"وردبینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تەواو بووە"

Draw Media

2024-07-30 15:17:51



(درەو):
چاودێریی دارایی عێراق وردبینی خۆی لەبارەی موچەی فەرمانبەران و داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان تەواو كردووەو راپۆرتی خۆی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە. 
عەممار سوبحی مەشهەدانی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاند، دیوانی چاودێری دارایی ئەو ئەركەی تەواو كردووە كە بۆ وردبینی و لێبڕینی داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان پێی سپێردراوە. 
لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (العراقیە)، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی وتی:" چاودێری دارایی راپۆرتی خۆی لەبارەی داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی هەرێم رەوانەی سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە".
باسی لەوەكرد" وردبینی لە خەرجی و داهاتەکان کرا، هەروەها ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بە داهاتی نەوت و نانەوتیی دوای پێدانی داتا لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان، دەرچووە".
"دیوانی چاودێریی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاند كە لەبەردەم وردبینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەبوو، ئەمەش پاش وردبینیكردنی بەشێوەیەكی تاكلایەنەو جیاكردنەوەی داتای داهات و خەرجییەكان و دەرهێنانی دەرەنجامەكان و ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم بابەتە" سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ وا دەڵێ. 
عەممار مەشهەدانی ئاماژەی بەوە دەكات، پرۆسەی وردبینیكردن لە موچەی فەرمانبەران و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ئامانج لێی راستكردنەوەیە.. هەندێك زانیاری لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت بەشێوەیەكی زۆر ورد نەگەیشتوەتە دیوانی چاودێری دارایی بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێكی ورد كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پشتی پێ ببەستتن. 
21ی شوباتی ئەمساڵ، لەسەر بنەمای سكاڵای ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراقی پابەند كرد بەوەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان "تەوتین" بكەن.
دادگای فیدراڵی هەر لەو بڕیارەدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەندد كرد بەوەی سەرجەم داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ رادەستی بەغداد بكات، لە پاڵ ئەمەدا رێگە بدات دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی موچەخۆرانی هەرێمدا بكات.
لە شوباتی ئەمساڵەوە تا ئێستا واتا ماوەی پێنج مانگە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام هێشتا موچەخۆرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا موچەكانیان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە پێناگات، حكومەتی هەرێم و بەغداد لەبارەی پرۆسەی تەوتینی موچە ناكۆكییان هەبوو، بەڵام دواییە ناكۆكییەكە چارەسەر كراو بەغداد قایل بووە بە "هەژماری من" وەكو سیستەمی پێدانی موچەی فەرمانبەران. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand