خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر

Draw Media

2024-09-07 15:47:54



درەو:

راپۆرتی: رێبین فەتاح

دەشتاییەکی وشک و بەرفرەوان، بەدەگمەن درەخت و سەوزایی تێدا دەبینرێت، دووکەڵی ڕەشی کارگە و پاڵاوگەکانی نەوت لە هەموو لایەکەوە ئاسمانی تەنیوە. لە خوار هەر پاڵاوگەیەکیشدا، جۆگەلەی پاشماوەکانی نەوت، بەتاو دەڕوات و خاکەکە شەق دەکات.
ئێرە، ڕۆژئاوای هەولێرە؛ یەکێک لە بە پیتترین زەوییەکانی کشتوکاڵی لە دەشتی هەولێر. زێی گەورە بەدرێژایی دەشتاییەکە دەبڕێت، بەڵام پڕۆژە و کەناڵی ئاودێری لە ناوچەکەدا نییە. ناوچەکە بە هەزاران بیری قووڵ کونڕێژ کراوە. گەشەی خێرای شاریش لە ڕووبەری خاکە بەپیتەکە کەم دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی دامەزراندنی نزیکەی ١٥٠ پاڵاوگەی نایاساییش لەسەر ئەم زەوییە کشتوکاڵیانەدا، دۆخێکی نائاساییتریان دروستکردووە.
لەو دەشتاییە پان و پۆڕەدا، بیرە قووڵەکان، بەنزیکەیی تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و ئاودێریین بۆ دانیشتووانی سەدان گوند و شارەدێ. خەڵکەکە بەگشتی پشت بە کشتوکاڵ و بە پلەی یەکەم بەرووبوومی دانەوێڵە دەبەستن.
"بیرەکان نەبوونایە، ئاوی خواردنەوەیشمان نەدەبوو"، حوسێن بڵباس جووتیارێکی سنوری پیرداود وای گوت.
بەدرێژایی دەیان ساڵ، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بەتەنگ سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی نەبوون، دانیشتووانی ناوچەکەش لە بێئاویدا پەنایان بۆ هەڵکەندنی بیر برد بۆ دابینکردنی ئاو. ئەوەش لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەی ئاودێری لەئارادا نەبوو، لەلایەن حکوومەتەکانەوە پەسندکرا. ئەگەر ئاوی ژێرزەویش نەبووایە، حوسێن و ڕەنگە نزیکەی تێکڕای جووتیارانی دەڤەرەکە، ساڵانێک بوو ناوچەکەیان چۆڵ دەکرد.
دوای دەیان ساڵ، ژمارەی بیرە قووڵەکان بۆ هەزاران هەڵکشاون، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەخێرایی لە کورتیی دەدات، خاکەکە بەهۆی ڕەچاو نەکردنی ڕێوشوێنەکانی ژینگەییەوە، ڕووبەڕووی مەترسی دیکەی نوێ دەبێتەوە، ئەوەش جووتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە بەرەو ڕووی مەترسی جددییتر دەکاتەوە.

لە وشکەساڵییەوە بۆ وشکایەتیی زەوی
بە پێچەوانەی باشوورو ناوەڕاستی عێراق، باران سەرچاوەی سەرەکی ئاودێرییە لە کەرتی کشتوکاڵیدا لە هەرێمی کوردستاندا. بەو جۆرەش گۆڕانی شێوازی دابارین بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێراویی خاک و بەرووبوومە کشتوکاڵییەکەی هەیە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، بەدرێژایی ٢٧ ساڵی ڕابردوو، کەمترین بڕی داباران لە ساڵەکانی ١٩٩٩ و ٢٠٢١دا بوە لەنێوان (١٥٧.١ملم) بۆ (١٩٦.٢ملم). لانیکەم لە نۆ ساڵدا تێکڕای دابارین لە خوار (٣٠٠ملم) بووە، ئەم بڕەش لە دابارین لە هەرێمی وەک بڕێکی نامسۆگەر دیاریکراوە. ناوچەکە، بەگشتی دەکەوێتە نێوان دوو هەرێمی دابارینی نیمچە مسۆگەرو نامسۆگەرەوە.
"لە دوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە زۆرترین دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی ڕوویداوە و ئەوەش دیاردەیەکی بێ پێشینەیە لە ناوچەکەدا". د. هۆشیار ڕەحمان پسپۆڕی بواری خاک وای گوت.
تێزی دکتۆراکەی هۆشیار ڕەحمان پێوەستە بە وشکێتیی و وشکەساڵی لە ناوچە نیمچە وشکەکانی هاوشێوەی ڕۆژئاوای هەولێر. ئەو، وشکێتی بە سەر چوار قۆناغ دابەش دەکات: وشکێتیی کەش لە کەمبارانییەوە؛ وشکێتیی کشتوکاڵیی کە قۆناغی لە کورتدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە؛ وشکێتیی ئاوی، کە ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی کەم دەکات و لە کۆتاییشدا وشکێتیی ئابووری کە ئیتر خاک توانای خۆی لەدەست دەدات، بەبیابانبوون ڕوودەدات و سەردەکێشێت بۆ کۆچی دانیشتووان؛ "لەزۆربەی ناوچە نیمچە وشکەکاندا لە قۆناغی سێیەمی وشکێتیین یان بەرەو دواقۆناغ تێپەڕمان کردووە"، د. هۆشیار ڕەحمان گوتی.
لە ئایاری ساڵی ڕابردووەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگە مەترسیدارەکەی لێدا، کاتێک ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی جددی بووەتەوە، لەوانە وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها پاڵپشت بە داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، لانیکەم ٨٠٠ گوند بەهۆی وشکەساڵییەوە لە لێواری چۆڵکردندان. نە حکوومەتی هەرێم و نە بەڕێوەبەرایەتییەکە، وردەکاری ئامارەکەیان ئاشکرا نەکرد، بەتایبەت لەوەی پێوەندی بە دابەشبوونی جوگرافیی گوندەکانەوە هەیە.
"چیتر نابێت باس لە وشکەساڵی بکرێت، پارێزگای هەولێر بە دۆخی وشکایەتیی زەوی (drought) تێپەڕدەبێت. ئەوە دۆخێکە کە چینیی وشکی زەوی ئەستوور دەبێت، هەر ئێستا ئێمە لە دۆخی وشکایەتیی زەویداین"، د. هێرش شکاک پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی ئاو و شارەزا لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان وای گوت.
ئەستووربوونی چینی وشکی زەوی و دابەزینی خێرای ئاستی ئاوی ژێرزەوی، دوو لە ئەنجامە گرنگەکانی توێژینەوەکەی شکاک بوون، کە ساڵی ڕابردوو بەناونیشانی "بەڕێوەبردنی ستراتیژی ئاو لە پارێزگای هەولێر"، بڵاوکرایەوە. ئەو، دەڵێ: "ئەستووربوونی چینیی وشکی زەوی، وا دەکات بەروبوومە کشتوکاڵییەکان پێویستیان بە بڕێکی زۆر زیاتری ئاو بێت، بەراورد لەگەڵ دۆخی ئاسایی".
ئەنجامەکەی شکاک، لەگەڵ هەمان ئەو گوتانە یەکدەگرێتەوە، کە جووتیارانی ناوچە جیاجیاکان لە ڕۆژئاوای هەولێر بۆ ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەیان بۆ کرد.
"خاکەکە زۆر تینووە و بەهەمان بڕە ئاوی جاران بۆ ئاودێری بەکاردەهات، تێراو نابێت"، ڕەمەزان شەمامکی، نوێنەری یەکێتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دەشتی شەمامک، وا دەڵێ.
شەمامک بەدووری ٢٥کم لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر هەڵکەوتووە و یەکێکە لە ناحیەکانی سەربە قەزای ناوەندی هەولێرە. ناوەکەی لە شەمام (گندۆرە)ەوە هاتووە و گوزارشت لە بەپیتیی خاکەکەی بۆ ئەو بەربوومە هاوینییانە دەکات، کە ئێستا وەک نوێنەرەکەی جووتیاران دەڵێ: "بەدەگمەن نەبێت، جووتیاران نایچێنن".
داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دابەزینێکی خێرا لە چەندین بەربوومی هاوینە لە سنوری پارێزگاکە پیشان دەدەن. ئەوەش لەژێر کارتێکەرییە جیاجیاکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاو، بەپیتیی خاک و پاشان پاشەکشەی دەستی کاری کشتوکاڵیی، وەک ئەوەی نوێنەرەکەی جووتیاران ئاماژەی بۆ دەکات.
دۆخەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی دەگۆڕێت. دڵشاد عومەر یەکێک لە جووتیارە ناسراوەکانی شارەدێی دیبەگەی سەربە قەزای مەخموور، گەنمەشامی کردووە و هەر سێ ڕۆژ جارێک ئاوی دەدات، بەڵام بە گوتەی نوێنەرەکەی جووتیاران، ئەو جووتیارانەی لە سنوری شەمامک گەنمەشامییان کردووە، "جار هەیە، هەر ٢٤ کاتژمێر و بە بەردەوامی ئاودان دەکەن".
پسۆڕانی بواری کشتوکاڵ، سەرنج لەسەر کاریگەریی وشکاتیی زەوی لەسەر کەمبوونەوەی بەپیتیی خاک چڕ دەکەنەوە. "وشکایەتییەکە بەپیتیی خاک کەم دەکاتەوەو زیندۆچکەکان لەناودەبات؛ ئەو کارتێکەرییانە بە چاو نابیندرێن، بەڵام دەرهاوێشتەکەی لەسەر بڕست و بەرهەم بەزوویی و بەزەقی دەردەکەوێت"، د. ڕابەر فەتاح پسپۆڕ لە زانستە ڕووەکییەکان و مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەددین گوتی.
"خاک بە هەموو جۆرەکانییەوە و بە زیندۆچکەکانی ناوییەوە، هەر بە ئاو دەژین، کاتێک وشکێتیی ڕوودەدات، گەردیلەکانی خاک گرێداییان نامێنێت، زیندۆچکەکانی ناو خاک و گژوگیا لەناودەچن، لەکۆتاییدا خاکەکە فشۆڵ دەبێت و بەبیابانبوون دەستپێدەکات"، د. هۆشیار ڕەحمان وای گوت.
ناوچەکە لە زۆر پێشترەوە، کەمترین ڕووپۆشی سەوزایی هەبووە. بەگەڕانەوە بۆ ڕووپێوی ڕووپۆشی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، کە پێش دە ساڵ ئەنجامدراوە، ڕۆژئاوای هەولێر کەمترین ڕووپۆشی سەوزایی لەسەر ئاستی پارێزگاکە و هەرێمی کوردستان هەیە. ناوچەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە چەند قەزایەک لەخۆدەگرێت، لە سنوری قەزای مەخموور(بە دووری ٦٥کم لە ڕۆژئاوای هەولێر) ڕێژەی ٢.٤٩٪ی ڕووپۆشی سەوزایی و قەزای دەشتی هەولێر ڕێژەی ٤.٥١٪ی ڕووپۆشی سەوزایی هەیە. ئەوەش کەمترە لە ڕووپۆشی سەوزایی لە قەزای کەلار- یەکێک لە ناوچە هەرە کاریگەرەکان بە گۆڕانی کەشوهەوا، کە ٥.٥٠٪ پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا ڕێژەکە لە سنوری قەزای خەبات (بەدووری ٣٧کم لە ڕۆژئاوای هەولێر) بە ٦.٤٥٪ بەرزبوونەوەیەک بەخۆیەوە دەبینێت.
پارێزگاکە لەڕووی دارستانیشەوە، کەمترین ڕووبەری دارستانی هەیە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕووبەری زەوی دارستان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بە زیاتر لە ملیۆن و نیو دۆنم دیاریکراوە؛ پارێزگای هەولێر بەڕێژەی زیاتر لە ٢١ لە سەد، پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠ لە سەد، پارێزگای سلێمانیش بە ڕێژەی نزیکەی ٣٠ لە سەد.
لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا، پاشەکشەیەک بەڕێژەی ٥٠٪ لە ڕووبەری دارستانی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە؛ لە پێنج ملیۆن دۆنمەوە بۆ دوو میلیۆن نیو دۆنم، ئەوەش وەک بەرپرسێکی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، زیاتر بە هۆکاری مرۆییەوە، لەناویاندا فرەوانبوونی بازنەی شارەوانی، بڕینەوەی ناوچە دارستانییەکان و ئاگرکەوتنەوە.
هەر لە بنەڕەتدا، ڕۆژئاوای هەولێر ناوچەیەکی دارستانیی نییە، جگە لە چەند پڕۆژەیەکی کۆن و سنورداری دارستانی دەستکرد، بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، هیچ پڕۆژەیەکی دارستانی دەستکرد لە هەموو ئەو پانتاییە بەرفرەوانەدا نەبووە. ڕووبەرە دارستانییەکەی هەولێر، لە باکوور بەرەو ڕۆژهەڵات دابەشبووە.

 

دابەزینی خێرای ئاستی ئاوی ژێرزەوی
لەماوەی ٢٠ ساڵدا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سەنتەری هەولێر ٥٠٠ مەتر کەمیکردووە، واتە لە قوڵایی ٢٠٠ مەترەوە گەیشتووەتە زیاتر لە  ٧٠٠ مەتر.  لەماوەی ١٠ ساڵیشدا لە ڕۆژئاواو باشووری هەولێر، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە قوڵایی ٢٠٠ مەتر دابەزیوە لە ٣٥٠ مەتر بۆ ٥٤٥ مەتر.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لە هەر ڕۆژێکدا نزیکەی ملیۆن و نیوێک مەتر سێجا لە هەردوو سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بۆ پارێزگای هەولێر دابینکراوە. بەڵام وەک د. هێرش شکاک ڕوونی دەکاتەوە، کە زیاتر لە ٥٤٠ هەزار مەتری سێجا لەو بڕە بەفیڕۆدراوە کە دەکاتە ٣٨.٥٪ی تەواوی ئاوی دابینکراو. لێکدانەوەکە پشتی بەستووە بە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە و بڕی پێویستی هەر تاکێک بۆ ئاو کە بە ٣٠٠ لیتر دیاریکراوە.
لە سنوری پارێزگای هەولێر، چەندین سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی هەن، زێی گەورە کە زۆرترین سوودی لێوەرگیراوە و بەنزیکەی ٥٠٪ی ئاوی دابینکراو لەو سەرچاوەیەوە دێت. بەم پێیەش نیوەکەی تر ئاوی ژێرزەوییە. سوودوەرگرتنێکی کەم لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، هۆکاری پشت بەستن بووە بە ئاوی ژێرزەوی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی. بە گوێرەی ئامارەکانیش تا ساڵی ٢٠٢٢، سەرووی ١٦ هەزار بیری قووڵ لە پارێزگای هەولێر هەڵکەندراون، کە لانیکەم شەش هەزاریان بێمۆڵەتن.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی هەولێر، بەڕێژەی ٧٠٪ی ئاوی دابینکراوی ژێرزەوی لە پارێزگاکە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت، ئەوەش زۆرترین بڕە بەراورد بە ڕێژەی بەکارهاتوو بۆ خواردنەوەو پیشەسازی. واتە ڕێژەی ٩٠٪ی سەرچاوەی ئاودێری لە پارێزگای هەولێر پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت، بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
"لە پارێزگای هەولێر، هەموو کات بڕی ئاوی دەرهێنراو، زۆر زیاترە لە بڕی ئاوی چۆڕاوە بۆ ناو زەوی. لەکاتێکدا ئەو هاوکێشەیەی پارێزگاری لە ئاوی ژێرزەوی دەکات، بریتییە لەوەی کە بڕی ئاوی دەرهێنراو کەمتر بێت لە تێکڕای بڕی ئاوی چۆڕاوەی سەرزەوی بۆ ناو عەمبارەکانی چینە جیۆلۆجییەکان"، شکاک وای گوت.
دەستبردن بۆ ئاوی ژێرزەوی لەلایەن حکوومەتی خۆجێی هەولێرەوە، "ڕێگە ئاسانەکە" بووە لەڕووی تێچووی دابینکردنی ئاوەوە، لە هەمان کاتدا "هەڵبژاردنە قورسەکە"یش بووە لەڕووی مەترسییەکانی بەڕێوەبردنی ئاوەوە. بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی، بەردەوامی بە کشتوکاڵکردن لە ناوچەکە داوە، بەڵام وەک عەبدولسەمەد محەمەد بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، بەردەوامیدانەکە لەسەر حیسابی زیانگەیاندنی گەورە بە ئاوی ژێرزەوی بووە.
قەبارەی حەوزی ئاوی ژێرزەوی هەولێر، ٣٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ٨٠٠ مەتر قووڵە. سنوردارە بە هەردوو زێی بچووک لە باشووری ڕۆژهەڵات و زێی گەورە لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگاکە. حەوزەکە بەسەر سێ حەوزی بچووکتر؛ حەوزەکانی باکوور، باشوور و ناوەڕاست دابەشبووە. قەبارەی ئاو و کوالێتییەکەی بەگوێرەی حەوزەکان دەگۆڕێت؛ هەریەکێک لە حەوزەکانیش بەڕادەی جیاواز گوشاریان لەسەر دروستکراوە.
وەک شارەزاکەی دەستەی ژینگە ڕوونی دەکاتەوە، زۆرترین گوشاری بەکارهێنان لەسەر حەوزی ناوەڕاست چڕکراوەتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ سەنتەری شاری هەولێر. ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی خێرا لە ژمارەی هاوبەشانی ئاوەوە؛ ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە شاری هەولێر لە ٢٦١ هەزار و ٤٩٣ هاوبەش لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٣٨٠ هەزار و ١٧٢ هاوبەش لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ زیادی کردووە. لەپلەی دووەمیشدا، گوشاری لەسەر حەوزەکانی باشوور و ناوەڕاست دروستکراوە.
لەکورتدانی دابارین لە چەندین ساڵی ڕابردووەوە و زیاد بەکارهێنانی ئاو، بە هۆکاری دابەزینە خێراکەی ئاوی ژێرزەوی هەولێر دادەندرێن. هێشتا، هۆکاری دیکە هەن کە پێوەندییان بە کات و شێوازی دابارینەکەوە هەیە.
"لەژێر کارتێکەری گۆڕانی کەشوهەوا کات و شێوازی دابارین گۆڕاون. هەر تەنیا بارانی زۆر بۆ خاک و بۆ بەرووبووم بەس نییە، بەڵکوو شێواز و کاتی دابارینەکە گرنگن"، عەبدولسەمەد محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر وای گوت.
ئەو، ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات: "دەشێت بارانی زۆر ببارێت، بەڵام هەر تێکڕای بارانەکە گرنگ نییە، بەڵکو کات و شێوازەکەی، واتە شێوازی دابەشبوونی بارانەکە بەسەر وەرزەکانی ساڵدا. ئەمساڵ بە تێکڕا بارانی زۆر باریوە، بەڵام لەکاتی پێویستدا نەبوو".

 

کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، شارەکە گەشەیەکی خێرای لەڕووی بیناسازییەوە کردووە، ئەوەش بە گۆڕینی پانتاییەکی بەرفرەوانی ڕەگەزیی زەوی، لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون کۆتایی هاتووە. ئەو پڕۆسەیە لەوەتەی ساڵی ١٩٩٨ەوە بەیاساییکراوە.
بەگوێرەی داتایەکی یەکێتی جووتیاران، تەنیا لە قۆناغی یەکەمی ماستەرپلانی شاری هەولێر، زیاتر لە ٣٠ گوند خراونەتە ناو بازنەی شارەوانییەوە و ڕەگەزی زەوییەکانیان بۆ نیشتەجێبوون گۆڕدراوە، ڕووبەری زەوی کوژاوە، لەو سنوردانەدا، دەیان هەزار دۆنم دەبێت.
"سنوری شارەوانی هەولێر، بە هەڕەمەکی و لەبەرچاوگرتنی قازانجی وەبەرهێنەرانی کەرتی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنەرانی دی فرەوانکراوە، نەک ڕەچاوکردنی خاک و کشتوکاڵ و ژینگەکەی. لەبەرئەوە گەڕەکە نوێیەکان لەسەر بەپیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکراون"، کانەبی ڕەسووڵ چالاکی بواری جووتیاران وای گوت.
جگە لە شارەوانی، لە کۆتایی ٢٠٠٦ەوە تا ئەمڕۆ، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی زیاتر لە ١٣٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە هەولێر داوە، ڕەگەزی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی بۆ نیشتەجێبوون و یان پیشەسازی گۆڕدراوە. کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی، ئەوەندە بەرفرەوان بوو، تا لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر زۆر سنوردارکردنی کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ هەر مەبەستێکی ناکشتوکاڵی دەرکرد. بەڵام هەر ئێستا شارەوانی شارەکە، سەرقاڵی دیاریکردنی زەوییە بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا و چاوەڕوان دەکرێت هەزاران دۆنم زەوی دیکەی کشتوکاڵی لەو پڕۆسەیەدا بکوژێنرێنەوە.
لەدەرەوەی فرەوانبوونی بازنەی شارەوانی، شارەزایان ئاماژە بە گرفتی دیکە لە نەخشەسازی شاری هەولێر دەکەن. وەک د. ڕابەر فەتاح پسپۆڕی بواری کشتوکاڵ دەڵێ: "شاری هەولێر وەک بەربەستێکی کۆنکرێتییە لەبەردەم داچۆڕانی ئاو بۆ ناو خاک و ڕێڕەوی ئاو بەرەو ڕۆژئاوای شارەکە لە وەزری داباریندا. بەنزیکەی تێکڕای پانتایی شارەکە و تەنانەت بە ناوچەکانی پیادەڕەوییەوە کۆنکرێتکراون و دەرفەتی داچۆڕانی ئاو بۆ ناو خاک نییە".
دەرهاوێشتەی ئەو بەربەستە کۆنکرێتییە لە ناوخۆی شارەکەدا، دروستبوونی لافاوە لەگەڵ هەر بڕە بارانێکدا و کارتێکەرییەکەیشی لەسەر زەوییەکانی خوارووی شارەکە، پڕۆسەی داچۆڕانی ئاو بۆ ناو چینەکانی خاک بۆ دروستکردنی لافاو دەگۆڕێت. بەو جۆرەیش بڕێکی زۆری بارانەکە، لەبری داچۆڕان بۆ ناو خاک، وەک لافاو بە شیو و دۆڵەکاندا تێپەڕ دەبێت. ئەوەش ئەوەندەی دیکە وشکێتیی لە ڕۆژئاوای شارەکە زیاتر دەکات.

کشتوکاڵ لە خاکی تینوودا
هەرچەند بەرووبوومە هاوینییەکان بەگشتی لە کورتییان داوە، بەڵام لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو، هەندێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای هەولێر گەشەی خێرایان کردووە، کە پێویستیان بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆری ئاو هەیە. بەرهەمی هەرە گەشەکردوویش، کە زۆرترین بڕی ئاوی پێویستە، بەربوومی گەنمەشامییە لە پارێزگاکەدا.
هەردوو گەنم و گەنمەشامی بەڕێگەی مەڕەشەوە ئاودەدرێن "نیوەی ئاوی مەڕەشە بەفیڕۆ دەچێت"، ڕەمەزان شەمامکی وای گوت.
داتاکانی وەرگیراو لە دەستەی ئاماری کوردستان پیشانی دەدەن، تا ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەمی گەنمەشامی لە پارێزگای هەولێر تەنیا ٦٢٩ تۆن بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ١٣٧ هەزار و ٣٥٥ تۆن گەشەی کردووە. لەو ساڵانەدا سەرووی پێنج هەزار هیکتار لە ڕووبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە بە گەنمەشامی چێندراوە، بەپێی داتایەکی وەرگیراو لە وەزارەتی کشتوکاڵ.
ڕەزاق خەیلانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات: "تەواوی ئاوی بەکارهاتوو بۆ پڕۆژەکانی گەنمەشامی لەڕێگەی بیری قووڵ و لەژێر زەوییەوە دێت"، بەڵام بەدواداچوونی مەیدانیی ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات، دەیان جووتیاریش بە ئاوی ئاوەڕۆی شاری هەولێر کشتوکاڵ دەکەن، لەناویدا گەنمەشامی.
هەرچۆنێک بێت، بەشی زۆری گەنمەشامی بەرهەمهاتوو لە پارێزگای هەولێر، پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت. لەناویاندا سەرجەم جووتیارانی دەشتی شەمامک تا دیبەگە، ئەوەش ئەوەندی دی گوشارەکانی لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەولێر توندتر کردووە.
"ئێمە کشتوکاڵی هەڕەمەکیمان هەیە نەک پلان بۆداڕێژراو، کشتوکاڵی هەڕەمەکی دەشێت کاریگەری نەرێنی لەسەر خاک و ئاو هەبێت"، د. ڕابەر فەتاح وای گوت.
ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی (٦٦.٧٦٪)ی گەنمەشامی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر بەرهەمهاتووە و بەنزیکەی تێکڕای ئەو بەرهەمەش لە ڕۆژئاوای شارەکە یان دەشتی هەولێر سەرچاوەی گرتووە. دابەشبوونی جوگرافی بەرهەمی گەنمەشامی لە پارێزگای هەولێر، دەکەوێتە قەزاکانی مەخموور، دەشتی هەولێر و قەزای ناوەندی هەولێر، ئەوەش بەشی ڕۆژئاوا بەرەو باشووری شارەکە دەگرێتەوە، جگە لە قەزای مێرگەسور، لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە گەنمەشامی ناکرێت.
هەردوو پسپۆڕە کشتوکاڵییەکە و بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، پێداگیری لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی، بەگوێرەی خاک و ئاو دەکەن.
د. ڕابەر فەتاح لەو ڕووەوە دەڵێ: "دەبێت لەڕێگەی پلانی کشتوکاڵییەوە، بڕیار بدرێت لە کام خاک و ناوچەدا چ جۆرە بەرووبوومێکی کشتوکاڵی بکرێت، گونجاو نییە لە خاکێکی نیمچەوشکدا، ئەو بەرووبوومانە بکرێن، کە پێویستیان بە ئاوی زۆر هەیە، بەدڵنیایی پێویستە پەیڕەوی لەڕێگە نوێکانی ئاودێری بکرێت، لەپێناو بەکارهێنانی بڕێکی زۆر کەمتر لە ئاو".
بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێریش ئاودێرکردنی گەنمەشامی بە ئاوی ژێرزەوی، بە "تاوان" لەقەڵەم دەدات. لە دۆخێکدا خاکەکە بەرەو وشکێتیی تەواو دەچێت و ئاستی ئاوی ژێرزەوییش بەخێرایی دادەبەزێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، چەند ساڵێکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی تەرزێکی خۆماڵیی گەنمەشامییە، تەرزێک بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی کوردستان بگرێت و وەک ئەو، دەڵێ: "تەنیا ڕێگە بدرێت لە زەوییەکانی نزیک لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و بە ئاوی سەرزەوی بەرهەم بهێندرێت".
بەپێچەوانەوە، زۆرینەی بەروبوومە هاوینییەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر بەرەو داکشان و پووکانەوە چوون. "کەمبوونەوەی ئاو و بەپیتیی خاک، بڕشتی بەرهەمەکانی هاوینەی کەم کردنەوە و جووتیارانیش دەستبەرداربوون"، حەسەن فەتاح جووتیارێکی قەراج وای گوت.
بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، پێداگیری لەسەر پێویستی پشتکردنە ڕێگا کۆنەکان لە کشتوکاڵ و ئاودێریدا دەکات و وەک دەڵێ: "ئەگەر هەر بەو ڕێگا کلاسیکییانەی تا ئێستا ئاودێری بکرێت، چارەسەرییەک نابێت". سەرنجڕاکێشە، کە هەر ئێستا بەڕێژەی ٩٥٪ی ئاودێری لە پارێزگای هەولێر، پشت بە ئاودێری کۆن دەبەستێت و لەوەشدا وەک شارەزاکەی دەستەی ژینگە دەڵێ: "چەند باری بڕی پێویست، ئاو بەکاردەهێندرێت و بەفیڕۆ دەدرێت".

 

 

پیسکەرەکان؛ نائامادەیی سیاسەتی ژینگەیی
بەدرێژایی دەیان ساڵ، هەر مامەڵەکردنێک لەگەڵ زەوی، لە دەرەوەی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بووە. لە فرەوانکردنی بازنەی شارەوانی، بەکارهێنانی بەربڵاوی ئاوی ژێرزەوی، دامەزراندنی کارگە پیشەسازییەکان و لانیکەم ١٣٨ پاڵاوگەی نەوتیش لە پارێزگاکە، ڕەهەندە ژینگەییەکە لایەنێکی ڕەچاوکراو نەبووە.
وەک ئاسۆ شکاک سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی دەڵێ، بەدرێژایی دەیان ساڵ سەرجەم پڕۆژەکانی دەڤەرەکە، بەبێ هەڵسەنگاندنی ژینگەیی مۆڵەتیان پێدراوە، "لەماوەی ئەم کابینەیەدا بە مەرجی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی مۆڵەت بە پڕۆژەکان دەدرێت و ئەگەر ڕەزامەندی ژینگەیی بەدەست نەهێنن مۆڵەت نادرێن"، ئاسۆ وای گوت.
لەکۆی پاڵاوگەی نەوت لە سنورەکەدا، کە زۆرترینیان لە ڕۆژئاوای شارەکەن، تەنیا دووانیان مۆڵەتیان هەیە و سەرجەم ئەوانی دی، بە نایاسایی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان جێگیرکراون. پاڵاوگەکان لەڕێگەی هەڵڕشتنی پاشماوەکانی نەوتییەوە، سەرچاوەکانی ئاو و خاک پیس دەکەن.
"پاڵاوگە نایاساییەکان یەکەی چارەسەری ئاویان نییە و پاشماوە نەوتییەکانیان بە جۆگەلەی ئاساییدا دەچێتە خوارەوە و تێکەڵ بە خاک و ئاو دەبێت"، گوتەبێژەکەی دەستەی ژینگە وای گوت.
زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەکان کەوتوونەتە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە. هەرچەند سەرنجی زیاتر لەسەر کارتێکەری دووکەڵی پاڵاوگەکان لەسەر هەوای شاری هەولێر چڕکراوەتەوە، بەڵام بەشدارییەکی جددی لە پیسکردنی خاک و ئاوی بەتایبەت ڕۆژئاوای شارەکە دەکەن، لەکاتێکدا لەبەردەم هەر پاڵاوگەیەکدا، جۆگەلەک لە پاشماوەی نەوتی، دەڕژێتە سەر خاک و بۆ ناو ئاوی ژێرزەویش دەچۆڕێتەوە.
"پاشماوی نەوتی، کاریگەریی ترسناکی لەسەر خاک و ئاو هەیە، ڕووەک و زیندۆچکەکانی ناو خاک لەناودەبات و ساڵانێکی دەوێت تا خاکەکە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە. چۆڕاوەی پاشماوەی نەوتی بەناو خاکدا هەم ئاوی ڕووکەش-نزیک لە چینەکانی سەرڕووی خاک و هەم ئاوی ژێرزەوی پیس دەکات"، د. ڕابەر فەتاح وای گوت.
جووتیارانی ڕۆژئاوای هەولێر دەمێکە هەستیان بەو کاریگەرییانە کردووە، کە کەرتی ناستانداردی پاڵاوتن لە سنورەکە دروستی کردووە. سەلاح حەسەن جووتیارێکی گوێڕ و باس لەوە دەکات، ئاوی بیرەکەی تاڵاوکە و بەتاقیکردنەوەیش بۆیان دەرکەوتووە، بۆ بەخێوکردنی ماسی دەست نادات.
"هیچ چارەسەرییەک نییە، جگە لە بە تەواوەتی هەڵگرتنی هەندێک لە پڕۆژەکان و گواستنەوەی هەندێکی دیکەیان، نەک ئەوەندە، بەڵکوو لە هەندێک ناوچەدا، خاکەکە بە جۆرێک پیس کراوە، بەهۆی پاشماوەکانی نەوتی یان ماددە کیمیاییەکانی دیکە و پاشماوەی خۆڵ و خاشاکەوە، شیاوێتیی هەتا بۆ کشتوکاڵیش لەدەستداوە، ئێستا مەگەر خاکەکە بگوازرێتەوە"، ئاسۆ شکاک وای گوت.
هێشتا پیسکەری دیکە هەن، ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر یەکێکیانە. لەکاتێکدا ئاڕاستەی جوڵەی ئاوی ژێرزەوی هەولێر لە باکووری ڕۆژهەڵات بەرەو باشووری ڕۆژئاوایە، ئەوەش هەمان ئاڕاستەی ڕێڕەوی ئاوی ئاوەڕۆی شارەکەیە.
د. هێرش شکاک ڕوونی دەکاتەوە، ڕێژەی خوێی تواوە (TDS) و هەندێک توخمی وەک نیترات (NO3) لە بیرەکانی باشووری ڕۆژئاوای شارەکە زیاترە، بەراورد بە ڕێژەی خوێی تواوە و توخمە زیانبەخشەکانی دیکە لە بیرەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، بەو هۆیەوە کە ئاوەڕۆی قورسی هەولێر بووەتە هۆی چۆڕانەوەی ئەو توخمە زیانبەخشانە بۆ ناو ئاوی ژێرزەوی و بەهۆی ئاودێریشەوە، جارێکی دیکە هەموو ئەو توخمانە لە پانتاییەکی فرەواندا تێکەڵی خاک دەکرێنەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی هەولێر، تەواوی ئاوەڕۆی پارێزگای هەولێر (٥٠٠ هەزار مەتر سێجا/ ڕۆژ) دەبێت و لەو بڕەشدا قەبارەی ئاوی ئاوەڕۆی سەنتەری هەولێر (٢٥٠ هەزار مەتر سێجا/ڕۆژ) دەبێت. ئاوەڕۆ پیسەکە بەبێ هیچ چارەسەرییەک دەڕژێتە ناو سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوییەوە و لە ڕۆژئاوای شارەکەوە تێکەڵی ئاوی زێی گەورە دەبێت، بەڵام هێشتا کارتێکەری لەسەر کوالێتیی ئاوی حەوزی هەولێر دروستکردووە، وەک لە پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی شارەکەدا دەرکەوتووە.
هێشتا، دەیان جووتیار، کە زەوییەکانیان بەدرێژایی ئاوەڕۆی هەولێر هەڵکەوتووە، بەبێ هیچ چارەسەرییەک ئاوە پیسەکە بۆ ئاودێری بەکاردەهێنن. لە ڕۆژئاوای شارەکە، جووتیارانی نزیکەی ٣٥ گوند پشت بە ئاوەڕۆی شاری هەولێر دەبەستن. ئاوەڕۆکە یەکەی چارەسەری نییە و ڕاستەوخۆ بەکاردەهێندرێت. چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئاژانسی جایکای ژاپۆنی، پڕۆژەی یەکەی چارەسەریی بۆ ئاوەڕۆی هەولێر ڕاگەیاند، بەڵام وەک بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵیی هەولێر گوتی، ئێستا پڕۆژەکە ڕاگیراوە.
"قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاوە پیسەکە، دوو لێکەوتی نەرێنی هەن؛ یان کۆتاییهێنان بە کشتوکاڵ لە دەیان گونددا و چۆڵکردنیان یان هەڵکەندنی هەزاران بیری دیکە و دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر ئاوی ژێرزەوی"، ڕەحمان سێودین یەکێک لە جووتیارانی دەشتی هەولێر وای گوت. ئەو، خۆیشی پشت بە ئاوەڕۆی هەولێر دەبەستێت.
ڕاستییەکەی، ئەگەر تا ئێستا کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوای هەولێر بەردەوام بووە و دانیشتووانیش گوندەکان چۆڵیان نەکردووە، هۆکارەکەی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوییە وەک قەرەبووکردنەوەیەک بۆ ئەو شکست و لاوازییانەی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی هەیە. بەڵام وەک دەردەکەوێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەخێرایی دادەبەزێت، ئەوەش هەر ئێستا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیان و بژێوی هەزاران خێزان کە لە سەدان گوندی ڕۆژئاوای شارەکە بە کشتوکاڵەوە خەریکن. مەترسییەکە زیاتر دەبێت، کاتێک دەزانین هەمەچەشنییەک لە سەرچاوەکانی ئاودێریدا نییە و بەنزیکەی تێکڕا پشت بە تەنیا سەرچاوەیەک- ئاوی ژێرزەوی- دەبەستن.

 

 

 

 

* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand