داهاتی نەوتی لە وەزارەتی دارایی نزیکەی (59 ترلیۆن) دینار بووە

Draw Media

2024-08-07 07:45:30




راپۆرتی: درەو

🔻 رۆژی (6ی ئابی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛
🔹 تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە  پتر لە (65 ترلیۆن و 921 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (58 ترلیۆن و 802 ملیار) دیناری بە رێژەی (89.4%) داهاتی نەوت و نزیک لە (7 ترلیۆن و 119 ملیار) دیناری بە رێژەی (10.6%) داهاتی نانەوتی بووە.
🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، نزیکەی (58 ترلیۆن و 254 ملیار) دینار بووە، کە (90.3%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (9.7%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە.
🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (11.8%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (7 ترلیۆن 620 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە.
🔹 زیاتر لە (5 ترلیۆن و 194 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زۆرتر لە (283 ملیار) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (27 ملیار و 823 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (4 ترلیۆن و 883 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە.


داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2024)دا

رۆژی (6ی ئابی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛

یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024

پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ حوزەیرانی ساڵی (2024) لە (6ی ئابی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 921 ملیار و 601 ملیۆن و 657 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (58 ترلیۆن و 802 ملیار و 897 ملیۆن و 993 هەزار) دیناری بەڕێژەی (89.4%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (7 ترلیۆن و 118 ملیار و 703 ملیۆن و 664 هەزار) دیناری بەڕێژەی (10.6%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر شەش مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)).
خشتەو چارتی ژمارە (1)

 

دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024
هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەشی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (58 ترلیۆن و 253 ملیار و 981 ملیۆن و 48 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (52 ترلیۆن و 402 ملیار و 803 ملیۆن و 397 هەزار) دیناری بەڕێژەی (90.3%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (5 ترلیۆن و 851 ملیار و 177 ملیۆن و 651 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.7%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر شەش مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)).
خشتەو چارتی ژمارە (2)

سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024
خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (5 ترلیۆن و 851 ملیار و 177 ملیۆن و 651 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.7%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛
1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (87 ملیار و 443 ملیۆن و 700 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1.5%) بۆخەرج کراوە.
2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (955 ملیار و 597 ملیۆن و 911 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (16.3%) بۆ خەرج کراوە.
3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 111 ملیار و 913 ملیۆن و 460 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (19%) بۆ خەرج کراوە.
4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (3 ترلیۆن و 137 ملیار و 322 ملیۆن و 29 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (53.6%) بۆ خەرج کراوە.
5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (558 ملیار و 900 ملیۆن و 549 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (9.6%) بۆ خەرج کراوە.
بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).
خشتەو چارتی ژمارە (3)


چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (58 ترلیۆن و 253 ملیار و 981 ملیۆن و 48 هەزار) دینار.
لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 921 ملیار و 601 ملیۆن و 657 هەزار) دینار.
واتە بڕی (7 ترلیۆن و 667 ملیار و 620 ملیۆن و 609 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.8%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)).
خشتەو چارتی ژمارە (4)

پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 194 ملیار و 599 ملیۆن و 965 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛
1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (283 ملیار و 455 ملیۆن و 759 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (93 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.
2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (27 ملیار و 823 ملیۆن و 279 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە.
3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (4 ترلیۆن و 883 ملیار و 320 ملیۆن و 926 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 964 ملیار و 241 ملیۆن و 484 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (81%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (919 ملیار و 79 ملیۆن و 442 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (19%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.
بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)).
خشتەی ژمارە (5)

 

 

 

سەرچاوەکان؛

ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق
-    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand