Draw Media

ئەسەدو ئەردۆغان: دەكرێت ساڵانی دابڕان تێپەڕێنن

ئەسەدو ئەردۆغان: دەكرێت ساڵانی دابڕان تێپەڕێنن

2024-07-16 14:07:11


(درەو):
راپۆرتی: بی بی سی
سوریاو توركیا: دوو دەوڵەت كە بەكردنەوەی سنور كۆتاییان بە چەندین دەیە لە جەنگی سارد هێناو پێناسی گومرگییان لەنێوان خۆیاندا هەڵگرت و، شەراكەتی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیرییان گرێدا، گەشتی فڕۆكەوانیی رۆژانەیان لەنێوان هەردوو پایتەخت رێكخست. لە دەیەی یەكەمی ئەم سەدەیەدا، دۆستایەتییەكی ناوازە سەری هەردوو دەوڵەتەكەی كۆكردبووەوە. بەڵام بەشێوەیەكی خێرا ئەم دوو دەوڵەتە بوون بە دوژمن، بەهۆی پرشكی خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەتی سوریا لە ساڵی 2011، كە ئەنكەرە لە دژی دیمەشق پشتیوانی لێكرد، شتێك كە بەلای بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاوە "بە لێدانی خەنجەر لە پشتەوە" تەماشا دەكرا.
پەنابەرانی سوری لەو سنورەی كە یەكسەر داخرا، ژرانە ناوەوە، خێزانەكان لەبەر یەك هەڵوەشان و پرۆژە بارزگانیی و كارە هاوبەشەكان داڕمان، لێدوانی سیاسی نێوان نوێنەرانی هەردوو دەوڵەت هەموو هێڵە سورو ئیعتبارە دیپلۆماسییەكانی تێپەڕاند.    
دوای 13 ساڵ دابڕان، بەمدواییە چالاكییە سیاسییەكان چڕبونەتەوە بۆ پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی كرانەوەو شكاندنی بەستەڵەكی نێوان هەردوو وڵات، بە چاودێری روسیا بە پلەی یەكەم، هەروەك عێراقیش لەم نێوەندگیرییەدا رۆڵی بینی. پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا میوانداری دیداری چوارقۆڵی بكات لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوەی سوریاو توركیاو عێراق و ئێران، رەنگە بەدوایدا كۆبوونەوەیەكی تریش لەسەر ئاستی وەزیرەكان بكرێت، ئەمە بەگوێرەی ئەوەی كە "بی بی سی" زانیویەتی. 
هەروەك وەزارەتی دەرەوەو تاراوگەنشینانی سوریا رۆژی شەممە بەیاننامەیەكی دەركردو تێیدا وتی سوریا جەخت لەسەر ئەوە دەكات گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بە گەڕانەوە دەبێت بۆ ئەو بارودۆخەی كە بەر لە ساڵی 2011 هەبووە، بەیاننامەكە كە ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی سوریا (سانا) بڵاویكردەوە، ئاماژەی بەوەكرد هەر دەستپێشخەرییەك لەمبارەیەوە دەبێت " لەسەر بنەمایەكی روون بنیادبنرێت" لە پێش هەموو شتێكیشەوە "كشانەوەی ئەو هێزانەی كە بەشێوەی نایاسایی لەسەر خاكی سوریان، هەروەها روبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە تیرۆرستییانەی كە نەك تەنیا هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی سوریا، بەڵكو هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی توركیاش".
ئەو بەرژەوەندییانە چین كە دەكرێت یارمەتی هەردوە دەوڵەت بدات بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكانیان، چی دەتوانێت رێگریی لە نزیكبوونەوەیان بكات؟

كانونی یەكەمی 2006، پێشوازیكردنی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆشكی (شەعب) لە دیمەشق 

دوڕدونگیی قەوارەی سەربەخۆی كورد
یەكێك لەو بابەتانەی كە زیاتر لە هەر شتێكی تر هەردوو وڵات لەسەری كۆكن، دۆزی كوردە، هەردووكیان "یەكینەكانی پاراستنی گەل"ی كورد وەكو لایەنێكی تیرۆرست دەناسێنن، هەروەك هیچ كامیان رەزامەند نین بە چالاكییە سەربازییەكانی كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، ئەگەری دروستبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆ نییە لە هەردوو بەرەی ئەو سنورەی كە لە یەكتریان جیادەكاتەوە. 
بەپێی قسەی عومەر ئونهون باڵیۆزی پێشووی توركیا لە سوریا" ئەنكەرە هیچ قەوارەیەكی سەربە هێزەكانی پاراستنی گەل لەسەر سنورەكەی قبوڵ ناكات" هەروەك "یەكینەكانی پاراستنی گەل كە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێن دامودەزگای مەدەنی تایبەت بەخۆیان هەیەو نزیكەی 25%ی خاكی سوریایان كۆنترۆڵكردووە، لەناویاندا بیرە نەوتییەكان كە بە نرخێكی كەم دەیفرۆشن بۆ دابینكردنی پارە بۆ چالاكییەكانیان" دواتریش ئەوان پێیانوایە لەسەر رێگای بەدیهێنانی "ئامانجەكانیانن بۆ دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بەبێ راوێژ لەگەڵ گەلی سوریا، بەڵكو بەرێگای تایبەتی خۆیان، بۆیە توركیا ئەمە قبوڵ ناكات". 
ئونهون، كە لەسەردەمی زێڕینی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا نوێنەرایەتی وڵاتەكەی كردووەو خۆی داڕمانی پەیوەندییەكانی بینیوە، دەڵێ: دیمەشق دڵخۆش دەبێت بەم هەڵوێستە كە بەرگریی لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی دەكات، سەرباری ئەوەی لەم پرسەدا ئەوان بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بەڵام پێم وانییە نیگەران بن لەوەی كە توركیا لەپێناو ئەواندا ئارەقە دەڕژێت".

ژمارەیەك كوردی رۆژئاوای كوردستان ئاڵای یەكینەكانی پاراستنی گەلیان بەدەستەوەیە لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبیلێكی سەربازی ئەمریكادا ساتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەكەیان لە تەل تەمری باكوری سوریا لە 2019دا

فراوانكردنی رێككەوتنی ئەدەنە
رۆژنامەنوس نیزال قەبەلان، كە دواین باڵیۆزی سوریا بووە لە توركیا بەر لە دابڕانی پەیوەندییەكان، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیە وا ناودەبات كە هەمیشە "كوتەك و گێزەر"ەو دەڵێ" لە بەرژەوەندی هەردوولادایە پارێزگاری لە ئاسایش بكەن و سوپای توركیاو سوریاو هێزە تایبەتمەندەكان بگەڕێنەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی سنور" كە بە زیاتر لە 900 كیلۆمەتر درێژدەبێتەوە. 
بەڵام بەپێی قسەی تۆماس مەكگی توێژەر لە زانكۆی میلبۆرن و تایبەتمەند لەبواری داینامیكی ململانێی سوریا، پاڵنەری سەرەكی كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سوریا" گەڕان دەبێت بە شوێن ناوچەیەكی پارێزراودا لە جۆری ئەوەی لەنێوان خاكی توركیاو پرۆژەی ئیدارەی خۆسەر هەیە بە رێبەرایەتی كوردی سوریا".. مەكگی باسلەوە دەكات خەڵك لەو ناوچانە هەست بە نیگەرانی دەكەن لە بوونی جۆرێك لە رێككەوتن لەنێوان سوریاو توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی دابڕاو بۆ "دەركردنی كورد". 
لایخۆیەوە، قەبەلان پێشبینی ئەوە دەكات رێككەوتنی ئەدەنە زیندووبكرێتەوە، كە هەردوولا ساڵی 1998 ئیمزایان كردو "پارتی كرێكارانی كوردستان"یان وەكو رێكخراوێكی تیرۆرستی ناساندو تەواوی چالاكییەكانیان لەسەر خاكی سوریا قەدەغەكرد، بەجۆرێك كۆپی نوێی رێككەوتنەكە "هەموو ئەو گروپە تیرۆرستییانە بگرێتەوە كە بەشێوەیەكی گشتیی هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و ئاشتی نێوان هەردوو وڵات ".  
ئەمەش رەنگە خاڵێكی نوێی ناكۆكی لەنێوان هەردوولا دروست بكات. بەگوێرەی قسەی غالب دالای راوێژكاری یەكەم لە چاتام هاوس، پرسی روبەڕووبوونەوەی "تیرۆر" بۆ هەردوولا روون نابێت، بەتایبەتیش بۆ توركیا، كە سەرەنجی بنەڕەتی خۆی خستوەتەسەر یەكینەكانی پاراستنی گەل و پارتی یەكێتیی دیموكراتی كورد. بەڵام بەلای سوریاوە، پێدەچێت بیەوێت گروپی تر بۆ "تێكەڵەكە" زیاد بكات لەوانە "هەیئەی تەحریری شام، بەرەی نوسرە، گروپەكانی تر". دالای بە دوری دەزانێت توركیا تێوەبگلێت لە شەڕ دژ بەو گروپە چەكدارانەی كە دژ بە حكومەتی سوریا پشتیوانی لێكردوون.

ژمارەیەك منداڵ لەسەر ئەو پەیكەرە یاری دەكەن كە دوای چوار ساڵ لە ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فوراتی توركیاو لە ساڵی 2020دا، لە ناوچەی عەزاز وەكو یادەوەری بۆ هاوسوزی نێوان توركیاو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دروستكراوە

ئایندەیەكی "تاریك" بۆ ئۆپۆزسیۆنی چەكدار
روون نییە ئایا فراوانكردنی رێككەوتنی ئەدەنە، ئەگەر كرا، بەس دەبێت بۆ هاریكاری هەردوو وڵات لەم بابەتە ئاڵوزو پڕ گرێوگۆڵەدا، بەتایبەتیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی دژ بە نزیكبوونەوەی سوریاو توركیا، بەوپێیەی لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیی توركیا لەناو خاكی سوریا لە قەڵغانی فورات و كانیاوی ئاشتی و چڵە زەیتون، خۆپیشاندان دژی ئاڕاستەی حكومەتی توركیا روویاندا.
بەپێی قسەی قەبەلان، یەكێك لە چارەسەرە پێشنیاركراوەكان بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیە، كۆكردنەوەی هەندێك لە گروپە چەكدارەكانە لەژێر ناوی "فەیلەقی پێنجی سوپای سوریا، بۆ ئەوەی ببن بە بەشێك لە هێزەكانی سوریا بۆ بەرگریكردن لە سنور"، ئاماژە بەوە دەكات " لەسەر ئەم بیرۆكەیە لەنێوان نوێنەرانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و نوێنەرانی هەندێك لە گروپە كوردییەكان و دەزگا ئەمنییەكان و سوپای سوریا لە دیمەشق گفتوگۆ كراوە".
هێزە سەربازییەكانی توركیا لە ساڵی 2016وە لەناو سوریا ئامادەن، ئەمەش كاتێك بوو كە توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی فەرمی سەربازیی خۆی بە ناوی "قەڵغانی فورات" دەستپێكردو ئەوكات وتی ئامانج لێی دەركردنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییە لە ناوچە سنورییەكان و پاراستنی سنوری توركیایە لە هەڕەشەی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد، ئەمەش بە شەڕكردن شان بە شانی گروپەكانی سوپای سوریای ئازادی ئۆپۆزسیۆن. 
ئەوەی روویدا، دیمەشق بە داگیركردنی خاكەكەی ناوی دەبات، كاتێك هەوڵەكان بۆ نزیكبوونەوەی هەردوو وڵات دوای چەندین ساڵ دەستیان پێكرد، سوریا بەردەوام مەرجی ئەوەبوو بەر لە دەستپێكردنی هەر گفتوگۆیەك، هێزەكانی توركیا بەتەواوەتی لە خاكەكەی بكشێنەوە، ئەمەش تائێستا رووی نەداوە. بەڵام دیمەشق بەمدواییانە تۆنی دەنگی لەبارەی ئەم مەرجەوە هەندێك نەرم كردوەتەوە، سەرۆك ئەسەد "كرانەوەی خۆی بەڕووی هەموو دەستپێشخەرییەكان، تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان سوریاو توركیا، پشتبەست بە سەروەریی دەوڵەتی سوریا بەسەر تەواوی خاكەكەی و روبەڕووبوونەوەی تیرۆرو رێكخراوەكانی" راگەیاندووە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی سوریا (سانا) بڵاویكردوەتەوە. 
بەوتەی قەبەلان "نەرمی هەڵوێستەكان پەیوەندیدارە بەوەی سوریا وەكو مەرجی پێشوەخت جەخت لەسەر كشانەوەی تەواوەتی توركیا نەكات، بەڵكو ئەمە پابەندی توركیا بێت لەبەردەم روسیا بە پلەی یەكەم، پاشان ئێران و عێراق و وڵاتانی تر، بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنیی بۆ كشانەوەو پێشكەشكردنی گەرەنتی بۆ پابەندبوون بەم خشتەوە". 
لەكاتێكدا ئەم بژاردە جۆراوجۆرانە دەخرێنە سەر مێز، چەندین دەنگ لەناو نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە لە توركیاو دەرەوە بەرزدەبێتەوە، كە دوودڵی و پێشبینی باڵی بەسەردا كێشاوە سەبارەت بەوەی ئەم پێشهاتانە دەكرێت چی بەدوای خۆیاندا بهێنن بۆ ئایندەی ئەوان و ئەگەری دەرچوونیان لە ئامێزی توركیا. 
دالای، توێژەر لە چاتام هاوس دەڵێ:" بەشێوەیەكی سروشتی، پێدەچێت ئایندە بۆ ئۆپۆزسیۆن زۆر تاریك بێت، بەوپێیەی هێزێكی گەورەی نییە، ئەگەر راشكاو بم، بەبێ پاڵپشتی دەرەكی، هەروەك ئەوان لەناوخۆی سوریاشدا پاڵپشتییەكی جەماوەریی گەورەیان نییە"، كە بەوتەی ئەو، پێدەچێت ئەمە "دوركەوتنەوەو ناڕەزایەتیی و تەنانەت دوژمنایەتیش زیاتر بكات". 

دیمەشق چی لە توركیا دەوێت؟ 
رەنگە كرانەوەی توركیا یارمەتیدەر بێت بۆ شكاندنی ئەو ئابلوقە ئابورییە خنكێنەرەی كە لە 2011وە گەمارۆی دیمەشقی داوە، ئەگەر بێتو دەروازەی "ئەبو زندێن" لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گروپەكانی سەربە توركیا لە ریفی حەلەب و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا بكرێتەوە، سەرباری ناڕەزایەتیی دانیشتوانی هەندێك لە شارەكانی باكور. هەروەك دەنگوباس هەیە لەبارەی ئەگەری كردنەوەی رێڕەوی تر، ئەمەش هاتوچۆی بارهەڵگرو گەشتیاران لە توركیاو بەرێگای ئوردندا بۆ كەنداو ئاسان دەكات. 
ئۆنهون باڵیۆزی پێشووی توركیا ئەمە بە "دەرگای سوریا" ناودەبات و دەڵێ:" رەنگە دووبارە ئاوەدانكردنەوە لە سوریا ببینین"و توركیاش رۆڵی لە ئایندەی سوریا دەبێت. لەكاتێكدا روون نییە تا چ ئاستێك توركیا دەتوانێت روبەڕووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ببێتەوە كە دژی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانەو سزای ئابوری دەسەپێنێت، بەڵام باوەڕ وایە كە سزاكان "سودیان نەبووە، ئەو كەسانەی كە سزایان بەسەردا سەپێندراوە هێشتا لە سوریا دەوڵەمەندترینن، لەكاتێكدا خەڵكەكەی تری سوریا ئازار دەچێژن"، ئاماژە بەوە دەكات "توركیا دەیەوێت لەگەڵ ئەمریكاو یاریزانانی دیكەدا هەماهەنگیی بكات، بەڵام تا رادەیەكی زۆر ئەو كارە دەكات كە بۆ خۆی گونجاوە". 
لایخۆیەوە، مەكگی توێژەری ئەكادیمی باسلەوە دەكات توركیا "لە هەمان كاتدا هەوڵ دەدات لەڕووی داراییەوە سود لە پرۆژەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی لە سوریا ببینێت، بەتایبەتیش دوای ئەو ئاڵنگارییە ئابورییانەی كە لەم ساڵانەی دوایدا توركیا بەخۆیەوە بینیوە".

"دڵنیایی" بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان
پێناچێت ئاڵنگاری ئابوری تەنیا كێشەی توركیا بێت، ئەمڕۆ لە توركیا زیاتر لە (3 ملیۆن) پەنابەری سوری دەژین، بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، ئەمانە لەنێوان ئاگری دووبەرەكی سیاسی ناوخۆیدا گیریان خواردووە، ئاستی ئاڵۆزییەكانیش زیاتر بوو دوای رووداوەكانی ئەمدواییەی شاری قەیسەری، كردەوەی توندوتیژی و دەستدرێژیی بۆسەر پەنابەرانی سوری و موڵك و ماڵیان، رەنگە فشارەكان لەسەر ئەردۆغان زیاتر بكات بۆ پەلەكردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە ئاڵۆزە.
بەقسەی خاتوو ئیما سنكلیر- ویب بەڕێوەبەری توركیا لە "هیومان رایتس وۆچ"، سەرباری ئەوەی توركیا "كارێكی دروست"ی كردووە بۆ میوانداریكردنی سورییەكان و پێشوازیكردن لە یارمەتییە مرۆییەكان، بەڵام لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی تێڵەكردنی پەنابەرانی سوریدا چەسپاو نەبووە، هەروەك وەكو پێویست كاری نەكردووە بۆ راگرتنی بەكارهێنانی ئەم دۆسیەیە، بەتایبەتیش لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە. 
دیپۆرتكردنەوەی نا رێكوپێكی سورییەكان لە توركیا رەخنەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتووەتەوەو سنكلیر- ویب دەڵێ هەندێك لەو كەسانە "ناچاربوون فۆرمی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە ئیمزا بكەن و، چەندین جۆر دەستگیركردنی هەڕەمەكی لە شارەكاندا هەن كە بە گواستنەوەی ئەو كەسانە بۆ بنكەكانی دیپۆرتكردنەوە كۆتاییان دێت"، باس لەوە دەكات هێشتا زۆرێك لە وڵاتان وای دادەنێن كە سوریا "نائارامە" بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەكان. 
بەڵام قەبەلان باڵیۆزی پێشووی سوریا ئاماژە بە هەنگاوەكانی "دڵنیاكردنەوە" دەكات كە پێدەچێت دیمەشق وەكو ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوەی زیاتر پەنابەران بگرێتەبەر لەرێگەی دەركردنی "لێبوردنێكی گشتگیر لە دیمەشقەوە كە دەبێت بە گەورەترین لێبوردن دەبێت لە مێژووی هاوچەرخی سوریادا" – بەوتەی ئەو. لێبوردنەكە "زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانە (پەنابەران) دەگرێتەوە بۆ رەواندنەوەی هەر مەترسییەك لەسەر ئاسایش و سەلامەتییان".. بەدوری دەزانێت ناكۆكی لەنێوان سوریاو توركیا لەسەر ئەم خاڵە هەبێت. 

ئەو سورییانەی بەهۆی جەنگی ناوخۆییەوە وڵاتەكەیان بەجێهێشتووەو پەنایان بۆ توركیا بردووە، زۆرینەیان لە شانلی ئورفە دەژین، لەرێگای دەرگای قەڵای ئەقجەوە كە بەشێكە لە پرۆژەی "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە" دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان- 2023

"دوێنێ دوێنێیەو، ئەمڕۆ ئەمڕۆ"
سەرەڕای خێرایی رووداوەكان، رەنگە هێشتا رێگایەكی دورو درێژ لەبەردەم هەردوو دەوڵەتدا مابێت بۆ چارەسەری هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، بەڵام ئایا سەرۆكی هەردوو وڵات دەتوانن ئەو زیانە چارەسەر بكەن كە بەر دۆستایەتییە ناوازەكەیان كەوتووە؟ ناكۆكییەكانیان لە پرسە سیاسی و ئەمنییەكاندا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو تێپەڕیوە بۆ بە شەخسیكردنی رەخنەكان و ناوناتۆرەی وەها كە تاڕادەیەكی زۆر سنوری رێزی دیپلۆماسی بەزاندووە. 
"ئەگەر قەدماغەی برینەكان هەڵبدەینەوە، ئاشتەوایی ناكرێت" قەبەلان بەمشێوەیە قسەی لەسەر ئەم خاڵە كردو وتی" دەبێت تەماشای ئایندە بكەین، دەبێت ئەوەی روویدا تێیپەڕێنین و سودی لێ ببینین و گەرەنتی دابنێین بۆ دووبارە نەبوونەوەی و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ". 
لایخۆیەوە ئونهون دەڵێ" پێم وانیە بابەتەكە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەوە بێت كە جارێكی تر هاوڕێكان بگەڕێنەوە بۆلای یەكتر، بابەتەكە پەیوەندی بە دۆستایەتییەوە نییە، بەڵكو بۆ چارەسەری كێشەكانە كە ژیانی هەردووكیانی سەخت كردووە" ئاماژە بەوە دەكات كە سەرۆكی توركیا دەیەوێت هەنگاو هەڵگرێت بەمەبەستی "راكێشانی سەرەنجی دەنگدەرانی تورك و چاككردنی هەندێك لەو زیانانەی كە توشی بووە".
بە گێڕانەوەی قسەیەكی بەناوبانگی سلێمان دیمیریل سەرۆكی پێشووی توركیا كە دەڵێ" دوێنێ دوێنێیەو، ئەمڕۆ ئەمڕۆ" وتی: ئەردۆغان بۆ جێبەجێكردنی ئەم قسەیە تا ئەوپەڕی رۆیشتووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand