Draw Media

مەرجەكانی وەرگرتنی (12) موچەو (6) موچەی خانەنشینی چیە؟

مەرجەكانی وەرگرتنی (12) موچەو (6) موچەی خانەنشینی چیە؟

2025-01-31 19:08:20



درەو:

فەرمانبەرێك كاتێك خانەنشین دەبێت (6) موچەی مۆڵەتی كۆكراوەو (12) موچەی تەواوەتی وەردەگرێت، مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو دوو موچەیە چیەو پەیوەندیان بەیەكەوە چیە؟ هەردووكیان پێكەوە ئەدرێت یان یەكێكیان بدرێت ئەوەی تریان نادرێت؟
(پاداشتی كۆتایی راژە) و(موچەی مۆڵەتی كۆكراوە )

دووەم/ موچەی مۆڵەتی كۆكراوە (6) موچەی بنەڕەتی
موچەی مۆڵەتی كۆكراوە لە زمانی ناو فەرمانگەكاندا پێی دەوترێت (ئیكرامیە) ئەم موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە بە دوورو نزیك پەیوەندی بە مافەكانی خانەنشینیەوە نیە، بەپێی مادەی (45) لە یاسای خزمەتی مەدەنی كاتێك كە فەرمانبەرێك هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت مافی خۆیەتی موچەی مۆڵەتی كۆكراوەی (180) رۆژی پێبدرێت كە دەكاتە (6) مانگ، ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە فەرمانبەر مافی ئەوەی هەیە لەمانگێكدا (3) رۆژ مۆڵەت و لە ساڵێكدا (36) رۆژ مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام فەرمانبەر ئەو مۆڵەتانەی وەرنەگرتووە، یاسادانەر، بواری داوە ئەو مۆڵەتانەی كەڵەكە بووە، تا (180) رۆژی مۆڵەت بە موچە خەرجی دەكات، لەسەرو (180) رۆژەكەشیەوە دەكرێت بە خزمەتی خانەنشینی و ئەچێتە سەر خزمەتی خانەنشینیی فەرمانبەرەكە.
لەبەر ئەوەی كەسێك كە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت مافی خۆیەتی موچەی بنەڕەتی مۆڵەتی كۆكراوەی بۆ خەرجبكرێت، بۆ (180) رۆژ كە دەكاتە (6) مانگ، واتا مەرج نیە هەموو فەرمانبەرێك ئەمەی بۆ خەرجبكرێت ئەكرێت فەرمانبەرەكە لە ژیانی فەرمانبەریدا مۆڵەتی زۆر كردبێت یان ئیحتیمالە (50) رۆژ یان (100) رۆژ مۆڵەتی هەبێت، بەقەدەر ئەو رەسیدەی مۆڵەتەی هەیەتی بۆی خەرجدەكرێت بەمەرجێك نەچێتە سەرو (180) رۆژەوە، ئەم موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە مەرج نیە تەنیا لە خانەنشینیدا خەرجبكرێت بەڵكۆ فەرمانبەرێك كاتێك دەستلەكاركێشانەوە دەدات بە فەرمانگەكەی و فەرمانگەكەی رەزامەندی بۆ دەكات لەو حاڵەتەشدا بۆی هەیە ئەو مۆچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە وەربگرێت با خانەنشینیش نەبووبێت، ئەمەش بە گوێرەی بڕگەی (2) لە مادەی (49) لە یاسای خزمەتی مەدەنی.
یاسادانەر ئەمەی لەبەر چی كردووە؟، فەرمانبەر ژیانی وەستاوەتە سەر ئەوەی (30) رۆژ جارێك موچەی وەرگرتووەو ئێستا خانەنشین بووەو لەوانەیە (2-3) مانگی پێ بچێت تا مامەڵەی خانەنشینیەكەی دەگەڕێتەوە، یاسادانەر ئەو مافەی داوە بە فەرمانبەرەكە ئەو پارەیەی لەبەردەستدا بێت تا ئەوكاتەی كە مافی خانەنشینیەكەی بۆ جێگیر دەكرێت و موچەی خۆی وەردەگرێت.
ئەگەر فەرمانبەرێك موچەی بنەڕەتیەكەی (509) هەار دینار بێت، موچەی (6) مانگی دەكاتە (3 ملیۆن و 54 هەزار) دیناری پێدەدرێت و لەبەردەستیدا دەبێت تا ئەوكاتەی موچەی خانەنشینیەكەی وەردەگرێت.

دووەم: پاداشتی كۆتایی راژە (12) موچەی خانەنشینی
ئەم (12) موچەیەی كە دەدرێت بە فەرمانبەر لەكاتی خانەشنین بوونیدا، بە گوێرەی یاسای ژمارە (9) ساڵی 2014 بڕیاری لێدراوە وە یەكەمجارە لە تەشریعی عێراقیدا مافی ئاوا بدرێت بە فەرمانبەر ئەمەش وەكو ئیمتیازێكە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی (25) ساڵ خزمەتیان كردووە لە بواری وەزیفیدا (لە 25 ساڵ یەك رۆژ كەمتر بێت ئەو 12 موچەیە شمولی ناكات)، یاسادانەر بڕیاریداوە بۆ هەر فەرمانبەرێك (25) ساڵ و زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا موچەو دەرماڵەی (12) مانگ وەردەگرێت كە دوایەمین موچەو دەرماڵەی وەریگرتووە حیسابە، واتا ئەگەر فەرمانبەرێك كە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت موچەكەی (ملیۆنێك و 500 هەزار) دینار بوبێت لەم حاڵەتەدا، (12) موچەی (ملیۆن و 500) هەزار دینارەی پێدەدرێت كە دەكاتە (18 ملیۆن) دینار، لەرووی یاساییەوە پێی دەوترێت (پاداشتی كۆتایی راژە) ئەمەش پەیوەندی بە مۆچەی مۆڵەتی كۆكراوەوە نیە واتا (6) موچەكە، ئەویان سەربەخۆ وەردەگیرێت و ئەمیشیان سەربەخۆ وەردەگیرێت.
لەمەیاندا (12 موچەكە) مەرجە فەرمانبەر (25) ساڵ خزمەتی هەبێت، لەمەیاندا موچەو دەرماڵەكە پێكەوە وەردەگرێت، بەڵام لە موچەی مۆڵەتی كۆكراوە (6 موچەكە) تەنیا موچەی بنەڕەستی (ئیسمی) وەردەگیرێت، ئەم دوانە پەیوەندیان بەیەكەوە نیەو كەسیان نابن بە بەدیلی ئەوەی تر، وەك كەسیان مەرج نین بۆ ئەوەی تر ، دوو یاسای جیاواز رێكی خستوون و پەیوەندییان بە دوو بابەتی جیاوازەوە هەیە.

 

* ئەم بابەتە لە چاوپێكەوتنێكی (درەو) لەگەڵ عەبدولقادر ساڵح شارەزایی یاسایی وەرگیراوە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand