لەم ( دوو ئەگەرە ) بەدەر نیە !

Draw Media

2024-10-02 10:06:38




پ. د. سەعید عەلی


بێگومان بەرزكردنەوەی دروشمی هەڵبژاردن لەدێر زەمانەوە لەلایەن سیاسییەكانەوە لەسەرتاسەری دنیادا ڕەنگدانەوەی بارودۆخ و قۆناغێكی زەمەنیی دیاری كراو بووە ، بۆیە دەبینین ئەو دروشمانە لەلایەن حیزبەكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا زۆر دووبارە ناكرێنەوە ، بەڵكو حیزبە سیاسییە سەركەوتووە بە ئەزموونەكان هەوڵدەدەن كۆمەڵە دروشم و پڕۆژەیەكی نوێی هاوچەرخ پێشكەش بكەن کە ڕێك و گونجاو بن لەگەڵ قۆناغ و ڕووداو و پێشهات و گۆڕانكاریی و پێویستیی  وڵاتەكانیان و داواكاری كۆمەڵگەكانیان .
لە كوردستاندا ئێستا چەندین دروشمی قەبە و گەورە و خەیاڵیی لەلایەن پارت و هێزە سیاسییە عەسكەریی و مەدەنییەكانەوە بەرزكراونەتەوە و  ڕۆژانە جەماوەریان پێ تەڵقین دەدرێ و دەگەوجێنرێ.

ئەوەی لەم دروشمانەدا سەیرو سەمەرەیە ئەوەیە :
یەكەم :  زۆرێك لەو دروشمانە هێشتا تەمومژاوین و نەك تەنها جەماوەر لە ناوەڕۆك و ماناو ئامانجی پشتەوەیان حاڵی نەبووە ، بەڵكو دوور نییە هەندێك لە خاوەنەكانیان و پاڵێوراوەكانیشیان ئەگەر لەمەڕ ناوەڕۆك و مەغزای حەقیقی ئەم دروشمانە پرسیاریان لێ بكرێ نەتوانن وەك پێویست وەڵام بدەنەوە و دەنگدەر قەناعەت پێبكەن .
دووەم :  ئەوانەی ئەم دروشمانەیان بەرزكردۆتەوە زۆر بەشێوەیەكی نا تەندروست و ناسروشتیی و ناشارستانیی  پڕوپاگەندە بۆ خۆیان و دروشمەكانیان دەكەن و جەماوەر جۆش دەدەن ، واتە كەشێكی عەسكەرتاریی و شەڕێكی دەروونیی گەورەی وا خولقێنراوە وەك ئەوەی هەمووان لەبەردەم جەنگێك و مەعرەكەیەكی یەكلاكەرەوە و كۆتاییدا بن ، بەو مانایەی ئەگەر هەر یەكێك لەو دروشمانە سەركەوتوو نەبێ و دەنگی پێویست مسۆگەر نەكات ، ئەوا كوردستان دەڕوخێ و خەڵكەكەیشی جەهەننەم چاوەڕێیان دەكات ! ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە غروور و لەخۆبایی بوون و متمانە بەخۆبوونێكی گوماناویی بە هەڵگرانی ئەم دروشمانەوە بەدێ دەكرێ و، هەر یەكێك لەو حیزب و لایەنانە پێشبینی ژمارەیەكی سەیرو خەیاڵاوی كورسی پەرلەمانیی بۆخۆی دەكات ، وەك ئەوەی دەستكەوت و داهێنانەكانی ( یابان ) و پێشكەوتنەكانی وڵاتی ( سەنگافورا ) ئەمان خاوەنی بن و ئێستا چاوەڕێی پاداشت بكەن!
یان وەك ئەوەی ئەو حیزب و لایەنانە هەستیان بەوە نەكردبێ كە جەماوەر تاسەر ئێسقان هەڵگرانی ئەم دروشمانە یەک بە یەكیان دەناسن و دەیان جار ئەزموونیان كردوون و، فۆڕم و ناوەڕۆكیان شارەزا بووە و، زۆر بە وردی مێژوو و كارو سیاسەت و سابقەیان دەزانێ ! ئەی ئایا ئەوان نازانن جەماوەر چاك دەزانێ ئەم تایتڵ و دروشمانە نەك بە حیزبی فاشیل و دۆڕاو و داڕزیوو  و سواو، نەك بە حیزبۆڵكە و تاقمی بچوك و پڕۆژەی تاكەكەسیی و خەڵكی پاشماوەی ئینشیقاق و سیاسی گەندەڵ و ئۆپۆزسیۆنی ڕواڵەتیی ساختە و درۆزن نایەنە دی و جێبەجێ ناكرێن ، كە ئەمانە هەر هەموویان بەر غەزەب و نەفرەت و لەعنەتی خواو پێغەمبەر و ئاسمان و زەوی و داروبەرد كەوتوون!
بەڵكو ئەم دروشم و تایتڵە گەورانە بە حیزبێك یان چەند حیزبێكی تۆكمەی عیملاقی بەهێزی خاوەن هەموو جۆرە توانایەكی ماددی و مەعنەویی و، پشت ئەستوور بە هەزارەها ئەندام و كادیری لێهاتوو و پێگەیەنراو و ئامادەكراو و، خاوەن پانتاییەكی بەرفراوانی خەیاڵیی بنكەی جەماوەریی ، هەروەها خاوەن قیادە و نوخبەیەكی سیاسیی عەبقەریی متمانەپێكراو و زیرەك و كاریزما و، خاوەن قورسایی و ڕابردووی پاك و، وابەستە نەبوو بۆ ئەم و بۆ ئەو دێنەدی و جێبەجێ دەكرێن!
خۆ ئەگەر ئەوانەی ئەم دروشمانەیان بەرزكردۆتەوە ئەم ڕاستییانە دەزانن ، كەواتە وەڵام لەم دوو حاڵەتە بەدەر نیە  :
یەكەم  : یان ئەوەیە ئەمانە وانە و پەندیان لەڕابردوو وەرنەگرتووە و كەسانی سەرگەردان و سەرلێشێواون و پارە و دەسەڵات و كورسی مەستی كردوون و، لەولاشەوە بەناو ڕاوێژكارو دەوروبەرو حاشیەی هەلپەرست و بەرژەوەند پەرست و ماستاوچی و دووڕوو دەوری داون و، زیاد لە سنوور زانیاری درۆو ساختەیان پێگەیاندوون و بە لاڕێیاندا بردوون.
دووەم : یان ئەوەیە هەندێك لەم هێزو لایەنانە دوورو نزیك باوەڕیان بە دیموكراسییەت و  بە هەڵبژاردن و  سندوقی دەنگدان و پشتیوانی جەماوەریی نیە ، بەڵكو خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و ، ئەوەی زیاتر لەپشت پەردەوە  هیوایان لەسەر هەڵچنیوە و پاڵی پێوە ناوون ئەم دروشمە گەورە و خەیاڵیانە بێ هیچ شەرم و خەجاڵەتییەك لەبەردەم جەماوەردا بەرز بكەنەوە ، پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی دەوروبەرو دەزگا تایبەتە جۆراوجۆرەكانیان و، كەڵك وەرگرتنە لە تەزویری ئەلیكترۆنیی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكرد ، لەڕێی ئەنجامدانی سەفقەی زەبەلاحی پێشوەختە لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە زەبەلاحەكان كە خاوەن توانایەكی بێ وێنە و خۆرافین لەبواری فێڵ و تەزویرو ساختەكردن و گۆڕینی ڕاستییەكان و شێواندنی داتا و ژمارەكان ، توانایەك كە زۆر زۆر زیاترو سەرووترە لە توانا تەکنۆلۆژیی و تەكنیكییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان!

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand