ئۆپێك چاوەڕوانییەكانی لەبارەی گەشەی خواست لەسەر نەوت وەك خۆی دەهێڵێتەوە

Draw Media

2024-07-11 09:30:20



(درەو):
رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت "ئۆپێك" چاوەڕوانییەكانی لەبارەی گەشەی تاڕادەیەكی بەهێز لەسەر خواستنی جیهانی بۆ نەوت لە ماوەی ساڵانی 2024 بۆ 2025، وەكو خۆی هێشتەوە. 
ئۆپێك پێیوایە، نەرمی گەشەی ئابوری و بەهێزیی گەشتی ئاسمانیی پاڵپشت دەبن بۆ بەكارهێنانی سوتەمەنی لەمانگەكانی وەرزی هاویندا. رێكخراوەكە لە راپۆرتی مانگانگەی خۆیدا كە لەسەر سایتەكەی بڵاویكردوەتەوە، دەڵێ: خواستی جیهانیی لەسەر نەوت لە ساڵی 2024دا بۆ (2.25 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانە بەرزدەبێتەوە، لە ساڵی 2025دا خواستی رۆژانە بریتی دەبێت لە (1.85 ملیۆن) بەرمیل. 
ئۆپێك بەمشێوەیە پێشبینی مانگی رابردووی خۆی بۆ دۆخی نەوت دووبارەكردوەتەوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكردووە. 
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، چاوەڕوان دەكرێت گواستنەوەی بەهێزو گەشتی ئاسمانیی پێشبینیكراو لە نیوەی باكوری گۆی زەوی لە وەرزی پشووەكانی هاویندا، خواست لەسەر سوتەمەنی ئامرازەكانی گواستنەوە بەهێز بكات و پاڵ بە گەشەی ئابوری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بنێت. 
جیاوازییەكان لە پێشبینی سەبارەت بە گەشەی خواست لە 2024دا تادێت زیاتر دەبێت، ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی لەبارەی ئاستی خێرایی گواستنەوەی جیهان بەرەو سوتەمەنی خاوێن. كۆمپانیای (بی پی) رایگەیاند، ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوت دەگاتە لوتكە. 
هاوپەیمانی (ئۆپێك +) كە رێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لەخۆدەگرێت لەنێویاندا روسیا، لە كۆتاییەكانی 2022وە زنجیرەیەك كەمكردنەوە لە ئاستی وەبەرهێنان پەیڕەو دەكات، ئەمە بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە بازاڕی نەوت. 
هاوپەیمانێتییەكە لە 2ی حوزەیرانی رابردوو بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ئاستی كەمكردنەوەی وەبەرهێنان كە دەگاتە (2.2 ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دواتر لە مانگی ئۆكتۆبەرەوە وردە وردە دەست بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە دەكرێت. 
هەر لە راپۆرتەكەیدا، ئۆپێك پێشبینی خۆی بۆ گەشەی ئابوری جیهانیی لەمساڵدا لە 2.8% بۆ 2.9% بەرزكردوەتەوەو باسلەوە دەكات ئەگەر هەیە ئەم رێژەیە زیاد بكات، ئەمەش بە ئاماژەدان بەو جوڵەی ئەمساڵ لە دەرەوەی وڵاتانی پێشكەوتوو لە رێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەپێدان روویداوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand