ئۆرهان میرئۆغڵو: ئه‌وه‌ی ئۆجالان ده‌یڵێت كاریگه‌ری ده‌بێت له سوریادا
2025-01-01 11:08:30
درەو:
گفتوگۆی رۆنامەوانی: هێمن خۆشناو
ئۆرهان میرئۆغڵو، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دارێكی كورده، سه‌ر به پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی (ئاكپارتی) ده‌سه‌ڵاتداری توركیایه. بۆ ماوه‌ی سێ خول له‌سه‌ر یه‌كتر په‌له‌مانتاری ئه‌م پارته بووه. له ساڵانی ده‌یه‌ی هه‌شته‌می سه‌ده‌ی رابردووش یه‌كێك بووه له قوربانیه‌كانی ده‌ستی سیسته‌می فاشیزمی سه‌ربازی توركیا، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ زیندانیكراوه و ئه‌شكه‌نجه‌ی بینیووه. میرئۆغڵو له باره‌ی رووداوه‌كان و مێژووی كوردیش خاوه‌نی چه‌ندین په‌رتووكه. له پشت په‌رده به عه‌قڵی كوردی ئاكپارتی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. خوێندنه‌وه‌ی گۆڕانكاری و رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه له‌لایه‌ن (میرئۆغڵو) پێچه‌وانه و دژه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له باكوور و رۆژئاوای كوردستان. راستیه‌كه‌ی بڵێم من وه‌كو (هێمن خۆشناو) یش له‌گه‌ڵ به‌شێكی زۆر له لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م سیاسیه كورده نیم، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر و سیاسی كورد له هه‌رێمی كوردستان بزانێ به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانی كوردی توركیا به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نزیكن له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته له‌مه‌ڕ رووداوه‌كان چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه به پێویستم زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز بكه‌م.
دەقی گفتوگۆ رۆنامەوانییەكە
پ: په‌یامی (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست، سه‌باره‌ت به (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له (22 تشرینی یه‌كه‌می 2024) چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟
وه‌ڵام: له‌گه‌ڵ گوێبیستبوونی، بانگهوازیهكهم به ئه‌رێنی بینی و پشتیگیریم لێ‌كرد. ئه‌گه‌ر باس له چاره‌سه‌ریه‌ك بكه‌ین كه له‌سه‌ر رێچكه‌ی سیاسه‌تی دیموكراسی مه‌ده‌نیانه هه‌ڵقوڵابێت، تا كۆتایی به ئازار و مه‌ینه‌تی خه‌ڵك بێنێت، ئه‌م بانگه‌وازیه زۆر گرنگ و به بایه‌خه. رۆڵی كه‌سیه‌تی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له‌م 50 ساڵه‌ی دواییدا چ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد بێت یان له‌سه‌ر ئاستی مێژووی سیاسه‌تی توركیا رۆڵێكی هێجگار دیاره. پشتگیری لێبكه‌ین یان نه‌كه‌ین، له ئه‌نجامدا (عه‌بدولڵا ئۆجالان) هه‌ر عه‌بدولڵا ئۆجالانه و له بایه‌خی كه‌م ناكرێته‌وه. هه‌روه‌ها كاتێك سه‌ركرده‌ی هه‌ر به‌هێزی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورك جه‌خت له چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كاته‌وه، له‌باره‌ی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه په‌یام ده‌دات، بۆ بارودۆخی توركیا بۆ كه‌سانی وه‌كو ئێمه هه‌موو كاتێك چاوه‌ڕوانكراو بووه. ئه‌م په‌یامه رێگایه‌كه هه‌ردوولا رازی ده‌كات و زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ری ئاماده ده‌كات.
چونكه دوای ئه‌م په‌یامه زه‌مینه‌یه خۆش بوو، ئیتر نهمومكینه هیچی دیكه نه‌ته‌وه‌په‌رستێك چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ره‌تبكاته‌وه. (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) به‌م بانگه‌وازه‌ی رێگا خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا دونیابینی و هزری خۆی بگۆڕێت و له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به ئه‌رێنی بیربكاته‌وه. (هاوپه‌یمانی كۆمار) دوو سه‌ركرده‌ی به‌هێزی هه‌یه كه سهركۆمار و باخچه‌لیه، ئه‌گه‌ر هێزی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ردووكیشیان بخه‌ینه سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی باخچه‌لی ئه‌وه چاره‌سه‌ری ئاسانتر ده‌كات، به لێكدانه‌وه‌ی من ئه‌م په‌یامه بۆ بارودۆخی توركیا و بارودۆخی ئه‌مڕۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌روه‌ها پرسیاری كورد به گشتی له عێراق و سوریا و ئێران گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ده‌بێت ئه‌م بانگه‌وازیه به فیڕۆ نه‌درێت. دوای ئه‌م په‌یامه‌ش كاردانه‌وه‌كانی ناو (ده‌مپارتی) كه‌م تا زۆر ئه‌رێنی بوو، جگه له هه‌ندێك كه‌سی ناو باڵی چه‌پی ئه‌م پارته له ترسی ئه‌وه‌ی ئۆجالان و په‌كه‌كه له ده‌ست ده‌رده‌چن، بانگه‌شه ده‌كه‌ن ده‌وڵه‌ت له رێگای ئۆجالان خه‌ریكی دهسیسهیهكی نوێیه دژ به كورد.
پ: په‌یامی باخچه‌لی چ په‌یوه‌ندیه‌كی به دۆخی سوریاوه هه‌یه؟
وه‌ڵام: له كاتی په‌یامه‌كه‌ی باخچه‌لی، هێشتا له سوریا گۆڕانكاری رووینه‌دابوو. پێكدادان و شه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵام دۆخێكی هێجگار نادیار له ئارادابوو. دوای كه‌وتنی یه‌ك به‌دوای یه‌كی حه‌له‌ب و دواتر حه‌ما و تا دیمه‌شق به‌بێ به‌رگری، كاردانه‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه ده‌بێته ته‌واوكه‌ری رووداوه‌كانی ناو سوریا. واته ئه‌وه‌ی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) ده‌یڵێت كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر سوریا. بێگومان پێویسته هه‌موو كه‌س ئه‌م جیاوازیه ببینێت. واته چاره‌سه‌ریه‌ك له‌سه‌ر شێوازی عێراق بۆ بارودۆخی سوریا ده‌ست نادات، باسی چاره‌سه‌ری فیدڕالیانه ده‌كه‌م. ئه‌و مۆدێله‌ی ئه‌مریكا له عێراقدا دایهێنا، بێ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕوی هیچ ئاسته‌نگێك بێته‌وه به‌رده‌وام بوو. به‌تایبه‌تی له باكووری عێراق (باشووری كوردستان) كه هه‌موومان ده‌زانین توركیا بونیادی ناوه. نزیكه‌ی 2000 هه‌زار كۆمپانیای توركی له‌وێوه، له‌ژێرخان بگره تا سه‌رخان دروستیان كرد. به‌ڵام له رووی سیاسیه‌وه بێ، یان له پڕۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا بێت، یان په‌یوه‌ست به سوود وه‌رگرتن بێت له مۆدێلی دیموكراسی توركیا رۆڵێكی لاواز و بێ كاریگه‌ری هه‌بوو. به پێچه‌وانه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ له سوریادا به دۆخێكی جیاواز تێپه‌ڕ ده‌بین. واته له مه‌سه‌له‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری سوریا و شته‌كانی دیكه‌دا. ئه‌گه‌ر شتێكی پێچه‌وانه روونه‌دات، سوریه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر داده‌نیشن و ده‌ستوور ئاماده ده‌كه‌ن. واته ئه‌مریكیه‌كان ده‌ستوورێكی نووسراوی ئاماده ناهێنن و تا پێشنیار بكه‌ن (تۆ كوردی سه‌ركۆماری بۆ تۆ، تۆ عه‌ره‌بی سه‌رۆك وه‌زیری بۆ تۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش بۆ تۆ) ده‌ستوورێك داناڕێژرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنیكی. ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شقدا گرتووه و له ئێستادا رۆڵی مێژوویی خۆیان ده‌بینن نیازیان هه‌یه له سوریایه‌كی ناوه‌ندی مافی گرووپه جیاوازیه‌كان بپارێزن. له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ت، یه‌ك سوپا و یه‌ك ده‌ستوور سوریا به‌رێوه ببه‌ن. ئایا له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن؟ هیوادارین بگه‌نه سه‌ركه‌وتن. دێمه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان. ئه‌مڕۆ به‌شێكی زۆر له‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو من مێشكی خۆیان به مه‌سه‌له‌ی كورد ماندوو ده‌كه‌ن ده‌ڵێن:
سوریا بووه هۆكاری شكستهێنانی پڕۆسه‌ری چاره‌سه‌ری، كه له ساڵی 2012 ده‌ستی پێكرد و له ساڵی 2015 به ئاشكرا له‌بارچوو. چونكه په‌كه‌كه رووی خۆی به‌ره‌و سوریا وه‌رگێڕا، ئه‌گه‌ر بۆ دواڕۆژی سوریا وێڵی ده‌ستكه‌وت نه‌بووایه، پێموایه دۆخی توركیا به شێوه‌یه‌ك بوو كه په‌كه‌كه له مێژووی خۆیدا ده‌رفه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنابوو. بایه‌خدار بوو هه‌ڵومه‌رجه‌كه. (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له‌سه‌رخه‌ت بوو، پارتی دیموكراتی گه‌لان (هاداپ) له‌سه‌رخه‌ت بوو، رۆڵی سیاسی خۆیان ده‌بینی و رای گشتیش له قه‌ره‌ده‌نیز تا ئامه‌د پشتگیریه‌كی گه‌وره‌ی ده‌كرد. به‌ڵێ پڕۆسه‌یه‌كی باش بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی په‌كه‌كه نه‌بووایه پڕۆسه‌یه‌ك كه 80 – 90٪ خه‌ڵك پشتگیری لێده‌كرد شكستی نه‌ده‌هێنا. ئه‌وه له سه‌رده‌می به‌هاری عه‌ره‌بی بوو كه راپه‌ڕین دژی ئه‌سه‌د ئه‌م وڵاته‌ی ته‌نیبووه‌وه. به وردی نازانم ئه‌و كاته بارودۆخی سوریا چۆن بوو، به‌ڵام لایه‌نگرانی پارتی دیموكراسی كوردستان دیارتر و به‌هێزتر بوون. بێگومان دواتر دۆخه‌كه گۆڕا، په‌كه‌كه بۆ خۆی سوریای كرده ناوه‌ندی كار و چاڵاكیه‌كانی. لێره‌دا یه‌كسه‌ر هیواكانی چاره‌سه‌ری له‌باربرد. ئه‌مڕۆش له وێستگه‌یه‌كی به‌م شێوه‌یه وه‌ستاوین، ئه‌و كاره‌ی له سوریا تێكچوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیاره كه له سوریا چاك ده‌كرێته‌وه، بێگومان لێره چاك ده‌كرێته‌وه. پێویسته ببینین مه‌سه‌له‌كه چی لێده‌كرێت و چی پێده‌كرێت. بۆ نموونه به‌ستنی بۆینباغ گرنگه، به‌ڵام گۆڕینی هزر گرنگتره. ئێمه لێره‌دا باس له سێ له‌سه‌ر یه‌كی خاكی سوریا ده‌كه‌ین، واته باسی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كه‌ین كه پێی ده‌ڵێن رۆژئاوا یان رۆژئاوای فوڕات. گه‌ره‌نتیكردنی مافی ره‌وای خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه داواكاری هه‌ره سه‌ره‌تایی و سروشتی كوردانی سوریایه. تا چه‌ند ئه‌م داواكاریه قه‌بوڵ ده‌كرێت یان نا ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین.
نهمومكینه دوای په‌یامی (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) هیچ نه‌ته‌وه‌په‌رستێكی تورك هه‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ره‌تبكاته‌وه!
په‌یوه‌ست به‌م مه‌سه‌له‌یه توركیا هیچ نیگه‌رانیه‌كی نیه و ئاسته‌نگی بۆ دروست ناكات، ده‌بێت به ئاشكرا ئاماژه‌ی پێبكه‌ین. له شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش نه‌وه‌كو له سوریادا به ته‌نیا، به‌ڵكو له‌و كاته‌ی داعش هه‌ولێری گه‌ماڕۆ دابوو، چه‌ند (كم) مابوو بگاته هه‌ولێر، توركیا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتگیریان له كورد كرد.
پ: نه‌مزانیووه له كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی داعش له هه‌ولێر توركیا پشتگیری له كورد كردبێت؟
میرئۆغڵو: به‌رپرسانی پارتی به ئاشكرا ئه‌مه‌یان به ئێمه گووت:" به‌هۆی بارودۆخی ئه‌و كاته باسمان له هاوكاری توركیا نه‌كرد. به‌ڵام ئه‌و كاته توركیا له مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بێده‌نگ نه‌بوو، پشتگیری له ئێمه كرد". سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌موو كات ناحه‌قی له توركیا ده‌كرێت. له به‌ره‌به‌یانی رۆژانێكدا سهركۆمار ده‌رباره‌ی كۆبانێ گووتی:" ئه‌ى جیهانی رۆژئاوا، ده‌تانگووت له‌دژی داعش ده‌جه‌نگین؟ كۆبانێ كه‌وت و ده‌كه‌وێت، هێشتا ئێوه بهدهرنهكهوتوون". چوون به موكێش قسه‌كانی سهركۆماریان راكێشا و گووتیان:" ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت كۆبانێ بكه‌وێ". هه‌ڵبه‌ته به سه‌دان برینداری كۆبانێ، له‌وانه‌یه ژماره‌كه زۆر زیاتریش بێت له نهخۆخشانهكانی روها و عه‌نتاب چاره‌سه‌ركران. هه‌روه‌ها له كاتی شه‌ڕی كۆبانێ 180 هه‌زار كه‌س له كۆبانێ و ده‌وروبه‌ری روویان كرده توركیا، ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت زیاتر له 80 – 90 هه‌زار كوردی كۆبانێ له توركیا ماون. واته ده‌بێت حه‌قی چاكه‌ی توركیا بده‌ینه‌وه. یه‌ك شت هه‌یه كه توركیا قه‌بوڵی ناكات، ئه‌ویش توندوتیژی و تیرۆری په‌كه‌كه‌یه. ئه‌مه شتێكه توركیا نه له سوریا و نه له توركیا قه‌بوڵی ناكات. كه‌واته ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هێشتا هه‌وڵده‌ده‌ن تا توركیا له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دا‌نیشێت، پێموایه ئه‌وانه به‌خۆڕایی خۆیان ماندوو ده‌كه‌ن. هیچ كاتێك ئه‌مه روونادات. ئه‌وه‌ی به‌ڕێز (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) به تایبه‌تی په‌یوه‌ست به په‌كه‌كه ده‌یڵێت چیه؟ (فه‌رموو وه‌رن)، به سه‌رۆكه‌كه‌شیان ده‌ڵێت:"وه‌ره په‌رله‌مان". ئه‌مه له روانگه‌ی سهمبۆلیانه زۆر به بایه‌خه. ئه‌مه گوزارشت له هزرێك ده‌كات، به‌و واتایه‌ی هزری نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورك گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه (ئێوه‌مان) قه‌بوڵه. فه‌رموون وه‌رنه په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ پارته‌كه‌تان (مه‌به‌ستی دهمپارتیه) ئه‌م كاره بكه‌ن. كه‌چی به‌ر له دوو ساڵ بۆ هه‌مان پارتی چی ده‌گووت:" ده‌بێت قه‌ده‌خه بكرێت و هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه". ئه‌مه گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌یه، ئایا په‌كه‌كه قه‌دری ئه‌م گۆڕانكاریه ده‌گرێت یان ناگرێت؟ پێموایه (عه‌بدولڵا ئۆجالان) بایه‌خی ئه‌م گۆڕانكاریه ده‌زانێت. چونكه (عه‌بدولڵا ئۆجالان) یش، (عه‌بدولڵا ئۆجالان) ی ده‌شتی بیقاع نیه. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر من بێت، ده‌بێت ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی به‌سه‌ر دونیابینی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) دا هاتووه له‌و رۆژه‌ی هاتۆته ئیمڕالی بكرێته بابه‌تی تێز نووسین و توێژینه‌وه. واته ده‌بێت خوێندكاران له زانكۆكان توێژینه‌وه و تێز له‌باره‌یه‌وه بنووسن. له‌وانه‌یه هێشتا نه‌گه‌یشتبێته ئه‌م قۆناخه به‌ڵام پێموایه كه‌سانێك هه‌یه خه‌ریكی ئه‌مه‌ن، ئه‌گه‌ر لێره‌ش نه‌كرێت، له زانكۆیه‌كی سلێمانی یان له زانكۆیه‌كی هه‌ولێر ده‌كرێت.
پ: كه‌واته ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد سوودی له‌و گۆڕانكاریانه بینیووه كه به‌سه‌ر دونیابینی ئۆجالاندا هاتووه؟
وه‌ڵام: بێگومان سوودی لێ بینیووه. ئایا ده‌كرێت سوودی لێ وه‌رنه‌گرێت؟ كۆماری توركیا له‌مباره‌یه‌وه سوود له هه‌موو كه‌س وه‌رده‌گرێت، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه سوود له (ئۆجالان) وه‌رده‌گرێت. ئایا ده‌كرێت سوود له كه‌سێك وه‌رنه‌گیرێت كه له‌ناو گرووپێكدا ململانێی كردووه و دواتر گۆڕانكاری هزری به‌سه‌ردا هاتووه؟ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بایه‌خی ئه‌م گۆڕانكاریه نه‌زانێت، چۆن له ساڵی 2012 له ده‌رگاری (ئۆجالان) ی ده‌دات و ده‌ڵێت:" ده‌ی وه‌ره با ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین". له ئێستاشدا سه‌رله‌نوێ ئه‌م قسه‌یه ده‌كاته‌وه. ئه‌ی بۆ كه‌س له ده‌رگای (په‌كه‌كه) نادات؟ چونكه له‌و كاته‌ی له سوریادا هه‌موو شت سه‌راوبن بووه، (خامه‌نه‌یی) له ئێران داوا له گه‌نجانی سوریا ده‌كات بچنه به‌ره‌كانی شه‌ڕ، ئه‌وانه‌ی له قه‌ندیلیش (په‌كه‌كه) به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن هه‌مان شت ده‌كه‌ن. یه‌كێكیان گوایه خۆی به ماركسی ده‌زانێت و نه‌ریتی سۆسیالیستیانه په‌یڕه‌و ده‌كات، باوه‌ڕی به دیموكراسی هه‌یه. ئه‌وه‌ی دیكه‌ش كۆماری ئیسلامی دامه‌زراندووه و هۆكاری هه‌ره سه‌ره‌كیشه بۆ دروستبوونی ئه‌م دۆخه ناله‌باره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به رۆحی فروانخوازی شیعه‌یی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، هه‌ردوولا له‌ناو یه‌ك به‌ره جێده‌گرن كه هێشتا پێیانوایه ده‌رفه‌تی شه‌ڕ و پێكدادان له سوریادا ماوه، ئێمه (مه‌به‌ستی توركیایه) هیچ كارێك له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره مرۆڤانه ناكه‌ین.
ئه‌وه‌ی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) ده‌یڵێت كاریگه‌ری ده‌بێت له سوریادا
پ: پێتوایه ده‌بێت هه‌ڵوێستی قه‌ندیل سه‌باره‌ت به سوریا چۆن بێت و چ گووتارێك په‌یڕه‌و بكات؟
وه‌ڵام: ده‌بێت جه‌خت له زمانی دیالۆگ بكاته‌وه، باسی رۆڵی توركیا بكات كه تره‌مپیش ئه‌م رۆڵه قه‌بوڵ ده‌كات. له ئه‌نجامدا ئه‌و كه‌سانه خه‌ڵكی توركیان، مه‌به‌ستم جه‌میل بایك و دوڕان كاڵكانه. ته‌واو 40 ساڵه به‌رامبه‌ر توركیا چه‌ك و تیرۆر به‌كاردێنن، به‌ڵام ئه‌نجامتان نه‌گرتووه. باشه ئێستا پێگه‌ی سه‌ربازی په‌كه‌كه له توركیادا چیه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره له پسپۆرێكی بێلایه‌نی سه‌ربازی بكرێت به (سفر) وه‌ڵامده‌داته‌وه. كه‌واته له‌م رێگایه‌وه ئه‌نجام گرتن نهمومكینه.
كاتێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتایی به شه‌ڕ و پێكدادان دێت، كوردانی توركیا له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری و كلتووری سوودمه‌ند ده‌بن. كاتێك له‌باره‌ی ئه‌ندامیه‌تی توركیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا قسهدهكرا، نووسینێكم به‌م شێوه‌یه‌م نووسی:" له 10 ساڵی داهاتوودا كه توركیا ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپایه، ده‌بێته خاوه‌ن به نرخترین جۆری ره‌گه‌زنامه". ده‌زانن ئه‌مڕۆ له جیهاندا ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی، یه‌كێتی ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا قهبوڵكراوترین ره‌گه‌زنامه‌یه، جه‌ختی لێده‌كه‌مه‌وه كه توركیا ده‌بێته چواره‌مین. ئه‌گه‌ر توركیا ببێته ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئێمه كوردانی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت ده‌بینه دراوسێی یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌مڕۆ رووی كوردی هه‌ولێر و كوردی قامیشلۆ له كوێیه؟ هه‌ره زۆر رووی له ته‌هرانه، یان به‌غدایه، یان دیمه‌شقه؟ پێموایه رووی هه‌ره زۆریان به‌ره‌و توركیایه. كاتێك دۆخی ئابووریان باش ده‌بێت له توركیادا ده‌بنه خاوه‌ن ماڵ و موڵك. توركیا رۆڵێكی مێژووی به‌م شێوه‌یه‌ی هه‌یه. ئه‌مه له ئه‌نجامی بڕیارێك رووینه‌داوه، به‌ڵكو رێڕه‌وی مێژوویه. مێژوو ئه‌مه‌ی ئافراندووه.
پ: تۆ باسی میساقی میللی عوسمانی ده‌كه‌یت؟
وه‌ڵام: نه‌خێر به پێچه‌وانه‌ی میساقی میللی قسه ده‌كه‌م. شتێك نیه به‌ناوی میساقی میللی. میساقی میللی بریتیه له سنووره‌كانی توركیا كه دیاریكراون. مسته‌فا كه‌مال گووتوویه‌تی:" له ئێستادا هێزمان به‌شی ئه‌م سنوورانه ده‌كات، ئه‌وانه بپارێزین به‌سمانه". ئه‌وه‌ی له میساقی میللی تێكهیشتبم ئه‌مه‌یه. به‌ڵام گرووپی (ئیتیحاد و ته‌ره‌قی) گرووپێكی رێچكه شكێن بووه ده‌یانگووت:" سوریا هی خۆمانه، ئه‌و شوێنه هی خۆمانه". ئه‌مه راست نیه، ئه‌وه‌ی من باسی ده‌كه‌م ئه‌مه نیه. ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات، باش ده‌زانم دامه‌زراندنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی لێ ده‌كه‌وێته‌وه!
پ: توركیا و په‌رله‌مانی هه‌رێمی!؟
وه‌ڵام: له‌سه‌ر سنووره‌كان، له نوسه‌یبین، یان سلۆپی یان زاخۆ، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كلتووری دروست ده‌كرێت. تێگه‌یشتی؟ ئه‌گه‌ر له توركیا هه‌موو شته‌كان له‌سه‌ر رێگایه‌كی ئاسایی ده‌بوون، له‌وانه‌یه له ئێستادا قسه له‌سه‌ر ئه‌مانه ده‌كرا. چاوه‌ڕێ ناكه‌م قه‌ندیل ئه‌م راستیه ببینێت. شتێكی به‌م شێوه‌یه له ئارادانیه. هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی سوریادا جارێكی دیكه خه‌باتی چه‌كداری خرایه سه‌ر مێزێكی هه‌ڵه له‌ژێر ناوی پاراستنی مافی كورد. چی بووه؟ واته ئه‌گه‌ر له سوریادا سوپایه‌ك دروست بكرێت، ئێوه‌ش ده‌بنه به‌شێك له‌م سوپایه. نه له سوریا نه لێره (مه‌به‌ستی توركیایه) ده‌رفه‌تی خه‌باتی چه‌كداری بۆ قه‌ندیل نه‌ماوه. واته ئه‌گه‌ر نكۆڵی له مێژوو بكه‌ن، هه‌ر له‌وێ ده‌مێنه‌وه. ده‌بینن ئێران چی به‌سه‌رهات كه به چاوی شه‌ڕ سه‌یری رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستی ده‌كرد. به‌م زووانه هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێی حزبولڵا و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات.
(عه‌بدولڵا ئۆجالان) ی ئیمڕالی (عه‌بدولڵا ئۆجالان) ی ده‌شتی بیقاع نیه
پ: مومكینه هزر و دونیابینی سه‌ركرادیه‌تی هه‌ته‌شه (هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشام) دان به مافی كورد بنێت؟
وه‌ڵام: هه‌موو كه‌س هزر و دونیابینی ده‌گۆڕێت. ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی ئه‌مڕۆ، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی ساڵانی پێشتر نیه. ئایا (هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشام) ئه‌مڕۆ هه‌مان هه‌ته‌شه‌ی به‌ر له 10 ساڵه؟ نه‌خێر. ئه‌گه‌ر بڵێین هیچ گۆڕانكاریه‌ك به‌دیناكه‌ین ئه‌مه وه‌سوه‌سه‌یه و هیچی دیكه نیه. مرۆڤ ده‌گۆڕێت، پارته سیاسیه‌كان ده‌گۆڕێن. به‌م گۆڕانكاریانه هه‌وڵده‌ده‌ن له‌سه‌ر پێ بمێنه‌وه. بزوتنه‌وه‌یه‌كی دیموكراتخوازی موحافه‌زه‌كار ویستی توركیا بخاته ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مه له توركیا به سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان روویدا. كهڵهگیایی سوپا به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان كۆتایی پێهێنرا.
پێشتر كه به‌یانیان له خه‌و هه‌ڵده‌ستاین، سه‌یرمان ده‌كرد تا بزانین ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا چی ده‌ڵێت، هه‌موومان به گوێره‌ی قسه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌ركان هه‌ڵوێستمان دیاری ده‌كرد، سیاسه‌ت به گوێره‌ی ئه‌و دیزاین ده‌كرا. له ئێستادا ئه‌مه نه‌ماوه. هه‌موو ئه‌مانه له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ئیسلامی ئه‌نجامدراوه. (هه‌ته‌شه) ش كه باسی ده‌كه‌یت، له شه‌ڕی ناوخۆیی سوریا زۆر شه‌كه‌ت بووه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێن:" ئیتر ئێمه شه‌كه‌تی شه‌ڕین، هیچی دیكه ویستی شه‌ڕ كردنمان نیه". ئه‌گه‌ر به‌م دونیابینیه ملی رێگا بگرن، ئه‌مه دیاره گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه و پێویسته پشتگیریان لێ بكرێت. ئه‌گه‌ر كوردی، یان ئێزیدی یان كریستیان، تۆش پشتگیریان بكه. بۆچی پشتگیریان ناكه‌یت؟ مه‌سه‌له‌كه زۆر ئاسانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێی "ئه‌مه ناگۆڕێت" راست نیه. له ئێستادا ئێمه هه‌موومان وه‌كو كورد چاومان بڕیووه‌ته (ده‌مپارتی) تا بزانین له‌م بارودۆخه‌دا چه‌ند خۆی گۆڕیووه یان نه‌گۆڕاوه. چونكه پێمانوایه ده‌بێت خۆی بگۆڕێت، خۆ گۆڕین پێویسته به‌بێ گۆڕانكاری نابێت.
سه‌رۆكی شاندی (ده‌مپارتی) كه سه‌ردانی سلێمانی كرد كوردی نازانێ، كه‌چی ره‌وانه‌ی سلێمانی كراوه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد. ئایا ئه‌مه ده‌بێت؟ چۆن ده‌كرێت؟ له‌وێ له رێگای وه‌رگێڕه‌وه قسه ده‌كه‌ن. ئێوه و خودا ده‌كرێت ئێمه‌ی كورد له رێگای وه‌رگێڕ قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین. شوره‌ییه ئێمه به رێگای وه‌رگێڕ قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین. بۆیه گۆڕانكاری چاره‌نووسسازه، نابێت خۆی لێ بدزینه‌وه.
(د. مورشید خه‌زنه‌وی) كوڕی خوا لێخۆش‌بوو (مه‌عشوق خه‌زنه‌وی) له نه‌رویج گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه باوكی له ساڵی 2015 كوژراوه. وه‌كو پیاوێكی ئاینی هاتووه و هه‌وڵده‌دات سازش له نێوان كورد به‌رقه‌رار بكات. (د. مورشید خه‌زنه‌وی) داوا ده‌كات زیندانیه‌كان له زیندانی (په‌یه‌ده) ئازاد بكرێن. له دیمه‌شق ده‌رگای زیندانی (سه‌دنایا) كرایه‌وه. ئه‌مه به‌هارێكه، وه‌كو به‌هاری عه‌ره‌بی رووداوێكی دڵخۆشكه‌ره، به‌ڵام هێشتا كورد له زیندانه‌كانی (په‌یه‌ده) زیندانیكراون.
له ئێستادا ناكۆكی گه‌وره‌ی نێوان دیمه‌شق و قامیشلۆ مه‌سه‌له‌ی هێزی سه‌ربازیه
پ: چۆن هه‌بوونی زیندانی سیاسی له‌لای (په‌یه‌ده) ده‌سه‌لمێنی؟
وه‌ڵام: كاتێك كه‌سێك كه باوكی له‌لایه‌ن رژێمی سوریا كوژرابێت و داوایه‌كی به‌م شێوه‌یه ئاراسته‌ی (په‌یه‌ده) بكات به راستی ده‌یخوێنمه‌وه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بكه‌ین یان نا، به‌ڵام له یه‌كه‌م رۆژ كه ئه‌و كه‌سه هاته رۆژئاوا گووتی:" من هیچ شتێك ناخوازم. داوای قایمقام، والی و په‌رله‌مانتاری ناكه‌م. بۆ خاتری خودا ئه‌م دۆخه هه‌ستیاره ده‌ستتان بخه‌نه ناو ده‌ستی یه‌كتر و به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و دیمه‌شق بڕۆن. ئه‌مه به‌سی منه". ئه‌م پیاوه ده‌ڵێت:" كوردێك، چۆن كوردێكی دیكه ده‌خاته زیندانه‌وه". من ناچارم متمانه به قسه‌ی ئه‌و كه‌سه بكه‌م.
پ: له‌لای ئێمه‌ش زیندانی به‌م شێوه‌یه له هه‌ولێر و سلێمانی هه‌بوون. بۆچی هیچ كاتێك باسی ناكه‌ن؟
وه‌ڵام: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت زیندانی له‌م شێوه‌یه هه‌بێت. چۆن ده‌بێت كورد له دژی كورد تاوان ئه‌نجام بدات. چ واتایه‌كی هه‌یه؟ له هیچ شوێنێك شتێكی له‌م جۆره رووینه‌داوه، چۆن ده‌كرێت هه‌ر كه‌سێك ناڕازی بێت له سیسته‌می (په‌یه‌ده) په‌لكێشی زیندان بكرێت؟ كه باسی گۆڕانكاریم كرد مه‌به‌ستم ئه‌مانه بوو. مه‌به‌ستم ره‌خنه‌گرتن له‌م لایه‌نه یان ئه‌و لایه‌نه نه‌بوو.
پ: له ئێستادا دورزیهكانی سوریا داوای فیدڕالی ده‌كه‌ن. ئێوه‌ش (توركیا) پێشنیاری سیسته‌مێكی ناوه‌ندی ده‌كه‌ن؟
وه‌ڵام: هه‌موو كه‌س بۆی هه‌یه داوای فیدڕالی بكات، كوردیش بۆی هه‌یه داوای فیدڕالی بكات. ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌تادا له عێراق گه‌یشتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌مریكه‌كان كه‌وتنه گفتوگۆ. ئه‌مریكا له عێراق ده‌سه‌ڵاتی راده‌ستی كێ كرد؟ ئایا راده‌ستی شیعه‌كانی نه‌كرد؟ له دوای سه‌دام كێ بووه ده‌سه‌ڵاتداری عێراق؟ شیعه‌كان بوون. ئه‌مریكا تا راده‌یه‌ك چاوی خۆی له ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له عێراقدا گرت. كێ له پشت شیعه‌كان هه‌بوو له به‌غدا؟ ته‌هران هه‌بوو. ئه‌مریكاش هه‌بوو وانیه؟ ئه‌م سیسته‌مه فیدڕالیه ویستی ئه‌وان بوو. تایبه‌تمه‌ندی و دۆخی بزوتنه‌وه‌ی كوردی له باكووری عێراق ته‌واو جیاواز بوو، ئێمه باسی ململانێیه‌ك ده‌كه‌ین كه 100 ساڵ درێژه‌ی هه‌بوو. به واتایه‌كی دیكه، بۆچی بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه به‌ر له 100 ساڵ به دروشمی (دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان) ده‌ستیپێكردووه، رای خۆی ده‌گۆڕێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا؟ ئه‌مریكا و ئێران دركیان به‌م راستیه كرد و فیدڕالیزمیان پێشكه‌ش به‌و هه‌رێمه كرد كه وه‌كو شیری دایك حه‌ڵاڵه. دیمۆگرافیای كۆمه‌ڵگای كوردی له‌وێ به ته‌واوه‌تی ههمۆژهنه. به‌ڵام له سوریادا دۆخه‌كه كه‌مێك جیاوازه. بێگومان وه‌كو قامیشلۆ و ئامودا چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی ههمۆژهن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م شوێنانه‌ی (په‌یه‌ده) و (هه‌سه‌ده) به‌یه‌كه‌وه ئیداره‌ی ده‌كه‌ن و له ئێستادا گۆڕه‌پانی پێكدادانهكانه، ناتوانین بڵێین ههمۆژهنی ئهنتیكی تێدایه. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌م ده‌وێت یان ئه‌وه نه‌ریت و پێویستیه‌كی دیموكراتیانه‌یه. كوردیش بۆی هه‌یه داوا بكات، ده‌كرێت داوای ئۆتۆنۆمی و خۆسه‌ری بكات. به‌ڵام رێگای ئه‌م داواكاریانه به‌چه‌ك نابێت. ده‌بێت خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی نوێی سوریا رازی بكه‌یت. به‌ر گو‌ێشمان نه‌كه‌وتووه ده‌سه‌ڵاتی نوێی سوریا بڵێت ئه‌مه ناده‌م و ئه‌وه ده‌ده‌م. ئه‌وان جه‌خت له ده‌ستوورێكی هاوبه‌ش ده‌كه‌نه‌وه، كه تیایدا ماف و ئه‌ركی هه‌مووان دیاری ده‌كرێت. ئه‌وان داوای یه‌ك سوپا ده‌كه‌ن، كه له ئێستادا گه‌وره‌ترین خاڵی ناكۆكیه.
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌م كه‌سانه له‌گه‌ڵ یه‌ك گفتوگۆ بكه‌ن، تا ناكۆكیه‌كانیان بڕه‌وێنه‌وه. ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد و سوریا دایه. گرفتی دووه‌م هه‌بوونی په‌كه‌كه‌یه. ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ به هه‌بوونی په‌كه‌كه رازینین. به راستی هه‌بوونی 11 – 12 هه‌زار ئه‌ندامی په‌كه‌كه له رۆژئاوا توركیا نیگه‌ران ده‌كات.
پ: پێتوایه توركیا (په‌یه‌ده) یه‌كی بێ (په‌كه‌كه) قه‌بوڵ بكات؟
وه‌ڵام: ئه‌گه‌رێكی زۆره قه‌بوڵ بكات، ئه‌وه تێڕوانینی تایبه‌تی خۆمه. به‌و لێدوانه فه‌رمیانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه تێده‌گه‌ین كه توركیا هیچ ناڕهزایهتیهكی نیه له‌باره‌ی چۆنیه‌تی خۆ به‌ڕێوه‌بردنی كوردانی سوریا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یه‌ده بڵێت له‌گه‌ڵ (په‌كه‌كه) به‌یه‌كه‌وه ئیداره‌ی كوردانی سوریا ده‌كه‌ین، ئه‌و كاته توركیا ناڕازی ده‌بێت. به‌ڵام ئیتر مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتداری نیه. به‌ڵكو له‌م قۆناخه‌دا مه‌سه‌له‌كه چه‌كدانان و بێچه‌ككردنی په‌كه‌كه‌یه. په‌كه‌كه چی ده‌كات؟ عێراق به‌كاردێنێت؟ له‌دژی كێ عێراق به‌كاردێنێت؟ له توركیادا دژی كێ به‌كاری دێنىت؟ په‌یوه‌ندیه به‌هێزه‌كه‌ی نێوان هه‌وڵێر – ئه‌نقه‌ره به نیوه‌چڵی ماوه. ره‌نگه ببینه شاهێدی په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزی نێوان ئامودا – حهسكێ – ئه‌نقه‌ره. ئه‌م قۆناخه به‌م شێوه‌یه ده‌بێت. ته‌نیا دوژمنایه‌تی توركیا نه‌كه‌ن به‌سه. جا كوردێكی نه‌ته‌وه‌په‌رست بێ، یان كوردێكی چه‌پ، یان كوردێكی دیموكراتخواز جیاوازی نیه. كرده‌یی چه‌كداری دژ به توركیا زیانی گه‌وره به كورد ده‌گه‌ینێت كه ده‌بێت هه‌موو كه‌س بیزانێت.
پ: له‌گه‌ڵ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سوریا، ئیسڕائیل هاته ناو خاكی سوریا و له چه‌ندین شوێن سه‌ربازه‌كانی جێگیر كرد. به‌ڵام نه ده‌سه‌ڵاتی نوێی سوریا و نه توركیا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نیه. ئه‌نقه‌ره زیاتر ده‌نگی له به‌رامبه‌ر كوردانی سوریا به‌رز ده‌كاته‌وه. پێویسته ئه‌مه چۆن بخوێندرێته‌وه؟
وه‌ڵام: پێموایه به‌ر له كاردانه‌وه‌ی توركیا پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق قسه بكه‌ن. ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت ده‌بێت كاردانه‌وه‌ی ئه‌وان بێت. له ئێستادا رۆڵی توركیا له سوریادا هاوكاریكردنه، تا سوود له ئه‌زموونی دیموكراسی توركیا وه‌ربگرن، ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌مانه دابین بكات، بێگومان له‌م پڕۆسه‌یه‌شدا ره‌نجێكی زۆری داوه. هه‌ڵوێستی ئیسڕائیل هه‌ڵوێستێكی ته‌واو جیاوازه. ئه‌گه‌ر ئیسڕائیل له‌باره‌ی گۆڕینی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی سوریا به راشكاوانه‌ش هه‌ڵوێست نیشان بدات، ئه‌وه سووره له‌سه‌ر له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی هێزی سه‌ربازی سوریا، له‌مباره‌یه‌شه‌وه هێرشی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه. هه‌وڵده‌دات ئه‌م هێزه‌ی ماوه بشكێنێت. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا كێشه‌ی سوریا و توركیا نیه، به‌ڵكو كێشه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیشه. به واتایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئیسرائیل له سوریادا هه‌مان ئه‌و كرده‌وه خراپانه‌ی له غه‌زه ئه‌نجامی داوه دووباره بكاته‌وه، ده‌بێته پێشێڵكاری یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، نابێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی لێی بێده‌نگ بێت. ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه و ده‌بێت سوریا یه‌كێتی نیشتیمانی خۆی و یه‌كێتی ده‌وڵه‌تی خۆی به‌هێز بكات، جگه له‌مه‌ش هیچ چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نیه.
له‌وانه‌یه شتێكی به‌م جۆره له مێشكی هه‌ندێك كه‌س ده‌قی گرتبێت: "هه‌ر چۆنێك بێت ئیسرائیل به‌ڕێوه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش (مه‌به‌ستی توركیایه) رێكنه‌كه‌وین ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل رێكده‌كه‌وین". ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه رێگایه‌كی داخراوه. ئایا ئیسرائیل په‌یوه‌ندیه‌كی به‌م شێوه‌یه دروست ده‌كات؟ باوه‌ڕ ناكه‌م، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه رووبدات. زۆر له‌مباره‌یه‌وه قسه ده‌كرێت، به تایبه‌تی له‌لایه‌ن كوردپهروهرانهوه، باس له بیرۆكه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كرێت. بۆ تێگه‌یشتن له‌م راستیه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر مێژوو. له‌ناو مێژوودا، مێژووی پارتی، یه‌كێتی بگره مێژووی په‌كه‌كه‌ش دیاره. به‌دیاریكراوی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی ستراتیژی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ كورد نابینم. واته كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌رچیه‌كی كردبێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، روسیا و ئێرانیه‌كان كردوویه‌تی. به‌ڵام له‌ناو رێڕه‌وی مێژوودا ئه‌ڵقه‌ی هه‌ره لاواز په‌یوه‌ندی كورد – ئیسرائیل بووه. بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌م شێوه‌یه: (ناتانیاهۆ) دوای ئه‌وه‌ی دێته سوریا ده‌گاته قامیشلۆ كاره‌ساته. شووره‌ییه كه‌سێك به‌م بیركردنه‌وه‌یه دڵخۆش بێت، ئه‌و په‌ڕی ناشیرینیه.