Draw Media

جبەخانە و توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق

جبەخانە و توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق

2024-12-08 20:17:10


درەو

🔻 سوپای عێراق لە ساڵی 2023دا لە پلەی (45)ی جیهاندا بووەو خەرجی بەرگرییەکەی بە نزیکەی (5.7 ملیار) دۆلار مەزەندە دەکرێت.
🔻 ژمارەی ئەو هێزە مرۆییەی لە ئەرکدان بە (200 هەزار) سەربازی مەزەندە دەکرێت، جگە لە بوونی (130 هەزار) کەس لە هێزی نیمچە سەربازی، بەڵام عێراق هیچ هێزێکی یەدەگی نییە.
🔻 هێزی زەمینی عێراق خاوەنی (923) تانکی جۆر و بەرهەمی جیاوازە، هەندێکیان ڕووسین، هەندێکی دیکەیان ئەمریکین و بەشێکیشیان تانکی دروستکراوی عێراقن، هەروەها جبەخانەی هێزی زەمینی (39 هەزار) ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆراوجۆر و بەرهەمهێنان و وەشانی جیاواز لەخۆدەگرێت، جگە لە بوونی (281) تۆپهاوێژ "مدفع"ی خودکار، (هەزار و 426) تۆپهاوێژ هەڵگر و (424) ڕاجیمەی موشەکی و (24) سیستەمی مووشەکی.
🔻 جبەخانەی هێزی ئاسمانی عێراق پێکهاتووە لە (33) فڕۆکەی شەڕکەر، (16) فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی، (112) فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان، (203) هەلیکۆپتەر، هەروەها (7) ڕادار و (14) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر.
🔻 هێزی کەشتیوانی عێراق لە ڕیزبەندی ژمارە (41)ی گەورەترین کەشیوانی سەربازیی جیهاندایە و لە (63) یەکەی دەریایی پێکدێت، کە هیچیان یەکەیەکی گەورەی دەریایی نین جگە لە دوو یەکەی کۆرڤێت.

سەرەتا
لە ژێر ڕۆشنایی بارگرژییەکانی ناوچەکە، سوپای عێراق جەخت لەسەر تواناکانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری وڵات لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی نزیکدا، هەروەها چەندین جار ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆ ئەنجام دەدات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگری لە ڕێگەی ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆرەوە.
لەم بارەیەوە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سوپای عێراق خاوەنی توانایەکی بەرزە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات، هاوکات ئاماژەیان بۆ بوونی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی لە ڕێگەی کڕینی سیستەمی مۆدێرن و پێشکەوتووەوە.
سەرۆکی شانەکە، لیوا تەحسین ئەلخەفاجی، ڕۆژی (29/9/2024) بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە: "گرنگییەکی زۆر لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی و سەربازییەوە هەیە، لەسەرو هەموشیانەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "محەمەد شیاع سودانی"ەوە، لە زیادکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی". ئاماژەی بەوەشکردووە "خەرجییەکی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی عێراق و کڕینی ڕاداری پێشکەوتوو و سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو، ئەمە جگە لە باشترکردنی تواناکانی ئێستا لەڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوام و کڕینی چەکی نوێ". زیاتر لەوەش، "بونیادنانی بەرگری ئاسمانی پێویستی بە کات و هەوڵی ماددی بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی حکومەتە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات". ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بایەخێکی زۆر لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی پەرەپێدانی بەرگری ئاسمانی"، وتووشییەتی کە "هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا پێشکەوتووەکان لەم ڕووەوە کراوە، وەک کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور، کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دابین دەکەن کە کێبڕکێ لەگەڵ سیستمەکانی جیهانیدا دەکەن."
خەفاجی جەختی لەوەش کردووەتەوە، "سوپای عێراق توانا و لێهاتوویی بەرزی هەیە، هەروەها خاوەن جۆرەها چەک و سیستمی بەرگرییە، لەوانە؛ سیستمی ڕووسیا، کۆری، و ئەمریکی و ڕاداری فەرەنسی، کە توانای پاراستنی ئاسمان هەیەو ئامانجە گرنگەکان بەرز دەکاتەوە، جگە لە گرنگی ڕاهێنانی سەربازی بەردەوام".

جبەخانە و توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، سوپای عێراق بە چەندین ئەزموندا تێپەڕیوە و چەندین شەڕی کردووە، بەڵام چەک خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەو سەرکەوتن و شکستانە بووە لە زۆربەی ئەو شەڕانەی کە کردوویەتی، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، ماوەیەکی درێژیشە بەدەست سزا نێودەوڵەتییەکانەوە ناڵاندی و دەناڵێنێت لە سنوردارکردنی کە لەژێر ئەو شەڕانەدا ساڵانێکی زۆر ڕێگری لێکرا لە کڕینی چەک.
ئەم سوپایەی ئێستا هەیەتی کە لە ساڵی 2024ەوە پێکهێنرایەوە، مەترسی هەیە ڕووبەڕووی یەکەم ئاڵنگاری و شەڕی دەرەکی ببێتەوە، لە ڕێگەی هێزی وشکانی، دەریایی و هێزی ئاسمانی، جا پێکەوەبن یان هەریەک لەو هێزانە بەجیا بێت، بۆ بەرگریش لە هەر ڕوویەکەوە توانا سەربەزییەکانی عێراق بەم شێوەیەیە؛
•    هێزی زەمینی
سوپای عێراق لە ساڵی 2023 لە پلەی (45)ی جیهاندا بوو؛ ژمارەی ئەو هێزەکانە لە ئەرکدان بە (200 هەزار) سەربازی مەزەندە دەکرێت، جگە لە بوونی (130 هەزار) کەس لە هێزی نیمچە سەربازی، بەڵام عێراق هیچ هێزێکی یەدەگی نییە. خەرجی بەرگرییەکەی بە نزیکەی (5 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار خەمڵێندراوە، هاوکات لەڕووی بوونی توانای کەشتیوانی جەنگییەوە عێراق لە ڕیزبەندی (41)مین گەورەترین جبەخانەی سەربازی جیهان بووە لە ساڵی 2023دا.
هێزی زەمینی عێراق خاوەنی (923) تانکی جۆر و بەرهەمی جیاوازە، هەندێکیان ڕووسین، هەندێکی دیکەیان ئەمریکین و هەندێکیان تانکی دروستکراوی عێراقن، هەروەها جبەخانەی هێزی زەمینی (39 هەزار) ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆراوجۆر و بەرهەمهێنان و وەشانی جیاواز لەخۆدەگرێت، جگە لە بوونی (281) تۆپهاوێژ "مدفع"ی خودکار، (هەزار و 426) تۆپهاوێژ هەڵگر و (424) ڕاجیمەی موشەکی و (24) سیستەمی مووشەکی.
•    هێزی ئاسمانی
لە پێنج ساڵی ڕابردوودا عێراق هێزێکی ئاسمانی کاریگەری بەدەستهێناوە؛ کە لە ڕێگەیەوە هێرشی ئاسمانی ئاراستەی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و تا ئێستاش فڕۆکە شەڕکەرەکانی بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە بەکاردەهێنێت.
جبەخانەی هێزی ئاسمانی عێراق پێکهاتووە لە (33) فڕۆکەی شەڕکەر، (16) فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی، (112) فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان، (203) هەلیکۆپتەر، هەروەها (7) ڕادار و (14) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر.
•    هێزی دەریایی
ئەو هێزە دەریاییە نزیکەی (17) ساڵ دوای پێکهێنانی سوپای عێراق پێکهێنرا، و بە چوار کەشتی دەستیپێکرد، کە دواتر ئەرکی پاراستنی کەناراوەکانی عێراق و ناوچە ئابوورییەکانیان پێسپێردرا.
ئێستا هێزی دەریایی عێراق (63) یەکەی دەریایی و (26) کەشتی دەوری و ژمارەیەک کەشتی یەکەی کۆرڤێت و کەشتی پاڵپشت لەخۆدەگرێت.

 

 

 

سەرچاوەکان؛
-    وکالة الانباء العراقیة، الإعلام الأمني: الجيش العراقي يمتلك قدرات عالية لحماية البلاد، 29/9/2024؛
https://www.ina.iq/218017--.html
-    شبكة الساعة الاخباریة، تعرف على ترسانة السلاح للجيش العراقي، 4/11/2024؛
https://alssaa.com/post/show/28126
-    سبوتنیک، الأسطول الحربي العراقي وقدرات الجيش في 2023، 13/9/2023؛
https://shorturl.at/WGJd7

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand