Draw Media

لۆژیکی جەنگ وەک لۆژیکێکی نەزۆک

لۆژیکی جەنگ وەک لۆژیکێکی نەزۆک

2024-10-24 12:03:22


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


ئەگەر٧ ئۆکتۆبەر شتێکی تەواوبێنرخ و بێبەھا و ھەرزان کردبێت، ئەو شتە ژیان و خوێنی فەلەستینییەکانە. خوێنی ئەو دەیان ھەزار ژن و منداڵ و گەنج و پیرەیە کە حکومەتە دینییە ڕاستڕەوەکەی ئیسرائیل زۆر بێرەحمانە و بەخواستی ئیبادەکردنی یەکجارەکیی فەلەستینییەکانەوە، کوشوتنی. ئەمە جگە لە کەمئەندامکردنی سەدان ھەزار کەسانی تر، بە جۆرێک  قسە لە دروستبوونی نەوەیەک لە مرۆڤی بێچاو و بێدەست و بێقاچ لە غەزەدا دەکرێت. ئەمە جگە لە  بێجێگە و بێماڵ و بێئێستا و بێئایندەکردنی ملیۆنانی تر لەو زەویە بچوکەی سەر ئەم ھەسارەیەدا. ئەوە با باس لە دروستبوونی نەوەیەک نەکەین کە لە رووی دەرونییە ژیان وەک کابوسێکی تاریکی پڕ لە کوشتن و ڕاکردن و بێماڵکەوتن، ئەزمووندەکەن. غەزە خۆیشی وەک شوێن، لەوە کەوتووە مرۆڤ بتوانێت لەناویدا بژی. غەزە شوێنێکە لە شوێنبوون کەوتوە.

ھەموو ئەمانە لە پێناوی چیدا؟ دۆستەکانی حەماس و شۆڕشگێرە رۆمانسییەکان باس لە کردە و ستراتیژیەتی بەرگریکردن دەکەن، ھەندێکی تریش بەرگێکی دینیی بەبەر مەسەلەکەدا دەکەن و ئەوەی حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەردا ئەنجامیدا وەک بەرگریکردن لە موقەدەساتی دینیی نیشانئەدەن. کەسانێکی تریش باس لە رزگاری نیشتیمانیی و بەگژاچوونەوەی زوڵم و چەوساندنەوە، دەکەن. بێگومان ھەموو میلەتێک خاکەکەی داگیرکرابێت و بچەوسێنرێتەوە، مافی بەرگریکردنی  لە خۆی و لە خاکەکەی ھەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کام بەرگریی، چۆن؟

بەر لە ھەمووشتێک برگریکردن و چوونە ناو جەنگ و ململانێی خۆکوژییەوە دوو شتی تەواو جیاوازن. خاڵی ھەرەسەرەکیی و بنەڕەتیی لە پشتی کردەی بەرگریکردنەوە، پاراستنی ژیان و نرخگێڕانەوەیە بۆ ئینسان. ئەمەش بەرگریکردن لە بازرگانیکردن بە ژیانی مرۆڤەکانەوە، بۆ مەبەست سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و دینیی، جیادەکاتەوە.

کارەساتی سەرەکیی فەلەستینیەکان وەک میلەتێکی خاک داگیرکراو و غەدرلێکراو، وەک نەتەوە و کۆمەڵگایەکی چەوساوە، ئەوەیە ھێزێکی وەک حەماس موغامەرەی دینیی و غەیرە دینییان، پێوەدەکات. لە سا:ی ٢٠٠٧  ەوە حەماس بە شێوەیەکی نایاسایی حوکمی غەزە ئەکات. سەرەتا پەلاماری ھەموو ئەو بەشەی دانیشتوانی غەزەیان دا کە سەر بە خۆیان نەبو و کەوتنە پاکتاوکردنی ھەموو چالاکەوانێکی سیاسیی کە لەپاڵ  حەماسدا، نەبێت. ھەموومان لەبیرمانە چۆن حەماس کەسانی سەر بە رێکخراوی فەتحی ڕاوەدوو دەکر و کە دەیانگرتن لەسەر باڵەخانە بەرزەکانەوە فڕێیان دەدانە خوارەوە. ھەموو ئەمانەشی بەناوی پاراستنی دین و بەرگریکردن لە موقەدەساتی ئیسلامەوە دەکرد.
حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەریشدا دووشتی بەرھەمھێنا. یەکەمیان، داچڵەکانێکی سایکۆلۆژیی و تراومایەکی گەورە بۆ ئیسرائیل، کە لەم دەیەی دواییدا ھێزی دینیی پەرگیری تەواو ترسناکی لەناودا دروستبووە. ھێزگەلێکی ڕێک وەک حەماس خۆی، بەڵام لەباتی ئیسلام دینی جولەکە ئاراستەیان دەکات. دووھەمین شت کە حەماس ئەنجامیدا، کردنەوەی دەرگای جینۆسایدکردنی دانیشتوانی غەزەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە. راستە ئەوەی ئەو جینۆسایدە ئەنجامئەدات سوپای ئیسرائیلە، بەڵام ئەوەی دەرگای بۆ ئەم کردەی ئیبادەکردنە کردەوە، حەماس خۆی بوو.
بەرگریکردن کاتێک مانایەکی ئینسانیی و سیاسیی و رەمزیی ھەیە ھێز و کەسانێک ئەنجامیبدەن، ژیانیان خۆشبوێت و لەپشتی کردەی بەرگریکردنەوە رێزگرتن لە مرۆڤ و نرخدانان بۆ ژیان ئامادەبێت، نەک کردەیەک بێت گروپێک ئەنجامیبدات، بیانەوێت بکوژرێن و پێیانوابەێت دوای کوشتنەکەیان بەرەو بەھەشت دەچن. ئەوەی لێرەدا ئەنجامئەدرێت بەرگریی نییە بە مانا راستەقینەکەی بەرگریی، بەڵکو کردەی خۆکوژیەکی تاکەکەسیی و دەستەجەمعییە کە تێگەیشتنێکی تایبەت بۆ دین ئاراستەی دەکات.

بەرگریی ڕاستەقینەی فەلەستینییەکان لە خۆیان و لە خاک و لە مەسەلەکەیان، ئەو  بەرگرییەبوو کە  بە درێژایی ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩١ لە ”ئینتیفازەی یەکەم“دا روویدا و لە ساڵی ١٩٩٣دا ”رێکەوتنەکانی ئۆسلۆ“ی لێکەوتەوە. ئەو بەرگرییەی بەناوی ڕاپەڕین یان ”ئینتیفازەی بەرد“ەوە چووە ناو مێژووی خەباتی فەلەستینییەکانەوە. لە م ڕاپەڕینەدا بەرد، بەردی ئاسایی، ئامرازی هێرش و بەرگریکردنی فەلەستینییەکان بوو لە خۆیان و زۆربەی بەردەکانیش منداڵان دەیانگرتە سەرباز و ئەفسەر و ماشێنە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیل. ئەو منداڵانەش بە ناوی ”منداڵانی بەرد“، أطفال الحجارة،ەوە چوونە ناو مێژووی بەرگریکردنی فەلەستینییەکان لە خۆیان و بەشێکی گەورەی جیھانیش ھاوڕا و ھاوسۆزی ئەو ڕاپەڕینە و منداڵە یاخییەکان بوون و بەرگرییەکەیان و وەک مەسەلەیەکی ڕەوا و دادپەروەر سەیردەکرد. ئەم ڕاپەڕینەی ٨ کانونی دووھەمیش ھەر لە غەزەوە و لەناو کەمپی جەبەلیاوە دەستیپێکرد. جیاوازیی نێوان بەرگریکردنی فەلەستینییەکان لە ٨ کانونی دووھەم و پەلامارەکانی حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەردا جیاوازیی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە. یەکەمیان بەرگرییەکە بە ھەموو مانا پۆزەتیڤ و ئینسانیی و یاساییەکانی بەرگرییکردنەوە، لە کاتێکدا دووھەمیان پیادەکردنی تاوانی جەنگ و کوشتنی زیاد لە ھەزار مەدەنیی و ڕفاندنی سەدانی ترە. یەکەمیان ھەنگاوێکی بەرەو چارەسەرکردنی مەسەلەی فەلەستین ھەڵھێنا، بە ھەموو نووقسانییەکانی ئەو ھەنگاوەوە، کەچی دووھەمیان میلەتێکی بەرەو سەربڕین و لەناوچون برد. لە دوای ”نەکبە“ی ساڵی ١٩٤٨ ەوە فەلەستینییەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان، زیانی وا گەورەیان لێنەکەوتوە وەک ئەوەی لە دوای ٧ ئۆکتۆبەرەوە لێیان کەوتوە. بە پێچەوانەی راپەرینی فەلەستینییەکان لە ٨ کانونی دووھەمی ساڵی ١٩٨٧دا، ئەوەی حەماس لە  ٧ ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، دۆخێکی دروستکرد بەشی ھەرە گەورەی وڵاتانی جیھان بوونە ھاودەرد و ھاوسۆزی ئیسرائیل و بەرگریکەر لە مافی  ئیسرائیل بۆ خۆپارستنی خۆی بەرامبەر بە دوژمنەکانی.

ئەوەی ئیسرائیل لە ئێستادا کاری بۆدەکات، تەنھا سەرکەوتنێکی سەربازیی نییە، بەڵکو لە ڕیشەھەڵکێشانی تەواوەتی ھەموو ھێزێکە دژ بە ئیسرائیل بێت، ھەموو ئەوانەی ئیسرائیلیان بەو شێوەیە ناوێت کە ناتانیاھو و ھێزی دینییە ڕاستڕەوەکان دروستیانکردوە. یەکێک لە ھەڵە ھەرە گەورەکانی حەماس و ھاوبیرەکانی ئەوەبوو ھیچ حیسابێکیان بۆ گۆڕانکارییەکانی ناو ئیسرائیل نەکردبوو، ئەوەیان نەدەبینی کە ئیسرائیلی ئەم دەیەی دوایی ئیسرائیلێکی تەواو جیاوازە، بۆ نموونە، لەو ئیسرائیلەی ئامادەبوو رێکەوتنامەی ئۆسلۆ ئیمزابکات و ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا قبووڵبکات. ئیسرائیلی ئەم دەیەی دوایی ئیسرائیلی حوکمڕانی ھێزە دینییە پەرگیڕە جولەکەکانی ھاوشێوەی حەماسن، کە پێیانوایە شتێک بەناوی مەسەلەی فەلەستینەوە نییە و نابێت ھەبێت.بۆیە  فەلەستینییەکان یان دەبێت ئیبادەبکرێن یان کۆچبکەن و وڵاتەکە بۆ ئەوان چۆڵ بکەن.

بە کورتییەکەی، ٧ ئۆکتۆبەر کردەیەکی سیاسیی حیساب بۆکراو نەبوو، کردەیەکی سەربازییش نەبوو لە پشتییەوە گەڕان بۆ چارەسەرێکی سیاسیی ئامادەبێت، ھیچ دیدگا و پلانێکی سیاسیی بۆ دوای پەلامارە سەربازییەکە لەئارادانەبوو. لە ڕاستیدا ٧ ئۆکتۆبەر کردەیەکی سەربازیی سەرکێش و بێباک بوو، موغامەرەیەکی بیرلێنەکراوە و بریارێکی مەیدانیی ترسناک و نابەرپرسیار بوو، دەرگای جەھەنەمیشی لەسەر  دانیشتوانی غەزە و لە ئێستاشدا لەسەر خەڵکی لوبنان، کردەوە.

ئەوەیش لە ئێستادا بۆ ئیسرائیل ئاشکرابووە ئەو ڕاستییەیە کە چ جیھانی عەرەبی، چ حیزبوڵا و حەماس، چ ئێرانیش، لە پەیوەندیان بە مەسەلەی فەلەستین و جەنگ لەو پێناوەدا، جگە لە پڵنگێک لە کاعەز دروستکراو، شتێکی دیکە نین.  دەشێت ئەم یان درۆن و رۆکێتیان ئەم یان ئەو ئامانج لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت، بەڵام بە ھیچ مانایەک ھێزی ئەوان بە ھێزی ئیسرائیل بەراورد ناکرێت. ئەوەیش لەم ناوەندەدا رۆژانە دەکوژرێت و ژیانیان وێراندەکرێت، ھەموو ئەو کەسانەن دەکەونە بەر پەلامارە بێڕەحم و وێرانکەرەکەی سوپای ئیسرائیل.

لێکدانەوەی سایکۆلۆژیی و دڵدانەوەی دینییانە، شێوازی باڵادەستی لێکدانەوەی ئەو هێز و چالاکەوانە دینییانەیە کە لە دەیان شوێن و کەناڵی جیاوازەوە باس لە سەرکەوتنەکانی ٧ ئۆکتۆبەر و دەرەنجامە پۆزەتیڤەکانی دەکەن، بە خودی خالید مەشعەل خۆیەوە کە پێوایە حەماس جەنگەکەی بردۆتەوە و ئیسرائیل دۆڕاندویەتی. ئەم جۆرە بکەرە دینیی و سیاسییانە هەڵبژاردنە سایکۆلۆژییەکانی خۆیان لێبووە بە خودی واقیع خۆی و ئەوەی سایکۆلۆژیای ئەوان دەیخوازێت بووە بە وێنەی ئەو واقیعەی لە بەردەمیاندا دروستدەبێت. بێگومان وێنەیەکی تەواو ھەڵە و لاقەکراو و شێواو، کە رەگەکانی لەناو دەرەنجامە ڕاستەقینەکانی رووداوەکاندا نییە، بەڵکو لەناو خواستە سایکۆلۆژییەکانی ئەو کەسانە خۆیاندایە کە نایانەوێت ھەڵەکان ببینن.
٧ ئۆکتۆبەر ساتەوەختی تەڵاقدانی تەواوەتی سیاسەت و لە باوەشکردنی لۆژیکی سەربازیی و جەنگ بوو. ئەمەش لەناو ھاوکێشەیەکی سەربازیی تەواو ناھاوسەنگدا. لانی ھەرەکەمی ئەوەی لەسەر ئەم لۆژیکە سەربازییە بیڵێین ئەوەیە کە لۆژیکێکی نەزۆکە، جگە لە کارەساتی گەورە ھیچیتری لێ سەوزنابێت. ئەم ڕاستییە سادەیە بۆ دۆخی ئێمە وەک میلەتێکی چەوساوەش تەواو ڕاستە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand