Draw Media

دۆستی ژینگەو دوژمنی خاوەن مۆلیدەكانە

دۆستی ژینگەو دوژمنی خاوەن مۆلیدەكانە

2024-10-28 14:11:15


راپۆرت: درەو
پرۆژەیەكی حكومەت بۆ كارەبای 24 كاتژمێریی و كۆتایهێنان بە پیسكردنی ژینگە كە سەرەتا لە چەند گەڕەكێكی هەولێرەوە تاقیدەكرێتەوە، دەیان كەس لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران كۆكردەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی، بەپێی پرۆژەكەی حكومەت لەمەودوا مۆلیدە ئەهلییەكان تەنیا لەكاتی نەخوازراوی پچڕانی كارەبادا دەبێت كار بكەن، بەڵام خاوەن مۆلیدەكان داوا دەكەن رۆژانە بەپێی خشتەیەك چەند كاتژمێرێك كارەبا دابین بكەن و داهاتێكیان دەستبكەوێت، حكومەت دەیەوێت تاوەكو 2026 كارەبای 24ی كاتژمێریی لەسەرتاسەری هەرێم دابین بكات، ئەگەر ئەمە بكرێت زیاتر لە (5 هەزار) مۆلیدەی ئەهلی لەكاردەكەوێت، وردەكاری لەم راپۆرتەدا.

مۆلیدەو برسیكردنی 10 هەزار خێزان 
خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی چونە بەردەم بینای پارێزگار، دوای خوێندنەوەی بەیاننامەیەك بەرەو بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران بەڕێكەوتن. خاوەن مۆلیدەکان باسلەوە دەكەن، حکومەت دانانی مۆلیدە ئەهلییەکانی داوە بە کۆمپانیایەکی حزبی، ئەم بڕیارە دەبێتەهۆی برسیکردنی (10 هەزار) خێزان.
وەكو خۆیان دەڵێن، فەرسەت سۆفی پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر پێشتر بەڵێنی بە خاوەن مۆلیدەكان داوە تا ماوەی 10 ساڵی داهاتوو مۆلیدەكانیان دەمێنێتەوە، ئەمانیش لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە خەرجییان لە مۆلیدەكانیان كردووەو پابەندبوون بە رێنماییەكانەوە لەوانە دانانی "كاتم"و رێگریكردن لە دوكەڵی ئەكسۆز، كە بەقسەی خۆیان تێچووی ئەم كارانە گەیشتوەتە (150 هەزار) دۆلار.
بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەم خەرجییانە، خاوەن مۆلیدەكانی هەولێر داوای ئەوە دەكەن خشتەیەكیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی رۆژانە لانی كەم چەند كاتژمێرێك مۆلیدەكانیان كارپێبكەن و داهاتێكیان دەستبكەوێت، یان ئەوەی پرۆژەی حكومەت بۆ راگرتنی كاركردن بە مۆلیدە ئەهلییەكان بەیەكجاری بۆ ماوەی چەند ساڵێك رابگیرێت تاوەكو ئەوان ئەو خەرجییە پەیدا دەكەنەوە كە لە دانانی مۆلیدەكانیاندا كردویانە.

ئەو پرۆژەیە چییە داوای راگرتنی دەكەن؟
هۆكاری راگرتنی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان لە هەولێر بۆ پرۆژەیەكی حكومەت دەگەڕێتەوە كە ناوی لێنراوە "پرۆژەی رووناكی"، ئەمە ئەو پرۆژەیە كە ئەمڕۆ خاوەن مۆلیدەكان داوایان كرد جێبەجێكردنی بۆ چەند ساڵێكی تر دوابخرێت. 
ریشەی ئەم پرۆژەیە بۆ بەڵێنێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە لە كانونی یەكەمی 2023دا، كە وتی: كارەبای 24 كاتژمێریی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابین بكات. 
یەكەم هەنگاوی ئەم پرۆژەیە لە تەموزی ئەمساڵدا لە گەڕەكی (شادی) لە هەولێر وەكو تاقیكردنەوە جێبەجێ كرا، پاشان گەڕەكانی (نازناز)و (بەختیاری)، بەپێی پلانی حكومەت، دەبێت تاوەكو كۆتایی 2026 پرۆژەی كارەبای 24ی كاتژمێریی لەسەرتاسەری كوردستان تەواو بكرێت.
ئێستا سەنتەری قەزای ئامێدی بە تەواوەتیی کراوە بە کارەبای 24 كاتژمێریی و سەرجەم موەلیدەكان كوژاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەكارهێنانی مۆلیدە بەتەواوەتی رانەوەستاوەو دوێنێ وەزارەتی داد كەمكردنەوەیەكی سنورداری راگەیاندووە بۆ كڕینی مۆلیدەیەكی جۆری (بێرکنز-KV GGP825) بۆ دیوانی وەزارەت. 

بانگەوازەكەی وەزارەتی داد بۆ كڕینی مۆلیدە
لەم هەفتەیەدا مەسرور بارزانی لەوتارێكدا لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی كوردستان لە هەولێر ئاماژەی بە "پرۆژەی ڕووناكی" كردو رایگەیاند، ئامانج لەم پرۆژە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێرییە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان. 
مەسرور بارزانی وتی:" ئەم پرۆژە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێناوەو تائێستا زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی سودمەندبوون لە كارەبای 24 کاتژمێریی، پلانەکان بەردەوامن و پرۆژەكە سلێمانی و دهۆكیش دەگرێتەوە".
وەزارەتی كارەبا سودەكانی ئەم پرۆژەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە: 
•    شێوازی پارەدان پاشینە (پۆستپەید)ە.
•    پارەی كارەبا تێیدا هاوشێوەی جاران یاخود كەمترە. 
•    نەمانی پشتبەستن بە مۆلیدە.
•    پاكبوونەوەی ژینگەی كوردستان. 
•    چاودێری بەكارهێنانی كارەبا. 
•    ئاگانامەی SMS دەربارەی بەكارهێنان و پسوڵەی كارەبا.
•    نەمانی دوو پسوڵەی كارەبا لە كۆتایی مانگدا، واتا بە جێبەجێبوونی ئەم پرۆژەیە چیتر ماڵان و شوێنە بازرگانییەكان تەنیا پسوڵەی كارەبای نیشتمانییان بۆ دەگەڕێتەوە نەك پسوڵەی كارەبای مۆلیدەو نیشتمانی بەجیا. 
•    مۆلیدە ئەهلییەكان لەدوای جێبەجێبوونی پرۆژەی رووناكییەوە ئیتر تەنیا وەكو پاڵپشت و لەكاتی پچڕانی كورت و نەخوازراوی كارەبای نیشتمانییەوە كاریان پێدەكرێت. 

دۆخی ژینگەو مۆلیدە ئەهلییەكان
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان دەڵێ یەكێك لە هۆكارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بەرهەمهێنانی وزەیە، بەرهەمهێنانی كارەبا بەهۆی سوتاندنی سوتەمەنییەكانی ژێر زەوییەوە دەبێتە هۆی دەرچوونی گازو تیشكی زیانبەخش. بڕی زۆرینەی كارەبا هێشتا بەهۆی سوتاندنی نەوت و غازەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەمە دوانە ئۆكسیدی كاربۆن و ئۆكسیدی نایترۆجین بەرهەم دێن كە گازی زۆر گەرمن و زەوی دادەپۆشن و گەرمی خۆر نادەنەوە.
دەستەی پاراستن و پاككردنی ژینگە پێیوایە، پرۆژەی رووناكی كە كارەبای 24 كاتژمێریی دابین دەكات دەبێتە هۆی كوژاندنەوەی هەزاران مۆلیدەی ئەهلی و ئەمەش ژینگە پاكدەكاتەوە. 
دەستەی پاراستنی ژینگە یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی بریتییە لە چاودێریكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان و ئاگاداركردنەوەیان لە رێنماییە ژینگەییەكان.
بەگوێرەی داتایەك كە (ئوسامە ئەشرەف) لەسەر مۆلیدە ئەهلییەكانی شاری هەڵەبجە بۆ ساڵی (2022) ئامادەی كردووە، كۆی كاركردنی مۆلیدەكانی شاری هەڵەبجە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (104108 سەعات) واتە ڕۆژانە (7:06 حەوت كاتژمێر و شەش خولەك)، بڕی سوتەمەنی سوتاوی تێكڕای ساڵەكە لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەكانەوە بریتی بووە لە: بە لیتر: 104108 سەعات جارانی 46.83 = 4875377.64 چوار ملیۆن و هەست سەد و حەفتاوپێنج هەزار و سێ سەد و حەفتاوحەوت پۆینت شەست و چوار لیتر بووە.
ئوسامە ئەشرەف لە وردبینییەكەیدا باسی لەوە كردووە، تەنیا لە ساڵی 2022دا بڕی دووەم ئۆكسیدی بەرهەمهاتووی لەلایەن مۆلیدەكانەوە لە شاری هەڵەبجە بریتی بووە لە (12 ملیۆن 944 هەزارو 127) كیلۆ بوو. 
واتا هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە لە ساڵی (2022)دا تەنیا لەرێگەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە بە تێكڕا بڕی (154.09 كیلۆ) گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی بەركەوتووە، رۆژانەش بەركەوتەی هەر هاوڵاتییەكی هەڵەبجە لەم گازە مەترسیدارە بریتی بووە (422 گرام).
لەدوای كشانەوەی هێزەكانی سوپای عێراقەوە لە ساڵی 1991، لەو جوگرافیایەی كە پێی دەوترێت هەرێمی كوردستان كارەبا تائێستا قەیرانێكی سەرەكییە، بەهۆی ئەوەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان نەیانتوانیوە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ دابینكردنی كارەبا بدۆزنەوە، پەنا بۆ بەكارهێنانی مۆلیدە براوە، ئەم مۆلیدانەش بە سوتەمەنی كاردەكەن و هیچ پێوەرێكی ژینگەپارێزییان تێدا نەبووە، بۆیە بەم ساڵانەی دوایی شەپۆلێك ناڕەزایەتیی لەلایەن تەندروستكاران و ژینگەدۆستانەوە دژ بە كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان سەریهەڵداوە، بەتایبەتیش بەلەبەرچاوگرتنی زۆربوونی ژمارەی نەخۆشانی شێرپەنجەو هەندێك جۆری تری نەخۆشیی. 

گرافیكی دۆخی مۆلیدە لە عێراق

مۆلیدە لە كوردستان
بەگوێرەی دواین داتا كە لەم مانگەدا وەزارەتی كارەبا بڵاویكردوەتەوە، زیاتر لە (5 هەزار) مۆلیدەی ئەهلی لە كوردستان هەیە. 
بەگوێرەی داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش، بە گشتی لەسەرتاسەری عێراق (48 هەزارو 533) مۆلیدەی ئەهلی هەیە، بە تێكڕا (44 هەزارو 440) كەس لە مۆلیدە ئەهلییەكاندا كاردەكەن و لەسەرتاسەری وڵات بە هەرێمی كوردستانیشەوە مۆلیدە ئەهلییەكان (7 ملیۆن) هاوبەشیان هەیە. 
لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (ملیۆنێك‌و 776 هەزارو 963) هاوبەش زیادیكردووە، ئەگەر بە تێكڕا (4) ئەمپێر بۆ هەر خێزانێك لە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان ئەژمار بكرێت‌و نرخی هەر ئەمپێرێكیش بە (10 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، ئەوا هەر خێزانێك مانگانە بەتێكڕا (40) هەزار دینار پارە لە كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكاندا خەرج دەكات، تێكڕای خەرجی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە دەگاتە (71 ملیار) دینار، ئەمەش هەموو پارەیە كە لە كوردستان لە كەرتی كارەبادا بەخەرج دەدرێت.

كارەبا لە هەرێمی كوردستان
هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابەشبوون بەسەر جۆرەكان (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، كشتوكاڵ‌و میری). بەر لە بەگەڕخستنی "پرۆژەی رووناكی"، وەزارەتی كارەبا هاوبەشانی كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون (ستییەكان)ی لە ماڵان جیاكردووەتەوە لەڕووی پێدان‌و نرخی فرۆشتنی كارەباوە.
لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەجۆرێك مانگانە زیاتر لە (100 ) ملیار دینار بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەڕوات كە كارەبا بەرهەمدەهێنن. بەپێی راگەیەندراوێك كە وەزارەتی كارەبا لە 2ی تەموزی 2021دا بڵاویكردوەتەوە، رێژەی 65%ی خەرجی كارەبا لەسەر حكومەتەو 35%ی لەسەر شانی خەڵكە.
لەپاڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبادا، كۆی خەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand