لە هاوسەرگیریی مەدەنییەوە بۆ هاوسەرگیریی تائیفی

2025-01-26 08:34:43
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە ساڵانی رابردودا، لە زۆرێک لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی عێراق و کوردستاندا نارەزاییەکی بەرفروان و فرەجۆر بەرامبەر پلانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، هاتەکایەوە. چەندان رێکخراو و هێزی مەدەنی، هەزارەها چالاکەوانی بواری پاراستنی مافی ژنان، چەندان ڕێکخراوی جیهانی، لەناویاندا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوی «چاودێریکەری مافەکانی مرۆڤ»، هیومان رایتس ۆچ، بەگژ پلانی هەموارکردنەوەکەدا چوونەوە و رەخنەی قورس و وێرانکەریان لێگرت. هەموو ئەم لایەنانە هەوڵی هەموارەکردنەوەکەیان وەک پاشکشەیەکی بەرچاو وهەوڵدان بۆ ژێرپێنانی مافەکانی ژنان و مافی کچانی منداڵ نرخاند، لەراستیدا وەک عەیب و عارێکی یاسایی و ئەخلاقی گەورە مامەڵەیان کردوە. لەسەر ئەو بنەماوانەش زیاد لە جارێک رێ لە تێپەڕاندنی پلانی هەموارکردنەوەکە لەناو پەرلەمانی عێراقدا، گیرا. بەپێی هەندێک راپرسیش، لەناویاندا ڕاپرسیەکی ئەلکترۆنی کە ساڵی پار لەگەڵ 61 هەزار و 648 هاووڵاتی عێراقیدا ئەنجامدراوە، 73.2٪ بەشداربووانی راپرسییەکە بەتوندیی دژی هەموارکردنەوەی یاساکە بوون، لەبەرامبەردا تەنها 23.8٪ بە توندیی پاڵپشتیی هەموارکردنەوەی یاساکەیان کردوە. بەگوێرەی هەمان راپرسی 81.6٪ی بەشداربووان دەیانەوێت یاسای باری کەسێتیی مەدەنی و ناتائیفی بێت، لەبەرامبەردا تەنها 18.4٪ بەشداربووان یاسایەکی ئاینیی و تایفەگەرییانەیان دەوێت.
کەچی سەرەرای ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوە، هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق، لەناو کەش و هەوای سازشکردنێکی سیاسیی ناشیریندا، یاساکەیان هەموارکرد و سەرجەمی نارەزایبوونەکانیان فڕێدایە ناو تەنکەی خۆڵی پەرلەمانەکەیانەوە. تێپەڕاندنی ئەم یاسایە یەکێک لە رووداوە هەرە ناشیرینەکانی دونیای دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینە. هێماش بۆ یەکێک لەو غەدرە گەورانەش دەکات کە نوخبە سیاسییە گەندەڵ و نوخبەی دینییە هەلپەرستەکە، لە ولاتەکەدا لە کۆمەڵگاکەی دەکەن.
ئەوەی روویدا پیادەکردنی چەند گۆڕانکاریەکی ترسناکە لە یاسای باری کەسێتیدا لە پەیوەندیاندا بە مافەکانی ژنان و منداڵانەوە لەو وڵاتەدا. لەپێش هەمووانەوە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی نەک لەسەر بنەمایەکی یاسایی مەدەنیی، بەڵکو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئەحکامی مەزهەبی، جا چ لای شیعە یان لای سونەکان بێت. خۆ ئەگەر ژن و پیاوەکەش مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت. هاوکات یاساکە ڕێ بەوە دەدات کچی تەمەن ٩ ساڵان هاوسەرگیربکات. لە دۆخی جیابوونەوەشدا پیاوان لەو پەیوەستبوونانە ئازاددەکات کە لە بەرامبەر هاوسەر و منداڵەکانیاندام پێویستە هەیانبێت. یاسا تازەکە بەشێوەیەکی گشتی مافەکانی ژنان لەزیاد لە بوارێکدا پێشێلدەکات. ئەمەش هەم لە دابەزاندنی تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرییەوە بۆ تەمەنێکی هێجگار منداڵ، هەم لە بێبەشکردنی ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان لە دۆخی جیابوونەوەیاندا.
بەبۆچونی من لانی کەم چوار کێشەی سەرەکیی لە ئەنجامدانی ئەم هەموارکردنەیەوە دەکەوێتەوە.
یەکەمیان، تۆخکردنەوەیەکی ترسناک و هەمەلایەنەی شوناسی تائیفیی و مەزهەبی کە بە تائیفکردنی زیاتر و زیاتری ژیانی کۆمەڵایەتیی و مەدەنی کۆمەڵگای عێراقی لێدەکەوێتەوە. شیعەکان پێیانوایە زیاد لە هەزار ساڵە سیاسەتی بێبەشکردن و چەوساندنەوە لە دژی شیعە هەیە، بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن بگەڕێنەوە بۆ فیقی جەعفەری، سونەش بگەرێتەوە بۆ هەر فیقێک کە دەیەوێت. بەبێ گوێدانە ئەو راستییە سادەیە کە ئەم بە مەزهەبیکردنەی یاسای بواری کەسایەتی، ئەو چەند رایەڵە لاوازەش وێران دەکات کە عێراق دەکاتە وڵاتی هەموو دانیشتیوانەکەی. کۆتاییش بە بیرۆکەی هاوڵاتیبوون لەم وڵاتەدا دەهێنێت و ئەو درزە گەورەتر و قووڵتر دەکاتەوە کە رێ لەوەدەگرێت دانیشتیوانی ئەو وڵاتە ببن بە نەتەوە یان میلەتێک بەلانی هەرەکەمی یەکگرتن و هەبوونی هاوبەشەوە. لانیکەم هاوبەش لە ئاستی یاساییدا لە بوارێکی گرنگی وەک بواری دروستکردنی خێزاندا، وەک یەکەیەکی سەرەکی دروستکردنی کۆمەلگایەکی هاوبەش .
دووهەمیان، لاوازکردنی دەوڵەت و دەزگاکانی لەبەردەم دەسەڵاتی دینیی گروپ و بکەرە دینییەکاندا، ئەمەش لە ڕێگای دروستکردنی دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت و بە دەزگا دەوڵەتییەکان. ئەمە لە وڵاتێکدا کە چەندان فۆرمی ترسناک لە دەسەلاتی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت لەو وڵاتەدا هەیە و کاردەکات. لەم رووەوە وەکچۆن «حەشدی شەعبی» دروستکردنی دەسەڵاتێکی سەربازیی تەریبە بە دەسەڵاتی سەربازیی دەوڵەت و سوپا لە عێراقدا، ئاواش ئەم هەموارکردنەوەیە سەندەنەوەی دەسەڵاتە لە دەوڵەت و دەزگاکانی، بە تایبەتی لە دەزگاکانی دادوەریی و بەخشینی بە کۆمەڵێک بکەری دینی کە وەک مەرجەع و موفتی و وەقف دەناسرێن. هەموارکردنەوەکە پەراوێزخستنی تەواوی دادگا و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دینیی و مەزهەبی بکەرە دینییەکانی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش بەهێزبوونی دەسەڵاتی وەقفی شیعە و وەقفی سونە و مزگەوت و حوسەینییەکان و ئەو مەلا و کەسایەتییە دینیانەش کە وەک مەرجەعی دینیی خۆیان دەناسێن. ئەم یاسا تازەیە ڕێگا بە پیاوانی ئاینی شیعە و سوننە دەدات بڕیار لەسەر کاروباری هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات بدەن، کە پێویستە بریارەکانی ئەو بوارانە بڕیاری دادگابێت، نەک ئەم یان ئەو بکەری دینیی. ئاوسانی دەسەڵاتی دینیی لاوازبوون و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی یاسایی و مەدەنیی، دەرنجامی ئەم هەموارکردنەوەیە.
سێهەم، بەهێزکردن و سەپاندنی پیاوسالاریی لە فۆرمە هەرە دەسەڵاتگەر و بێمافکەرەکەیدا. یاسا تازەکە بە پیاوان دەسەڵاتێکی گەورە دەبەخشێت و بە ژنان و منداڵان بێمافییەکی گەورە. بۆ نموونە لە دۆخی ئەنجامدانی هاوسەرگیری دوو کەسی سەربە دوو مەزهەبی جیاوازدا، مەزەهەبی پیاوەکە پیادەدەکرێت و مەزهەبی ژنەکە پشتگوێدەخرێت. هەروەها لە ئازادکردنی پیاواندا لەو پابەستەبوونە ماڵیی و داراییەی لە هاوسەرگیریدا بەرامبەر بە ژنان دەکەوێتە سەریان. لە کۆمەڵگایەکدا ئیشکردنی ژنان لە ئاستێکی تەواو نزم و پڕ لە هەڵاوێردنی جێندەریانەدایە، لابردنی ئەو بەرپرسیاریە ماڵییە لەسەر پیاوان، بێبەشکردنی ژنانە لەو لانی هەرەکەمە لە بژێو کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی. ئەمەش هەم تاوانێکی یاساییە، هەم تاوانێکی ئەخلاقیی و ئینسانییە. ئەمە جگە لە گەیاندنی دۆخی پیاوسالاری بەئاستێکی تەواو نابەرپرسیارتر لەوەی لە ئێستادا هەیە و کاردەکات.
چوارهەم، گرێدانی پیاوبوون بە حەز و خواستی سێکسرکردن لەگەڵ کچانی زۆر منداڵدا، کە یەکسانە بە گرێدانی چەمکی پیاوبوون بە تاوانی پیدۆفیلییەوە.
تاریکترین بەشی یاسا هەموارکراوەکە دابەزاندنی تەمەنی بەشودانی کچانە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا. ئەمەش بە هەموو مانایەک ئەنجامدانی تاوانێکی هێجگار گەورەیە بەرامبەر بە منداڵیی و منداڵبوون. بەیاسایکردنی ئەنجامدانی تاوانی سێکسکردنە لەگەڵ منداڵێکدا، کە پێویستە، بە هەموو رێگایەک، لەناویاندا رێگای یاسایی، لەو حەز و خواستە سێکسییە نائینسانییە توندوتیژە، بپارێزرێت. سێکسکردن لەگەڵ کچێکی ٩ ساڵیدا یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی دونیای ئەمرۆ.
گرێدانی ژیانی سێکسی نێرینە، «پیاو» بە سێکسکردن لەگەڵ منداڵێکی ٩ ساڵاندا، گرێدانی پیاوەتیی و پیاوبوونە بە تاوانێکی گەورەوە. بەمەش خودی یاساکە ناشیرینکردنێکی کەم وێنەی چەمکەکانی «پیاو» و «پیاوبوون»ە و دابەزاندنیانە بۆ ئاستی گرێدانیان بە خواستێکی وەحشییانەی تەواوەوە. یاسا کۆنەکە تەمەنی هاوسەرگیریی بە ١٨ ساڵ دیاریکردوە. هەموارە تازەکە ئەم تەمەنە بۆ ٩ ساڵی دادەبەزێنێت. ئەمەش تەنها یەک ناوی هەیە بەیاساییکردن و بەدینیکردنی لاقەکردنی منداڵان. ئەوە چ یاسا و چ دینێکە سێکسکردن لەگەڵ کچێکی ٩ ساڵاندا وەک کردەیەکی شەرعی مامەڵەدەکات.
بە کورتییەکەی، ئەم هەموارکردنە یاساییە هەم گیانی مەزهەبی لە عێراقدا تۆختر و تۆختر دەکاتەوە، هەم بە کردەوە دەوڵەت دەگۆرێت بۆ دەوڵەتێکی مەزهەبیی، هەم ژنان و منداڵانی وڵاتەکە دەخاتە ژێر دەستی عەقڵیەتێکی کۆنەپارێز و دواکەوتوی سەر بە هەزاران ساڵ لەمەوبەر. هاوکات ئەم هەموارکردنە رێ لە دروستبوون و بڵاوبوونەوەی چەمکی هاوڵاتیبوونی یەکسان دەگرێت، عێراق وەک دەوڵەت زیاتر لەوە دووردەخاتەوە خاوەنی میلەتێکی یەکگرتووبێت. ئینجا پیاوسالاریی لە فۆرمە هەرە دەسەڵاتگەر و بێمافکەر و ئابرووبەرەکەیدا بەهێز و بەهێزتردەکات، تا ئەو شوێنەی جەمکی پیاوبوون بە لاقەکردنی کچانی تەمەن ٩ ساڵەوە گرێئەدات. ئەم فۆرمەش لە پیاوبوون رێگا لەبەردەم بە یاساییکردنی لاقەکردنی منداڵاندا دەکاتەوە.
