Draw Media

ئەنجومەنی دادوەریی دژی دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات

ئەنجومەنی دادوەریی دژی دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات

2025-02-05 11:51:33


(درەو):
بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دادگاكانی پابەندكرد بە جێبەجێكردنی هەر سێ یاسای (لێبوردن- گەڕاندنەوەی موڵكەكان- هەمواری باری كەسێتیی)، بەمەش جارێكی تر دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەریی دەكەونەوە بەرامبەر یەكتر. 
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبووەوە، تاوتوێی پرسی بڕیارە سالارییەكەی (ولائی)ی دادگای باڵای فیدراڵی كرد سەبارەت بە راگرتنی كاركردن بە هەرسێ یاسای (لێبوردنی گشتیی- هەمواری باری كەسێتیی- گەڕاندنەوەی موڵكەكان) كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا. 
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەڵێ: بڕیارە سالارییەكان بڕیاری كاتین و هێزی كۆتایی و پابەندكەریان نییە، كە ئەمە سیفەتی هاوەڵە لە هەموو حوكمە بنبڕەكاندا. 
لەسەر بنەمای ئەم شیكردنەوەیە بۆ بڕیاری سالاریی، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دادگاكانی عێراق پابەند دەكات بە جێبەجێكردنی ئەو سێ یاسای كە رۆژی 21ی مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردووە، بۆ ئەمەش پەنای بۆ ماددەی (129)ی دەستور بردووە كە رێگری دەكات لە پەكخستنی جێبەجێكردنی یاساكان ئەگەر هاتوو بڕیارێكی بنبڕ دەرنەچوو بوو لەبارەی نادەستورییبوونیان یاخود هەڵوەشاندنەوەیان لەلایەن ئەو لایەنەی كە دەریكردوون. 
بەم بڕیارە جارێكی تر ناكۆكی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەركەوت.
 رۆژی 21ی مانگی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یەك دەنگدان هەر سێ یاسای پەسەندكرد، یاساكان ماوەیەكی زۆر بوو لەنێوان شیعەو كوردو سوننەدا مشتومڕیان لەسەر بوو، بۆیە هەندێكیان كرابوون بە بەشێك لە بەرنامەی كاری كابینەی محەمەد شیاع سودانی. 
یاساكان ئەمانەن: 
-    یاسای لێبوردنی گشتیی: ئەمە خواستی پێكهاتەی سوننەی لەسەر بوو، بەوپێیەی هەزاران كەس لە خەڵكی ئەم پێكهاتەیەك لەساڵانی رابردوودا لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە بەتاوانی تیرۆر حوكمدرابوون، بەشێك لەمانە تەنیا راپۆرتی هەواڵدەری نهێنیان لەسەر بووەو سەركردەكانی سوننە دەڵێن بەزۆر دانپێدانانیان لێوەرگیراوە، بۆیە سوننە بە دەرچوونی ئەم یاسایە دەستكەوتێكی سیاسی گەورەی دەستكەوت. 
-    یاسای گەڕاندنەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان: ئەم یاسایە خواستی كوردی لەسەر بوو، بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵكانەی كوردو پێكهاتەكانی تری وەكو توركمانە لە ناوچە جێناكۆكەكان بەهۆی هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە (بەعس)، بەشێك لە شیعەكان لەم یاسایە ناڕازین و دەڵێن بەهۆی ئەم یاسایەوە بەشێكی زۆر لە "تیرۆرستان" ئازاد دەكرێن كە بەوتەی ئەوان خەڵكیان كوشتووە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانتارێكی شیعە ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی ئەم یاسایەوە ئەو فەرمانی دەستگیركردنەش هەڵدەوەشێتەوە كە دادگای عێراق لەسەر كەیسی كوشتنی هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بۆ (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمریكا دەریكردووە. 
-    یاسای هەمواری باری كەسێتیی: ئەم یاسایە لەسەر داوای شیعەكان داواكرا، یاساكە رێگە بە جێبەجێكردنی فیقهی جەعفەری دەدات و بەپێی ئەوەش دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم بەشوودانی كچانی خوار تەمەن، ئەمە بەلای شیعەكانەوە گرنگ بوو لەو ڕوانگەی مەزهەبی شیعە بەسەر ناسنامەی عێراقدا زاڵ ببێت، بەڵام یاساكە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی زۆری هێزو گروپە مەدەنییەكان بووەوە.    
لەدوای پەسەندكردنی ئەم سێ یاسایەوە، تەنیا (یاسای لێبوردنی گشتیی) چووە بواری جێبەجێكردن، چونكە لە دەنگداندا وا دانراوە ئەم یاسایە لە رۆژی پەسەندكردنەوە دەچێتە بواری جێبەجێبەكردنەوە، دوو یاساكەی تر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاونەكراونەتەوەو نەچونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. 
دوێنێ لەسەر بنەمای پێنج تانە كە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە تۆماركراون، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمانێكی سالاریی كاركردنی بە هەرسێ یاساكە راگرت تا ئەوكاتەی ئەنجامی سكاڵاكان یەكلادەبنەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاردانەوەی توندی سوننەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، تا ئەو رادەی كەسێكی وەكو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم دادگای فیدراڵی بەوە تۆمەتباركرد بە سیاسی كراوە.
ئەوانەی سكاڵایان لەسەر یاساكان تۆماركردووە باس لەوە دەكەن هەندێك لە یاساكان نادەستوریین، هەنێكی تر سكاڵایان لەسەر دانیشتنی رۆژی 21ی مانگی رابردووی پەرلەمان هەیەو دەڵێن لەڕووی پەیڕەوییەوە نابێت سێ یاسا لە یەك كاتداو بەیەكەوە دەنگدانیان بۆ بكرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand