Draw Media

بەغداد سوتەمەنی دەدات و هیچ وەرناگرێت

Draw Media

2024-06-22 12:54:36



(درەو): 
لە ساڵی 2021وە عێراق سوتەمەنی بەرهەمهێنانی كارەبا بە لوبنان دەدات، بەپێی گرێبەستی نێوانیان دەبوو لەبری ئەم ئەم سوتەمەنییەدا لوبنان كاڵاو خزمەتگوزاری تەندروستی بە عێراق بدات، بەڵام عێراق هیچی وەرنەگرتووە، ئۆكتۆبەری داهاتوو وادەی گرێبەستەكە كۆتایی دێت، بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی (The National) لوبنان بەنیازە گرێبەستەكە درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بڕی (ملیارێك و 59 ملیۆن) دۆلار قەرزاری عێراقەو پێشبینی دەكرێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بڕی قەرزەكە بۆ (5 ملیارو 45 ملیۆن) دۆلار بەرزببێتەوە. 
رۆژنامەی (The National) كە بە زمانی ئینگلیزی لە ئیماراتی عەرەبی دەردەچێت نوسیویەتی: لوبنان كە وڵاتێكە بەدەست كەمی سەرچاوە سروشتییەكان و قەیرانی ئابورییەوە دەناڵێنێت، بەگوێرەی گرێبەستێكی ئاڵوگۆڕكردن كە ساڵی 2021 ئیمزا كراوە، سوتەمەنی قورس لە عێراقەوە هاوردە دەكات. 
"لوبنان بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لە عێراق و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی لە بواری كارەبادا، پشت بە چەند رێوشوێنێكی ئاڵۆز دەبەستێت، سەرباری ئەوەی پلانێكی روونی پارەدان لەنێوان حكومەتی لوبنان و عێراقدا نییە، بەڵام بڕیارە پلانی هاوردەكرددنی سوتەمەنی عێراق بۆ لوبنان تاوەكو ساڵی 2028 درێژبكرێتەوە" رۆژنامە ئیماراتییەكە وا دەڵێ. 
بەپێی قسەی رۆژنامەكە، ئەو سوتەمەنییە قورسەی عێراق بە لوبنانی دەدات، لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەی سوتەمەنیدا ناگونجێت كە لە وێستگەكانی كارەبای لوبناندا كاری پێدەكرێت، بۆیە گرێبەستەكە رێگەی بە بەیروت داوە لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا سوتەمەنییەكەی عێراق بگۆڕێتەوە بۆ جۆری تری سوتەمەنی گونجاو بۆ وسێتگەكانی، ئەم كارەش لەرێگەی بازرگانەكانەوە دەكات كە قازانجیان لێ دەست دەكەوێت. 
دوای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتنەدا، هێشتا لوبنان پارەی ئەو سوتەمەنییەی بە عێراق نەداوە كە وەریگرتووە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە هەندێك لە مەرجەكانی ناو رێككەوتنەكە ناڕوونن، گرێبەستی ئیمزاكراوی نێوان بەغدادو بەیروت دەڵێ دەبێت لوبنان پارە لە حسابی خۆیدا بە دۆلار دابنێت و دەكرێت عێراق پارەكە بە (لیرە)ی لوبنانی رابكێشێت بۆ خەرجكردنی لە (بازاڕی لوبنان)دا بۆ كڕینی كاڵاو خزمەتگوزاری، لەوانە خزمەتگوزاری تەندروستی، وەكو رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە، لێرەشدا ئەو نرخانەی كە عێراق بە لیرە وەریدەگرێت لەگەڵ سروشتی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە دەبێت لوبنان بە عێراقی بدات، روون نییە. 
(The National) دەڵێ: تائێستا عێراق نەیتوانیوە 550 ملیۆن دۆلار كاڵاو خزمەتگوزاری وەربگرێت كە بەهای هەناردەی سوتەمەنی بووە بۆ لوبنان لە ساڵی یەكەمداو لە بانكی ناوەندیی لوبنان دانراوە، گرێبەستەكە وا لە لوبنان دەكات پشت بە نەوتی خاو ببەستێت ئەگەر بێتوو نەوتی قورسی عێراق بگۆڕێتەوە بەو جۆرەی سوتەمەنی كە گۆگردی كەمە، ئەمە لەبری سوتەمەنی هەرزانتر لە نمونەی غازی سروشی یاخود سەرچاوەكانی وزەی خاوێنی نوێبووەوە. 
سەرباری ئەمانە، بەپێی قسەی رۆژنامە ئیماراتییەكە، پشتبەست بە بەڵگەنامە نوێیەكان، لوبنان پلانی ئەوەیە گرێبەستی سوتەمەنی لەگەڵ عێراق نۆێ بكاتەوە بۆ دابینكردنی پێداویستی وزەی خۆی لانی كەم تاوەكو ساڵی 2028. پلانی فریاگوزاری نیشتمانی بۆ كەرتی كارەبا لە لوبنان، ئەوەیە قەبارەی رێككەوتنەكە لەگەڵ عێراق بۆ (772 ملیۆن) دۆلاری ساڵانە زیادبكرێت، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانای وەبەرهێنان لە 4 كاتژمێری رۆژانەوە بۆ 8 كاتژمێر لە ساڵی 2028دا.
ئەم خەمڵاندنانە دەریدەخات، پسوڵەی شایستە داراییەكانی عێراق لای لوبنان لە ساڵی 2028 بۆ (5.54 ملیار) دۆلار بەرزدەبێتەوە، ئەم دۆخەش وا لە لوبنان دەكات بەشێوەیەكی بنەڕەتی پشت بە سوتەمەنی بەردین ببەستێت و لە هەمان كاتیشدا دەستەوسان بوەستێت لە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێریی. 
شارەزایەكی بواری وزەی خەڵكی لوبنان قسەی بۆ رۆژنامە لوبنانییەكە كردووە، وتویەتی: گرێبەستی سوتەمەنی عێراق بۆمبێكی تەوقیتكراوە، ئەگەر سەرچاوەی بەدیلی سوتەمەنی نەبێت، بڕیارە لە تشرینی یەكەمی داهاتوودا وادەی گرێبەستەكە تەواو ببێت، عێراقییەكانیش دەیانەوێت بزانن بۆچی لەبەرامبەردا هیچیان وەرنەگرتووە. 
وەكو ئەم شارەزایە دەڵێ: تەنانەت ئەگەر لوبنانیش بتوانێت بەهای پارەكە بدات و گرێبەستەكە درێژبكاتەوە، هێشتا جێگای نیگەرانییە ئەگەر سەرچاوەی بەدیلی وزە بە نرخی هەرزانترو لەبەرچاوگرتنی ژینگە بوونی نەبێت. 
لە لوبنان، هاوشێوەی عێراق، سەرباری ئەوەی زیاتر لە یەك دەیەیە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن، بەڵام خەڵك رۆژانە بەدەست بچڕانی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنن و بۆ دابینكردنی كارەبا پشت بە مۆلیدە دەبەستن. 
بەر لە گرێبەستەكەی عێراق، لە كۆتایی 2020دا گەندەڵی سوتەمەنی پیسبوو كە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ جەزائیر هاوردە دەكرا، لوبنانی هەژاند، دەسەڵاتدارانی لوبنان ئەوكات وا وێنایان كرد ئەوە گرێبەستی هاوردەكردنی سوتەمەنی بووە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر لەرێگای جەزائیرەوە، دەركەوت ئەمە ژمارەیەك كۆمپانیای نهێنی بیانین كە نرخێكی زۆر لەبەرامبەر سوتەمەنییەكی بێ كوالیتیدا وەردەگرن. 
ئەم ئابڕووچونە دەریخست تۆڕێكی گەندەڵیی لە لوبنان هەیە كە باری سوتەمەنی پیسبوو هەروەها پشكنینی تاقیگەیی ساختەیان هەیەو وەرگرتنی بەرتیل لەنێوان بەرپرسانی وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، دوای ئاشكرابوونی ئەم ئابڕوچوونە ئیتر گرێبەستی سوتەمەنییەكە نوێ نەكرایەوە، ئەمە وایكرد لوبنان بۆ جاری یەكەم لە ساڵی 2005وە هیچ گرێبەستێكی هاوردەكردنی سوتەمەنی نەمێنێت، بۆیە لەپێناو دابینكردنی سەرچاوەیەكی نوێ، لە تەموزی 2021دا لوبنان گرێبەستی لەگەڵ عێراق كردو لە ساڵی 2023دا گرێبەستەكە بۆ ماوەی ساڵێكی تر نوێكرایەوە بۆ بڕی (2 ملیۆن) تەن.
بەگوێرەی مەرجی گرێبەستەكە، لوبنان ساڵێكی لەبەردەمدایە بۆ پێدانی بەهای هەر بارێكی سوتەمەنی، بەڵام دوای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا، عێراق هیچ شتێكی وەرنەگرتووە. 
لوبنان بڕی (ملیارێك و 59 ملیۆن) دۆلار قەرزاری عێراقە، ئەمە بەهای ملیۆنان تەن سوتەمەنییە كە لە ساڵی 2021وە هاوردەی كردووە، بڕی ئەو پارەی كە لە ژمارە حسابی تایبەت بە عێراق لە بانكی ناوەندیی لوبنان دانراوەو تەنیا بەهای ساڵی یەكەمی هاوردەی سوتەمەنییە، (550 ملیۆن) دۆلارە كە عێراق تائێستا دەستی پێی نەگەیشتووە. 
سەرباری ئەوەی راپۆرتی رۆژنامەوانی هەن لەبارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی، بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بە "كاڵاو خزمەتگوزاری لەبەرامبەر نەوت"دا كە دەبوو بە بەهای ئەو پارانە عێراق لە لوبنانی وەربگرێت، عێراق لەم بوارەشدا هیچ وەرنەگرتووە. 
رۆژنامە ئیماراتییەكە لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە لە وەزارەتی تەندروستی عێراق باسلەوە دەكات" ئەوەی هەبووە تەنیا خزمەتگوزاری تەندروستی بووە لەسەر كاغەز، هیچ شتێك لەم بوارەدا رووینەداوە". 
لە كۆتایدا، راپۆرتەكە نوسیویەتی: پێدەچێت حكومەتی لوبنان گرەو لەسەر باشیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ عێراق بكات، بۆ بازدان بەسەر هەر ناكۆكییەكی چاوەڕوانكراوی دارایدا، بەجۆرێك لە ئێستادا پلانی فریاگوزاری لوبنان ئەوەیە گرێبەستەكە لەگەڵ عێراق نوێ بكرێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand