ئیسرائیل و حیزبوڵا و لوبنان

Draw Media

2024-09-29 08:02:17



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


(١-٢)


ماشێنە سەربازی و ئەمنییەکەی ئیسرائیل، دوای وێرانکردنی غەزە و حەماس، ئێستا خەریکی وێرانکردنی لوبنان  و حیزبوڵایە. دوو بەرە لە جەنگدان کە هەریەکێکیان بە شێوازێکی جیاواز خۆیان نمایشدەکەن، بەڵام هەردووکیان یاری بە ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی ئاسایی و بێگوناه دەکەن و گەر بۆشیان بکرێت توخمی یەکتر لەسەر زەوی، دەسڕنەوە.

ئیسرائیل وای نیشەنبدات کە شەڕەکانی لەگەڵ دوژمنەکانیدا، شەڕی شارستانیەتە دژ بە بەربەریەت، جەنگی دموکراسیەتە لەگەڵ تێرۆریستاندا، پێکدادانی بەشە ئینسانییەکەی مرۆڤایەتییە لەگەڵ دوژمنەکانی مرۆڤدا. بە کورتییەکەی ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ دوژمنەکانیدا لە جەوهەردا ململانێی نێوان خێر و شەڕە و ئیسرائیل لەم جەنگەدا لەباتی بەشە شارستانیی و چاکەکارکەی جیھان، شەڕدەکات. بۆیە پێویستە هەموو مرۆڤێکی شارستانی و دیموکراس و خێرخواز پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات.

هەرچی حەماس و حیزبوڵا و حوسی و میلیشیا شیعییەکانی عێراق و دەوڵەتی ئێرانیشە، بەناوی ئیسلام و خودا و موقەدەساتی دینییە دەجەنگێن و ململانێکەیان وەک بەرگرییکردن لە خودا و ئیسلام و موقەدەسات، نمایشدەکەن. بۆیە ئەرکی سەرشانی هەر موسڵمان و خاوەن ویژدانێکە بەرگریان لێبکات و سەربەرزانە لەپاڵئەواندا بوەستێت.

لە کاتێکدا هەردووبەرەکە یەک لەیەک ناشیرینتر  و تاونابارتر و نابەرپرسیارترن. هەردووکیان هیچ نرخێک بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤ دانانێن و چۆن بۆیانبکرێت دەکوژن و لەناودەبەن.

هەر لە سەرەتاشەوە خەلەلێکی گەورە لە ھاوسەنگیی دەسەڵاتدا لە نێوان ئیسرائیل و ئەو دوژمنانەیدا ھەیە ، توانای ئیسرائیل و توانای حەماس و حیزبوڵا و کۆی بەرە سەربازییەکەیان بەیەکتری بەراوردناکرێت. ئیسرائیل جگە لەوەی خاوەنی ماشێنێکی سەربازیی گەورە و پێشکەوتوە کە چەکی ئەتۆمی یەکێکە لە چەکەکانی. هاوشان ئەمریکا، بە هەموو هێزە ئابوریی و تەکنۆلۆژیی و سەربازییە گەورەکەیەوە، بەرگریکەری ژمارە یەکی ئیسرائیلە لە بەرامبەر هەر هێزێکدا هەڕەشە لەو وڵاتە، بکات. ئیسرائیل خاوەنی دەیەها کۆمپانیای گەورەی دروستکردنی چەکی پێشکەوتو خاوەنی چەندەها زانکۆ و ناوەندیی تەکنۆلۆژیشە، کە توانای دروستکردنی وردترین و بەھێزترین تەکنۆلۆژیای جاسوسیکردن و موراقەبەکردنیان هەیە. ئەم دەزگایانە دەتوانن زانست بگۆڕن بۆ ئامێرێکی هێجگار گەورەی کوشتن و وێرانکاریی.
   
هەموو ئەم شتانە وادەکەن ئیسرائیل بتوانێت درێژە بە جەنگەکانی بدات و  تا رادەیەکی گەورەیش لەو جەنگانەدا سەرکەوتو بێت.  ڕەنگە سەرکەوتنی ئیسرائیل لە جەنگەکانیدا بەو شێوەیە و بەو گەورەییە نەبێت کە خۆی دەیەوێت، بەڵام لەوەدا سەردەکەوێت زیانی زۆر گەورە بە ژیانی  ملیۆنەها مرۆڤی ناو ململانێکە بگەیەنێت و وێرانەیەکی گەورەش لە پەلامارەکانییەوە، بەجێبهێڵێت. بەرە دژەکەی ئیسرائیلیش، بە هیچ مانایەک، خاوەنی لانیکەمی ئەو توانا زانستیی و تەکنۆلۆژیی و سەربازیی و ئەمنییە نییە. لاسەنگیی هێز لە ئاستێکدایە هەموو تەماشەکەرێکی ئاسایی دەیبینێت.

 یەکێک لە کارەساتە گەورەکان نکوڵیکردنە لەو دۆخە و  برەودانە بە گوتارێکی خورافی کە ڕۆژانەخۆی بە دەیان شێوە دووبارەدەکاتەوە. گوتارێک کە دەڵێت: ئیسرائیل نەیتوانیوە حەماس لەناوببات، ناشتوانێت حیزبوڵاش لەناوببات، بۆیە ئیسرائیل سەرنەکەوتوە و حەماس و حیزبوڵا براوەن. ئەوە نییە حەماس جار بەجار یەک دوو سەربازی  ئیسرائیلی دەکوژێت، یان پەلاماری ئەم یان ئەو تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلی ئەدات. کەناڵی جەزیرەش ئەم چالاکییە پچوک و سنووردارانەیان بە ئەڵاهو ئەکبەرەوە بۆ بڵاودەکاتەوە. ئەم گوتارە دەڵێت مادام حەماس لەناونەچووە و ئیسرائیل سەد دەر سەد نەیسڕیوەتەوە، مانای ئەوەیە حەماس براوەیە. ئەم بردنەوەیەش بەهۆی چەک و توانا سەربازییەکانی حەماسەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئیمانی ئەوان بە خودایە و ئیمانیش بەوەی کاتێک شەهید دەبن راستەوخۆ لە غەزەوە بەرەو بەهشت بەڕێدەکەون. ئەم گوتارە خۆخڵەتێنە خورافییە هیچ نرخێک بۆ ئەو هەموو وێرانکاریی و کوشتارە گەورەیە دانانێت کە ماشێنە سەربازییەکەی ئیسرائیل رۆژانە ئەنجامیئەدات. کوشتار و وێرانکاریەک کە دەچنە بواری تاوانە گەورەکانی جەنگەوە.
 
لە جەنگی ئیسرائیل بەرامبەر بە حەماسدا، حیزبوڵا تەماشەکەرێکی سلبی نەبوو، بەڵکو لە رۆژی دوای پەلامارەکەی حەماسەوە لە ٧ ئۆکتۆبەردا، بەشدارە لە جەنگەکەدا. ئەم بەشداربوونەشی بەبێ پرس و ڕاکردن بە دەوڵەت و حکومەت و خودی لوبنانییەکان بوو. حیزبوڵا یەکسەرە دەوڵەت و کۆمەڵگای لوبنانی لەم شەڕە خوێناوییەوە، گلاند. ئەمە یەکمجاریش نەبوو کە ئىسرائیل و حیزبوڵا بەریەکتری دەکەون. دامەزراندنی حیزبوڵا خۆی وەک هێزێکی شیعی لە لوبناندا، پەیوەندیی بە هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ دا هەیە. دوای ئەوە لە داگیرکردنی باشوری لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٨٥ ەوە تا ساڵی ٢٠٠٠، دوای ئەوش جەنگی گەورەی ئەم دوو لایەنە دژ بەیەک لە ساڵی ٢٠٠٦دا. لەم ساڵانەی دواییشدا پێکدادانی کورت و پچڕپچر و سنووردار.

 لە ساڵی ٢٠٠٠ دا و وەک دەرنجامی بەرگریکردنی هێزە لوبنانییەکان، لەناویشیاندا حیزبوڵا، سەرجەمی خاکی لوبنان لە داگیرکاری ئیسرائیل پاککرایەوە. لەوکاتەوە لوبنان وەک دەوڵەت کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا نییە. بەڵام لەدوای ئەم ڕزگارکردنوە حیزبوڵا لەباتی ئەوەی چەک دابنێت و هێزە چەکدارەکانی تەسلیمی دەوڵەتی لوبنانی بکات، بەسەربەخۆیی و وەک سوپایەکی تەریب بە سوپای دەوڵەتی لوبنانی مایەوە. لە رووی کردەییشەوە سوپاکەی حیزبوڵا لە سوپای فەرمی دەوڵەتی لوبنانی و خودی حیزبوڵا خۆیشی لە حکومەت و دەوڵەت لە لوبناندا، بەهێزتر بوو. رۆڵی ئێرانیش لەم بەهێزکردنەی حیزبوڵادا رۆڵی دەستنیشانکەر بوو. بەم شێوەیە حیزبوڵا وەک «دەوڵەت لە ناو دەوڵەت»دا دەستبەکاربوو. بۆ بەخشینی رەوایەتیش بەم دۆخە حیزبوڵا لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ ەوە باس لە بەشداریکردن لە رزگارکردنی فەلەستیندا، دەکات. لە دوای ساڵی ٢٠١١شەوە حیزبوڵا هێزە سەربازییەکەی سەربەخۆیانە دەباتە ناو سوریاوە بۆ پاڵپشتیکردن لە رژێمەکەی بەشار ئەسەد و دژایەتیکردن و سەرکوتکردنی شۆڕش و راپەڕینەکانی خەڵکی سوریا بە رووی بەشار ئەسەددا.

لە جەنگی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و حەماسیشدا، حیزبوڵا وەک بکەرێکی نادەوڵەتی، بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی لوبنانی، چوە ناو جەنگەکەوە. بەم کارەشی هەم دەوڵەت و حکومەتەکەی لوبنان و هەم سەرجەمی کۆمەڵگاکەی، بێویست و خواستی خۆیان، راکێشایە ناو جەنگێکەوە کە زۆرینەی هەرەزۆریان نایانەوێت.  هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا لوبنان بەبێ ئەم جەنگەیش وڵاتێکی ماندو و وێران بوو. ئابوریی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٩ لەوەکەوتوە توانای بەخێوکردنی خەڵکی وڵاتەکەی هەبێت، دۆخی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەژێر هێڵی هەژارییەکی ترسناکەوەیە.  خەلکانێکی زۆر توانای دابینکردنی بەشە خۆراکی رۆژانەی خۆیان نییە و نەماوە. ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستییش وێرانیش نەبووبن، لە وێرانبوون نزیکبوونەتەوە. ئەم دۆخە لە ئاستێکدایە بەشێکی گەورەی دانیشتوانی وڵاتەکە هیچ ئومێدێکیان بە گۆڕانی دۆخی وڵاتەکە بەرەو باشتر نەماوە و هیچ متمانەیەکیشیان بەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانە نەماوە کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن، بە خودی حیزبوڵا خۆیشیەوە.  ئەم دۆخە تا ئەو شوێنە رۆیشت چەند ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک سەرۆکی فەرنسا ئیمانۆێل ماکرۆن سەردانی لوبنانی کرد، زیاد لە ٤٤ ھەزار لوبنانی ئیمزایان لەسەر کەمپینێکی ئۆن لاینی سۆشیال میدیادا کرد، کە داوای لە فەرەنسا دەکرد بگەڕێتەوە و جارێکی تر وڵاتەکەیان داگیربکاتەوە.

ئێستا کە حیزبوڵا بەدەست ئیسرائیلەوە ئیفلیج بووە و بەشێکی زۆری سەرکردەکانی کوژراون، بەشێکی بەرچاوی ژێرخانە سەربازییەکەشی وێرانکراوە، هێزە ئەمنییەکەی پڕکراوە لە خەت مایل و کەسانی کڕدراو، پێدەچێت ئەو هێزەی نەمابێت کە بتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. جەنگی غەزەش لە ساڵێک نزیکدەبێتەوە. لەم ساڵەدا نە ئێران، نە حوسیەکان، نە میلیشیاکانی عێراق، نەیانتونیوە زیانێکی قابیلی باسکردن بە ئیسرائیل بگەیەنن. حیزبوڵا تاکە هێزێک بوو دەیتوانی هەڕەشەی قورس لە ئیسرائیل بکات.  بەپێی هەندێک ئامار حیزبوڵا لە دە مانگی رابردوودا  هەشت هەزار رۆکێتی بە ئیسرائیلەوە ناوە، شەست هەزار کەسیشی لەناو ئیسرائیلدا ناچارکردوە شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و بێماڵ و بێجێگەبن.
 
پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا لوبنان دوای ئەم ڕۆڵە سەربەخۆ و دوای ئەم شێوازی ئیشکردنە وەک «دەوڵەت لەناو دەوڵەت»دا، دەتوانێت جارێکی تر لەگەڵ حیزبوڵادا بژی، لەگەڵ هێزێکی چەکداردا کە هەم دەوڵەت و هەم کۆمەڵگاکەی، بە بارمتە گرتوە؟
ئەم پرسیارە نەک تەنها بۆ حکومەت و دەوڵەتی لوبنانی بەڵکو، بۆ نموونە، بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقیش پرسیارێکی گرنگ و ئێستاییە. چونکە لێرەشدا هێزە سیاسییە سەرەکییەکان میلیشیای تایبەت بەخۆیان هەیە و هەریەکێکیشیان لەسەر مۆدێلی حیزبوڵا وەک «دەوڵەت لەناو دەوڵەت»دا کاردەکەن.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand