پێگەی لایەنة سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجە

Draw Media

2024-06-19 20:24:28



راپۆرتی: درەو

🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان و هەورامان) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 یەکگرتوو پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگ، هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) بە پلەی دووەم دێن و (5 هەزار و 228) دەنگ،  کۆمەڵ لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگ، پارتی چوارەم بووەو (3 هەزار و 477) دەنگ و نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگیان بەدەستهێناوە.
🔹 لە هەڵبژاردنی 2021 دەنگی حزبەكان لە بازنەی سێیەم (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، هاوپەیمانی (15 هەزارو 952)دەنگ، یەكگرتوو (14 هەزارو 719) دەنگ، نەوەی نوێ (12 هەزارو 82) دەنگی، كۆمەڵ (11 هەزارو 431) دەنگ و پارتی (11 هەزارو 73) دەنگ.
🔻 لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی کورستاندا (39) پەرلەمانتار لەدایکبووی سنوری ئێستای پارێزگای هەڵەبجە بوونە، بەجۆرێک؛
🔹 لە خولی یەکەمدا (1992 - 2005)؛ (8) پەرلەمانتار، لە خولی دووەمدا (2005 - 2009)؛ (6) پەرلەمانتار، لە خولی سێیەمدا (2009 - 2013)؛ (11) پەرلەمانتار، لە خولی چوارەمدا (2013 - 2018)؛ (5) پەرلەمانتار، لە خولی پێنجەمدا (2018 - 2023)؛ (9) پەرلەمانتار هەڵەبجەیی بوونە.
🔹 لە خولی شەشەمدا (3) کورسی بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کراوە، چاوەڕاوان ناکرێت چیدی هەڵەبجەییەکان هاوشێوەی خولەکانی پێشوو نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت!، چونکە دەنگدەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ناتوانن دەنگ بە کاندیدێکی دەرەوەی سنوری بازنەی پارێزگاکەی خۆیان بدەن، هیچ کاندیدێکی هەڵەبجەییش لە دەرەوەی بازنەکە ناتوانێت دەنگی هەڵەبجەییەکان بەدەستبهێنێت.

پارێزگای هەڵەبجە لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، و دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی دواییانە، کە پارێزگای هەڵەبجەیەو (3 کورسی) گشتی بۆ تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە) وەک لە نەخشەکەدا هاتووە.
 


بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (136) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

هەڵەبجەییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (1992 - 2023)
لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی کورستاندا (39) پەرلەمانتار لەدایکبووی سنوری ئێستای پارێزگای هەڵەبجەبوونە، وەک لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    لە خولی یەکەمدا (1992 - 2005)؛ (8) پەرلەمانتار، کە (5)یان پارتی و (3) پەرلەمانتاریان هەڵەبجەیی بوونە.
-    لە خولی دووەمدا (2005 - 2009)؛ (6) پەرلەمانتار، کە (2) یەکگرتوو، (1) یەکێتی، (1) کۆمەڵ، (1) سۆسیالست و سەربەخۆیەک هەڵەبجەیی بوونە.
-    لە خولی سێیەمدا (2009 - 2013)؛ (11) پەرلەمانتار، کە (3) یەکگرتوو، (3) یەکێتی، (2) پارتی، (2) سۆسیالست و ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەبجەیی بوونە.
-    لە خولی چوارەمدا (2013 - 2018)؛ (5) پەرلەمانتار، کە (2) گۆڕان، (1) کۆمەڵ، (1) سۆسیالست و ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵەبجەیی بوونە.
-    لە خولی پێنجەمدا (2018 - 2023)؛ (9) پەرلەمانتار، کە (3) پارتی، (2) کۆمەڵ، (1) یەکێتی، (1) یەکگرتوو، (1) سۆسیالست و ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵەبجەیی بوونە.
خشتەی یەکەم


بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە تێبینی بکرێت، بەشێک لەو ئەندام پەرلەمانانەی لە خولەکانی ڕابردوودا گەیشتوونە پەرلەمانی کوردستان، "لەگەڵ ئەوەی لەدایکبووی سنوری پارێزگای هەڵەبجە"ن، بەڵام بەشی زۆریان دانیشتووی دەرەوەی پارێزگاکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو ئەندام پەرلەمانانە کەسایەتی دیاری سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانن، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، جیاکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردن، چۆن کاریگەری لەسەر کاندیدە هەڵەبجەییەکان جێدەهێڵێت؟
بەشێوەیەکی گشتی لەم ڕووەوە سیستمی فرە بازنەیی دوو کاریگەری سەرەکی دەبێت، ئەوانیش؛
1.    دەنگدەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، جگە لە کاندیدەکانی سنوری بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکە، ناتوانن دەنگ بە کاندیدێکی دەرەوەی سنوری بازنەی پارێزگاکەی خۆیان بدەن.
2.    هەروەک چۆن دەنگدەرانی سنوری بانەی پارێزگای هەڵەبجە ناتوانن دەنگ بە کەسێک بدەن لە دەرەوەی سنوری بازنەکەی خۆیان، بەهەمان شێوە هیچ کاندیدێکی بازنەکانی دیکەی هەڵبژاردن ناتوانن هیچ دەنگێکی سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجە بەدەستبهێنن، ئەگەر کەسایەتییەکی گشتی _هاوشێوەی خولەکانی ڕابردوو_  تەنانەت لە دایکبووی سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجەش بێت.
بە گوێرەی ئەم گریمانەیەبێت لە خولی داهاتوودا، نوێنەرانی پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی کوردستان لە (3) نوێنەر تێناپەڕێت وەک لە یاساکەدا بۆیان دیاریکراوە. بە مانایەکی دیکە چیدی هەڵەبجەییەکان هاوشێوەی خولەکانی پێشوو نوێنەریان لە پەرلەمان نابێت!

هەڵەبجە لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (2018) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە
بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    (یەکگرتوو و بزوتنەوە)ی ئیسلامی پلەی دوومیان گرتووە و (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە.
-    کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری) لە پلەی سێیەمدا بووەو (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (5 هەزار و 75) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    نەوەی نوێ پلەی شەشەمی گرتووە و (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە.
خشتەی دووەم

2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2021) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.
لە هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزگای هەڵەبجە لە چوارچێوەی بازنەی سێیەمی پارێزگای سلێمانیدا بوو كە (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن).
لە بازنەی سێیەم دەنگی حزبەكان بەم شێوەیە بوو:
-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) پلەی یەكەمی گرتووە (15 هەزار و 952) دەنگیان بەدەستهێناوە بەرێژەی 24%.
-    یەکگرتووی ئیسلامی پلەی دووەمی گرتووە و (14 هەزار و 719) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 22%.
-    نەوەی نوێ پلەی سێیەمی گرتووەو (12 هەزارو 82) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 18%.
-    کۆمەڵی دادگەری لە پلەی چوارەمدا بووەو (11 هەزار و 431) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 17%.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (11 هەزار و 73) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 16.6%.
كۆی گشتی دەنگدەران: 66 هەزارو 461 دەنگدەر

بەڵام ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە(قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە) بەپێی ئامارە نافەرمییەكانی بەردەست دەنگی حزبەكان لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی 2021 بەمشێوەیە بووە:
-    یەکگرتووی ئیسلامی پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) پلەی دووەمیان گرتووە و (5 هەزار و 228) دەنگیان بەدەستهێناوە.
-    کۆمەڵی دادگەری لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (3 هەزار و 477) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگی بەدەستهێناوە.

خشتەی سێیەم


گرافیک

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand