پرۆژه‌یه‌ك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن

Draw Media

2024-05-09 14:15:05



(دره‌و): 
ئیئتیلافه‌كه‌ی نوری مالیكی پرۆژه‌یه‌كی بردوه‌ته‌ په‌رله‌مان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئامانجی سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مساڵ كوردستان هه‌ڵبژاردنی خۆی بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رزی یاسادانانی په‌رله‌مان درێژنه‌كرێته‌وه‌، چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردنی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو دواده‌كه‌وێت. 
ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، پرۆژه‌یه‌كی بردوه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان پرۆژه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌. 
درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی تر، ته‌نیا مه‌به‌ست لێی سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، چونكه‌ عێراق له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردن ده‌كات و سه‌رباری ئه‌مه‌ش، لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان پشتبه‌ست به‌ بڕیارێكی پێشتری دادگای فیدراڵی ئاماده‌ نین به‌ كۆمسیۆنی ئێستا هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌یانه‌وێت په‌یكه‌ری كۆمسیۆن بگۆڕن بۆسه‌ر شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی پشكێنه‌ی حزبی، واتا دادوه‌ره‌كان له‌ كۆمسیۆن دوورده‌خه‌نه‌وه‌. 
ئه‌مڕۆ وه‌رزی یاسادانانی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی دێت  رۆژی 7ی ئه‌یلول وه‌رزی یاسادانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ ئه‌ركی سه‌رپپه‌ره‌شتیكردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستانی پێ سپێردراوه‌ رۆژی 7ی ته‌موز واده‌ی یاسایی كۆتایی دێت و ده‌بێت به‌ر له‌و واده‌یه‌ بۆ جاری دووه‌م ته‌مه‌نی یاسایی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ درێژبكرێته‌وه‌. 
ئێستا كه‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌وێته‌ پشووی وه‌رزیی خۆیه‌وه‌، دوو ئه‌ركی گرنگی له‌به‌رده‌مدایه‌، یه‌كه‌م په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری خشته‌كانی یاسای بودجه‌، به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر رۆشنایی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی موچه‌و نه‌وت هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان له‌ شوێنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی دورخراوه‌، لایه‌نه‌ شیعه‌كان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك مۆڵه‌تیان به‌ لایه‌نه‌ سوننه‌كان داوه‌ له‌ناو خۆیاندا له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێكبكه‌ون، به‌ڵام  سوننه‌كان هێشتا به‌ قوڵی ناكۆكن.
به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ پێشبینی ناكرێت موحسین مه‌نده‌لاوی كه‌ له‌بری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌، وه‌رزی یاسادانان درێژبكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ری وه‌رزه‌كه‌ درێژبكاته‌وه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو خۆی له‌ پۆسته‌كه‌ لاده‌برێت، مه‌نده‌لاوی ئه‌مڕۆ به‌ر له‌ سازدانی دانیشتتنی په‌رله‌مان سه‌ردانی دادوه‌ر جاسم عمێری سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی كردووه‌، به‌ڵام ورده‌كاری گفتوگۆكه‌یان هێشتا نازانرێت. 
به‌پێی ئه‌وه‌ی (دره‌و) به‌دواداچوونی بۆ كردووه‌، مه‌نده‌لاوی به‌نیازه‌ له‌دوای پشووی یاسادانه‌ناوه‌، واتا له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ته‌نیا یه‌ك دانیشتنی نائاسایی سازبكات، ئه‌وه‌ش بۆ په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌. 
واتا ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان وه‌رزی یاسادانانی خۆی درێژنه‌كاته‌وه‌، پرۆژه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژانه‌كان په‌كی ده‌كه‌وێت، چونكه‌ به‌پێی یاسای به‌ركار له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌رزی یاسادانان، دانیشتنی نائاسایی ته‌نیا بۆ پرسی بودجه‌ ساز ده‌درێت نه‌ك بابه‌تی تر.  
دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كاركردنی به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگرت، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌و پارتی دیموكراتی كوردستان تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ری، به‌تایبه‌تیش له‌ بابه‌تی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا. 
له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كاره‌كانی خۆی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ راگرت. 
ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی عێراق ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان درێژبكاته‌وه‌، ده‌رفه‌تێكی نوێ دێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌وه‌ ده‌بێت سه‌ره‌تا په‌رله‌مان ته‌مه‌نی وه‌رزی یاسادانانی خۆی درێژبكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت، پاشان پێویستی به‌ كۆده‌نگی كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی درێژكردنه‌وه‌كه‌. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand