک دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ناوخۆی عێراق".  چارتی ژمارە (2) هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە لە ساڵانی (2004 بۆ 2023) بۆ عێراق نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (2)


هاوکات داوای سزادانی زیاتری ئەمەریکا بۆ سەر بانکی ڕافیدەین کە سەر بە دەوڵەتە، بووەتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵی لە کەرتی بانکی عێراقدا. لە 30 کانونی دووەم، کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی ئیدعای کرد کە ئەو دامەزراوەیە بووەتە "ئامێری سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی". لە مانگی شوباتدا، ڕاپۆرتی دواتر دەرکەوت کە بانکی ناوەندی عێراق، دوای کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەنگاوی ناوە بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ پێنج بانکی ناوخۆیی بە دۆلاری ئەمریکی و سنووردارکردنی دەرهێنانی دۆلار.

شکستهێنان لە هەمەچەشنکردن
عێراق لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زۆر پشتی بە هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە بەستووە، دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و سزا نێودەوڵەتییەکان کە بەشێکی زۆری ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی لەناوبرد. سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە، بەڵام دامەزراوەی پێویستی پرۆسێسکردنی غاز و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان. ئەم واقیعە وایکردووە هاوردەکردنی وزەی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە پچڕانی بەربڵاوی کارەبا، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا کە پلەکانی گەرما 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، وایکردووە کە هاوردەکردنی وزەی ئێران پێویست بێت.
ئێران لە ڕووی دابینکردنی ڕاستەوخۆی کارەباوە یاریزانێکی سەرەکی نییە، بە تێکڕا تەنها (1.2 گیگاوات) هەناردەی عێراق دەکات، کە بەشێکی کەمی داواکارییەکان پڕدەکاتەوە. بەڵام گازی سروشتی ئێران سووتەمەنی بە چەندین وێستگەی کارەبا لە باشووری وڵات و هەروەها دامەزراوەی بیسمایە بە توانای (3 گێگاوات) لە بەغدا سووتەمەنی دابین دەکات. سەرچاوەیەکی باڵای پیشەسازی عێراق پێشتر بە ئەمواج میدیای ڕاگەیاندبوو، قەبارەی هاوردەکردنی غازی گرێبەستکراو کە (50 ملیۆن) مەتر سێجایە، دەتوانرێت کەمێک زیاتر لە یەک لەسەر سێی دابینکردنی غاز کەڵک وەربگیرێت. وەزارەتی کارەبای عێراق بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر ئەم بابەتە دوای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە قەدەغەکردنی کارەبای ئێران. چارتی ژمارە (3) پشت بەستنی عێراق بە وزەی ئێران لە ساڵانی (2010 بۆ 2023) نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (3)


بەڵام ڕاستییەکی دیکە هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت: هەناردەی غازی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی لە خوار قەبارەی گرێبەستکراوەوە دابەزیوە بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانەش خواستی زۆری ناوخۆیی لە ئێران و نەدانی پارەی لەلایەن عێراق و کەڵەکەبوونی قەرزەکان. وەزارەتی کارەبای عێراقیش ئەمەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە تاران پێشتر هەناردەکردنی بۆ بسمایە ڕاگرتبوو و وێستگەکانی کارەبای باشووریش کاریگەرییان لەسەر بوو. ماوەی چەند مانگێکە ئێران ڕووبەڕووی کەمیی بەرهەمی ناوخۆیی بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە مانگەکانی هاوینی داهاتوودا، وەزارەتی وزەی ئێران پێشبینی کورتهێنانی دابینکردنی (25 هەزار مێگاوات) دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە دوور نازانرێت هەناردەی غاز بە دەستبەرداربوون لە سزاکانی ئەمریکا یان بەبێ دەستبەرداربوون لە سزاکان بەدی بهێنرێت. بەم شێوەیە، چاودێرانی ئاگادار بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە قەدەغەکردنی تەواوەتی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنی وزەی ئێران بۆ عێراق، لانیکەم لە ڕووی سیاسی و مامناوەندەوە دەتوانێت ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ تاران و ڕێگەی پێدەدات واشنتۆن تاوانبار بکات بەهۆی هەر شکستهێنانێک لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی. گومانی تێدا نییە کە هەناردەکردنی وزە داهاتی زۆر پێویستی دراوی قورس بۆ ئێران دابین دەکات. بەڵام گەمارۆ بانکییە جیاجیاکانی ئەمەریکا لەمێژە ئاستەنگیان لە توانای ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بەو جۆرە داهاتانە خستووەتە بەردەم، لەوانەش سنووردارکردنی بە چالاکییە سزانەدراوەکانی وەک هاوردەکردنی خۆراک. چارتی ژمارە (4) هاوردەکردنی کارەبای ئێران لە ساڵانی (2004 بۆ 2023) بۆ عێراق نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (4)


هەروەها ڕەهەندێکی سیاسی عێراقیش هەیە کە پێویستە لەبەرچاوی بگرێت کە لە مێژە تۆمەتەکان باس لەوە دەکەن کە پشتبەستنی بەغدا بە وزەی ئێران زیاتر بە هۆی هاوپەیمانی نوخبە و سیاسییەکانی شیعەی وڵاتەوەیە نەک واقیعی ماددی. لەم چوارچێوەیەدا، شرۆڤەکاری عێراقی باسم خەزرەجی، دوابەدوای کۆتایی هاتنی وازهێنان لە سزاکان لەسەر هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق (2006 - 2014) "بە ئەنقەست دوو وێستگەی کارەبای غازی لە نزیک ئێران دروستکرد بۆ ئەوەی چارەنووسی پێداویستییەکانی وزەی عێراق بە تارانەوە ببەستێتەوە". وێنەی گەورەتر ئەوەیە کە بە جێبەجێنەکردنی ئەرکە گرێبەستییەکانی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی تۆمەتی زیانبەخشی لێکەوتەوە کە کەمکردنەوەی هەناردەکردن وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بەکاردەهێنرێت.
لە کاتێکدا بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام بدات، پێدەچێت پچڕانی کارەبا لە مانگەکانی هاوینی داهاتوودا فشار بخاتە سەر سودانی کە پێدەچێت داوای خولی دووەمی پۆستەکەی بکات. بەڵام ئەگەری هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی جەماوەری لەسەر پچڕانی کارەبا گەرەنتی نییە کە سوودی بۆ نەیارانی ئێران لە عێراقدا هەبێت. ئەم داینامیکییانە ئەوە دەردەخەن کە تاکە نەگۆڕ ئەوەیە کە بەئامانجگرتنی ئێران بە گوشار خستنە سەر عێراق ئەگەری زۆرە بە پلەی یەکەم ئەو دەستکەوتە ناسکە ئابووری و ئەمنییانەی بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە بخاتە مەترسییەوە.

بە هەمەچەشنیکردن ئامادەیە، بەڵام درەنگ وەختە
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق چاوپۆشییان لە پێویستی بەپەلە نەکردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هەمەچەشنکردنی دابینکەرانی وزە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکادا. لە ڕاستیدا بەرپرسانی عێراقی لە مێژە پێیان وایە پشتبەستن بە ئێران بۆ وزە بابەتی پێویستییە نەک پەسەندکردنی سیاسی، بەو پێیەی سەرچاوەی بەدیل پێویستیان بە پەرەپێدانی ژێرخانی کات بەفیڕۆدەر هەیە. تا ئێستا ئەم داواکارییەی دوایی پێویستی بە گۆڕانکاری بەرەو دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی هەبووە.
عێراق لە ساڵی 2022 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو واژۆکرد بۆ بەستنەوەی پارێزگاری بەسرە باشووری وڵات بە تۆڕەکانی کارەبای وڵاتانی دراوسێ. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ سعودیە ڕێککەوتنێک بۆ (435 کیلۆمەتر) بەرامبەر (270 میل) هێڵی کارەبای نوێ بە توانای (1 گیگاوات) واژۆ کرا، کە عەرعەر لە باکووری سعودیە بە یوسفیە لە نزیک بەغدا دەبەستێتەوە. دەسەڵاتداران و بەرپرسانی سعودیە ئەو پڕۆژەیەیان بە بەشێک لە دیدگای 2030ی ڕیاز و هەنگاوێک بۆ دروستکردنی بازاڕی کارەبای ناوچەیی وەسف کرد. لەو چوارچێوەیەشدا عێراق ساڵی ڕابردوو گرێبەستی هاوردەکردنی کارەبای لە ئوردنەوە واژۆکرد. چارتی ژمارە (5) پشت بەستنی عێراق بە کارەبای ئێران لە ساڵانی (2004 بۆ 2023) نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (5)


تەنها چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی ئەمریکا ڕایبگەیەنێت کە ئەو دەستبەرداربوونە نوێ ناکاتەوە، کە ڕێگە بە عێراق دەدات کارەبای ئێرانی بکڕێت، بەغدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "پلانێکی فریاگوزاری بۆ هاوین" لە شوێنی خۆیدا هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە تاران دەتوانێت سێیەکی ئەو (3 گیگاوات)ە چاوەڕوانکراوە لە توانای هاوردەکراو دابین بکات. بەگوێرەی ئەو پلانە، تورکیا دابینکردنەکەی دوو هێندە دەکات بۆ (600 مێگاوات) و (500 مێگاوات)یش لە تۆڕی عەرەبی کەنداو کە تاڕادەیەکی زۆر تەواو بووە و (150 مێگاوات)یش لە ئوردنەوە دابین دەکرێت. بەڵام بەو پێیەی کورتهێنان لە مانگەکانی هاویندا بە شێوەیەکی ئاسایی دەگاتە (5000 مێگاوات)، پێدەچێت پچڕانی کارەبا ڕووبدات.
سەبارەت بە وزەی نوێبووەوە، بەغدا گرێبەستی دروستکردنی وێستگەی وزەی خۆر لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی تۆتاڵی فەرەنسی و کۆمپانیای ACWA Power ی سعودیە و مەسدەری ئیماراتی واژۆ کردووە. بەڵام پێشبینی ناکرێ هیچ کام لەم پڕۆژانە بۆ ساڵانێک بێتە سەرهێڵ، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بە کۆی گشتی نزیکەی (7.5 گیگاوات) بەشداری لە تۆڕەکەدا بکەن. بەهەمان شێوە لە کاتێکدا دەرهێنانی غاز لە کوردستانی عێراقدا توانای بەرچاوی هەیە، بەڵام بەدیهێنانی دەرئەنجامێکی ئاسان نییە، پێشبینی دەکرێت ساڵانێکی زۆری بخایەنێت. چارتی ژمارە (6) هاوردەکردنی غازی سروشتی ئێران لە ساڵانی (2017 بۆ 2023) بۆ عێراق نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (6)


هەرچەندە "توانای خودی" وێستگەکانی کارەبای عێراق لە دەوروبەری (30 گیگاوات)ە، لەسەر کاغەز دوور نییە لە دابینکردنی لوتکەی خواست، بەڵام هەندێک لە پسپۆڕان بەرهەمی ڕاستەقینە بە زۆر کەمتر لەم ژمارەیە مەزەندە دەکەن. لە ڕاستیدا توانای ڕاستەقینەی وێستگەکانی کارەبا کە بە کەمتر لە (60%) ی زۆرترین توانای مەزەندە دەکرێت، هۆکاری ئەوەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە سووتەمەنی گونجاو. جگە لە کەمی کارایی وێستگەکانی کارەبا، هەندێک لە شارەزایان پشتڕاستیان کردووتەوە کە (58.5%)ی کارەبای بەرهەم هێنراو پێش ئەوەی تەنانەت بگاتە دەستی بەکارهێنەری کۆتایی لەدەست دەچێت. ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی کە لە ئەنجامی خراپی چاککردنەوە و زیانەکانی شەڕ و دزییەوە دروست دەبێت. لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی کارایی، ڕەنگە ڕێگایەک بێت کە بەغدا کۆنترۆڵی زیاتری بەسەردا بێت.


سەرچاوەکان
-    امواج میدیا؛ تحليل معمق: العراق بين الأزمة والفرصة بعد إنهاء أميركا إعفاءه من شراء الكهرباء الإيرانية، 10/3/2025؛
https://shorturl.at/7Sjso
-    عبدالرحمن صلاح، حصري - العراق يتفاوض مع دولتين عربيتين لاستيراد الغاز المسال 11/3/2025؛
https://shorturl.at/3WaKm

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand