سەرنج دەربارەی بەیاننامەکەی پارتی

Draw Media

2024-03-19 08:09:57




د. سەردار عەیز

یەکەم، پارتی بایکۆتی نەکردوە. وشەی بایکۆت بە هەڵە لە کوردیدا بەکاردەهێنرێت. پارتی ناڕەزایی دەربڕیوە، هەندێک گلەیی و خواستی هەیە، ئەگەر مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. بەو مانایە یانی بڕیاری بەشدارییکردنی نەداوە، چونکە ئەگەر وەها بکات ئەوا خواستەکانی یان داواکانی هیچ مانایەکی نیە.
دووەم، پارتی هەست دەکات کە هەتا بێت زیاتر دەکەوێتە ژێر فشارەوە بۆیە دەبێت هەوڵی ڕێگریی لە فشارەکان بکات. هەوڵەکانی سەرەتای هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو، بۆیە بە سوننەی تەدەروج زیادیان دەکات.
سێیەم، دوا بەیاننامەی پارتی، کە لە مەکتەب سیاسییەوە دەرچوە، وەڵامدانەوە و سەنگی زیاتر بوو. تەنانەت وەهایکرد کە یونامی سەرنج بخاتە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت یاری پارتی و دادگایە. دادگا چەند گۆڵێکی هەیە، بەڵام پارتی هێشتا بێ گۆڵە.
چوارهەم، پارتی هەستدەکات نەک تەنها دۆخێکی وەهایان دروستکردوە کە دەنگی کەمبکاتەوە، بەڵکو بەرنامە هەیە کە کورسییەکانی بگاتە نزیک سی کورسی و کەمتر. پلانەکەش ئەوەیە هەژمۆنی لە سەر حکومەتی هەرێم نەمێنێت، وەک بەشێک لە عێراقێکی ناوەندی نوێ.
پێنجەم، لە هەموی سەختتر بۆ پارتی ئەو هەستەیە کە وەهای دەبینێت کە یەکێتی سودمەند دەبێت. لە کەلتوری نامۆدێرنی، نادەوڵەتی، خێلەکی کوردیدا، دەرەکی سودمەندبێت هێندەی ئەوە کێشە نیە کە ڕکەبەرە ناوخۆییەکەت سودمەندبێت. دیارە خەڵکی کوردستان بە گشتی لە سەر ئەم بەزمەن.
شەشەم، نەوتراوێکی زۆر هەیە لە نێوان پارتی و بەغدادا. پرسی هەژماری من پرسێکی سەرەکییە، چ وەک دارایی و چ وەک ئاسایش و چ وەک دەسەڵات.
حەوتەم، ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتودا جوڵەیەک دروست بێت، دیدار لە گەڵ دادگای فیدڕاڵی بکرێت دەربارەی پێناسەی یاسایی تەوتین.
هەشتەم، سەرکێشییەکی سەخت دەبێت بۆ پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات. چونکە بەشدارییی نەکردن، تەنها بەشداریی نەکردن نیە، بەڵکو ئۆتۆماتیکی دەبێت ڕێگرییکردن. ئەم هەنگاوە بێزارییەکی زۆری نێودەوڵەتی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت.
وێنە گەورە و دوورمەوداکە
کورد دوای سی ساڵ لە حوکمی خۆی لە قۆناغی داڕزاندایە. وەک خەڵکێکی نامۆدێرن توانای نەبوو فێری شێوازی پیادەکردنی مۆدێرن بێت لە دەسەڵاتداریی. کورد توانای نەبوو جیاوازییەکانی پۆلێن بکات، سنوربەندی لە نێوانیادا بکات، بنەما بۆ هاوبەشییەکان دروست بکات. بۆ دروستبونی ئەمە پێویست بوو ڕۆڵی شەخس و بنەماڵەکان کەمبکاتەوە، ڕۆڵی دەزگا و بونیادی نەرەتیڤێکی هاوبەش پەرە پێبدات. بەڵام ئەمە نەبوو. ئەمریکا زۆر هەوڵی دا و پشتگیربوو، بەڵام بێ سود بوو. تورکیا و ئێران لە گەڵ پەرتی وبنەماڵەیی و ململانێی سنورداردان.
خەڵکی کوردستان کە هەمیشە دەبۆڵێنن، خۆی هۆکار و دروستکەری هەرە سەرەکی دۆخەکەیە، نەک قوربانی.
بە لاوازبونی ئەمریکا، پەرتبونی کورد زیاتر دەچەسپێت. لاوازبون و دژایەتی زیاتر قوڵ دەبێتەوە. دەستوەردانی زیاتر دەبێت. ئێستا عێراق ڕەنگە بتوانێت موچە بدات کە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام لە گەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا ناتوانرێت نزیکەی سیانزە ملیون کەس بژێنرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand