ئۆپۆزسیۆن لاواز و دابەشبووەو جێگرەوەیەكی باش نیە بۆ دەسەڵات

Draw Media

2024-06-21 14:24:40




درەو:
پەیمانگای خۆرهەلاتی ناوەڕاست, راپۆرتێكی بە ناونیشانی (جێگرەوەی راستەقینە نیە: شكستی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستانی عێراق) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن نوسەر (Winthrop Rodgers) نوسراوە.
🔹سیاسەت لە هەرێمی كوردستانی عێراق, لە بازنەی قۆرغكاریی نێوان جووت حزبی دەسەڵاتدار, پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەخولێتەوە.
🔹هەردوو حزب هەژموونێكی گەورەیان هەیە بەسەر ئیدارەدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئابوری و ئامرازەكانی راگەیاندن, دەیان هەزار پێشمەرگەو هێزی ئاسایش لەژێر فەرمانیاندایە, سەدان هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی بەشێكن لەتۆڕی مەحسوبیەتی تایبەت بەخۆیان, لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندیانەشدا, خاوەنی جەماوەرێكی زۆرنین, بەشێكی فراوانی هاوڵاتیان وەك گەندەڵكارو ناكارامەو سەركوتكار تەماشایان دەكەن.
🔹بەگوێرەی راپرسیەك كە بارومیتەری عەرەبی لە ساڵی (2022) ئەنجامیداوە, (63٪)ی بەشداربووان لە هەرێمی كوردستان, هیچ متمانەیەكیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە.
🔹حزبەكانی تریش, كە وەك ئۆپۆزسیۆن ئاماژەیان بۆ دەكرێت و خۆیان وەك جێگرەوەی پارتی و یەكێتی پیشان دەدەن, ناڕێكخراو و دابەشبوون و توانای سود وەرگرتنیان نیە لە ستەمكارییەكانی دەسەڵاتداران, لەئێستادا ئەو حزبانە جێگرەوەیەكی باشنین بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان.
 🔹لاوازییەكە بۆ ئەو كۆتوبەندانە دەگەڕێتەوە كە كلتور و سیستمی سیاسی سەپاندوویەتی لە هەرێمی كوردستان, وێڕای ئەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا روخساریان ئیلهام بەخش نیە, ئەوەش وایكردووە دەنگدەران هەست بە نائومێدی بكەن لەوەی ئەگەر لەپشتیوانیكردنی پارتی یەكێتی هیچیان دەستنەكەوێت, ئەوا رەنگە لەپشتیوانیكردنی ئۆپۆزسیۆن زیانی زیاتر بكەن, ئەوەش وایكردووە زۆرێك لە دەنگدەران بەشداری پرۆسەی دەنگدان نەكەن.
🔹بەشێوەیەكی گشتی, سێ‌ ئاستەنگی سەرەكی روبەڕوی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە:
یەكەم:تۆڕی مەحسوبیەت و كۆنتڕۆڵی حزبی بەسەر هێزەكانی ئاسایش و دەوڵەت بەشێوەیەكی گشتی, دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتدارەكانی بەهێزكردووەو, تایبەتمەندی یەكلاكەرەوەی پێداون بەسەر ئۆپۆزسیۆندا.
دووەم:حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا شكستیانهێناوە لە كۆبونەوە لە بەرەیەكی فراواندا, ئەوەش بووەتە هۆی دروستبونی كێبڕكێ لەنێوانیان بۆ كۆكردنەوەی لایەنگر, كە بووەتە هۆی لاوازكردنیان.
سێیەم:ئۆپۆزسیۆن شكستی هێناوە لە داڕشتنی دیدێكی ستراتیجی كە مایەی متمانەبێت, لەسەرو ئەوەشەوە دەنگدەران وانەیان وەرگرت لەشكستی بزوتنەوەی گۆڕان و ئێستا وریان لەوانەی دوای ئەو.
🔹بەشێوەیەكی گشتی, دەكرێت ئۆپۆزسیۆن بۆ پێنج گروپ جیابكرێتەوە:
1-بزوتنەوەی گۆڕان 2-جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌3-حزبە ئیسلامیەكان4-حزبە تازە دامەزراوەكان5-ئەو دەنگدەرو چالاكانەی لە سیاسەت دوركەوتنەوە بەڵام دژی حزبە دەسەڵاتدارەكانن.
🔹بەهێزترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە دوای ساڵی (2003)وە لە هەرێمی كوردستان, بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
🔹ئەم حزبە تازەیە, هیوای لای زۆرێك لە خەڵك گەشاندنەوە بە ئەگەری ئەنجامدانی چاكسازی, كە دواتر بووە دووەم گەورەترین حزب لە پەرلەمانی كوردستان.
🔹دوای وازهێنانی لە ئۆپۆزسیۆن و بەشداریكردنی لە حكومەت لەگەڵ پارتی و یەكێتی, سەلماندی بەوەی ناتوانێت هیچ دەستكەوتێكی جەوهەری بەدەستبهێنێت, سەرەنجام بەهۆی ململانێی توندی لەگەڵ پارتی لە حكومەت هاتەدەرەوە.
🔹لەم خاڵە بەدواوە, گۆڕان هێزی خۆی لەدەستدا, لە هەڵبژاردنی (2018)ی پەرلەمانی كوردستاندا تەنها (12) كورسی بەدەستهێناو گەڕایەوە ناو حكومەت لەگەڵ پارتی یەكێتی, دواتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2021) گۆڕان كۆتایهات, لەئێستاشدا بەدەست ناكۆكی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت.
🔹قورسە ئاستی ئەو بێهیوایە بخەمڵێنیت كە بەسەر سیاسەتی ئۆپۆزسیۆندا هاتووە لە كوردستان, گۆڕان ئومێدی چەندین دەنگدەری لەناوبردو بووە مایەی برینێكی قوڵ, كە تەنها زیانی بە حزبەكە نەگەیاند, بەڵكو بەتەواوی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی تریش گەیاند.
🔹نەوەی نوێ‌ لەسەرەتاكانی ساڵی (2018) لەسەر دەستی شاسوار عەبدولواحید دروستبوو, كە بازرگانێكی خانوبەرەو خاوەنی كەناڵی (ئێن ئار تی)یە.
🔹نەوەی نوێ‌ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق, لەمانگی ئایاری (2018)و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد, (8) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بردەوەو(4) كورسیش لە پەرلەمانی عێراق.
🔹هەرزوو ناكۆكی لەنێوان شاسوارو پەرلەمانتارانی حزبەكەی لە بەغدادو هەولێر سەریهەڵدا, هیچ پەرلەمانتارێكی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نەمایەوە, لەپەرلەمانی كوردستانیش تەنها سێ‌ پەرلەمانتاری مایەوە.
🔹دوای (7) ساڵ لە دامەزراندنی, روون نیە نەوەی نوێ‌ چی بەدەستهێناوە, پرۆگرامە سیاسییەكەی تەمومژاویە, پشتی بەكاری بچوك وروژێنەر بەستووە بۆ راكێشانی سەرنجی ئامرازەكانی راگەیاندن.
🔹زۆربەی كات هەڵوێستەكانی حزبەكە كاردانەوەیە, پیادەی هەر چیرۆكێك دەكات كە ببێتە مایەی توڕەكردنی جەماوەر لە ساتەوەختێكی دیاریكراودا, لەنمونەی ( مووچە, نرخی بەنزین, كۆچ, كەمی ئاو...) لەبری ئەوەی سەركردایەتی رووداو بكات, رەنگە ئەوەش شتێكی نامۆبێت بۆ حزبێكی سیاسی.
🔹لەگەڵ ئەو تۆمارە خراپەشدا, رەنگە نەوەی نوێ‌ ببێتە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا, كەموكورتی لایەنەكانی تر بەسن بۆ ئەوەی ببێتە بژاردەیەكی سەرنج راكێشتر لە دۆخێكی نائومێدیدا.
🔹هەرێمی كوردستان بەردەوام خاوەنی حزبی ئیسلامی گرنگی بووە, لەئێستادا دوو حزبی سەرەكی ئیسلامی هەن لە كوردستان, یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان.
🔹حزبە ئیسلامیەكان پێكەوەو بەجیاش, هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان دروستناكەن, پەیڕەویان زیاتر ئاڕاستەی پشتیوانیە بۆ هەڵوێستە ئیسلامیەكان لەناو كۆمەڵگا.
🔹پێناچێت بەدەستهێنانی پۆستی باڵا لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر جێی بایەخیان بێت, تەنها چەند كورسیەك نەبێت لە پەرلەمانی كوردستان.
🔹لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی هەڵبژاردنەكان, دوو كەسایەتی توڕە لە حزبەكانیان, هەستیان بە بوونی دەرفەتێك كردووەو, كەرەستەی سیاسی تایبەت بەخۆیان پێكهێناوە.
🔹ئۆپۆزسیۆنی رەسەنتر لەنێوان ئەم دووانە, بزتنەوەی هەڵوێستی نیشتمانیە, كە عەلی حەمەساڵح, سەرۆكایەتی دەكات و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستانە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان.
🔹عەلی ناوبانگێكی باشی هەیە لە ئاشكراكردنی حاڵەتەكانی گەندەڵی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی, لەگەڵ داڕمانی حزبەكەی پێشوی, عەلی توانی پارێزگاری لەناوبانگی سیاسی خۆی بكات, لەڕێی خۆبێبەریكردنی لەسەركردایەتی گۆڕان و دەستلەكاركێشانەوەی لە پەرلەمان.
🔹حزبەكەی تریش, لاهور شێخ جەنگی, هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات, كە خاوەنی جەماورێكی زۆر بوو لەناو حزبەكەی, بەهۆی رەخنەگرتنی توندی لەپارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانیەكان.
🔹لەمانگی تەمموزی ساڵی (2021)دا, بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای, كە ئێستا سەرۆكی بێركابەری یەكێتیە, لە پۆستەكەی دوریخستەوە.
🔹لەسەرەتاوە روون نەبوو, شێخ جەنگی حزبێكی نوێ‌ پێكدەهێنێت یان هەوڵی چارەسەرو ئاشتەوایی دەدات لەناو یەكێتی, لەكۆتایدا, یەكەمیانی هەڵبژاردو لەمانگی كانونی یەكەمی (2024)دا بەرەی گەلی پێكهێنا.  
🔹ئەم دوو حزبە بە سەركردەكانیانەوە دەناسرێنەوە, ئەوەش سەیر نیەو شتێكی بەربڵاوە لە پەیكەری حزبیی باوكانە لەسەرەوە بۆ خوارەوە, لە هەرێمی كوردستان, بەڵام كێشەی قوڵ لە ستراتیجیەتیاندا ئاشكرادەكات, كە سەركەوتنیان پشت دەبەستێتبە  بە سەرنجڕاكێشی كەسایەتی سەركردەكانیان.
🔹لە دۆخی عەلی حەمە ساڵح_دا, بێتوانایی لە قەناعەتپێكردنی جیابووەكانی تر لە گۆڕان, كە هاوپەیمانی سیاسیبوون بەوەی بچنە پاڵی لە حزبە نوێكە, ئاماژە بەوە دەكات كە لێهاتوویی سەركردایەتیكردنی پێویستی نیە, بۆ ئیدارەدانی رێكخراوێكی حزبی.
🔹لە هەمان كاتدا, لاهور شێخ جەنگی, بارگرانی جیابونەوەی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كۆڵەوەیەو روبەڕوی زەحمەت دەبێتەوە لە راكێشانی هاوڕێكانی پێشووی بۆ حزبە تازەكەی, یان راكێشانی لایەنگری ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە, وێڕای ئەوەی وا تەماشا دەكرێت كە نزیكبووتەوە لە مەسرور بارزانی, لە چوارچێوەی ململانێكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی.
🔹بەهۆی ئەمانەوە, پێناچێت هیچكام لەم دوو حزبە تازەیە كاریگەرییەكی گەورەیان هەبێت لە سندوقەكانی دەنگدان, یاخود لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سیاسەتدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand