داهاتی نەوت لەکوێ یە؟ 

Draw Media

2024-08-28 09:17:47



یادگار سدیق گەڵاڵی

دوای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێی بۆرییەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بڕیاری دادگای بازرگانی پاریس، بۆ ماوەیەکی کەم بەرهەمهێنان بەردەوام بوو تاوەکو ئەمباری نەوتی کێڵگەکان پڕ بوون. زۆربەی  کێڵگە نەوتییەکان دوای چەند هەفتەیەکی کەم لە بەرهەمهێنان وەستان، تەنها کێڵگەی (تەق تەق) نەبێت کە چەند مانگێک بەردەوام بوو. بەڵام هەر (تەق تەق) تائێستا نەکەوتووەتەوە بەرهەمهێنان. 
لە مانگی نیسانەوە کێڵگەکانی (سەرسەنگ)و پاشان (تاوکی)و (هەولێر)و (سەرقەڵا)و پاشتریش (شێخان) کەوتنەوە بەرهەمهێنان و لە کۆتایی ساڵیشدا کێڵگەی ئەتروش کەوتەوە بەرهەمهێنان.  سەرەتا بە ئاستی نزم و پاشان لە کۆتایی ساڵدا زۆربەی کێڵگەکان بەئاستی نزیک لە پێش هەناردەی و هەندێکیش بگرە زیاتر دەسیان بە بەرهەمهێنان کردەوە. تا ئەوە بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێم گەشتە سەرو (٣٢٠ هەزار) بەرمیل نەوت. (سەیری راپۆرتی ژمارە ١١ی روونبین بکە "چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣دا). 
هەموو ئەو ماوەیە هەرێم نەوتی بە نرخ داشکاو فرۆشتووە بە پاڵاوگەکانی (کار، لاناز و قەیوان) لەگەڵ هەندێ بازرگان. نرخی نەوتی  کێڵگەکان جیاوازە، لەنێوان (٢٧ دۆلار) بۆ بەرمیلێک لە کێڵگەی شێخان و (٤٠ دۆلار) کە بەرزترینە لە کێڵگەی سەرسەنگ. کێڵگەی  تاوکی بە (٣٤ دۆلار)و ئەتروش بە (٣٢ بۆ ٣٣ دۆلار)... تێکڕای نرخی نەوت بە (٣٥ دۆلار) بووە. ئەمە لە کاتێکدا نرخی جیهانی بە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوو لەسەرووی (٨٠ دۆلار)ەوە بووە. 
لە ساڵی نوێشەوە بەهەمان شێوە بەرهەمهێنان بەردەوام بووە، بەڵکو ئاستی بەرهەم زیادی کردووەو پەرەپێدان لە هەندێ کێڵگە بە لێدانی بیری نوێ دەستیپێکردووە. بەڵام نرخی نەوت گۆڕانێکی وای بەسەردا نەهاتووە لە هەندێ کێڵگەدا تەنها (١ دۆلار) زیادی کردووە.
گەر لانی کەمی بەرهەمی رۆژانەی نەوت ئەژمار بکەین کە (٣٢٠ هەزار) بەرمیلە، لەکاتێکدا لە چەند مانگی رابردوودا بۆ (٣٣٠ تا ٣٤٠ هەزار) بەرمیل بەرزبووەتەوە. ئەوکات بەرهەمی مانگانەی نەوت دەکاتە (٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار) بەرمیل. کۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوت  بەو نرخەی لەهەرێم دەفرۆشێت کە بەتێکڕا (٣٥ دۆلار)ێکە دەکاتە (٣٣٦ ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە ڕێژەی ٣٦٪ بۆ٤٠٪ی دەڕوات بۆ خەرجی کۆمپانیاکان و ئەوەی دەمێنێتەوە ٦٠٪ بۆ ٦٤ ٪ پوختەی داهاتی هەرێمە. واتە مانگانە حکومەتی هەرێم لانیکەم لەنێوان (٢٠١ ملیۆن) بۆ (٢١٥ ملیۆن) دۆلار  داهاتی نەوتی هەیە. کە بە دینارو بەنرخی فەرمی دەکاتە (٢٦٦ بۆ  ٢٨٨ ملیار) دینار. کۆمپانیاکانی نەوتیش کۆی داهاتیان لەنێوان (١٢١ ملیۆن بۆ ١٣٤ ملیۆن) دۆلار بووە. 
لەسەر ئەو بنەمایە لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا  کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (٢ ملیار  ٣٥٢ ملیۆن) دۆلار. پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە (١.٤ بۆ ١.٥ ملیار) دۆلار. لەکاتێکدا لەماوەی هەموو ئەمساڵدا نرخی نەوتی برێنت بەردەوام لەسەروو (٨٠ دۆلار)وە بووە. 
داهات هەر داهاتە، جا ئەگەر ١ دۆلار بێت یان ملیارێک دۆلار، دەبێت ئاشکرا بکرێت. گەر هەر کۆمپانیایەک سەرچاوەی داهات و قازانجی بشارێتەوە بەپێی یاسا تاوانەو ڕەوبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت. ئێستا هەرێم بەو نرخە؛ داشکاو نا، هەڕاج کراوەی نەوت لەم ماوەیەدا نزیکەی (١ ملیارو نیو) دۆلار داهاتی بووە، کە نزیکە لە (٢ ترلیۆن) دینار دەكات، بۆ کوێ و کێ چووەو چۆن و لە چیدا خەرج کراوە؟ 
باسی ئەوە ناکەین کە دەکرا زیاد لە دوو هێندە داهاتی هەبوایە بۆ هەرێم و باسی ئەوەش ناکەین کە کڕیارەکان و پاڵاوگەکان چەند هێندەی هەرێم سودمەند بووون لە نەوتی هەرێم، چونکە بەنرخی هەڕاجکراو کڕیویانەو بە نرخی جیهانی فرۆشتویانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand